ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین
١
نوسه‌ری ئه‌كادیمی سویسری (یاكۆب بوركهارد) له ساڵی ١٨٦٠ كتێبێكی نووسی له‌ژێر ناوی (شارستانێتی ڕێنیسانس له ئیتاڵیا) و له‌و بڕوایه‌دا بوو؛ ئیتاڵیای سه‌ده‌ی پانزه شوێنی له‌دایكبوونی (مرۆڤی ڕێنیسانس)ه. چونكه پێشتر مرۆڤی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست؛ “ته‌نها هۆشمه‌ندی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا قه‌تیس بوو كه سه‌ر به ڕه‌گه‌زێكی دیاریكراو، گروپێك له خه‌ڵكی، خانه‌واده‌یه‌ك یان حزبێكی سیاسییه.”[1] (بوركهارد)، ڕێنیسانس به سه‌ره‌تای له‌دایكبوونی دونیای مۆدێرن تێده‌گات، دونیایه‌ك كه (مرۆڤێكی خاوه‌ن ڕۆح) له چوارچێوه‌ی هۆشمه‌ندیه‌كی ته‌سكی حزبی یان خێڵه‌كی یان شارچێتی و ته‌نانه‌ت سنووری وڵاتێكه‌وه ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ كیشوه‌رێك كه ناوی ئه‌وروپایه.
ڕێنیسانس له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی چوارده‌وه ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو ده‌گاته سه‌ده‌ی حه‌ڤده، وشه‌ی (ڕێنیسانس) له‌خودی خۆیدا مانای (دووباره له‌دایكبوونه‌وه) ده‌گه‌یه‌نێت؛ به‌مانای دووباره له‌دایكبوونه‌وه‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و زانست، دووباره خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كانی فه‌یله‌سوفه یۆنانیه‌كانی وه‌ك سوكرات و پلاتۆن و ئه‌رستۆت و زۆریتر. هه‌روه‌ها دووباره خوێنده‌وه‌ی هۆمێرۆس و میتامۆرفۆسه‌كانی ئۆڤید و دووباره خوێندنه‌وه‌ی زانستی ئه‌ندازیاری جه‌بر و فیزیكی كۆن و تێكسته ڕۆمانیه‌كان. هه‌روه‌ها وه‌رگێڕانی تێكسته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوێن له بواری پزیشكایه‌تی و گه‌ردوونناسی و میكانیك. به‌كورتی له كۆتایی سه‌ده‌ی چوارده‌وه مرۆڤێك له ئه‌وروپا له‌دایكده‌بێت كه چیتر نایه‌وێت به هۆشمه‌ندیه‌كی هه‌ژارانه‌وه له دونیادا بژی. نایه‌وێت سنووری بیركردنه‌وه‌ی سنووری خێڵ و شار و وڵاته‌كه‌ی بێت. نه‌خێر، به‌ڵكو به ده‌سته‌واژه‌ی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی سلۆته‌ردایك بدوێین؛ ده‌یه‌وێت به‌ره‌و جیهان بڕوات.
ئه‌م هۆشمه‌ندییه نوێیه وه‌های كرد ئه‌وروپا له سه‌ده تاریكه‌كانی كاتۆلیك ڕزگاری بێت، مرۆڤ ته‌نها خودا له‌ژێر باڵی كڵێسایه‌ك و قه‌شه‌یه‌ك نه‌بینێت كه به پاره گوناهه‌كانی بۆ بشواته‌وه، به‌ڵكو له ڕێنیساندا (مارتن لوته‌ر) په‌یدا ده‌بێت و سه‌ره‌تای ئێفانگیلیزم و (ڕیفۆرمسته‌كان) په‌یدا ده‌بن و خودا له به‌ندیخانه‌ی كڵێساكان ڕزگار ده‌كه‌ن بۆ خوایه‌ك له‌ودیو گه‌ردوونێكی گه‌وره‌وه قسه له‌گه‌ڵ ئه‌قڵی مرۆڤدا ده‌كات. ئاوه‌ها ڕێنیسانس سه‌ره‌تای منداڵدانی ئه‌و هۆشمه‌ندییه یونیڤێرسالییه بوو كه هۆشمه‌ندی مرۆڤی مۆدێرنی تێدا له‌دایكدبوو.
لێره‌وه پێموایه له ڕێنیسانسه‌وه (ئه‌وروپایی – بوون) جێگه‌ی به(ناسیونالی – بوون) ده‌گرێته‌وه، ڕۆژهه‌ڵات و ئه‌وروپا پێكه‌وه له زانست و فه‌لسه‌فه و گۆڕینه‌وه‌ی ئه‌زموون سنووره‌كان ده‌بڕن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ده‌كه‌ن. هه‌ربۆیه سه‌یر نییه سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی زانستی كۆمه‌ڵناسی وابه‌ست بێت به‌كتێبه‌كانی (ئیبن خه‌لدون) كه له عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رده‌گێڕدرانه سه‌ر زمانه زیندووه‌كانی ئه‌وروپا و زمانی لاتینی. له‌م چركه‌ساته‌وه زۆرانبازی ئێكسیستێنتاڵی (وجودی) هۆشمه‌ندی ئه‌وروپی له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆشمه‌ندییه داخراوانه ده‌ستپێده‌كات، كه ده‌یانه‌وێت بوونی مرۆڤ له چوارچێوه‌ی سنووری وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا قه‌تیس بكه‌ن. ئاوه‌ها ئه‌م زۆرانبازیه خۆی ڕاده‌كێشت تاوه‌كو له‌ساڵی ١٧٨٩ ده‌چینه به‌رده‌م شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی، ئێمه لێره‌دا ته‌واو ده‌چینه به‌رده‌م (جادووی ڕۆشنگه‌ری) كه هۆكارێكه بۆ دووباره تووڕه‌كردنی هێزه ناسیونالستی و فیوداله ئۆرستۆكراته ئه‌وروپیه‌كان، ئیدی فه‌ڕه‌نسای شۆڕشی كۆماری و فه‌ڕه‌نسای ڕۆشنگه‌ر و فه‌ڕه‌نسای (ناپۆلیۆن بۆناپارت) هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر سنووری مه‌مه‌لكه‌ته ئۆرستۆكراته‌كانی نه‌ته‌وه جیاجیاكانی ئه‌وروپا. ئه‌و هۆشمه‌ندییه ئه‌وروپیه‌ی كه له كۆتایی سه‌ده‌ی چوارده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پانزه له‌دایك ده‌بوو، ئه‌مجاره به‌هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازییه‌وه سنووره‌كانی ئه‌وروپای ئۆرستۆكرات تێكده‌شكێنێت و په‌یامی ڕۆشنگه‌ری له لوله‌ی تۆپ و تفه‌نگه‌وه به ئه‌وروپا بڵاوده‌كاته‌وه. لێره‌وه بیرۆكه‌ی (ئه‌وروپا) ده‌بێته هه‌قیقه‌تێك كه چیتر هۆشمه‌ندی ناسیونالستی ئۆرستۆكراتی توانای داپۆشینی نه‌بوو، چونكه شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی له‌ڕێگه‌ی ناپۆلیۆنه‌وه توانی ئه‌و سنووره ناسیونالستیانه ببه‌زێنێت و ئه‌و ڕۆحانه بهارووژێنێت كه ته‌نها خۆیان به ئه‌ڵمان و نه‌مساوی و هۆڵه‌ندی و سویسری پێناسه نه‌ده‌كرد، ته‌نها خۆیان به‌و فیگوارانه نه‌ده‌بینی له چوارچێوه‌ی خانه‌دانیه‌تی ناوچه‌گه‌رایدا ژیانده‌كه‌ن، به‌ڵكو خۆیان به هاوڵاتی كیشوه‌رێك تێده‌گه‌یشت كه ناوی ئه‌وروپایه. له‌م خاڵه‌وه ده‌سته‌واژه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ( فریدر‌یك هێگڵ) ده‌هێنینه‌وه یاد، كه له ساڵی ١٨٠٦ دا له‌شاری یێنا (Jena) ناپۆلیۆن ده‌بینێت، وه‌ك ئه‌ڵمانێك ڕقی لێی نابێته‌وه کە چونکه سنووری وڵاته‌كه‌ی به‌زاندووه، نه‌خێر، ئه‌و پیاوه نه‌ك هه‌ر داگیركه‌رێك نییه به‌سه‌ر ئه‌سپێكه‌وه پۆزی سه‌ركه‌وتن لێده‌دات، به‌ڵكو ده‌ڵێت؛ “ڕۆحی جیهانه له‌سه‌ر ئه‌سپه…”، له‌م چركه‌ساته هێگڵیانه‌وه ئه‌م هۆشمه‌ندی و ڕۆحه ئه‌وروپیه چیتر له‌سه‌ر زه‌وی نه‌ته‌وه ئۆقره ناگرێت، هۆشمه‌ندی ڕۆشنگه‌ران زه‌وی وڵات به‌ته‌نها زه‌وی ئه‌و ڕۆحه تێناگه‌ن، به‌ڵكو ئه‌و ڕۆحه ڕۆشنگه‌ره هه‌ر ده‌توانێت كیشوه‌ریی بێت، كیشوه‌رێك كه ناوی ئه‌وروپایه.
٢
كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی شانزه هه‌ستی (ئه‌وروپی- بوون) سنووره سیاسیه‌كان ده‌بڕێت و دووباره ئه‌وروپیبوون ده‌چێته كایه‌یەکی نوێیی تێورییه‌وه. لێره‌وه ڕۆشنگه‌ری له كاره فه‌لسه‌فیه‌كانی فه‌یله‌سوفانی وه‌ك (مۆنتیسكیۆ) و (هۆبز) و (دیكارت) و (سانت پیرێ) و (ڕوسۆ، ڤۆلتێر، دیدرۆ، دیكارت، لایبنز)و زۆریتر به‌رجه‌سته ده‌بێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه، ئه‌م فیگوره فه‌لسه‌فیانه سه‌ر به‌چه‌ند وڵاتێكی جیاوازی كیشوه‌ری ئه‌وروپین؛ فه‌ڕه‌نسا، هۆڵه‌ندا، سویسرا، ئینگلترا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و به‌لجیكا…هتد. لێره‌وه ڕۆشنگه‌ری له‌سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌وه تاوه‌كو له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده درێژ ده‌بێته‌وه، له‌م چركه‌ساته ئه‌وروپییه‌وه شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی له‌ساڵی ١٧٨٩ ڕژێمی پاشایه‌تی بۆ یه‌كمجار له دونیادا ده‌ڕووخێنێت و بۆ یه‌كمجاره مرۆڤ له‌لایه‌ن پیاوی ئاینی و پاشاوه ژیانی به‌ڕێوه نابرێت. ئازادی و یه‌كسانی و برایه‌تی دروشمی ئه‌و هۆشمه‌ندییه نوێیه‌ن كه له ڕێنیسانسه‌وه له‌دایكده‌بووه و له شۆڕشی فه‌ڕه‌نسیدا سنووره‌كان تێكده‌شكێنێت.
لێره‌وه، به‌ڕای من ( بیرۆكه‌ی بەئه‌وروپایی بوون ) و (بوون له‌ناو ئه‌وروپا)دا جێگه به ئایكۆنی (بوون له‌ناو ده‌وڵه‌تی ئۆرستۆكراتیه‌كان) لێژ ده‌كات و مرۆڤی ئه‌وروپایی له‌دایك ده‌بێت. له‌م هه‌سته به‌ئه‌وروپیبوونه‌وه ڕۆمانتیكه ئه‌ڵمانه‌كانی وه‌ك (شیله‌ر) و (گۆته) و (فیخته) وه‌ك (هێگڵ) سه‌رسامبوون به شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی، ته‌نانه‌ت شاعیرێكی وه‌ك (گۆته) یاریه‌كی منداڵانه بۆ كوڕه‌كه‌ی ده‌كڕێت كه (گیۆتین)ی فه‌ڕه‌نسییه. ئه‌و گیۆتینه‌ی له ساڵی ١٧٩٢ له‌ناوه‌ڕاستی (گۆڕه‌پانی شۆڕش) له پاریس داده‌نرێت، كه ئه‌م گۆڕه‌پانه پێشتر به (گۆڕه‌پانی لویسی پانزه) ناسرابوو، هه‌ر له‌وێدا سه‌ری (لویسی شانزه) و هاوسەرەکەی (ماری ئه‌نتوانێت) پێ ده‌په‌ڕێنن. ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی رۆشنگه‌ری لێره‌دایه كه شۆڕشی ڕۆشنگه‌ره‌كان “منداڵه‌كانی خۆی ده‌خوات” و به هه‌مان گیۆتین سه‌ری شۆڕشگێڕه‌كانی وه‌ك (جۆرج دانتۆن) و (سانت جه‌ست) و (ماكسیمیلیان ڕۆپسپیێر) له‌هه‌مان شوێندا ده‌په‌ڕێنرێت. گیۆتین (سه‌رپه‌ڕێنه‌ر) ڕه‌مزی قۆناغی دووهه‌می شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی بوو كه به (سه‌ده‌ی تیرۆر) ده‌ناسرێت و له ساڵی ١٧٩١ تاوه‌كو له نێوان ١٧٩٤ سه‌ری زیاتر له حه‌ڤدەهه‌زار كه‌س به‌م ئامێره ڕۆشنگه‌ره ده‌چێته ناو سه‌به‌ته‌كانه‌وه. ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی ڕۆشنگه‌ری، یان بڵێین سینیزمی ڕۆشنگه‌ری له‌وه‌دایه كه هه‌مان گیۆتین ده‌بێته (یاریه‌كی منداڵانه‌ی ئه‌وروپیانه) و سنووره نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌بڕێت. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو شاعیرێكی ڕۆمانتیكی وه‌ك (یۆهان ڤۆڵڤگانگ گۆته) ئه‌و یاریی گیۆتینه بۆ كوڕه‌كه‌ی ده‌كڕێت. (گۆته) له ساڵی ١٨٠٨ ته‌مه‌نی په‌نجاو نۆ ساڵ بوو، سه‌ره‌ڕای ناوبانگی وه‌ك شاعیرێكی نه‌ته‌وه‌یی پێی شه‌رم نه‌بوو بچێت بۆ شاری ئێرفۆرت Erfurt سه‌ردانی داگیركه‌ره فه‌ڕه‌نسیه‌كه (ناپۆلیۆن بۆناپارت) بكات و وه‌ك داگیركه‌رێك سه‌یری ناكات، به‌ڵكو پێكه‌وه وه‌ك دوو ڕۆشنگه‌ری ئه‌وروپی گفتوگۆی سیاسه‌ت و چارەنووس ده‌كه‌ن[2]… له‌هه‌مانكاتدا كه (گۆته) سه‌رسامه به یاری گیۆتین، ڕۆمانسیه‌كی ڕۆشنگه‌ڕ و شاعیرێكی گه‌نجی وه‌ك (فریدر‌یك شیله‌ر) هه‌ر له‌سه‌رده‌می تیرۆری شۆڕشی فه‌ڕه‌نسیدا له ساڵی ١٧٩٣ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ردا ده‌بێت كه بچێت بۆ پاریس و قه‌ناعه‌ت بهێنێت به فه‌ڕه‌نسیه‌كان؛ كه ده‌بێت شۆڕش له‌ڕێگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان و ئەدەبەوە بێت، نه‌ك له‌ڕێگه‌ی به‌ڕه‌ڵاكردنی (به‌ڕبه‌ڕیه‌تی ناخی مرۆڤه‌كان)[3].
نابێت ئه‌وه له‌یادبكه‌ین كه (كۆلۆنیالیزم) لایه‌نی تاریك و ڕه‌شی ڕێنیسانسه و دیمه‌نی گشتی ئه‌وروپاییه‌كان بوو له وێنه یه‌گرتووه نێگه‌تیڤه‌كه‌یدا. به‌ڵام شانبه‌شانی ئه‌م لایه‌نه تاریكه‌ی كۆلۆنیالیزمی ئه‌وروپایی؛ فه‌یله‌سوفه‌كان، ڕۆمانتیكه‌كان، خه‌وبینه‌ره‌كان و زانایان خۆیان له نێو خه‌ونه كۆنه‌كه‌دا بینیوه‌ته‌وه كه ئه‌ویش خه‌ونی ئه‌وروپایه‌كی یه‌كگرتووی به‌هێزی ڕۆشنگه‌ر بوو. دیاره ئه‌م خه‌ونه له‌ڕووی بیۆگرافی سیاسیه‌وه لێی بڕوانین له سه‌ره‌تاكانی شه‌ڕی خاچپه‌رستانه‌وه له‌هه‌ناوی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا له‌دایكبووه، بۆ نمونه؛ هه‌وڵدان بۆ ئه‌وروپای یه‌كگرتوویی خه‌ونی قه‌یسه‌ری ڕۆمانی( فردریكی یه‌ك ١١٢٢ – ١٢٩٠) كه ناسرابوو به(باڕباڕۆسا) كه ئه‌مه‌ش بە مانانی ڕیش سوور دێت. (فردریك باڕباڕۆسا) هه‌وڵیدا ئه‌وروپا له‌ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی پاپی ڕۆما ده‌ربهێنێت و زۆرانبازیی سیاسی سه‌ربازی (باڕباڕۆسا) بۆ ده‌ستگرتن بوو به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ڕۆم. ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه خه‌ونی ئه‌وه‌ی هه‌بوو ببێت به قه‌یسه‌ری هه‌موو ئه‌وروپا، ئه‌وروپایه‌كی به‌هێزی سیاسی، نه‌ك ئه‌وروپایه‌كی لاوازی چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌كی په‌رتبووی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كڵێسای ڕۆم. (فردریك بارباڕۆسا) ئه‌وروپای وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی لێكنه‌ترزاو ده‌بینی، له‌م هه‌سته‌یه ئه‌وروپیبوونه‌یه‌وه به‌شداری هه‌ڵمه‌تی سێهه‌می خاچپه‌رستی كرد بۆ ڕزگاكردنی ئۆرشه‌لیم له ده‌ست موسوڵمانان. (باڕباڕۆسا) له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا خه‌ونه‌كه‌ی خۆی ده‌بینی به‌رجه‌سته ده‌بێت، ئه‌ویش یه‌كگرتوویی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا بوو له‌یه‌ك ئامانجدا. له‌م هه‌سته‌وه سه‌ركێشانه به‌شداری هه‌ڵمه‌تی سێهه‌می كرد، به‌ڵام له‌هه‌مان هه‌ڵمه‌تدا فه‌وتا و ئه‌م خه‌ونه‌ی نه‌هاته‌دی.
ئه‌م خه‌ونه ناته‌واوه‌ی سه‌ده‌ی دوانزه، له ڕێنسانسدا و له كۆتایی سه‌ده‌ی چوارده له فۆرمێكی دیكه‌دا سه‌ریهه‌ڵدا و له ڕۆشنگه‌ریدا له شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا ڕیالیزه بوو. له جه‌نگه جیهانیه‌كانی سه‌ده‌ی بیست دا دووباره ئه‌وروپا و ئه‌وروپاییه‌كان ده‌موچاوی خه‌وبینه‌رێكی ئه‌وروپیان هه‌بوو بۆ یه‌كخستنی ئه‌وروپا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی‌دا، به‌ڵام بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م خه‌ونه ده‌بوایه ئه‌وروپا له جوله‌كه و له ڕه‌گه‌زه نامۆكانی وه‌ك كه‌مئه‌ندام و نه‌خۆش و كورته باڵا و بێگانه‌كان پاكبكرێته‌وه. ئاوه‌ها فاشیزمی ئیتاڵی و نازیزمی ئه‌ڵمانی له‌پێناو ئه‌وروپایه‌كی فاشی و نازی یه‌كگرتوو مه‌كینه‌ی جه‌نگ و هۆلۆكۆستیان هه‌ڵگیرساند. ئه‌م مێژووه ئاوه‌ها له‌ناو خوێن و هزر و فه‌لسه‌فه و ڕۆمانتیكدا خۆی ڕ‌اكێشا تاوه‌كو پڕۆژه‌ی ئه‌وروپای یه‌كگرتوو له‌ڕووی سیاسیه‌وه له ساڵی ٢٠٠٢ دا گه‌یشته ئامانج.
٣
شاعیری ئه‌ڵمانی (شیله‌ر) له ساڵی ١٧٩٣ له‌و هه‌سته ڕۆشنگه‌ره بەئه‌وروپایبوونه‌وه‌یه‌وه ده‌یویست سنوور ببڕێت و باسی ئه‌وه بۆ فه‌ڕه‌نسیه‌كان بكات، كه شۆڕش (ڕۆحه به‌ڕبه‌ڕییه‌كانی) به‌ڕه‌ڵاكردۆته سه‌ر جاده‌كان و سه‌ر ده‌په‌ڕێنن. (هێگڵ) زاڵده‌بێت به‌سه‌ر نیشتمانپه‌روه‌ری خۆیداو دۆڕاندنی سوپای ئه‌ڵمانی ئۆرستۆكرات له‌به‌رامبه‌ر سوپای فه‌ڕه‌نسی كۆماری به دۆڕاندن تێناگات. (ناپۆلیۆن)یش نه‌ك به‌داگیركه‌ر وه‌سف ناكات، به‌ڵكو به (ڕۆحی جیهان)ی تێده‌گات. ئاوه‌ها هه‌ستی ئه‌روپایه‌كی ڕۆشنگه‌ر، ئه‌ورپایه‌كی به‌هێز، ئه‌وروپایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند، خه‌ونێكه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ سیاسه‌ت له‌گه‌ڵیدا ده‌ست و په‌نجه نه‌رمده‌كات. به‌مشێوه‌یه به‌هاكانی ئه‌وروپای ڕۆشنگه‌ری؛ مافی مرۆڤ، دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی، ده‌وڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌و مۆدێله ئه‌روپییه‌ن كه به‌رامبه‌ر مۆدێلی (ڕۆحه به‌ربه‌ڕییه‌كان) وه‌ستاونه‌ته‌وه، ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت (ده‌وڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی) هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، بیمه‌ی بێكاری نه‌مێنێت و په‌ناهه‌نده به مه‌رجی (سوودوه‌رگرتن) وه‌ربگیرێن. سه‌یر له‌وه‌دایه فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك (پیته‌ر سلۆته‌ردایك) داوای ئه‌وه ده‌كات؛ ته‌نها منداڵی په‌ناهه‌نده‌كان وه‌ربگرن و دایك و باوكه‌كان فڕێبده‌نه ده‌ره‌وه3. فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی (پیته‌ر سلۆته‌ردایك) له‌م ساڵانه‌ی دوایدا، چه‌نده‌ها جار خۆی له‌و ڕۆحانه نێزكردۆته‌وه كه شاعیری گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانی (فریدر‌یك شیله‌ر) له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا به (ڕۆحه به‌ربه‌ڕیه‌كان) پێناسه‌ی كردوون. ڕۆحه به‌ڕبه‌ڕیه‌كانی سه‌ده‌ی بیستویه‌ك به‌ره‌ی پۆپۆلیزمی ڕاستڕه‌وی ئه‌ڵمانی و بریتانی و ئیتاڵی و هۆڵه‌ندی و فه‌ڕه‌نسین، كه داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مۆدێلی ئه‌وروپای یه‌كگرتوو ده‌كه‌ن.
حزبێكی وه‌ك (یوكیپ) UKP و به‌شێك له كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كانی بریتانی، باسیان له‌وه ده‌كرد؛ كه‌رانه‌یه ئێمه ساڵی سێ سه‌د ملیۆن پاوه‌ن بده‌ین به ئه‌وروپای یه‌كگرتوو و سنووره‌كانمان بكه‌ینه‌وه به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته هه‌ژاره‌كانی بلۆكی سۆسیالستی جاران له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وروپین. یاخود قه‌رزبده‌ین به یۆنان و ده‌وڵه‌تانی دیكه بۆئه‌وه‌ی بێنه ئاستی ئه‌وروپای یه‌كگرتوو! ده‌یانگووت؛ نابێت ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی وه‌ك بریتانیا فه‌رمان له برۆكسله‌وه وه‌ربگرێت كه په‌ڕله‌مانی سه‌ره‌كی ئه‌روپای یه‌كگرتووه…هتد. ئاوه‌ها، نۆستالژیا بۆ ئیمپراتۆرتی بریتانی كه خۆر لێی ئاوا نابێت، نۆستالژیایه‌كه بۆ زه‌مه‌نی ئیمپریالستی و پاڵپێوه‌نه‌ری پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌و هێزه پۆپۆلیستیه ڕاستڕه‌وه بوو كه UKP به سه‌ركردایه‌تی (ناجی الفرج) له‌پشت ڕیفراندۆمی برێكسته‌وه ده‌نگده‌ریان پێ فریوودا. پۆپۆلیزم له‌یه‌كه‌مین ئه‌كتیدا هه‌سته ساده‌كان ده‌بزوێنێت و ڕۆحه به‌ڕبه‌ڕیه‌كان له‌ناخی خه‌ڵكدا ده‌هارووژێنێت و ده‌یژێنێته‌وه. هه‌سته ناسیونالیسته‌كان له‌ڕیفراندۆمی بركێستدا گه‌شانه‌وه و نیوه‌ی بریتانیه‌كان نه‌یانده‌ویست ڕیزپه‌ڕی مۆدێلی ئیمپریال و نه‌ته‌وه بكه‌ن، ته‌نانه‌ت پارتێكی چه‌پی وه‌ك (پارتی كرێكارانی بریتانیا) به سه‌ركرادیه‌تی (جێرمی كۆربن). تاوه‌كو ئه‌مڕۆ دژی برێكست نین و پێیان باشه كرێكارانی بریتانیا كێشه و خه‌باتی خۆیان له‌ناو چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌ی بریتانیادا بمێنێته‌وه. ئه‌م ڕۆحه ناسیونالستیه چه‌پی بریتانیشی داپۆشیووه، به‌بێ گوێدان به ڕه‌هه‌ندی ئینته‌رناسیونالستی كرێكاری، كه خه‌ونی چه‌پی دونیایه و به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌هه‌نده ناسیونالستیه قسه ناكه‌ن كه برێكست له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یهێنێته ناو ڕیزی كرێكارانه‌وه. ته‌نانه‌ت له ئه‌ڵمانیا حزبێكی وه‌ك ئه‌ڵتارناتیف بۆ ئه‌ڵمانیاAFD داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ن بۆ مۆدێله نه‌ته‌وه‌یییه‌كه‌و داخستنی سنووره‌كان به‌سه‌ر په‌ناهه‌نده و بێگانه‌كاندا و قورسكردنی مه‌رجی په‌ناهه‌نده‌یی و ڕه‌گه‌زنامه و زۆریتر. له فه‌ڕه‌نساش مۆدێلی ڕاستڕه‌وی حزبی (به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌یی فه‌ڕه‌نسی) به سه‌كردایه‌تی خاتوو ( مارین لو پێن) له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ركه‌و‌تنی به‌رچاوی هه‌بوو و ئه‌وانیش له‌سه‌ر مۆدێلی برێكست داوای چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ن له ئه‌روپای یه‌كگرتوو. ئاوه‌ها پۆپۆلیزمی ڕاستڕه‌و له‌كۆی ئه‌وروپا ئیلهامبه‌خشی پرۆژه‌ی برێكستن و ئاوی ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌خۆنه‌وه.
ئیدی (پۆپۆلیزمی ڕاستڕه‌و) ئاوه‌هایه وه‌ك ئه‌و (ڕۆحه به‌ڕبه‌ڕیانه) وه‌هایه كه (شیله‌ر) باسی ده‌كات، به‌ڕه‌ڵا ده‌بن و ئه‌و دروشمه سادانه ده‌ڵێنه‌وه بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌نگیان بۆ بدات، به‌ڵام كه ده‌گه‌نه سه‌ر پرۆژه‌كه‌ی خۆیان نازانن چۆن جێبه‌جێی بكه‌ن. پارادۆكسه‌كه‌ش لێره‌دایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بریتانیا تاوه‌كو مانگی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٩ له‌به‌رده‌مدا ماوه بۆ چوونه ده‌ره‌وه، یان دووباره ڕه‌تكردنه‌وه‌ی برێكست، تاوه‌كو ئێستا نه كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كان و نه ئه‌وانیتر خاوه‌نی دونیابینیه‌كی ڕوونی سیاسی و ئابووری ژیانی دوای برێكست نین.
ڕاسته جوڵاندنی (ڕۆحه به‌ڕبه‌ڕیه‌كان) له‌هه‌ندێك پێچی مێژوویدا هێزه پۆپۆلیسته‌كان ده‌گه‌یه‌نێته سه‌ركه‌وتن، به‌ڵام دوایی نازانن چی له‌سه‌ركه‌وتن بكه‌ن. ئه‌مه وشه‌یه‌كم بیرده‌خاته‌وه كه له زمانی ئه‌ڵمانیدا وشه‌ی entzaubernئه‌م وشه‌یه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی قووڵی هه‌یه، مانای (له‌جادووخستن) ده‌گه‌یه‌نێت، به‌مانای به‌تاڵكردنه‌وی جادووه‌كه‌یه. لێره‌وه پڕۆژه‌و ئایدیای هێزه پۆپۆلیسته‌كان چركه‌ساتی گه‌یشتینان به‌ده‌سه‌ڵات و پڕۆژه‌كانیان، چركه‌ساتی له‌جادووخستنیانه… لێره‌وه كه حزبی AFD ئه‌ڵمانی به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌دوای دامه‌زراندنی له‌سه‌دا دوانزه‌ی كورسیه‌كانی په‌ڕله‌مانی ئه‌ڵمانی برده‌وه، یه‌كسه‌ر له وورده‌كاریه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا له‌جادووكه‌وت. چونكه دروشمی وه‌ك (ئه‌ڵمانیا بۆ ئه‌ڵمانیه‌كان) و (ئیسلام سه‌ر به‌ئه‌ڵمانیا نییه) و (بێگانه‌كان بچنه ده‌ره‌وه) و (گه‌ڕانه‌وه بۆ شكۆی مه‌مله‌كه‌تی ئه‌ڵمان)، چه‌نده بریقه‌دار بوون، سه‌د هێنده‌ش به‌های كولتووری و ئابووری له ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی ئێستادا ونده‌كه‌ن. ئاوه‌ها له‌جادووخران و ئه‌ندامه‌كانیان تاوه‌كو ئه‌مڕۆ یه‌ك له‌دوای یه‌ك واز دێنن. له‌وه‌ش سه‌یرتر، هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی وه‌ك حزبی برێكست و كۆنزه‌رڤاتیڤ و AFD ئه‌ڵمانی زۆربه‌ی ڕاستڕه‌وه ناسیونالیسته‌كان كه قه‌شمه‌ریاتیان به په‌ڕله‌مانی ئه‌وروپا ده‌هات، خۆیان به‌شداری هه‌ڵبژاردنەكانی مانگی مای ئه‌مساڵ ٢٠١٩ په‌ڕله‌مانی ئه‌وروپیان كرد! ئاوه‌ها له‌گه‌ڵ به‌شداریكردنیان و ئاهه‌نگسازدانی هه‌ندێكیان به‌بردنه‌وه‌ی كورسی له په‌ڕله‌مانی ئه‌وروپا له جادووكه‌وتن.
به‌ڕای من، پڕۆژه‌ی
برێكست وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك له‌دژی مۆدێلی ئه‌وروپای یه‌كگرتوو، پرۆژه‌یه‌كی پۆپۆلیستی ڕاستڕه‌وه و مۆدێلێكی
ناسیونالیستی به‌سه‌رچووه، كه نیولیبرالیزمی ئه‌مریكایی بۆ لێدان له به‌رهه‌مه‌كانی
خه‌باتی چه‌پ كه( ده‌وڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی)یه
پشتگیری ده‌كات. ئه‌مریكانیزم وه‌ك نوێنه‌ری كاپیتالیزمی وه‌حشی ئه‌م مۆدێله
زامنكاره كۆمه‌ڵایه‌تی و موڵتی-كولتورییه به‌هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر خۆی تێده‌گات.
برێكست چه‌نده بریقه‌دار بوو له‌سه‌ره‌تادا، به‌ڵام لە زەمینەی ڕاسته‌قینه
پڕۆژه‌یه‌كی شكستخواردووه و پڕۆژه‌یه‌كی پراكتیكی نییه. سه‌یر له‌وه‌دایه هێشتا
برێكست ڕووینه‌داوه كه وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی كۆنزه‌رڤاتیڤ به(تیریزا مه‌ی) سه‌رۆك
وه‌زیرانیشه‌وه، یه‌ك له‌دوای یەک ده‌ستیان له كاركێشایه‌وه، هێشتا هیچ ڕووی نه‌داوه،
برێكست له‌سه‌رخۆ جادووكه‌ی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه.
پەراوێزەكان
[1] Jerry Brotton, The Renaissance: A very short introduction, Oxford University press 2006. P11.[2] Philosoph Peter Sloterdijk am Interview – Vum Caroline Mart(Télé), DW (RTL.lu) | Update: 15.05.2019 18:21
[3] Ruediger Safranski, Romantik eine deutsche Affaere, Fischer Verlag 2003. S 42.