شەڕی ئاو لە میزۆپۆتامیاوە دەست پێدەکات

د. مەدیحە سۆفی، ئەڵمانیا

دەستپێکی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی شارستانییەت لە جیهاندا، هەمیشە لەو دەڤەرەوە سەریهەڵداوە، کە خاوەن سامانی ئاو و سەرچاوەکانی ئاو بووە، کۆنترین شارستانییەتیش هەر بەبوونی ئاو و دواتر دروستکردنی بەنداو، چاندنی دانەویڵە، دابینکردنی خۆراک و پاشان نیشتەجێبوون و جێگیربوون لەو ناوچانەدا ئاوەدان بووەتەوە، شارستانییەتی میزۆپۆتامیاش، کە کۆنترین شارستانییەتی مێژووە، هەر بە پاڵپشتی بوونی هەردوو ڕوباری دیجلە و فوراتەوە بووە.

لە ڕوانگەی ئەو بۆماوە و کەلەپوورەی سەردەمی سۆمەریەکانەوە، کە خۆی لە وێنەی جۆراوجۆری هەڵکۆڵراوی سەر بەرددا دەبینێتەوە، دەردەکەوێت کە سەرەتای بنیاتنانی سیستەمی ئاودێری و دروستکردنی بەنداوی سەر ڕووبارەکان بۆ ڕێگریکردن لە لافاو، بۆ یەکەم جار هەر لە ناوچەی میزۆپۆتامیاوە داهێنراوە. بێجگە لەوەی، ئەو وێنانە ئاماژە و بەڵگەی کۆنترین نووسراوی سەر بەرد و قوڕی سوورەوەکراون و لە ڕێگەی هەڵکۆڵیندا خۆی دەنوێنێ، وێنەی بادە و سوراحی، وێنەی ئاژەڵ، وێنەی گوڵەگەنم، وێنەی دەسەڵاتی خودا و یاساکان، وێنەی لافاوی بەتەوژم، هەموو ڕەنگدانەوەی کولتوور، ئاستی بیرکردنەوە و داهێان و شێوازی ژیانی ئەو کاتەن. کەلەپوری سۆمەری و بابلییەکان کۆنترین ژیاری ئەو سەردەمە دەسەلمێنن، ئەو گەنجینەیەی خۆی؛ لە چوارچێوەی کەلەپورێکی دەوڵەمەند و هزرێکی پێگەیشتوو بۆ ئەو کاتە، دەبینێتەوە، هەروەها بەڵگەی زۆر لە چۆنییەتی داهێنان و ژیانی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی ئەو کاتە دەدات بەدەستەوە، چ لە بواری دەرمان و چارەسەردا، چ لە بواری ڕاو و خوراکدا، چ لە بواری فەلەکناسی و سیاسەت و ڕێساکانی بەڕێوەبردندا. ئەو کەلەپوورە پڕ لە بیرۆکە و بۆچوونە سادە و پڕ لە بەهایەی، لەو کاتەدا لە سایەی دیجلە و فوراتدا هاتە کایەوە، لە ئێستادا ترسی بێ ئاوی و پوکانەوەی لەسەر نیشتووە.

لە میانەی کۆبەندێکی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتی لە واشنتن لە ساڵی 1987دا،  باس لەوە کراوە، کە یەکێك لەو بابەتە سەرەکییانەی، کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەرقاڵ دەکات، بابەتی قەیرانی ئاوە نەک وزە[[1]] جگە لەوەی زۆربەی ئەو ڕاپۆڕتانەی، کە لایەنە تایبەتمەندیدارەکانی ئەو بوارە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئامادەی دەکەن، ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن؛ کە قەیرانی ئاو لە جیهاندا و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نەک هەر ئەگەرێکی پێشبینیکراوە، بەڵکو سەرەتای واقعێکی هەنوکەییە کە ئاسایشی هەندێ لە وڵاتەکانی شێواندووە، بۆ نمونە لە ئێران و عیڕاقدا.

کەمبوونەوەی ئاو و هاتنەکایەوەی قەیرانی کەمیی ئاو، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکێکە لە کێشەکانی ژینگە، سیاسەتێکی گونجاوی ژینگە دەتوانێ لە میانەی داڕێژانی چارەسەرێکی گونجاو و زانستییەوە، کاریگەری ئەو کێشەیە لەسەر ژینگەی ئەو ناوچەیە کەم بکاتەوە، ئەگەرچی گۆڕانی کەشوهەواش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ئەو کێشەیە.

لە دوا ڕاپۆڕتی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی بۆ کەشوهەوا IPCC کە بەشی یەکەمی لە ئەوگوستی 2021دا بڵاوکرایەوە و دەرئەنجامی زیاتر لە 14000 توێژینەوە بوو لەمەڕ هۆکار و پاڵنەر و دەرهاویشتەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە، هەر لەبەشی یەکەمی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لە لەگەنەی دەریای سپی ناوەڕاست و جەمسەری بەستەڵەکی باکوردا دەرکەوتووە، جگەلەوەی ئەو ڕاستییەش دەخاتەڕوو، کە دەبێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی زیاتر، شەپۆلی گەرما، ئاگرکەوتنەوە، قەیرانی ئاو، لەناوچوونی فرەزیندەوەر و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا، کەمبوونەوەی بەروبوومی خۆراک و تێکچوونی باری تەندروستی، ئامادە بکات[[2]]

گۆڕانی کەشوهەوا ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێ لە سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو، ئەویش بە کەمبوونەوەی ڕێژەی باران بارین، دوبارە بوونەوەی وشکەساڵی، شەپۆلی گەرما و سوتانی دارستانەکان لە لەگەنەی دەریای سپی ناوەراستدا بۆ نمونە ئەوەی لە تورکیا و یۆناندا ڕوویدا، بەڵام  لە عیڕاقدا جگە لەم هۆکارە، لەلایەکەوە بەهۆی بنیاتنانی بەنداوەکانی سەر دیجلە و فورات لە لایەن تورکیاوە، لەلایەکیترەوە بەهۆی ئەو بەنداوانەی ئێران لەسەر سەرچاوەکانی ئاودا دروستی کردوون، بەشە ئاوەکەی بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە.

وڵاتە ئیقلیمیەکانی دراوسێ چ ئێران و چ تورکیا، سیاسەتی بەرێوەبردنی ئاو وەکو فشارێکی سیاسی لەسەر ناوچەکە پەیڕەو دەکەن، بنیاتنانی پرۆژەکانی ئاو، لەسەر ئەو لقانەی دەڕژێنە نێو ڕوباری دیجلەوە لەلایەن ئێرانەوە لەلایەکەوە و پرۆژەی گاپ لەسەر هەردوو ڕوباری دیجلە و فورات لەلایەن تورکیاوە، بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی ئاو بۆ هەرێمی کوردستان و  عیڕاق بەگشتی.

گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەکانی ئەڵوەند، کەرخە، کارون و سیروان، لەلایەن ئێرانەوە، تەوژمی ڕووباری دیجلەی زۆر خاو کردووەتەوە و کاریگەری لەسەر مۆرفۆلۆژی ناوچەکە و شێواندنی ژینگەکەیدا هەیە، پرۆژەی بەنداوەکانی گەرمەسێر لە سەر ڕووباری سیروان، کە هاوشێوەی پرۆژەی (گاپ)ە لە تورکیا بەڵام بە قەوارەیەکی بچوکتر، نمونەیەکە لەو پرۆژانەی  لەسەر ئەو لقانە دروست دەکرێن، پێش ئەوەی لە دیوی عیڕاقەوە بڕژێنە نێو ڕووباری دیجلەوە، تەنها ئەم پرۆژەیە دەتوانێ بڕی زیاتر لە یەک ملیار مەتر سێجا ئاو لەو لقانەدا گل بداتەوە و ڕێگری لە تەوژمی ئاو بەرەو ئەمدیوی عیڕاق و هەرێمی کوردستان بکەن،  لە ئێستادا ڕووباری سیروان %70ی ئاوەکەی کەمبووەتەوە.

Image: Grebmot

 لەلایەکیترەوە ئەو سیاسەتەی لە تورکیا بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو پەیڕەو دەکرێ، ڕۆڵی گرنگ لە هاتنەکایەوەی قەیرانی ئاو لە عیڕاق و سوریادا دەبینێ. تورکیا سیاسەتی ئاو وەکو فشارێکی سیاسی و ئابووری بۆ بەدەستهێنانی مەرامە نامرۆڤایەتییەکانی بەکاردەهێێت، کاردانەوەی پرۆژەی گاپ، کە بریتییە لە بنیاتنانی ٢٢ بەنداوی گەورەو ١٩ ویستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا؛ کاردانەوەیەکی نەرێنی وێرانکەرە، هەروەها دروستکردنی چەند بەنداوێک لەسەر ڕووباری خابوور نزیک بە سنووری باشووری کوردستان، ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوونی ئەو سیاسەتە ناهەموارە دژ بە وڵاتە دراوسێکانی، لە کاتێکدا هەڕەشەی وشکەساڵی و کەم ئاوی کێشەیەکی ئاشکرای ئەو ناوچەیەیە. تورکیا لە هیچ کاتێکدا، وابەستەی ڕێکەوتن و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان نەبووە، پرۆژەی بەنداوەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵیش (پرۆژەی گاب) شایەدی ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیەی تورکیایە.

بەهۆی کاردانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی تەوژمی ئاو لەو ڕووبارانەی ڕێڕەوەکانیان لە ئێران و تورکیاوەیە، ئەو ناوچەیە ڕووبەڕووی کۆمەڵێ کێشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ژینگەیی و ئیکۆلۆژی بووەتەوە، لەوانە:

  • کێشەی ئابووری: کەمبوونەوەی ئاو بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین و گرتنەوەی ئاو لە لایەن ئێران و تورکیاوە، واتە کەمبوونەوەی ئاستی چاندن و بەرهەمهێنان، گەیاندنی زیان بە ئابووری نێوخۆ و دابەزینی ئاستی داهاتی نەتەوەیی، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵی و ئاژەڵداریدا، هەروەها سود وەرنەگرتن لە ڕوبەرێکی زۆری زەویوزار بەهۆی کەم ئاوی و تێکچونی جۆرێتی خاکەوە، لەهەمان کاتدا قۆزتنەوەی ئەو بێ بەرهەمییە لەلایەن وڵاتە دراوسێکانەوە و بوونە بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی ئەوان، وەکو لە ئێستادا دەیبینین.
  • کێشەی کۆمەڵایەتی: ناچارکردنی کۆچ و ڕووکردنە شار و شارۆچکەکان و جێهێشتنی ئەو شوێنانەی، کە بەهۆی کەم ئاوی و وشکەساڵییەوە کەڵکی ژیان و گوزەرانی تێدا نامێنێ، ئەمەش مۆڕفۆلۆژی دانیشتوان دەشێوێنێ و ڕکابەری و فشاری زۆر یش دەخاتە سەر بەکارهێنانی ئاوی نێو شار و شوێنی نیشتەجێبوون و دەستی کار، ڕەنگدانەوەی نەرێنیشی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەبێ بەهۆی بێ ئیشی و ئاڵۆزی لە میکانیزمی ژیاری تاک لەو شوێنەدا.
  • کێشەی سیاسی: ئاشکرایە کە ئابووری بەهێز، داینەمۆی ئاراستەکردنی سیاسەتێکی بەهێزترە، سامانی ئاویش بە بڕبڕەی بووژانەوەی ئابووری ئەژمار دەکرێ، بۆیە کەمبوونەوەی ئاو تا ئەو ئاستەی، کە دەبێتە هۆکاری تێکچوونی ئاسایشی ئاو و پاشان ئاسایشی خۆراک، ئەوانیش پێکەوە زەمینەی تێکچوونی ئاسایشی نەتەوەیی ساز دەکەن، لەهەمان کاتدا دەبێتە خاوەن ئابوورییەکی داڕوخاو و بێ بەرهەم و ناتوانێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی دانیشتوانەکەی، پشت بە داهات و بەروبوومی نێوخۆ ببەستێت، تا دەگاتە ئەو قۆناغەی دەبێتە بازاڕی ساغکردنەوەی بەرهەم و کاڵای وڵاتە دراوسێکانی تا ڕادەی بەکۆڵۆنیالکردنی، وەکو ئەوەی لە ئێستادا تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان و سەرجەم عیڕاقدا دەیکەن، ئەمەش زەبری ملکەچ کردن و ژێردەستەیی زاڵتر دەکات و ناچاری جێبەجێکردنی ئەجندای دەرەکی دەکات، کە یەکێکە لە ئامانجەکانی سیاسەتی تورکیا و ئێران.
  • کێشەی ژینگەیی: بوونی ئاو خۆی لە خۆیدا ئاوەدانی و پەلهاویشتنە بەرەو نێو سروشت و سەوزایی و ئارامی، نەبوونیشی دەبێتە هۆی چۆڵەوانی و ناهاوسەنگی سروشت و لەناوچوونی فرەزیندەوەر، هەروەها هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی ڕوبەری سەوزایی، کەمنەکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە کرداری ڕۆشنەپێکهاتندا، جگە لە کەمکردنەوەی شێی هەوا و گەرمبوونەوەی، لە هەمان کاتدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی داباریندا، دیاردەی وشکەساڵی زەقتر و کاریگەرتر دەکات، لە ئێستادا ئەم دیاردەیە لە گەرمیان بەتەواوەتی دەرکەوتووە.
  • ئیکۆلۆژی: کەمبوونەوەی خوڕ و تەوژمی ئاو لە ڕووبارەکاندا، هۆکاری زیادبوونی پیسی و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجینە تیایدا، کە کاریگەری زۆری لەسەر تێکچوونی ئیکۆسیستیمی ئاوەکە و لەناوچوونی گیانەوەری نێو ئاوەکە هەیە بەتایبەتی ماسی، لەهەمان کاتدا هۆکاری لەدەستدانی پیشەی ڕاوەماسی و کورتهێنانی خۆراکی ماسییە لە بازاڕدا، کە سەرچاوەیەکی باشی پرۆتینە بۆ مرۆڤ، تێکچوونی سیستەمی ئیکۆلۆژی زیندەوەر لە هەمان کاتدا دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەشێوێنێ، واتە تاک ناتوانێت بەشدار بێت لە کۆی بەرهەمهێنان و بەرکەوتنی بەشە داهاتی نیشتیمانی، لەلایەکیترەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەهۆی لێکترازان و بێ کاری و ناچاری جێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوون، هەڵدەوەشێنەوە.

پرۆژەی بەنداوەکانی گەرمەسێر لە ئێراندا، کە بریتییە لە سێزدە بەنداو لەسەر ڕووباری سیروان، توانای گلدانەوەی یەک ملیار و نیو مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئەم ئاوەی گل دەدرێتەوە ڕێڕەوەکەی بەرەو ئەو ناوچانە ئاراستە دەکرێت، کە پێویست بێت بۆ بەرهەمهێنان و کشتوکاڵ و پڕکردنەوەی کورتهێنانی سامانی ئاو لەو وڵاتە، بنیاتنانی ئەم پرۆژانە بە واتای ئەوە دێت، کە وڵاتە دراوسێکان دووربینتر و وردتر پێشبینی قەیرانی ئاویان کردووە بەتایبەتی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە و بە پلانی تۆکمەوە رووبەڕووی بوونەتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئێران و کوێت گرێبەستێکیان مۆر کرد، تیایدا هاتبوو کە لە ماوەی سی ساڵی داهاتوودا، ئێران ساڵانە ٣٠٠ تا ٣٢٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بنێرێت بۆ کوێت، لە لایەکیترەوە ساڵی ٢٠٠٧ ئێران بەڵێنی ناردنی ئاوی ڕوباری کارونی بەرەو بەسڕە داوە[[3]]، هەروەکو چۆن تورکیا بە نیازی پرۆژەی (انابیب السلام) بوو بۆ گەیاندنی ئاو بەرەو وڵاتانی کەنداو بەڵام پرۆژەکە سەرینەگرت.

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی کەم ئاوە، زۆربەی وڵاتەکانی تووشی قەیرانی ئاو بوونە، تورکیا و ئێرانیش ئەم قەیرانە بۆ جێبەجێکردنی ئەجندای سیاسی خۆیان قۆرخ دەکەن، ئەویش بە پشت گوێ خستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و گلدانەوەی بەشە ئاوی عیڕاق و پاشان خوڵقاندنی کێشە و زیاتر شێواندنی ئاسایشی نێوخۆی چ عیڕاق و چ هەرێمی کوردستان.

شەڕی ئاو لە مێزۆپۆتامیاوە دەستی پێکرد

لە تەواوی جیهاندا، گۆڕانێکی خێرا و هەمەلایەنی سیاسی و ئایدۆلۆژی لە ئارادایە، کە ڕەنگدانەوەی ئاشکرای لەسەر گۆمەڵگاکاندا هەیە، تێکچوونی ئاسایشی نەتەوەیی، کە لە عیڕاقدا بە زەقی دەرکەوتووە و هێزە سیاسییەکان هەوڵی قۆزتنەوەی ئەو تێکچوونی ئاسایشە، بە سەپاندنی ئەجندای خۆیان، دەدەن، یەکێک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئەم دەرهاویشتەیەش، قیرانی ئاوە، کە باشترین بوار بە تورکیا و ئێران دەدات، نەک هەر لە عیڕاق بەڵکو لە تەواوی ناوچەکەش، بۆ زیندووکردنەوەی دەسەڵاتی سەفەوی و عوسمانی کە لە ژێر چەتری ئایدۆلۆژی و نەتەوەپەرستیدا پەیڕەوی دەکەن.

 ئەمڕۆ شەڕ شەڕی ئاوە، گوند و لادێ کوێر بووەنەتەوە، دانیشتوانەکەی ڕژاونەتە نێو شارە گەورەکانەوە، بەشە ئاوی هەر تاکێک ناتوانێ پێداویستییەکانی ڕۆژانەی دابین بکات، بەڕێوەبردنی سیستەمی ئاو لەوپەڕی ناهەموارییە، هۆشیاری بۆ ڕەچاوکردنی پاراستنی سامانی سروشتی وەکو نەبوو وایە، لە ڕووی سیاسییەوە چ عیڕاق و چ هەرێم لاواز و کورتبینن، وڵاتە ئیقلیمییەکان لە پەلهاویشتن و داگیرکردنی ناواخنی ئەو لاوازییەن، گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئەو وڵاتانەوە و نەبوونی پلانێکی تۆکمە و شیاو بۆ هەڵکردن لەگەڵ ئەو قەیرانی ئاوە و تەنانەت لاوازی نێونەتەوەیی بۆ هاتنەدەنگ لەو پێشێلکارییەی، لە ئێستادا تورکیا و ئێران دەیکەن، هەموو ئەم هۆکارە درشتانە و چەندەها وردەکاری نەبینراو هەن، کە زەمینەخۆشکەرن بۆ شێواندنی هەرچی ئەگەرێکی گونجاو هەیە بۆ هاتنەوە سەرخۆی ژینگەی ژیان لەو دەڤەرەدا، لە ئێستادا تارمایی سەر ژینگەی ژیان لەو ناوچەیەدا بەجۆرێک ئاڵۆز و پڕ کێشەیە، کە دۆزینەوەی سەرەداوی چارەسەر ئاسان نەبێت.

بۆ پێشبینیکردنی چارەسەر، بەتایبەتی لە دەستپێکی بوارێکی زانستی وەکو پاراستنی ژینگە و دابینکردنی سامانی ئاو و گەڕانەوەی ئاسایشی ئاو و خۆراک، دەبێ لە دەستێوەردانی سیاسەت بەدوور بێت، ئەگەر نا، هیچ پلانێک ناگاتە دەرئەنجامێکی ئەرێنی، ئەو قەیرانی ئاوەی لە ئێستادا لە میزۆپۆتامیادا هەیە قەیرانێکە، بە سیاسەت کڕین و فرۆشتنی پێ دەکرێت و خەڵکی ئاسایی تیایدا دەبنە قوربانی، پەنجەی شارەزا و هزری زانستی پسپۆڕەکانی بواری ژینگە و ژیان ڕۆڵی تێدا نابینن، ناوچەکە بە گشتی قوربانی ململانێی سیاسی و ئایدۆلۆژیە، توینووبوونی هاوڵاتی دوا خاڵی قسە لەسەرکردنە، بەڵام وەکو بینرا چ لە ئێران و چ لە هەرێمی کوردستاندا، لەبەر بێ ئاویی دژ بە حوکمڕان و سیاسەتی نالەباری دەوڵەت، خەڵک بێ دەنگیی شکاند و نارەزایی خۆیان لەم دۆخە دژوارە دەربڕی.

ڕێگەچارە زانستییەکان خۆیان لە چوارچێوەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی مۆدێرنی ژینگەدا دەبیننەوە، لە بەکارهێنانی شێوازی نوێی ئاودێری وەکو دڵۆپاندن و پرژاندن، هەروەها لە کۆکردنەوەی ئاوی باران و پاککردنەوەی ئاوی بەکارهاتوو، لەلایەکیترەوە تۆپۆگرافیای کوردستان زۆر لەبارە بۆ دروستکردنی بەنداو و پاشەکەوتکردنی ئاو، وەلێ تا ئێستا دروستکردنی بەنداو هەر خۆی لە ناوهێنانی پرۆژەکاندا دەبینێتەوە، بێ ئەوەی تەواو بکرێ.

یەکێک لە گەورەترین هەڵەی سیاسەتی ئەم هەرێمە، لەناوبردن و هەڵتەکاندنی بەنداوی بێخمە بوو، کە دەبووە مایەی پڕکردنەوەی پێداویستی وزەی کارەبا و ئاو بۆ هەرێم، دەبووە مایەی بووژانەوەی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی نێوخۆی دابین دەکرد، دەبووە مایەی سەرهەڵدانێکی شایستە، بەڵام زەبری ئەجندای وڵاتە ئیقلیمییەکان لە زەبری خۆبەرێوەبردنی نێوخۆیی بەهێزتر و بوێرترە.

لەگەڵ بوونی ڕوباری دیجلە و فورات، بوونی ئەگەری توانای تەکنەلۆژی مۆدێرن بۆ بەڕێوەبردنێکی سەردەمیانەی سیستەمی ئاو و ئاودێری، بوونی سامانێکی مرۆیی کە خۆی لە ڕێژەیەکی زۆری گەنج دەبینێتەوە، کردنەوەی زانکۆ و دەرچووی بوارە جیاوازەکانی زانست و لەهەمان کاتدا بێ ئاوی و تەنگژەی کۆمەڵایەتی و ڕاپەڕینی خەڵک بەهۆی کەم ئاوییەوە، واتە شەڕی ئاو لە میزۆپۆتامیاوە دەستی پێکرد.

سەرچاوە و پەراوێزەکان

  1. مدیحە صوفی، دراسة الآثار الناجمة عن مشروع الغاب التركي على الموارد المائية وعلی واقع البيئة في العراق، ص ١٠
  2. https://www.spiegel.de/wissenschaft/mensch/ipcc-weltklimabericht-1-5-grad-koennte-schneller-

eintreten-als-angenommen-a-444d2136-92e4-4feb-bf52-982e2b6c9025

  • د.بنفشە کی نوش، الخلاف المائـي بيـن إيـران والعـراق: ازمة داخلیة متفاقمةو دبلوماسیة خارجیة غیر کافیة، مجلة الدراسات الایرانیة، السنة الثانیة، ٢٠١٨

[1]  مدیحە صوفی، دراسة الآثار الناجمة عن مشروع الغاب التركي على الموارد المائية وعلی واقع البيئة في العراق، ص ١٠

[2] https://www.spiegel.de/wissenschaft/mensch/ipcc-weltklimabericht-1-5-grad-koennte-schneller-eintreten-als-angenommen-a-444d2136-92e4-4feb-bf52-982e2b6c9025

 [3]  د.بنفشە کی نوش، الخلاف المائـي بيـن إيـران والعـراق: ازمة داخلیة متفاقمةو دبلوماسیة خارجیة غیر کافیة، مجلة الدراسات الایرانیة، السنة الثانیة، ٢٠١٨

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …