یه‌ك شه‌ممه‌, نیسان 28, 2024
frku

فیلمۆسۆفی: سەرەتایەک لە فەلسەفەی فیلم1

نەوزاد جەمال

سینەما بەستنەوەی مرۆڤە بە جیهانەوە! ئەندرێ تارکۆڤیکسی

Image: Maret Hosemann

سەرەتا

لەبیرکردنەوەی سادەباودا، ئەگەر بابەتێک سەیروسەمەرە یان ئەقڵ نەیبڕێت، پێیدەوترێ ”فلیم” (فیلم)ە. یان، ئەگەر کەسێک بە پەنێکی بەسەربێت، دەوترێت: ”بوو بە فیلمێ کە قوڕبەسەری دەهێنایە پێکەنین”. سەرەڕای زێدەڕەوی لەم دەربڕینەدا، دوو رەهەندی گرنگ لەخۆدەگرێت: یەکەم؛ بەسەرهات گێڕانەوە کە توخمی سەرەکی فیلمە. دووەم؛ شێوازی گێڕانەوەکە کە هەم تراجیدی و هەم کۆمێدییە. بەڵام، بوون بەفیلم لەو بەکارهێنانە میللیەدا تۆنێکی نێگەتیڤی هەیە کە یەکسانە بە ئابڕووچوون.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەستەمە بەبێ رەنگدانەوەی تراجییدیاو بەسەرهاتی کۆمێدی و چیرۆک و رووداوی رۆژانە، پیشەسازی فیلمسازی سەریهەڵدابایە. چونکە، جیهان-بوون پێدراوێکە لە تراجیدیاو کۆمیدیا، خۆشی و ناخۆشی، تاڵی و سوێری، چەرمەسەری و بەختەوەری هەڵکێشراوە. لەو سۆنگەوە، فیلم باشترین و وردترین هونەرە کە گوزارش لەو هەقیقەتەی ژیان و بوونی مرۆڤ بکات.

سینەما هەر پیشەسازی جوڵه‌سازی‌، ره‌نگسازی، ئاکشنسازی و تەکنیکسازی هتد… نییە. بەڵکو، مرۆڤسازییە ‌کە زۆر بابەتی ژیانی ئێمە دەگرێتەخۆ. چونکە، لە جوڵەو وێنەدا، هەروەها تەکنیکەکانی شوێن و کات و رەهەندی سێهەمدا، ژیان وەک گرتە لە فیلمدا بەرجەستە دەبن. ئیدی، فیلم نەک هەر بەشە هونەرێکی گرنگە، بەڵکو جیهان و بوونی ئێمە بەشێکە لە فیلم/ سیناریۆکانی.

بۆیە، ئەگەر (ئەفلاتون)  Platonپێشبینی سەرهەڵدانی فیلمی بکردایە یان لە ئێستادا بژیایە، لەوانەبوو بەجۆرێکی تر میتافۆری ئەشکەوتەکە (دیلە دەستبەستراوەکان کە تەنها سەرووخساریان لەلایەکە، وێنەی سەردیوارەکەیان بەهۆی روناکی پشتسەریانەوە کە لە کڵاورۆژنەیەکەوە لێدەبێتە وێنەی زەینی) باسدەکرد. ئەوسا رەخنەکەی لە رەتکردنەوەی وێناکردنی وێنەدا نەدەبوو، بەڵکو جیهانی وێنەیی جوڵاوو دەستکرد بە گەمەیەکی فەلسەفی دادەنا کە مرۆڤ خۆی تێبینیکارەو سەرنجدەدات لەوەی کە راستەو راستی لەناو وێنە جوڵاوەکاندا خۆی حەشارداوە.

  • پرسیارە چەندبارەکراوەکە

 فەلسەفەی فیلم چیەو فیلم چ پەیوەندییەکی بەفەلسەفەوە هەیە؟ ئایا له‌روانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه،‌ فیلم ته‌نها وه‌ک دیارده‌یه‌کی هونه‌ری و جۆرێک لە جیهانسازی چیده‌گەیەنێت‌؟ بەگشتی لەم رووەوە دوو ڕای پێچەوانە هەیە:

یەکەم بۆچوون: هەندێک پێیانوایە فیلم/سینەما تەکنیک و پیشەسازییەکی پوختی هونەرییە. بۆیە، کاری بەسەر فەلسەفەو لایەنی تێورییەوە نییە. چونکە، فەلسەفە زیاتر ئەرگومێنتسازییە، بەڵام فیلم لەسەر مشتومڕی ئەرگومێنتسازیانە کارناکات و خاوەنی ئەو شێوازە سەلماندنە رێکوپێک و زمانە تەماوییە نییە کە لە فەلسەفەدا باوە. لەبەرئەوە، سینەما بەپلەی یەکەم تایبەتە، لەکاتێکدا فەلسەفە چالاکیەکی بیرەکی-هزری گشتییە.

جگەلەوەش، راشکاوێتی و راستەوخۆیی فیلم، پێچەوانەی قوڵبوونەوەو بیندرێژی بیری فەلسەفەیە. ئەگەر فیلمێکی وەک ئەوەی (فرناک کاپرا)  Frank Capraبەناوی ”شەوێک روویدا”2 ١٩٣٤ کە لەلایەن  فەیلەسوفی فیلم (ستانلی کاڤیڵ)وە Stanley Cavellبۆی کراوە، سەپاندنی خوێندیەوەیەکی فەلسەفییە کە مەرج نییە خودی فیلمەکە ئەوجۆرە ماناو لێکدانەوە هەڵبگرێ. پاشان سادەباوێتی(ئۆردینەری) فیلم کە جاری وایە لە جیدیەتی فەلسەفی تێدەپەڕێت، جیاکاتەوە لە فەلسەفە.

بەڵام، ئەم بۆچوونە ئەگەر باش لە سینەما حاڵی بووبێت و چاویان لە تراوێلکەی سینەمای باوی تێپەڕ زیاتربڕکات، بەتەماشاکردنی کاری جیدی و شاکاری (ستانلی کوبریک) Stanley Kubrick یان (گۆدار)Jean Luc Godar  و (لارس فۆن ترێور)  Lars VonTrier و (بێرگمان) Bergman و (بێلا تار) Béla Tarr و (تیرانس مالیک)  3Terrence Malick… هتد. ئەوسا تێدەگەن سینەما پێشئەوەی کامێرا و نواندن و دیمەنی جوڵاوو سیناریۆیەکی رووتبێت، جیهانبینی و بیرکردنەوەیە، دونیایەکی ئەندێشەیی مەراقی هاتنەبوونی لەبیری دەرهەێنەردا دروستکردووە.

دووەم بۆچوون: هەر لە فەیلەسوفی وەک (ژیل دیلۆز) Gilles Deleuze و (ستانلی کاڤیڵ) Stanley Cavell  تا (ستێفن مولهاڵ) Stephen Mulhall  و (رۆبەرت سینەربرینک) Robert Sinnerbrink لەسەر ئەوە کۆکن کە فیلم دەکرێ فەلسەفیانەو فەلسەفە بێت. واتە، فیلم هەمان کاریگەری لەسەر هۆش و ئاگایی مرۆڤ دابنێت کە ”راچەنین و رامان و بێدارکردنەوەو پرسیار بوروژێنێت. بەڕای (مولهاڵ)، فیلمەکان بابەتی خاوی فەلسەفە نین… بەڵکو، بۆخۆیان راهێنان و مەشقی فەلسەفین لەجوڵەوچالاکیدا. بۆیە، فیلم وەک فەلسەفاندن وایە”(S.Mullhall, 2001) .

 پاساوی ئەوانەی پێداگیری لەم تێزە دەکەن ئەوەیە کە فیلم پرس و بابەتی فەلسەفەی دەوروژێنێت. هەروەها، فیلم فەلسەفەیە کاتێک کە بەڵگەو چارەسەری بابەتێکی فەلسەفیی یان تیزی فەیلەسوفیک لەناوەڕۆکدا بکات  (Wartenberg 2009). تەنانەت بۆچونێکی رادیکاڵتر لەمە هەیە کە فەلسەفاندنی فیلم لە گێڕانەوەکانی نێو فیلمەکاندا ئاوێنەی بەرجەستەبوونی کاری فەیلەسوفە مەزنە ناسراوەکانە (Gilmore 2005, 1-10). واتە، دۆزینەوەی بیرۆکەی فەلسەفیی لەڕێی شرۆڤەکرنی فیلمە ستانداندارەکانەوە (تەنانەت فیلمەکانی هۆلیودیش نەک تەنها ئەو فیلمانەی ناوەۆرکیکی فەلسەفی زەقیان هەیە) راستیەکی سەلمێنەرە (Gilmore 2005, 1-10).

جگەلەمەش، ئەگەر واتاو پاڵنەری فەلسەفە لە بەکارهێنانە یۆنانیەکەیدا بە سەرسامبوون و دۆشدامان دەستپێبکات، ئەوا فیلم ئەو پانتاییە کە هەردەم بە دیمەن و جوڵە و رووداوە وردیلەکانی بەخۆی سەرساممان دەکات و دەمانهەژێنێت. جا ئەو هەژانە تەنها لەڕووی بیرکردنەوەبێت یانهەستوسۆز، ئێمە دەخاتە بەردەم پرسگەلی ئاڵۆزی ژیان کە لە خۆشماندا هەیە، بەڵام تاساتی بینینی فیلمەکە ئەوەندە ئاشکرا نییە لامان.

هەڵبەت، سەرەڕای ئەمانە بەلای منەوە چیتر ئەوە پرسیارێکی گرنگ و شیاو نییە  کە ئاخۆ فەلسەفەو فیلم چی پەیوەندییەکیان پێکەوەهەیە یان ئایا دەکرێت فیلم بابەتی فەلسەفی لەخۆ بگرێت؟ چونکە، ئەو پرسیارە، تەنها بەهایەکی میتۆدی لە نووسیندا هەیەو سەرەتایەکە بۆ بایەخدانی فەلسەفییانە بە بوارەکە خۆی، نەک دامەزراندنی مشتومڕێکی بێزەنتیانەو گیرۆدە بە “هەبووون و نەبوونی” پەیوەندییان پێکەوە. بۆیە، پێویستە بزانین فیلمۆسۆفی چییە؟

  • فیلمۆسۆفی چییە؟

سەرەتا ئەم چەمکە (Philmosophy) لەلایەن نووسەری ناسراو (دانیێل فرامپتن) DANIEL FRAMPTON وە لەکتێبێکدا بەکارهاتووە (FRAMPTON 2006, 161). بەڕای ئەو نیشانەیەکی سەدەی ئەم دواییە، ئەوەیە کە فەلسەفە بوو بەفیلم و فیلمیش فەلسەفیانەی لێهات (FRAMPTON 2006، 161) .

لێرەوە، فیلمۆسۆفی واتە، جۆرێکە لە فەلسەفە کە لە فیلم وەک بیرکردنەوەو هزراندن دەتوێژێتەوە (FRAMPTON 2006، 161). واتە، توێژینەوەیە لە بیروهزری سینەمایی بەشێوەیەکی فەلسەفی دەکات. ئەمەش لەو سۆنگەوەیە کە فیلم/سینەما خاوەنی ژیری و هزری تایبەتی خۆیەتی. کەواتە، فەلسەفەی فیلم پرسیارێک لەخۆدەگرێت: سینەما چۆن بیردەکاتەوە؟ 

ئەم پرسیارە بۆیە گرنگە، چونکە دەمانخاتە سەر ڕێڕەوی بیرکردنەوەی فەلسەفیانە دەربارەی چییەتی فیلم و فیلمسازی. واتە؛ ئایا رێگەو شێوازی فەلسەفیانە لەسینەمادا هەیە؟ بەڕای (تۆماس وارتنبیرگ) Thomas Wartenberg ئەو فیلمانەی ناوەڕۆکێکی فەلسەفیان هەیە، دەکرێت بە فەلسەفاندن دابنرێن (Wartenberg 2009). ئەمەش لەسۆنگەی ئەوەوە کە سینەما/فیلم:

  • بەوپێیەی روونکەرەوەیەکی تێزە فەلسەفییەکانە. بۆ نموونە، فیلمەکەی (چارلی چاپڵن)    Charlie Chaplin کە “سەردەمە نوێیەکان” (Modern Times) لە (١٩٣٦) نموونەی ‘ئاوێتاندنی’ فەلسەفەو فیلم بێت بەیەکتر.
  • دەکرێت وەک بیرکردنەوەیەکی دژەباو دژەئاسایی کۆمەڵ بێت. فیلمەکانی (ودی ئالن) Woody Allen نمونەی ئەم شێوازەن.
  • بەوپێیەی بانگەشەی تێزی فەلسەفی دەکات، (Matrix) بەنموونە.
  • وەک رەخنەیەکی کۆمەڵایەتی رادیکاڵ. کاتێک دیاردەو کێشەکان لە دووتوێی فێلمێکدا دەبێتە بابەتی سەرەکی و زوومی دەخرێتەسەر.
  • خۆی پێناسەی خۆی دەکات و دواجار دەستنیشانی ئەرکەکانی لەلایەن خۆیەوە دەکات. بەتایبەت ئەو فیلمسازە (avant-garde) ئاڤانتگاردیانە، بەواتای ئەو فیلمانەی (پێشکاتی خۆیان کەوتوون) کە پێیانوایە لە فیلمدا شێواز دەبێتە ناوەڕۆک. ئەو فیلمانەشی ناوەڕۆکێکی دیاریکراویان نییە بەمانا باوەکە، شێواز گرنگترە لە نمایش و تەکنیک و هتد… (Wartenberg 2009).

لێرەوە پێمباشە باسی تێگەیشتنی فەیلەسوفی فەرەنسی(دلۆز) لەبارەی چییەتی داهێنان و سینەما وەک بەرگری بکەم.

  • 3-                      سینەما: بەرگری و بەرگەگرتن

سەبارەت بە سینەما، (دۆلۆز) پرسیارێکی گرنگمان لێ دەکات: ئەوە واتای چییە ئەگەر بووترێ

 “من کاری سینەمایی دەکەم؟ وەکچۆن دەڵێم: من دەفەلسەفێنم. واتە، بیرۆکەی هەبوونی سینەما چییە؟ ئەگەر کەسێک سینەما بکات، بیرۆکەکەی چییە؟”4.

دیارە، لای ئەو هەبوونی بیرۆکە، بەندە بە ستایڵ و شێوازی دەربڕینەوە. ئەگەرچیی بیرۆکە، واتە هەبوونی توانستێکی چڕو کۆبووەوە. لەبەرئەوە کە “من دەفەلەسفەێنم، تۆش سینەماکاریت”5. هەڵبەت، زۆرینە دەزانین کە فەلسەفە ریفلێکتە-رامانە لەبارەی هەموو شتێکەوە. چونکە، رامانێکە لەهەموو کە سینەماش دەگرێتەوە.

ئەگەرچی (دلۆز) ئەو راستیە رەتناکاتەوە کە ئەوانەی بیر لە سینەما دەکەنەوە، سینەماکارو رەخنەگرانن. ئیدی، بۆئەوەی بیری لێ بکەیتەوە، پێویست بە فەلسەفە نییە. وەلێ، خاڵی هاوبەشیان هەیە. سینەما داهێنانە، وەکچۆن فەلسەفەش هەمان شتە. داهێنانی فەلسەفە لەبەرئەوە نییە کە بیر لە شتێک بکاتەوە، بەڵکو لەبەر ناوەۆڕۆکەکەیەتی کە هەیە. فەلسەفە هاوشان و هاوتەریبە بەداهێنان. داهێنان و داڕشتنی چەمکە. لەبەرئەوەی، چەمک لە ئاسمان نییە، بەڵکو دەبێت داتاشترێت- فابریکە بکرێ.

(دۆلۆز) پێیوایە وێنە، بیرۆکەیە. لەمەشدا ‘زمان’ پێویست نییە. جگەلەوەی سینەما وەک تەکنیک و پێکهاتە لە تەلەفزیۆن یا هونەری نواندنی تر تەواو جیایە. بۆیە، سینەما هەر گێڕانەوەی بەسەرهات و رووداوەکان نییە. بەڵکو، لەنێوان هونەرو پەیوەندی-کۆمەنیکەیشن پەیوەستی نییە. زانیاری بەندە بە کۆمۆنیکەیشنەوە. بەرهەم و کاری هونەری ئامرازی گواستنەوەی زانیاریی و پەیوەندی نییە. لەبەرئەوە، هیچ رایەڵەیەک لەنێوان هونەرو زانیاریدا نییە. چونکە، ئامانجی iکاری هونەری زانیاری پێدان نییە، بەڵکو بەرگرییە.

زانیاری سیستمێکی کۆنترۆڵکراوی نەزم-ئۆردەری- وشەکانە. واتە نەزمی وشەکان لە کۆمەڵدا. کاری دژەزانیاری کاتێک بەسوودو کاریگەرە کە دەبێتە کردەی بەرگری. سینەماش ئەو رووبەرەیە. لەم سۆنگەوە (دۆلۆز) وتەیەکی (André Malraux) دەهێنیتەوە” کە هونەر تەنها شتێکە کە رێگری و بەرابەری لەگەڵ مەرگدا دەکات. لەبەرئەوە، کردەی بەرگری و کردەی هونەر لێک نزیکن. کەواتە، هونەر کردەی بەرگریکاری و داکۆکییە، سینەماش هەروا بەوجۆرە.”1.

  • هونەری سینەما/ فیلم

فیلم ئاڵۆزترین و وردترین ژانری هو‌نه‌ره‌. لەڕووی مێژوویەوە، رەنگە هونەری سینەما/فیلمسازی دواهەمیین ژانری هونەری بێت کە مرۆڤ پێیگەیشتبێت. بۆیە، بیرۆکەو هونەری فیلمسازی لەگەڵ سەردەمی مۆدێرندا هاوشانە بەپێشکەوتنی تەکنۆلۆجی. لەبەرئەوەی “فیلم تەنها جوڵەی تەن و مرۆڤ و ئاژەڵ و بابەتەکان نییە. بەڵکو، جوڵەو بزواندنی دیدگەو روانگەو بۆچوونیشە” (Baumeister 1999, 353). واتە، سینەما بەگەڕخستن و بزواندنی تێگەیشتن و سەرنجمانە لەلێکدانەوەو راڤەکردنی جیهاندا. هەروەها فیلم وادەکات لەجیهانی بەردەستەوە مەودایەک وەرگرین و ئێستەیەک لەسەر دەوروبەرمان بکەین. ئەمە، رەهەندێکی گرنگە کە لە فیلمەوە فێردەبین، رەنگە لەهیچ ژانرێکی تردا ئەوەندە کاریگەر نەبیێت. چونکە، کامێرا کە لە گرتەیەکدا زووم دەخاتە سەر پنت و خاڵێکی نەبینراو نەوتراو قسە لەسەر نەکراو لە ژیانماندا، لەوێوە ئەوە دەبێتەوە مایەی بیرلێکردنەوە. هەروەها فێرمان دەکات لەیەک بۆچوون و یەک باوەر بۆ چارەسەری کێشەو رووداوەکان نییە.

ئیدی، ئاڵوگۆڕی دیدوبۆچوونەکان، پێکدادانی جیهانبینیەکان، ئەرکێکی سەخت دەخاتە سەر مێشک و هزرمان کە باشتر بیربکەینەوەو رامانی جیاوازمان هەبێت. واتە، بەبابەتکردنی واقیع، جیهان و رووداو کەسەکان و رەفتارەکان، لەگرتەو دیمەنەکاندا بواری قوڵبوونەوەو پرسیارکردنمان دەداتێ. بەڕای (سیگفرید کراکاوەر) “فیلم رزگارکەری واقیعە. دۆزەرەوەو هەڵماڵینی واقیع-راستیەکانە” (Baumeister 1999, 347).

 بەڵام، لای هەندێک بیرمەند وەک ‘دۆلۆز’ رەهەندی واقیعی لە فیلمدا گرنگ نییە. دەرچوون لەگێرانەوە و لادان لە راستەهێڵی کات مایەی داهێنانە. واتە، ئەفراندن لە فیلمدا ئەوەیە کە گێڕانەوە لەسەر یەک هێڵ درێژنەبێتەوە. هەڵبەت، راستیەک لەمەدا هەیە. چونکە، وشەی فیلم کە لە زمانی یۆنانیدا بە(kinesis) هاتووە، بەواتای جوڵەو بزوتنە (Baumeister 1999, 347).

  • ئەزموونکردن و راڤەکرنی فیلم

ئەزموونکردنەوەی ژیان لەڕێی فیلمەوە، رۆڵی سینەما لە ژیاندا دەردەخات. ئەو رۆڵەش بەرجەستەکردن و پێناسەکردنەوەی ژیانە. بەڵام، بەو دەربڕینە زمانەوانیە باوە نا کە هەیە، بەڵکو، وێنەو بیرۆکەو جوڵەی ژیان بەرجەستەدەکەن. ئەو رۆڵە گرنگەی کە سینەما دەیگێڕێت، ئەوەیە، کامێرا لەهەموو گۆشەنیگایەوەکە کونوکەلەبەری ژیان و گوزەران دەربخات. کامێرا، تەنها ئامێرو ئامرازی گرتنی دیمەنەکان نییە؛ نەخێر، کامێرا دیدوبۆچوونە، روانینە بۆ دیاردەکان و بابەتەکانی نێو ژیان.

گرنگی و پێویستبوونی فیلم، پڕکردنەوەی کەموکورتییەکانی نێو زمان و ئاخاوتن بە وێنە و جوڵە؛ چونکە، زمانی فیلم، تەنها ئەو زمانە باوەی رۆژانە نییە. بەڵکو، لەپاڵ ئەو زمانەدا، زمانی وێنەو جوڵەو دیمەنەکانە. بەبۆچوونێکی (لاکان) “زمان تەنها دەفری بیرو زانیارییەکان نییە، هاوکات تەنها ئامرازی گەیاندنیش نییە.” (لوسرکل ط٢ ٢٠٠٦، ١٤)، بەڵکو شکستی تێگەیشتن و پەیوەندی، واتا و دەلالەت و پەیامێکی گرنگی هەیە: دۆخەکانی خراپ لەیەکگەیشتن، شێواندن و ئەزموونە شێلگیرەکان (هەڵە زمانەوانیەکانیش)، هەموو نیشانەو هەڵقوڵاوی زمان خۆیین و لەخۆییەوە دێنەئاراوە (لوسرکل ط٢ ٢٠٠٦، ١٤). ئەمە، جگەلەوەش ‘زمان’ جیگیرو سەربەخۆو بێلایەن نییە! بۆیە، فیلم ئەو گرفتەی زمان بەجۆرێکی تر پڕدەکاتەوە.

هەروەها، ئەگەر له‌ گۆشه‌نیگایه‌کی فه‌لسه‌فیه‌وه‌ سه‌یری فیلم ‌بکرێ، جیهان بریتییە لە وێنەکان، دیمەنەکان، وێنەکانیش بەرهەمی بیرۆکەو خەیاڵن. خەیاڵیش ئەنجامی رامان و ئەزموونکردنی هەستەکی جیهانن. فیلم بەتەماشاکردنی ئەوەندە هەژمووندارە کە خۆی بەسەر هەستی بینین و بیستن و کارلێکی دەروونیماندا دەسەپێنێت. وەک جیهانێکی بینراو دێتەبەردەم مێشکمان و بۆساتێک لە جیهانی دەرەوە داماندەبڕێت. هەروەها، دەبێتە جێگرەوەی ئەو جیهانەی کە تێدا هەڵدەسوڕێین. واتە، داوای ئاوێتەبوون و تێکەڵاوبوون بە چیرۆک و گێڕانەوەو کاراکتەرو هاوسۆزی لەگەل روداوەکاندا دروستدەکات.

 لێرەوە، فیلم بەرزترین ئاستی هونەرە لەلای من. چونکە، فیلم پێچێکە لەسەری کۆڵانی ژیانمان و سەرنجبردنمانە بۆ دیمەنی ئەوسەری کۆڵانەکەی تر. ئیتر ئێمە لەو دەلاقەو نیگاوە بۆنێو دونیای خەیاڵ و بیرکردنەوەو هەستکردن شۆڕدەبینەوە کە تا کۆتایی فیلمەکە ئێمە لەوێین. واتە، ئەمانبات بۆ ناشوێن و لەوێدا تێکەڵمان دەکات بە رووداو پێچەڵپێچەڵی کێشەکانیدا.

فیلم داوای تێگەیشتن و لێکدانەوەو رۆچوونمان لێدەکات. تەنانەت، پاش چاوتروکاندن و چاولابردن لەسەر فیلمەکە یان پاش تەواوبوونیشی بەئاسانی دەستمان لێهەڵناگرێت. چونکە، ئەو بەجارێ راپێچی خۆی کردووین، خستووینەتە نێو گێژەنی رووداوەکان و گێڕانەوەکانی خۆیەوە. هەندێکجار ئەوەندە رۆدەچێتە نێو فیلمەوە کە ئەو پرسیارە (دیکارتی)ەمان Descartes پێ دووبارە دەکاتەوە “من زیندوم یان خەوتووم؟” ئایا، ئەمەی کە تێیدام راستە و بەکردەکی هەیە؟ یان زنجیرەیەکی ترە لە خەونێکی دوورودرێژ؟

ئەگەر (هیگڵ)یانەش بڕوانینە فیلم، دەکرێت وەک دەرەئاگایی تێیبگەین لە دیالێکتیک- فینۆمینۆلۆجیای ئاگاییدا، (هیگڵ) Hegel پێیوایە مرۆڤ تاکە بوونەوەری بەئاگاو هۆشیارکردنە کە بیر لەبیرکردنەوەکانی خۆی دەکاتەوە. کاتێک کە بابەتێ دەکاتە مایەی لێوردبوونەوەو تێگەیشتن؛ هاوکات ئاگایی لەسەر خودی خۆشی هەیە. لەم رووەوە، ئاگایی مرۆڤ لە ئاگایی فیلمدا خۆی دەبینێتەوە. بۆیە، فیلم وەک بیرۆکەو جیهانێکی میتافۆریکی یارمەتی تێگەیشتن لە واقیع دەدات. هەر بۆ نموونە، فیلمی (حەوتەم مۆر)ی Det sjunde inseglet(بیرگمان)  Bergmanکە باس لە تەنگەژەی ئەگەری ‘هەبوونی خودا’ لەگەڵ جیهانێک پر لەخراپە وشەڕوشۆردا دەکات. لەوێدا باس لەو راستییە دەکرێتەوە کەچۆن هەبوویەکی باڵای چاکە-خودا- لەگەڵ دروستکردنی جهانێک خراپەی تێدایە، پێکنایەتەوە. ئیدی، ئەم رەهەندە گرنگە لەڕێی فیلمەوە رامان و بیرکردنەوەمان دەخاتەکار.

ئەنجام

 فەلسەفەی فیلم ئەلتەرناتیڤێکە لەسەردەمی دەنگۆی ‘کۆتایی فەلسەفە’ و ‘کۆتایی میتافیزیک’دا یان قۆناخی پاشمیتافیزیکی. بەدەربڕینیکیتر، دەکرێت بووترێت کە “کۆتایی فەلسەفە لەنێو سینەمادایە. واتە، فیلم بنەمای داهاتوی نوێ بەفەلسەفە دەبەخشێت”. (FRAMPTON 2006، 162)

 فەلسەفەی فیلم تەنها بەواتای ئەوەش نییە کە ناوەڕۆکی فیلمی سینەمایی هەمیشە دەبێت فەلسەفەئامێز بێت. بەڵکو، بەو واتایەیە کە چۆن فەلسەفیانە فیلم بهزرێنین و بابەتەکانی بفەلسەفێنین. بەرای ‘کۆستیکا براداتان’ (Costica Bradatan) “فەیلسوفەکان دەتوانن لەفلیمسازە گەوررەکان زۆرشت فێربن. ئەمەش وەڵامی ئەوەیە کە چۆن فیلم فەلسەفیانەبێت و فەلسەفە چی لەفیلمەوە فێردەبێت؟”8

بەدەرلەوە، ئەرکی فیلم ئەوە نییە کە جوانیەکی دەستکرد بۆ جیهان بنەخشێنێت یان خەونی پێوە ببینین. باشترین فیلم ئەوەیە کە ناشرینی و بابەتە ناقۆڵاکانی مرۆڤ و جیهانەکەیمان بۆ دەرخات. فیلم ئەو پانتاییە نییە کە بۆی هەڵدێین و بەجیهانیکی یۆتۆپی بگەین. نەخێر، بەرەوڕووکردنەوەمانە لەگەڵ خودی خۆمان و واقیعدا. واتە، ئێمە وەک بینەر، وەک بابەتی فیلم لەبەرامبەر ئاکام و هەڵسەوکەوت و بیرکردنەوەکانماندا دەخاتە تای تەرازووی رەخنەو هەڵسەنگاندنەوە.

بۆیە، سینه‌ما به‌رهه‌مهێنانەوه‌ی جیهانه‌، بەوردیی و سه‌لیقه‌وه‌، نەک گواستنەوەی دیمەنەکان وەک تەنها راپۆرتگەلێک. بەڵکو، بەرهەمهێنانەوەیەکە بەداهێنانەوە. مەرج نییە فیلم ئاوێنەئاسا کتومت ئەوەی کەوەکخۆی بینراوە، بگوازێتەوە بۆمان. بەڵکو، سینەما وه‌ک شارستانیه‌ت، ره‌نگه‌ ده‌وڵەتی هونه‌رەکان یان پایته‌ختی شارستانیه‌ت بێت. سینه‌ما شاری بینراوی ئێمه‌یه‌.

پەراوێز

  1. بیرۆکەی فەلسەفەی فیلم یەکێکە لەو چەمکانەی کە لەنێو کایەکانی ئێستاتیکادا، بەرزترین هونەرە کە زۆرترین سەرنجم بەلایخۆیدا رادەکێشێت. لەسەروبەندی خوێندنی ماستەر لەزانکۆی ئەمستردام ساڵانی (٢٠٠٥-٢٠٠٦) دا کەوتمەسەر نووسین وتارێک لەسەر فیلمێکی ‘بەهمەن قوبادی’ کەدواتر لەدووتوێی کتێبی ‘فەلسەفەو قەیران’ دا بڵاوبووەوە. لە ساڵی (٢٠١٥) شدا لەبەشی سینەمای کۆلێجی هونەر/ زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، سەمینارێک لەسەر فیلمێکی فیلمسازی ناسراو ‘ژان گۆدار’ بەناوی ‘ماڵئاویی لەزمان’ پێشکەشکرد. لەوێدا خوێندنەوەیەکی ڤیتگنشتاینیانە-فەلسەفەی زمان- بۆئەو فیلمەکراوە. پێمخۆشە لەدەرفەتێکدا ئەو چەند هەوڵە لە نامیلکەیەکی بڵاوبکەمەوە.
2.   It Happened One Night, (1934), Frank Capra

سەرچاوە

– Baumeister, Thomas. 1999. de filosofie en de Kunsten van Plato tot Beuys. . Damon .

– FRAMPTON, DANIEL. 2006. Philosophy. LONDON & NEW YORK: WALLFLOWER PRESS .

– Gilmore, Richard A. 2005. Doing Philosophyat the Movies. STATEUNIVERSITY OF NEWYORK PRESS.

Mulhall, Stephan. 2001. On Film.

– Wartenberg, Thomas E. 2009. “FILM AS PHILOSOPHY : .” لە ناو

 The Routledge Companion to Philosophy and Film, هی Paisley Livingston and Carl Plantinga, 449-459. London and New York: Routledge, 2009.

– لوسرکل, جان جاک. ط٢ ٢٠٠٦. عنف اللغة. ت. د. محمد بدوي. بیروت.

Check Also

كتێبە زۆر خراپەكان

– فردریك نیتشەی نەفرەتی، مارتن هایدیگەری درۆزن، میشێل فوكۆی دێوانە – شوان ئەحمەد بەرایی: وەك …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *