چوارشەممە, كانونی یه‌كه‌م 24, 2025
frku

واتا و بەهای ژیان یان فه‌لسه‌فه‌ی ژیان؟

‘’مرۆڤ چەندە بزانێت، هەر ئەوەندە دەژی’’

دکتۆر نەوزاد جەمال


پێشەکی [1]

هه‌قیقه‌ته‌ سه‌خت و ناخۆشه‌که‌: وەکچۆن که‌سمان بکات و شوێنی له ‌دایکبوونمان هه‌ڵنه‌بژاردووه، ئاوەهاش بۆ هاتنه‌ نێوژیان و ئەم جیهانە‌شەوه‌ پرسمان پێ نه‌کراوه‌ تا ئیتر بپرسین: بۆ بژین؟ لەپێناو چیدا؟ رەنگە ئەو بۆچوونەی مارکس کە دەڵێت “مرۆڤەکان مێژووی خۆیان درووستدەکەن، بەڵام بە ئارەزووی خۆیان نا؛ چونکە لە ژێر بارودۆخی خۆهەڵبژێردراودا درووستی ناکەن، بەڵکو لە بارودۆخێکی هەبوودا- لەئارادابوو کە پێشتر پێدراوە و گواستراوەتەوە”[2].

جگەلەوەش ئەوە روونە کە ژیان له‌خۆیدا یه‌ک واتای دیاریکراوی نییه‌ کە بڵێین بە ئاوی زێڕ نووسرابێ و بەخۆماندا هەڵیبواسین. بەهای ژیان دەگەڕێتەوە سەر کەسەکەش خۆی کەچۆن دەینەخشێنێت و بەڕێیدەکات. ئیدی پرسیار لەسەر ژیان بکەین یان نا، دواجار ئیتر ئێمە لێرەین و هەین.

ئەم لێرەبوونە باج و ئەرک خۆی هەیە. ئەوەی لە ئەفسانەی ئایینیدا باسکراوە گوایە، ژیان نەفرەتییە لە ئادەمیزاد. جیهانیش مەنفایەکە کە بۆی دوورخراوینەتەوە. بەهەشتیش ئەو شوێنەیە کە دەبێت بۆی بگەڕێنەوە. ئەمە وایکردووە، بەجۆرێک پووچی و بێنرخی ژیان و ئەم جیهانە بگەیەنێت. ‘’سیزیف ئاسا’[3]‘، ژیان بدەین بەکۆڵماندا هەموو رۆژێک تاخۆرئاوابوون ناڵە و ناسۆرمان بێت.

ژیان چییە؟

ئایا ئەمە پرسیارە؟ یان لە فۆرمی پرسیارێکدایە کە ئەوەندە گشتیی و سەرپێیە بەهیچ کوێمان ناگەیەنێت؟‌ پرسیاره‌ فه‌لسه‌فییه‌ رەسەنەکه‌ له (‌سۆکرات)ه‌وه‌ کەوتووتەوەوە بریتییە لە: ژیانی باش کامه‌یه‌؟ بەجۆرێک ئێمەی خستۆتەبەر دووڕیانی بژاردە و بڕیارەدانەوە.

لەمەوە، پرسینی ئەوەی ئاخر بۆچی بژین؟ ده‌بێت به‌وه‌ی؛ چۆن ژیانێکی گونجاو شیاوانە بەڕێکەین. واتە، ئەمەیان راستتر و‌ فه‌لسه‌فییانەترە‌. چونکە، واتا و بەهای ژیان پێدرواێک نییە کە لە دەرەوەی ژیر و ئاگایی مرۆڤ هاتبێتە خوارەوە، بەڵکو بەرهەمی ژیری مرۆڤ خۆیەتی. بەدەربڕینێکیتر، واتای ژیان لەپێش بوونی ژیان نییە. چونکە، واتای ژیان پێدراوێکی پێشیانەیی(a priori[4])  نییە لە بەرگی رەچەتەیەکدا، بەڵکو لەگەڵ ژیانکردن خۆیدا، دەبێ بێتەئاراوە.

فەلسەفەی ژیان[5]

ئەگەر بە مانایەک فەلسەفە بەهونەری ژیانکردن دابنرێت، ئەوا فه‌لسه‌فه‌ فێری ”بوێربه‌ و بژی” مان دەکات. بوێری ژیانکردن، وەکئەوەی کە هەیە ئاستێکی بەرزی رەوشتییە. بۆیە، ژیان هونه‌رە، هونه‌رمه‌نده‌که‌ش لەمەدا مرۆڤ خۆیه‌تی.

ئیدی، ئەگەر ژیان له ‌خۆیشیدا واتایه‌کی دیاریکراویشی نه‌بێت، مرۆڤ خۆی بەرپرسیارە لە ده‌ستنیشانکردنی. جگەلەوەش، پرسیارە سۆکراتیەکە پێمان ده‌ڵێت؛ پێویستە ژیان و زیندوومانه‌وه‌ له‌یه‌ک جیابکه‌ینه‌وه‌. ژیانیباش هه‌ر ئه‌وه ناگرێته‌وه‌ که‌ مرۆڤ ژیان و مانی پارێزراوبێت، به‌ڵکو کواڵێتی گوزەرانیش و ژیانێکی شکۆمەندانە مه‌رجن‌.چونکە، هەموو دەزانین ‘‘من’’ ناژیم هەر لەبەرئەوەی کە زیندووم و هەناسەدەدەم، بەڵکو جۆری ژیانکردنم، دەستنیشانی رادەی ژیانکردم دەکات. ئەگەرنا، مرۆڤ لە زیندانیشدا، لەکولەمەرگی و نەهامەتی و ترسیشدا هەناسە دەدات!

واتای ژیان لای فەیلەسوفەکان

لێرەدا، واتای ژیان هەر لە (سۆکرات)ەوە بۆ (پیێر هادۆت) و (فوکۆ) و (جۆرج لۆکاچ) یان لای دەرووناس (ڤیکتۆر فرانکڵ) کۆمەڵێ سەرەداوی گرنگن. سۆکرات وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە ده‌ڵێت: ”ژیانی ئه‌زمووننه‌کراو، تاقینه‌کراوه‌، شایه‌نی ژیانکردن نییه’[6]‌’. واته‌، پێویسته‌ مرۆڤ بیر له‌ ژیان بکاته‌وه ‌و به‌هۆیەوه‌ ره‌فتارێک بکات که ‌مانایه‌ک بۆ ژیانی ده‌ستنیشان بکات.

هه‌ر له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتن و قوڵبوونه‌وە و‌ پرسیارکردنەش‌، بڕیاره‌کانی بدات. دواتر هەڵسوکەوت و رەفتارەکانی لەبەر رۆشنایی ئەو پەیام و ئامانجەی ژیاندا رێکبخات. جگەلەوەش، پەیامێکی تری سۆکرات، زانینە. تاقیکردنەوە، ئەزموونکردن، واتە زانین. بۆئەوەی بتوانیت بڕیار لەسەر جۆری ژیانت بدەیت، دەبێت زانینێکی پێشەکیت لە بارەیەوە هەبێت. بەڕای من ”مرۆڤ چەندە بزانێت، ئەوەندە دەژی”. هەتا زانین و زانیاری و ئاگاییت زۆرتربێت، ژیان رەهەندێکی قووڵتر و درێژتری لە واتادا دەبێت.

جۆرج لوکاچ خاوه‌نی لە کتێبی وتای ژیاندا[7] ؛ پێیوایه ژیان شتێکه‌ کە ناتوانرێت روونبکرێته‌وه‌. ته‌نها هۆکارێک بۆ ژیانکردن یان پاڵنەر بۆئەوەی مرۆڤ بەردەوام بێت لە ژیان، هەر ژیان خۆیه‌تی. کەواتە، له ‌ده‌ره‌وه‌ی ژیان هیچ مانا و ئامانجێک نییه‌ جگەلە ‌ژیان خۆی. ئیتر نابێت بپرسین بۆچی بژین، چونکه‌ ئیتر ئێمه‌ هه‌ین و ده‌ژین. بەمەش تێگه‌یشتن له‌ژیان خۆی، ده‌که‌وێته سه‌رووی ژیری مرۆڤه‌وه‌.

‌راسته‌ له ‌زانستی بایۆلۆجیدا ژیان به‌ ئۆرگانیزمێکی مه‌زن پێناسەکراوە. ئێمه‌ش بەشێکی‌ پارچه‌و پێکهێنه‌ره‌ سه‌ربه‌خۆکانی ئەو ئۆرگانیزمەین. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌س نییه، بۆئەوەی بیکەین بەئامانج و پێناسەیەک کە لە پێناویدا بژین‌. له‌به‌رئه‌وه‌،‌ جیهان، واقیع بابه‌ت نییه‌ تا پێناسەیەکی دیاریکراو بکرێت، به‌ڵکو پرۆسه‌یه‌که‌.

هەروەها (میشیل فوکۆ) له ‌کاره ‌سه‌ره‌تاییه‌کانیدا، ره‌خنه‌ی لە‌و کۆجیتۆی دیکارت و فه‌لسەفەکەی سەبارەت بەخود و چییەتی مرۆڤ ده‌گرت. به‌تایبه‌ت له‌کتێبه‌کانی ”مێژووی شێتی” و ”ویستی زانین”دا، ئەو بۆچوونانەی دیکارت رەتدەکاتەوە.

به‌ڵام، لە ساڵانی ‌هه‌شتاکاندا و پێشمه‌رگیگۆڕانکارییه‌ک بەسەر بۆچوونەکانی فۆکۆدا هات. به‌تایبه‌ت له‌ کتێبی ”چێژو بایه‌خدان به‌خۆ”دا، ژیان وه‌ک هونه‌رێک که پێویستە ‌مرۆڤ ئازادانه، تێدا‌ بێته‌ ئاخاوتن و دووان. واته‌، ‘’پارێسیا’’ کە راشکاوی وتن و ده‌ربڕین دەگرێتەوە. لای فوکۆ ئەوە جۆرێکە لە بایەخدان بەخۆ.

هەر لەم سۆنگەوە، گەر سەیری فەلسەفەی (کانت) بکەین، بەتایبەت لەو چوارپرسیارە[8]  بنەڕەتیەی کە پرۆژەی فەلسەفەی رەخنەیی ئەو پێکدەهێنێت:

–  ده‌توانم چی بزانم (میتافیزک)

–  چیم له‌سه‌ره‌ بیکه‌م (ره‌وشت و ئاکار)

– هیوام به‌چی هه‌بێت (ئایین)

–  مرۆڤ چییه‌؟ (ئه‌نترۆپۆلۆجیا)

لەم پرسیارانەوە کانت هەم توانای ژیری مرۆڤ و سنووری زانین و بنەماکانی ئاکارو رۆڵی ئایین لەو نێوەندەدا و هاوکات چییەتی مرۆڤ دەردەخات. تێگەیشتن و وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە مانای ژیان و ئەرکی مرۆڤ/ژیری دەردەخات. کەواتە، ناڕاستەوخۆ کانت ئیش لەسەر مانای ژیان و مرۆڤ دەکات.

ڤیکتۆر فرانکڵ ده‌روونناس:

فرانکڵ کە خۆی له‌ که‌مپی نازیه‌کاندا بووه، دواتر لەو دۆزەخە‌ رزگاری بووه، خۆڕاگریی سەیری کردووه‌ تا بەپارچه‌نانێک ژیانی پارێزراوبێت. به‌لای ئه‌وەوە، مانای ژیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئازادیی.‌ ئەو ئازادییەی که‌ هه‌یه ئیتر زۆر یا که‌م بێت‌.

مرۆڤ، هەمیشه‌ بارودۆخیشی هه‌رچۆن بێت، هەر بژارده‌یەکی لەبەردەمدایە کە ئەوەش واتای ئازادییه‌.‌ ده‌کرێت هه‌مووشتێک له ‌مرۆڤ بسه‌ندرێتە‌وه ‌و زه‌وتکرێت، ته‌نها ئازادی / سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردن و ره‌فتارکردن له‌ بارودۆخێکدا نەبێت. هەمیشە ‌مرۆڤ رێگه‌ی خۆی، به‌ده‌ستی خۆی ده‌ستنیشانکات و هه‌ڵدەبژێرێت.

‌مرۆڤ هه‌رده‌م (رێژەیەک) ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه‌. جا با لە بارودۆخێک‌ی ناله‌باریشدابێت. له‌به‌رئه‌مه ئێمه‌ توانای گه‌ڕانمان به‌دوای مانای ژیاندا هه‌یه‌.

فەلسەفەی ژیان له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند چه‌‌مکێکی فه‌لسه‌فی و سایکۆلۆجی دامه‌زراوه:

 1 –  ئازادی ویست/ئیراده‌

2 –  ویستی مانا/ ئیراده‌ی مانا

 3 –  ویستی مانای ژیان

مادام ئازادی ویست هەیە، ویستی واتا بەدەستهێنانیش هەیە. دواجار ئەم ویستانە، مانای ژیان بە دەستەوە دەدەن.

ئاکامی باسەکە

ژیانێکی فەلسەفیی و فەلسەفەی ژیان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ژیان هونەرێکە لەدەستی مرۆڤ خۆیدایە. قەدەری مرۆڤ ئەوە نییە لە ژیان و چارەنووسدا چی بەسەردێت، بەڵکو قەدەری ئەو ئەوەیە کە بژی. بەڵام، چۆن و بۆچی و بەچی بژی؟ وەڵامیان ئەرکی خۆیەتی. هیچ رەچەتەیەکی پێشیانەیی نییە جگەلە کۆمەڵێک بیروباوەڕ. ژیانیش پاکێجێک نییە بە خەڵات یا وەک نەفرەت پێتدرابێت. کە ”هەیت، دەبێت ببیت، کە بوویت، دەبێت بزانیت چۆن و بۆچی دەژیت”.

[1]  ئەم نووسینە بەشێک بوو لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی لەسەر هەمان بابەت لە وارتیڤی ٤/٩/٢٠١٨

[2] https://www.marxists.org/archive/marx/works/1852/18th-brumaire/ch01.htm

[3]  سیزیف ئەفسانەیەکی یۆنانی دێیرینە کە خواوەندەکان نەفرەتیان لە سیزیف گرت و سزای ئەوەبوو دەبێ هەموو رۆژێک تاوێرە-گابەرد- گەورە بەرێت بۆ سەر لوتکەی شاخەکە، بەڵام دواجار بەردەکە هەر خلدەبێتەوە خوارەوە و هیچ بە دەستەوە.

[4]  پێشیانەیی واتە پێش ئەزموونکرد بیت.

[5]  لەرووی زمانیەوە ئێمە وشەی ‘ژیان’ و ‘ژین’مان هەیە. رەنگە، ژین زیاتر گوزەران و بژێویی بگرێتەوە. جگەلەوەی هەندێک پێیانوایە، وشەی ژن لە ژین ەوەیە. ئەمەش کاری زمانزان و زمانناسەکانە.

[6] ‘unexamined life is not worth living’

[7] George Lucas,The Meaning of Life: Reflections in Words and Pictures on Why We Are. 1990

[8]  زۆربەی کانت ناسەکان بەجۆرێک کۆدەنگیان هەیە کە کانت تەنها (٣) پرسیاری کردۆتە بناخەی شاکارەکانی. بەڕای من کانت پرسیاری چوارەمیش هەیە: ئایا مرۆڤ چییە؟ چونکە، رەهەندێکیتری کەسێتی و فەلسەفەکەی، لایەنی ئەنترۆپۆلۆجیە. واتە، مرۆڤناسی لەپاڵ فەلسەفەی مێژوو، فەلسەفەی ئاکارو فەلسەفەی ئایین و فەلسەفەی زانین و هتد…دا.

Images:

  • GDJ
  • Aristal
  • kamyk293

د. نەوزاد جەمال

دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت

Check Also

قەیرانی مانا لە كارە هونەرییەكانی ئێستادا

ئەحمەد نەبەز یەکێک لە کێشە زەقەکانی جیهانی هونەری (شێوەكاری) ئەمڕۆ، دروستبوونی ئەو بەرهەمانەیە کە بەبێ …