محەمەد رەحمان ئەحمەد
_________________________________
ناوه‌ڕۆک
– پێشه‌کی
1- له‌باره‌ی به‌شداری سیاسی و ڕه‌فتاری ده‌نگدان
1-1 به‌شداری سیاسی
1-2 ڕه‌فتاری ده‌نگدان
2- عه‌قڵانیه‌تی و سایکۆلۆجیه‌تی ڕه‌فتاری ده‌نگدان
2-1 عه‌قڵانیه‌تی ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر
2-2 سایکۆلۆجیه‌تی ڕه‌فتاری ده‌نگدان
2-3 جیاوازی نێوان هه‌ردوو ئاراسته‌که (عه‌قڵانی و سایکۆلۆجی) له شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ده‌نگدان
– ده‌رئه‌نجام
– سه‌رچاوه‌کان
___________________________________
پێشه‌کی
له دونیای ئه‌مڕۆدا سیسته‌می دیموکراسی بووه‌ته داواکاری و خواستی زۆربه‌ی گه‌لانی جیهان، کڕۆکی سیسته‌می دیموکراسیش خۆی له به‌شداری سیاسی تاک و گڕوپه جیاوازه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا ده‌بینێته‌وه له حکومڕانی و دارشتنی سیاسه‌ته گشتیه‌کان. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌نگدانی ئازاد یه‌کێکه له گرینگ‌ترین ئامرازه‌کانی ئه‌و به‌شداریه سیاسیه که تیایدا تاکه‌کان نوێنه‌ره‌کانی خۆیان بۆ نێو دامه‌زراوه سیاسیه گرینگه‌کانی وڵات هه‌ڵده‌بژێرن تاوه‌کو سیاسه‌ته‌کان دابرێژن و جێبه‌جێیان بکه‌ن و وڵات به‌ڕێوه‌ببه‌ن. بۆیه لێره‌دا شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌نگده‌ده‌ن و ئه‌و فاکته‌رانه‌ی که کاریگه‌ری له‌سه‌ریان هه‌یه و ئاراسته‌یان ده‌کات پڕ بایه‌خه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ش دوو فێرگه و ئاراسته‌ی زۆر گرنگ هه‌ن له کایه‌ی زانستی ڕه‌فتاری ده‌نگدان وه‌ک ئاراسته‌ی عه‌قڵانیه‌ت و ئاراسته‌ی سایکۆلۆجی که رۆڵێکی به‌رچاویان هه‌یه له شیکردنی ره‌فتاری ده‌نگده‌ر که هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش له‌م توێژینه‌وه‌یه‌ماندا جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌که‌ینه‌وه و به‌راووردیان ده‌که‌ین به‌یه‌کتر.
1 – له‌باره‌ی به‌شداری سیاسی و ڕه‌فتاری ده‌نگدان
ئه‌م به‌شه وه‌ک ده‌روازه‌یه‌ک وه‌رده‌گرین بۆ چوونه نێو بابه‌ته‌که که دابه‌شمانکردووه بۆ سه‌ر دووباسی په‌یوه‌نیدار به بابه‌ته‌که، ئه‌ویش یه‌که‌میان پرسی به‌شداری سیاسیه که له رووی پێناسه و چه‌مکه‌وه ماناکه‌ی شیده‌که‌ینه‌وه و باس له گرینگیه‌که‌ی ده‌که‌ین له پته‌وکردنی دیموکراسی و لاگیری هاوڵاتیان بۆ سیسته‌می سیاسی، دووه‌میشیان باس له ڕه‌فتاری ده‌نگدان ده‌که‌ین و وه‌ک فاکته‌ر و شێوازێکی گرنگ له به‌شداری سیاسی.
1-1 به‌شداری سیاسی
وینه‌ر (weiner) به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی به‌شداری سیاسی ده‌کات که ده‌ڵێ “بریتیه له هه‌ر کردارێکی ئیرادی سه‌رکه‌وتوو یاخود شکست خواردوو، ڕێکخراو یاخود رێکنه‌خراو، کاتی یاخود به‌رده‌وام که وا ده‌کات په‌نا ببه‌ن بۆ ئامرازی ڕه‌وا یاخود ناڕه‌وا به ئامانجی کاریگه‌ری کردن له‌سه‌ر بژارده سیاسیه‌کان، یاخود ئیداریه‌کان و کاروباری گشتی یاخود بژارده‌کانی حاکم، له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کانی حکومی، خۆجێی یاخود نیشتمانی”.[1]
به‌و مانایه‌ی به‌شداریکردنی سیاسی به‌شێوه‌یه‌کی گشتی بریتیه له‌وه‌ی که هه‌موو هاوڵاتیان بتوانن له بواری گشتیدا به‌شداربن به شیوه‌یه‌کی کارا، به‌ومانایه‌ی هاوڵاتیان ته‌نها وه‌رگر و جێبه‌جێکار و ته‌ماشاکاری بریاره‌کان نه‌بن که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌رده‌چن به‌ڵکو بتوانن خۆشیان به ڕێگه‌که‌لی جۆراوجۆر ڕۆڵ و کاریگه‌ریان هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌رکردنی بڕیاره‌کان. کاتێکیش که هاوڵاتیان هه‌ست و درک به‌وه بکه‌ن که ڕۆڵ و کاریگه‌ریان هه‌یه له ژیانی سیاسی و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات ئه‌وا دڵبه‌ندی و لاگیریان بۆ ده‌سه‌ڵات و نیشتمان پته‌و به‌تین ده‌بێت و به‌مه‌ش به دڵسۆزی و به‌رپرسیاره‌تیه‌وه مامه‌ڵه ده‌که‌ن.[2]
یه‌کێکیش له‌و که‌ناڵ و ڕێگه‌یانه‌ی که تیایدا هاوڵاتیان به‌شداری سیاسی تێداده‌که‌ن بریتیه له هه‌ڵبژاردن. بێگومان ده‌ستاوده‌ستکردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات یه‌کێکه له گرینگ‌ترین پایه‌کانی به‌رجه‌سته‌بوونی دیموکراسی له هه‌ر وڵاتێک‌دا، ئه‌م ده‌ستاوده‌ستکردنه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌بێت، به‌م پێیه‌ش هه‌ڵبژاردن یه‌کێکه له گرینگ‌ترین ئامرازه‌کان بۆ سه‌قامگیری و ڕه‌وایه‌تی سیاسی چونکه هه‌موو هاوڵاتیه‌ک به شێوه‌یه‌کی یه‌کسان مافی ده‌نگدانی هه‌یه و زۆر‌ترین خه‌لک به‌شداری تێدا ده‌کات و ئه‌و لایه‌نه هه‌ڵده‌بژێرن که ده‌یانه‌وێت.[3]
هه‌رچه‌نده هه‌ڵبژاردن پێکهاته و به شێکی گرینگه له به‌شداری سیاسی به‌ڵام وه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا به‌شداری سیاسی ته‌نها له هه‌ڵبژاردن کورت نابێته‌وه، بۆیه ده‌توانین به شێوه‌یه‌کی گشتی ئاماژه به کۆمه‌ڵێک ئه‌دگار و خاسیه‌تی به‌شداری سیاسی بده‌ین:
- به‌شداری سیاسی ته‌نها به‌شداری ئاسۆیی ناگرێته‌وه به‌ڵکو به‌شداری ستونیش ده‌گرێته‌وه له نێوان هه‌موو ئاست و ده‌سته جیاوازه‌کان.
- وه‌رگرتنی بڕیاره‌کان نابێت ته‌نها گوزارشت له خواستی چین و توێژ و ده‌سته‌بژێرێکی دیاریکراو بکات به تایبه‌تی ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌یوه‌ستن به کاروباری گشتی هاوڵاتیانه وه به‌ڵکو ده‌بێت به‌شداریه‌کی فراوان بێت و گوزارشت له خواست و ویستی هاوڵاتیان بکات به گشتی.[4]
- به‌شداری سیاسی ده‌بێته هۆی یه‌کخستنی هزر و هه‌ستی خه‌لک و کۆمه‌ڵگا، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی هه‌ستکردن به بوونی ئامانج و چاره‌نووسی هاوبه‌ش له نێوان خه‌ڵک و حکومه‌ت.
- به‌شداری سیاسی پرۆسه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی فراوان و ته‌واوکاری و فڕه‌ڕه‌هه‌نده، ئامانج لێی به‌شداریپێکردنی هه‌موو تاکه‌کانی له پرۆسه‌ی زانین و تێگه‌یشتن و پلاندانان و جێبه‌جێکردن و ئیداره‌دان و هاوبه‌شیکردن و هه‌ڵسه‌نگاندن و پێشکه‌شکردنی ده‌ستپێشخه‌ری و به‌شداریکردن له سوود و ده‌ستکه‌وته‌کان.
- به‌شداری سیاسی ڕه‌فتارێکی به ده‌ستهێنراوه نه‌ک سروشتی و بۆماوه‌یی، به‌ومانایه‌ی له ڕێگه‌ی هه‌وڵدان و کار و کارلێکردنی نێوان تاکه‌کان و نێوان دامه‌زراوه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت و به ده‌ست ده‌هێنرێت.[5]
1-2 ڕه‌فتاری ده‌نگدان
ده‌نگدان ووشه‌یه‌کی نوێ نیه، به‌ڵکو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یۆنانی کۆن ئه‌ویش کاتێک خه‌ڵک له شێوه‌ی ئه‌نجومه‌ن کۆده‌بوونه‌وه له‌سه‌ر پرسه جۆراو جۆره‌کان به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ ده‌نگیان ده‌دا، بڕیاریش به پێی زۆرینه ده‌رده‌چوو. به‌ڵام له ئێستادا ئه‌مجۆره ده‌نگدانه شتێکی ناکرده‌ییه ئه‌ویش به‌هۆی زۆری ژماره‌ی دانیشتوان و ئاڵۆزی پرسه‌کان و پسپۆڕیه‌ت و …هتد. بۆیه له ئێستادا له ڕووی شێواز و میکانیزمه‌وه جیاوازه، دیموکراسی له ئیستادا نوێنه‌رایه‌تیه بۆ ئه‌مه‌ش خه‌لک ده‌چێت نوێنه‌رانی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت له ڕێگای ده‌نگدانه‌وه.[6] ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش ته‌نها بریتی نیه له هه‌ڵبژاردنی که‌سانێک بۆ حکومڕانی و به‌س به‌ڵکو تاک له ڕێگای ده‌نگه‌کانیه‌وه به‌شداریه‌کی کارا ده‌کات له سیاسه‌ت به‌جۆرێک ده‌نگدان زیاتر گوزارشته له ڕه‌زامه‌ندی یان ڕه‌تکردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌کانی ده‌سه‌ڵات یاخود سیاسه‌ته‌کانی حیزبێکی دیاریکراو که ده‌یگرێته به‌ر و په‌یوه‌ندی به ژیانی گشتی خه‌ڵکه‌وه هه‌یه.[7]
به گواستنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی ڕه‌فتارخوازی بۆ کایه‌ی سیاسی باس و لێکۆڵینه‌وه‌کانیش له‌سه‌ر ڕه‌فتاری سیاسی ده‌ستیپێکرد، به‌و مه‌به‌سته‌ی که پاڵنه‌ره‌کانی پشت ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی که سیاسیه‌کان ده‌ینوێنن ئاشکرا بکرێت، که ئایا ئه‌و ڕه‌فتارانه دووباره ده‌بنه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌مان پاڵنه‌ر و هه‌ڵومه‌رجه‌کان دووباره ببنه‌وه. به‌مه‌ش گرینگیه‌کی تایبه‌ت درا به شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری سیاسی و له نێویشیدا ڕه‌فتاری هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان.[8]
ڕه‌فتاری ده‌نگدان ئاماژه‌یه بۆ کۆمه‌ڵێک چاڵاکی و کرده‌ی تاکه‌کان له ناوکۆی (context) پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌کرێت وا پێناسه‌ی بکه‌ین که بریتیه له کرده‌گه‌لێکی ڕێکاری و چاڵاکیانه‌ی په‌یوه‌ندیدار به تاکه‌کان و خودی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، که له خۆگری پڕۆسه‌گه‌لێکه وه‌کو هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردن و کۆبوونه‌وه و چاڵاکی ده‌نگده‌ران و بژاردنی ئه‌و که‌س و لایه‌نه‌ی که ده‌ته‌وێت و بژاریان ده‌که‌ی.[9]
به‌مانایه‌کی تر ڕه‌فتاری هه‌ڵبژاردن ڕێگایه‌که که تاک و گڕوپه جیاوازه‌کان تیایدا ئاڕاسته ده‌گرن به‌ره‌و ده‌نگدان. ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌کی وورد له‌لایه‌ن زانایانی سیاسی و به‌تایبه‌تی ده‌روونناسانی سیاسی دیراسه و خوێندنه‌وه‌یان بۆی کردووه تاوه‌کو له‌م ڕێگه‌یه‌وه پارته سیاسیه‌کان ده‌روونی ده‌نگده‌ر و ئه‌و فاکته‌رانه بناسن که کاریگه‌ریان له‌سه‌ری هه‌یه، به‌مه‌ش ئه‌و ڕێگا و شێوازانه بگرنه به‌ر له‌کاتی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردن که تاک و گڕوپه‌کان ئاراسته ده‌کات به‌ره‌و سندوقه‌کانی ده‌نگدان.[10]
هه‌روه‌ها ده‌کرێت ده‌نگدان به پایه و بنکه‌ی هه‌ڕه‌می سیاسی دابنرێت له سیسته‌مه دیموکراسیه‌کاندا، به مانایه‌کیتر هاوڵاتیان له رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ به‌شداری ده‌که‌ن له پڕۆسه‌ی دروستکردنی بڕیاره‌کان، ئه‌ویش کاتێک هه‌موو لایه‌نه‌کان له کاتی بانگه‌شه‌دا سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی خۆیان ده‌خه‌نه ڕوو ئیتر ئه‌وه هاوڵاتیانن بڕیار ده‌ده‌ن که کامه سیاسه‌ت و به‌رنامه په‌یڕه‌و بکرێت و کامه‌ش په‌یڕه و نه‌کرێت، کێ پێی هه‌ڵسێت و کێش پێی هه‌ڵنه‌ستێ. به‌مانایه‌کیتر ده‌نگدان جۆرێکه له کۆکردنه‌وه‌ی بۆچوون و بڕیاری هاوڵاتیان و ناردنی تاوه‌کو له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م بۆچوونانه بڕیاره سیاسیه‌کان وه‌ربگیرێن.[11]
به‌شێوه‌یه‌کی گشتیش بۆ توێژینەوە و خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری هه‌ڵبژاردن ده‌توانین دابه‌شی بکه‌ین بۆ کاریگه‌ریه دوور-ماوه‌کان(long-term) و کاریگه‌ریه کورت-ماوه‌کان(short-term). کاریگه‌ریه دوور ماوه‌کان وه‌ک چینه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، توخم، ڕه‌گه‌ز، ئیتنیک، کو‌لتوور، ئایین، ته‌مه‌ن، په‌روه‌رده و رۆشنبیری، ناوچه‌ی نیشته‌جێبوون، هاوشوناسبوونی حیزبی. کاریگه‌ریه کورت- ماوه‌کانیش وه‌ک ئه‌دای پارتی ده‌سه‌ڵاتدار، هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردن، پرس و بابه‌ته سه‌ره‌کیه‌کان، بیروباوه‌ر و وێنای سه‌رکرده‌ی پارته‌کان، کاریگه‌ریه‌کانی میدیای جه‌ماوه‌ری، ڕووداوه سیاسیه گرینگه‌کان له وێنه‌ی ( جه‌نگ، قه‌یرانی ئابووری…هتد).[12]
2 – عه‌قڵانیه‌تی و سایکۆلۆجیه‌تی ڕه‌فتاری ده‌نگدان
له‌م به‌شه‌دا هه‌وڵده‌دین باسی هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌نگده‌ر بکه‌ین وشیبکه‌ینه‌وه له ڕوانگه‌ی دوو ئاراسته‌ی گرینگ ئه‌وانیش ئاراسته‌ی عه‌قڵانیه‌ت و ئاراسته‌ی سایکۆلۆجیه که ڕۆڵێکی به‌رچاویان هه‌یه له شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر، پاشان هه‌ردوو ئاراسته‌که به‌شێوه‌یه‌کی پوخت به‌یه‌کتر به‌راوورد بکه‌ین.
2-1 عه‌قڵانیه‌تی ڕه‌فتاری ده‌نگدان
عه‌قڵانیه‌تی ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر له خوێندنه‌وه و شیکردنه‌وه‌کانی ڕه‌فتاری ده‌نگدان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تیۆری بژارکردنی عه‌قڵانی. ڕه‌گوڕیشه‌ی تیۆری بژارکردنی عه‌قڵانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئابووری سوودگه‌رایی که عه‌قڵانیه‌ت له ڕوانگه‌ی سوودگه‌راییه‌وه به ده‌ستهێنانی ئه‌وپه‌ڕی سوود و قازانجه.[13] نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵکو ئه‌خلاقیش به سوود و قازانج و خۆشگوزه‌رانیه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، هه‌روه‌ک جۆن ستیوارت میل (1806 – 1873) که یه‌کێکه له بیرمه‌ندانی سوودگه‌رایی جه‌خت له‌سه‌ر زۆر‌ترین خۆشگوزه‌رانی ده‌کاته‌وه وه‌ک بنچینه‌ی ئه‌خلاق، به‌و پێیه‌ی که کرده‌وه‌ی دادپه‌روه‌ر ئه‌و کرده‌وه‌یه که زۆر‌ترین خۆشگوزه‌رانی ده‌هێنێت، کرده‌وه‌ی سته‌مکارانه‌ش به پێچه‌وانه‌وه‌یه، مه‌به‌ستیش له خۆشگوزه‌رانی به ده‌ستهێنانی چێژ و نه‌بوونی ئازاره. به‌ومانایه‌ی که مرۆڤه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای چێژ و سوودی که‌سی کرده ئه‌نجامده‌ده‌ن[14] به‌م شێوه‌یه له بواری ئابووری سیاسیه‌وه دواتر له ڕێگه‌ی کاره‌کانی چه‌ند بیرمه‌ندێکه‌وه هاته نێو بواری کۆمه‌ڵناسی و شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی تاک له نێویشیدا ڕه‌فتاری ده‌نگدان.[15]
تیۆری بژارکردنی عه‌قڵانی پێیوایه که ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای لێکدانه‌وه و به‌راوردکردنی تێچوون و سووده‌کان ده‌نگی خۆیده‌دات بۆ ئه‌مه‌ش ده‌نگده‌ر هه‌وڵده‌دات زۆر‌ترین زانیاری کۆبکاته‌وه له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی حیزبه‌کان و به‌راووردیان بکات که به‌رنامه‌ی کامه حیزب ده‌توانێت زۆر‌ترین سوود به ئه‌و بگه‌ێنێت له ئاینده‌دا تا ده‌نگ به‌و حیزب و لایه‌نه بدات.[16] به‌مه‌ش ئه‌م تیۆره پێیوایه که ده‌نگده‌ر وابه‌سته‌یی و شوناسبه‌ندیه‌کی به‌هێزی نیه له‌گه‌ڵ حیزبه‌کان و به‌ته‌واوه‌تی هاوشوناس نه‌بووه و نه‌چووته‌پاڵ حزبێک و به ته‌واوه‌تی تیایدا نه‌تواوه‌ته‌وه به‌ڵکو ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک فاکته‌ریتر ده‌نگده‌دات وه‌ک کارنامه‌ی هه‌ڵبژاردن و سه‌رکرده‌ی حیزبه‌کان و گوتار و به‌رنامه‌ی حزب و یاریکه‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی حیزب له کاتی هه‌ڵبژاردن چه‌ند فاکته‌رێکیتری په‌یوه‌ست به به‌رژه‌وه‌ندی هه‌نووکه‌یی که‌سی، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه که فاکته‌ره‌کانیتری وه‌ک چینه‌کانی کۆمه‌ڵگا و توخم و ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌ن و ئیتیک و ناوچه و جوگرافیا…هتد کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری ده‌نگدان نابێت، به‌مانایه‌کی تر به‌رژه‌وه‌ندی که‌سی و ڕاسته‌وخۆکان زیاتر کاریگه‌رن نه‌ک گڕوپی و ناڕاسته‌وخۆکان. لێره‌دا پرس و بابه‌ته جیاوازه‌کان له‌لایه‌ن خه‌ڵکانێکی جیاوازه‌وه گرنگیان پێده‌درێت له کاته جیاوازه‌کانی ژیانیان و له هه‌ڵبژاردنه جیاوازه‌کان، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی که له هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک چه‌ند پرسێکی جیاواز ونوێ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن له کاتی بانگه‌شه‌دا به‌مه‌ش ڕه‌نگه ئه‌و پرسه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه به‌لای تۆوه گرینگ بێت له هه‌ڵبژاردنێکیتر پرسێکیتر له‌لات گرینگ بێت بۆیه تۆ وه‌ک ده‌نگده‌ر به‌پێی گرنگی دانت به پرسه‌کان ده‌نگ ده‌ده‌یت له ئه‌نجامدا ئه‌وه پرسه‌که‌یه که لایه‌نه‌که بۆ تۆ هه‌ڵده‌بژێرێت نه‌ک وابه‌سته‌بوونت به لایه‌نه‌که.[17] بۆنموونه ڕه‌نگه ده‌نگده‌رێک گرنگی به سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌کردن بدات له خولێکی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام بۆ خولێکیتر ڕه‌نگه گرنگی به سیاسه‌ت و کایه‌ی ته‌ندروستی بدات، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌م ده‌نگده‌ره به‌رده‌وام له گۆڕان دابێت و به هیچ حیزبێکه‌وه نه لکێت، به‌مه‌ش پارته‌کان ناچارده‌بن باشترین ئه‌لته‌رناتیڤه‌کان پێشکه‌ش بکه‌ن له کارنامه‌کانیان تاوه‌کو زۆر‌ترین ده‌نگ به ده‌ستبهێنن.[18]
ئه‌مانه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای کاره‌کانی ئه‌نتۆنی داونز بوو له کتێبی بیردۆزی ئابووری له دیموکراسیه‌تدا. که پێیوابوو لێکدانه‌وه عه‌قڵیه‌کانی تاک که له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژوه‌ندیه خودیه‌کانه وا ده‌کات تاک به شێوه‌یه‌کی عه‌قڵانی ده‌نگبدات، بۆ ئه‌مه‌ش پێیوابوو هه‌مان ئه‌و ڕێسا ئابووریانه‌ی که په‌یوه‌ندی نێوان ڕه‌فتاری به‌رهه‌مهێنه‌ر و به‌کاربه‌ر ڕێکده‌خات، به‌هه‌مان شێوه جێبه‌جێ ده‌بێت به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان حیزبه‌کان و ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ری عه‌قڵانی. هه‌روه‌ک چۆن به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان ئه‌و جۆره کاڵایه به‌رهه‌مدێنن که به‌لای کڕیاره‌کانه‌وه گرینگه و پێداویستیه‌کانیان پڕده‌کاته‌وه تاوه‌کو لێیان بکڕن به‌هه‌مان شێوه حیزبه سیاسیه‌کانیش ئه‌وجۆره به‌رنامانه ده‌خه‌نه‌ڕوو که به‌لای ده‌نگده‌رانه‌وه گرینگ و بایه‌خداره تاوه‌کو ده‌نگده‌ران سوودی خۆیان تێدا ببیننه‌وه هه‌روه‌ها حیزبه‌کانیش بتوانن ده‌نگه‌کانیان لێ به ده‌ستبهێنن.[19]
به شێوه‌یه‌کی بنچینه‌یی تیۆری بژارکردنی عه‌قڵانی وه‌کو ئه‌کته‌رێکی ئابووری عه‌قڵانی سه‌یری ده‌نگده‌ر ده‌کات که هاوشێوه‌ی کڕیاره له بازار چۆن کڕیار له بازاڕدا ده‌گه‌ڕێ تاوه‌کو باشترین کاڵای ده‌ستبکه‌وێت به که‌مترین تێچوون، به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌نگده‌ر له نێوان به‌رنامه‌ی حیزبه‌کاندا باشترینیان بژارده‌کات که زۆر‌ترین سوودی بۆ ئه‌و تێدابێت. به‌م پێیه‌ش له ڕوانگه‌ی تیۆری بژارکردنی عه‌قڵانی ده‌نگدان وه‌ک ئامێرێک سه‌یر ده‌کرێت نه‌ک وه‌ک کرده‌یه‌کی خوویی. به‌مانایه‌کیتر لێره‌دا ده‌نگدان بۆ ده‌نگده‌ر ئامرازێکه بۆ گه‌یشت به ئامانجێکی خوودی نه‌ک له خودی خۆیدا ئامانج بێت.[20]
به شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌نتۆنی داونز ده‌ڵی تاکی عه‌قلانی له بڕیارداندا شوێن ئه‌م هه‌نگاوانه ده‌که‌وێت:[21]
- تاک ده‌توانێت بڕیارێک وه‌ربگرێت کاتێک ڕووبه‌ڕووی بژارده‌گه‌لێکی جێگره‌وه (a range of alternatives) ده‌بێته‌وه.
- تاک هه‌موو ئه‌لته‌رناتیڤ و جێگره‌وه‌کان پله‌به‌ند ده‌کات له پێناو دیاریکردنی باشترینیان.
- ئه‌لته‌رناتیڤه‌کان و جێگره‌وه‌کان ڕیز ده‌کات له باشترینه‌وه بۆ خراپترین.
- تاک هه‌میشه له نێوان ئه‌لته‌رناتیڤه‌کان باشترینیان هه‌ڵده‌بژێرێت.
- تاک هه‌میشه هه‌مان بڕیار وه‌رده‌گرێت کاتێک ڕووبه‌ڕووی هه‌مان ئه‌لته‌رناتیڤه‌کان ده‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها له ئاراسته و فێرگه‌ی بژارکردنی عه‌قڵانی جیاوازی ده‌کرێت له نێوان دوو شێوازی ده‌نگدانی عه‌قڵانی. یه‌که‌میان ده‌نگدانه له‌سه‌ر ڕابردوو، ده‌نگدانی ڕابردووبین (retrosoective) دووه‌میان ده‌نگدانه له‌سه‌ر ئاینده، ده‌نگدانی ئاینده‌بین (prospective). له یه‌که‌میاندا ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای چۆنیه‌تی به‌جێهێنانی کاره‌کانی ڕابردوو له‌لایه‌ن حیزبه‌کان و کاندیده‌کان ده‌نگده‌دات، به‌و مانایه‌ی ده‌نگده‌ر سه‌یرده‌کات بزانێت ئایا له رابردوودا ئه‌م حیزبه یاخود ئه‌و کاندیده تا چه‌ند راستگۆ بووه و به ڵێنه‌کانی به‌جێهێناوه، چ ده‌ستکه‌وتێکی هه‌بوو، چه‌ند خزمه‌تگوزاری پێشکه‌ش کردووه، چۆن و تا چه‌ند قه‌یرانه‌کانی چاره‌سه‌رکردووه، واته کار و به‌جێهێنان (آداء) حیزبه‌کان له ڕابردوودا به‌راوورده‌کات ئینجا له‌سه‌ر ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه ده‌نگده‌دات.[22] به‌ڵام له دووه‌میاندا ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای پێشبینیکردنی کار و به‌جێهێنانه‌کانی حیزبه‌کان و کاندیده‌کان ده‌نگده‌دات بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری و هه‌ڵسه‌نگاندی سیاسه‌تی حیزبه‌کانه.[23]
ده‌نگدانی ئاینده‌بین به به‌راوورد به ده‌نگدانی ڕابردووبین پێویستی به زانیاری زیاتره، به‌مه‌ش ده‌نگدانی ڕابردووبین تێچوونی که‌متره، ته‌نها شتێک که زۆر گرینگه لێره‌دا به جێهێنانی ئابووریه ئه‌گه‌ر ئاستی ئابووری گه‌شه‌کردبێت و به‌باشی به‌ڕێوه چوبێت ئه‌وا هه‌ر ده‌نگ به حیزبی حاکم ده‌ده‌نه‌وه. به‌م پێێه‌ش ده‌نگدانی ڕابردووبین عه‌قڵانه‌تره به به‌راوورد به ده‌نگدانی ئاینده‌بین چونکه له‌لایه‌ک تێچوونی که‌متره و پرسه‌کانی ڕابردوو گه‌واهیده‌رن له‌سه‌ر ئاستی به‌جێهێنانی حیزبه‌کان به تایبه‌تی حاکم، له‌لایه‌کیتریش ئێمه ده‌زانین که سیاسیه‌کان به ڵێنه‌کانیان نابه‌نه‌سه‌ر که له‌کاتی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردن ده‌یده‌ن بۆیه ده‌نگدان له‌سه‌ر کاره‌کانی ڕابردوویان سوودی زیاتر و عه‌قڵانیتره.[24]
2-2 سایکۆلۆجیه‌تی ڕه‌فتاری ده‌نگدان
زۆرێک له لق و به‌شه‌کانی ده‌روونناسی ڕۆڵ و کاریگه‌ریه‌کی به‌رچاویان هه‌بووه له‌سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ده‌نگدان به تایبه‌تی هه‌ردوو لقی ( ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونناسی زانین) یه‌که‌میان زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر سایکۆلۆجیه‌تی کۆمه‌ڵ و کاریگه‌ری ئه‌و گڕوپ و ژینگه و بارودۆخانه ده‌کاته‌وه که تاک تیایدا ده‌ژیت یاخود ئه‌ندامه تیایدا، دووه‌میشیان زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر مه‌یل و هه‌ست و سۆز تاک و هه‌ڵچوون و دۆخه که‌سیه‌کانی تاک ده‌کاته‌وه. لێکۆڵینه‌وه‌کانی سه‌ره‌تا له‌م بواره زیاتر کاریگه‌ر بوو به ئاراسته‌ی یه‌که‌م واته ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام لێکۆڵینه‌وه‌کانی پاشتر و ئه‌م دواییانه زیاتر کاریگه‌ره به تیۆره‌کانی ده‌روونناسی زانین.[25]
هه‌رچی ئاراسته‌ی یه‌که‌مه په‌یوه‌سته به کاره‌کانی پۆڵ لازارفیڵد (Paul Lazarsfeld) هه‌روه‌ها به فێرگه‌ی کۆلۆمبیاش ده‌ناسرێت له شیکردنه‌وه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌نگده‌ر. هه‌رچه‌نده لازارفیڵد له‌سه‌ره‌تا زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر کاریگه‌ری ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن و میدیای جه‌ماوه‌ری و پانێڵی و مشتومڕی نێوان سه‌رکرده‌کان ده‌کرده‌وه له تیڤی له‌سه‌ر بڕیاری ده‌نگده‌ر به‌ڵام دواتر گه‌یشته سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی که ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن کاریگه‌ریه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان نیه به‌ڵکو ئه‌و گڕوپانه‌ی که تاک تیایدا ئه‌ندامه کاریگه‌ری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان هه‌یه.[26] به‌مپێیه لازارفیڵد پێیوایه تاک به شێوه‌یه‌کی خودیانه و به ته‌نها بڕیار وه‌رناگرێت له‌کاتی ده‌نگدان به‌ڵکو له ڕێگه‌ی یاخود له ژێر کاریگه‌ری ئه‌و گڕوپه‌ی که تیایه‌تی بڕیار وه‌رده‌گرێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ده‌نگ به کێ و چ له‌لایه‌نێک بدات وه‌ک گڕوپه‌کانی هاوڕێیه‌تی له کار و له خوێندنگه و گه‌ڕه‌ک، گڕوپی ئایینی و خزمایه‌تی و ئیتنی و ڕه‌نگ و ره‌چه‌ڵه‌ک، هه‌روه‌ها بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی ئابووری و چینه‌کانی کۆمه‌ڵگا و شوێنی نیشته‌جێبوون و ناوچه‌ی جوگرافی. ئه‌مانه هه‌موویان کاریگه‌ریان هه‌یه له‌سه‌ر ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر و ئاڕاسته‌کردنی.[27]
ئه‌م ئاراسته‌یه هه‌رچه‌نده ڕه‌هه‌ندێکی سایکۆلۆجی تێدابوو که باسی له کاریگه‌ری ئه‌و فاکته‌رانه ده‌کرد که ڕۆڵیان هه‌یه له پێکهێنانی سایکۆلۆجیای تاکی ده‌نگده‌ر به‌ڵام زۆر به ووردی و قوڵی نه پڕژابووه سه‌ر بواری سایکۆلۆجیه‌تی تاک، تاوه‌کو له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ڕێچکه‌ی هاوشوناسی حیزبی(party identification approach) سه‌ریهه‌ڵدا، که به فێرگه‌ی میشگنیش ده‌ناسرێت، ئانگوس کامبوڵ (Angus campbell) دیارترین بیریاری ئه‌م ڕێچکه‌یه‌یه. به‌پێی ئه‌م فێرگه‌یه تاک په‌یوه‌ستیه‌کی سایکۆلۆجی توندی بۆ دروست ده‌بێت به یه‌کێک له حیزبه‌کان ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی به کۆمه‌ڵایه‌تیبوونه‌وه دروست ده‌بیت دواتر رۆژ به ڕۆژ به هۆی ئه‌زموونی له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه په‌یوه‌ستیه‌که‌ی توندتر و پته‌وتر ده‌بێت هاوشێوه‌ی په‌یوه‌ستبوونی به گڕوپه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیتر، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک پێیانوایه هاوشێوه‌ی په‌یوه‌ستی تاکه به ئایینه‌که‌ی به‌ومانایه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ستیه جۆرێک له ئایدۆلۆژیای توند دروست ده‌کات و هاوشێوه‌ی ئایدۆلۆژیا ئایینه‌کان، به‌مه‌ش تاک به قوڵی هه‌ست ده‌کات بووه‌ته به‌شێک له‌م حیزبه، ئیتر سه‌رکه‌وتن و شکستی حیزبه‌که‌ی به سه‌رکه‌وتنی و شکستی خۆی ده‌زانێت.[28]
ئه‌م ڕێچکه‌یه ئه‌وه‌ی ڕه‌تکرده‌وه که ڕه‌فتاری هه‌ڵبژاردن له ڕێگه‌ی فاکته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌کانه‌وه دیاری‌بکرێت به‌ڵکو جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که تاکه‌کان هه‌ر له ته‌مه‌نی تازه‌پێگه‌یشتن و هه‌رزه‌کاریه‌وه هه‌ر زوو وابه‌سته‌یی حیزبیان بۆ دروست ده‌بێت له ڕێگه‌ی دایک و باوک و درواسێ و هاوڕێکانی و ئه‌و ژینگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی که تیایدا ده‌ژی ئه‌مه‌ش کاریگه‌ریه‌کی دوورمه‌ودای ده‌بێت و ده‌بێته دروستکه‌ری ڕایه‌ڵه‌یه‌کی به‌هێزی نێوان ئه‌و تاکه و حیزبه دڵخوازه‌که‌ی بۆ ماوه‌یه‌کی دووروودرێژ که زۆر زه‌حمه‌ته ئه‌و وابه‌سته‌ییه‌ی بگۆڕێت و له‌و حیزبه دوور بکه‌وێته‌وه ته‌نها مه‌گه‌ر ڕووداوێکی زۆر دراماتیکی و کاریگه‌ر ڕووبدات، به‌مه‌ش ئه‌م هاوشوناس بوونه‌ی تاک به حیزبێکی دیاریکراو وایلێده‌کات به درێژایی ته‌مه‌نی ده‌نگی پێبدات. هه‌روه‌ها ئه‌م ڕێچکه‌یه پێیوایه که هاوشوناس بوون ڕۆژ به‌ڕۆژ تووندتر ده‌بێت تا وایلێدێت ئه‌و تاکه ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌م حیزبه بێت هه‌رچه‌نده گه‌ر ئه‌و حیزبه چه‌ند کارێکی نابه‌جێی ئه‌نجامدا یاخود چه‌ند سیاسه‌تێکی گرته به‌ر که له‌گه‌ڵ ئه‌و تاکه‌ش ناکۆک بێت به‌ڵام هه‌ر ده‌نگی پێده‌دات چونکه حیزبی خۆیه‌تی. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ش تاک ئه‌وه‌ی گرینگه به‌لای تاکه‌که‌وه خودی حیزبه‌که‌یه نه‌ک ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ی که له‌کاتی هه‌ڵبژاردن بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن. به‌و مانایه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی که هاوشوناسه له‌گه‌ڵ حیزبێک هه‌موو زانیاریه نابه‌جێیانه‌ی سه‌ر حیزبه‌که‌ی یاخود کاندیده‌کانی حیزبه‌که‌ی وه‌لاوه ده‌نیت و پشتگوێ‌یان ده‌خات تاوه‌کو هیچ دوودڵیه‌کی بۆ دروست نه‌بێت بۆ ده‌نگ پێدانی[29]
له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ش پاشان تیۆرسێنانی زانین سه‌ریانهه‌ڵدا له‌سه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه‌ی تاک دووچاری ناره‌حه‌تی و دژیه‌ک بوون ده‌بێته‌وه له ناخی خۆیدا کاتێک ڕه‌فتارێک ده‌گرێته به‌ر که له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕه چه‌سپیوه‌کانی ناکۆک بێت. بۆیه خه‌لکی به گشتی حه‌زده‌که‌ن هه‌میشه ڕه‌فتارێک بگرنه‌به‌ر که ئاسووده‌یان بکات، به‌مه‌ش خۆیان له هه‌موو ئه‌و زانیاری و مقۆمۆیانه دوورده‌خه‌نه‌وه که له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ریان ناگونجێت. لیۆن فیستینگه‌ر (leon festinger) ئه‌م حاڵه‌ته ناوده‌نێت به نه‌سازانی مه‌عریفی (cognitive dissonance). [30] پێش فیستینگه‌ریش، فریتز هایده‌ر (fitz heider) تیۆرێکیتری هاوشێوه‌ی داهێنا به ناوی هاوسه‌نگی سازان (cognitive balance theory)، ئه‌م تیۆره پێیوایه تاک یاخود ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتێک کاتێک دووچاری ئه‌و حاڵه‌ته دژیه‌کی و نا هه‌ماهه‌نگیانه ده‌بێته‌وه هه‌وڵده‌دات جارێکی‌تر هاوسه‌نگی و هه‌ماهه‌نگی بۆ هزری خۆی بهێنێته‌وه تاوه‌کو له‌م حاڵه‌ته دژیه‌کیه ڕزگاریان بێت و بچێته‌وه باری ئاسایی خۆی. بێگومان ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگیه‌ش له ڕێگای پاساو هێنانه‌وه ده‌بێت یاخود پشتگوێخستن و به‌که‌مبایه‌خ سه‌یریکردنی ئه‌و پرس و بابه‌ته نا به‌جێیانه‌ی که نا هاوسه‌نگیان بۆ دروستکردووه.[31]
بۆنموونه ئه‌گه‌ر حیزبه‌که‌ی سیاسه‌تێک بگرێته به‌ر که تیایدا ماف و ئازادیه‌کانی تاک یاخود یاسا پێشێل بکات ئه‌و سه‌ره‌تا پێی ناره‌حه‌ت ده‌بێت به‌ڵام دواتر له مێشکی خۆی پاساوی بۆ ده‌هێنێته‌وه ده‌ڵێ ئه‌وه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ئاسایشی وڵاته‌که‌مان کردوویه‌تی، حیزبه‌که‌م هه‌ر شتێک بکات بێگومان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌که‌مان ده‌یکات. به‌م شێوه‌یه هه‌موو ئه‌و ناره‌حه‌تی و نا هه‌ماهه‌نگیانه‌ی که له ئه‌نجامی کرده و سیاسه‌تێکی نابه‌جێی حیزبه‌که‌ی بۆی دروست بوو له‌سه‌ر خۆی لاده‌دات و پاساوێکی ڕه‌وای بۆ ده‌دۆزێته‌وه سه‌رئه‌نجام هه‌ر ده‌نگ به حیزبه‌که‌ی خۆی ده‌داته‌وه. هۆکاری ئه‌و پاساو هێنانه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه که پێشتر ئه‌و تاکه له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه زۆر ده‌مێکه هاوشوناس بووه و بووه‌ته به‌شێک له بیروباوه‌ڕه چه‌سپیوه‌کانی به‌مه‌ش ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری بێت بۆیه هه‌میشه چاوپۆشی له که‌موکوڕی حیزبه‌که‌ی خۆی ده‌کات و به که‌مبایه‌خ سه‌یری هه‌ڵه‌کانی ده‌کات.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی به‌پێی ئه‌م ئاڕاسته‌یه که خوێندنه‌وه‌یه‌کی سایکۆلۆجی بۆ ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر ده‌کات، پێیوایه ده‌نگده‌ر به شیوه‌یه‌کی عه‌قڵانی و له‌سه‌ر بنه‌مای بژارکردنی بژارده‌کان و به هه‌ند وه‌رگرتنی پرس و کارنامه‌ی حیزبه‌کان له کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌نگ نادات به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی سایکۆلۆژی و نا عه‌قڵانی و غه‌ریزه و سۆزداریه‌وه ده‌نگده‌دات. به‌و مانایه‌ی تاک هه‌وڵنادات زۆر‌ترین زانیاری له‌سه‌ر له‌سه‌ر کاندیده‌کان و سیاسه‌تی حیزبه‌کان بزانێت به‌ڵکو ده‌نگده‌ر هه‌موو ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ی به‌لاوه ده‌نێت (کورته ڕێگه) ده‌گرێته‌به‌ر و هه‌وڵده‌دات به که‌مترین زانیاری باوه‌ر به‌خۆی بهێنێت و ده‌نگ به حیزب و کاندیده دڵخوازه‌که‌ی بدات. بۆ ئه‌مه‌ش زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رنجڕاکێشان و سه‌رسامبوونێکی رووکه‌شانه ده‌نگده‌دات وه‌ک ڕوخساری کاندیده‌کان یاخود هه‌ڵسوکه‌وت و گوتارێکی ڕوکه‌شانه…هتد[32]
2-3 جیاوازی نێوان هه‌ردوو ئاراسته‌که (عه‌قڵانی و سایکۆلۆجی) له شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ده‌نگدان
ئاراسته‌ی عه‌قڵانی | ئاراسته‌ی سایکۆلۆجی |
مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ئابووری ده‌بینێت. | مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی سایکۆلۆجی ده‌بینێت. |
فاکته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافی و ژینگه‌یی و گڕوپه‌کان کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر نیه. | فاکته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافی و ژینگه‌یی و گڕوپه‌کان کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر هه‌یه. |
ده‌نگده‌ر عه‌قڵانیه له‌سه‌ر بنه‌مای سوود و به‌رژه‌وه‌ندیه که‌سیه‌کانی و به‌راووردکردنی تێچوون و قازانجه‌کانی ده‌نگ ده‌دات. | ده‌نگده‌ر ناعه‌قڵانیه، له ژێرکاریگه‌ری هه‌ست و سۆز و فاکته‌ره سایکۆلۆجیه‌کان ده‌نگده‌دات له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و حیزبه‌ی که هاوشوناسیه‌تی. |
تاکی ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاریه‌کی زۆر ده‌نگده‌دات. | تاکی ده‌نگده‌ر گوێ به زانیاری نادات له کاتی ده‌نگدات. |
ده‌نگده‌ر دوای کۆکردنه‌وه‌ی زانیاریه‌کان و لێکدانه‌وه‌ی سوود و به‌رژوه‌ندیه خودیه‌کان بڕیار ده‌دات ده‌نگ به کێ بدات. | ده‌نگده‌ر پێشتر خۆی یه‌کلاکردیته‌وه که ده‌نگ به کێ بدات، مێشکی خۆی به‌و لێکدانه‌وانه ئاڵۆز ناکات. |
ده‌نگده‌ر له کاتی هه‌بوونی زانیاری نه‌رێنی له‌سه‌ر حیزبێک، ئاراسته‌ی ده‌نگه‌که‌ی ده‌گۆڕی له دژی. | ده‌نگده‌ر هاوشوناسه له‌گه‌ڵ حیزبه‌که‌ی، هه‌رچه‌نده زانیاری نه‌رێنیشی له‌سه‌ر هه‌بێت به‌ڵام پاساوی بۆ ده‌دۆزێته‌وه تاوه‌کو ده‌نگی پێبداته‌وه. |
له ڕوانگه‌ی ئاراسته‌ی عه‌قڵانیه‌وه ده‌نگدان ئامرازێکی عه‌قڵانیه له پێناو ئامانجێکی خودی. | له ڕوانگه‌ی ئاراسته‌ی سایکۆلۆجی ده‌نگدان خووه‌کی ناعه‌قڵانیه. |
تاکی ده‌نگده‌ر چه‌ند بژارده‌یه‌کی له‌به‌ر ده‌مه، باشترین بژارده هه‌ڵده‌بژێرێت. | تاکی ده‌نگده‌ر “کورته ڕێگه” ده‌گرێته‌به‌ر و خۆی قایل ده‌کات. |
ده‌رئه‌نجام
له ئه‌نجامی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا به‌وه گه‌یشتین که هه‌ردوو فێرگه‌ی عه‌قڵانی و سایکۆلۆجی ڕۆڵێکی به‌رچاویان هه‌یه له شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر، هه‌روه‌ها به‌شداریه‌کی به‌رچاویان هه‌بووه له هێنانه‌کایه‌ی زانستی ڕه‌فتاری هه‌ڵبژاردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که دوو فێرگه و ئاڕاسته ته‌واو جیاواز و دژبه‌یه‌کن له خوێندنه‌وه و شیکارکردنیان بۆ هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌نگده‌ر، به جۆرێک یه‌که‌میان (فێرگه‌ی عه‌قلانی) ته‌نها جه‌خت له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خودی و ڕه‌هه‌ندی ئابووریانه ده‌کاته‌وه و ته‌واوی فاکته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تی و سایکۆلۆجیه‌کان پشتگوێ ده‌خات. دووه‌میشیان (فێرگه‌ی سایکۆلۆجی) ته‌نها جه‌خت له‌سه‌ر فاکته‌ره ناعه‌قلانی و ده‌روونی و سۆزداریه‌کان ده‌کاته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی خودی و عه‌قلانیه‌تی ئابووری ته‌واو پشتگوێ ده‌خات.
سه‌رچاوه‌کان:
کوردی
کتێب:
– داڵ، رۆبێرت, ده‌رباره‌ی دیموکراسی، و. ئامانج عه‌زیز که‌ندی، چاپخانه‌ی ڕه‌نج – سلێمانی، 2003.
– شه‌ریف، ئه‌مین فه‌ره‌ج، حکومڕانی باش له هه‌رێمی کوردستاندا، و. لوقمان حاجی قادر، چاپخانه‌ی هێڤی- هه‌ولێر، 2019.
– قادر، رزگار محمد، له پێناو کوردستانێکی نوێ‌دا، چاپخانه‌ی مناره – هه‌ولێر، 2007.
– هۆتۆن، داڤید پاتریک، سایکۆلۆجیای سیاسی- هه‌ڵوێسته‌کان، تاکه‌کان، دۆخه‌کان، و. حه‌مه ڕه‌شید، چاپخانه‌ی سه‌رده‌م- سلێمانی .2018
عه‌ره‌بی
کتێب:
– السدیري، ولید بن نایف، العقلانية في سلوك التصويت الانتخابي، مركز الإمارات للدراسات والبحوث الاستراتيجية، أبوظبي −دولة الإماراتالعربية المتحدة، 2012.
– مل، جون ستیوارت، النفعیة، ترجمة. حیدر حاج اسماعیل، المنظمة العربیة للترجمة- بیروت-لبنان، 2012.
توێژینه‌وه و نامه‌ی ماسته‌ر:
– بلية، لحبيب، بلغيث ، عبد االله، محددات السلوك الانتخابي في الجزائر، مجلة دفاتر السیاسة والقانون، العدد 19 – 2018، جامعة عبد الحميد بن باديس مستغانم )الجزائر(
– السمیحة، الفقیر، العزوف الانتخابي- دراسة میدانیة- مدینة طنجة نموذجا، رسالة الماستر، جامعة عبدالمالک السعدي، السنة الجامعیة-2007-2008.
– سامیة، بادي، المراة والمشارکة السیاسیة التصویت العمل الحزبي العمل النیابي، رسالة الماجستیر، جامعة منتوري قستنطنیة- جزائیر، 2005.
– الحوراني، محمد، التفاعل الرمزي و نظریة الاختیار العقلاني المنطلقات المعرفیة لنموذج الرمزي في الاختیار العقلاني، جامعية الیرموک – قسم علم الاجتماع و الخدمة الاجتماعیة، اربد، الاردن، النشر، 21/6/2010.
– شوكت، رنا رفعت، التنافر المعرفي لدى طلبة كلیة التربیة الاساسیة الجامعة المستنصریة، الجامعة المستنصریه- كلیة التربیة الأساسیة، – المجلد 22 -العدد 93 -2016.
پێگه‌ی ئه‌لکترۆنی:
– السلوك التصويتي، شبکة الاخبار العربیة (الدراسة من جانب- مركز الأهرام للدراسات السياسية والاستراتيجية)، 10/3/2020، http://www.anntv.tv/new/showsubject.aspx?id=120817
ئینگلیزی
کتێب:
– downs, Anthony, An Economic Theory of Democracy, harper & row publishers new york, 1957
توێژینه‌وه و نامه‌ی ماسته‌ر:
-Antunes, Rui, Theoretical models of voting behavior,(research), Higher School of Education – Polytechnic Institute of Coimbra,2010.
-Richard boateng antwi, How do voters decide? A study of the Determenants of voting behavior in Ghana, Master’s thesis, University of Ghana, 2013.
– Ivask, Pille, the effect of voting advice application on Estonian
voters’ voting behavior, Master’s thesis, university of tartu- Faculty of Social Sciences, 2017.
– Lachat, Romain, The role of party identification in spatial models of voting choice, New York University, mail@romain-lachat.ch,( Paper prepared for the 2008 Annual Meeting of the International Society of Political Psychology, July 9–12, Paris.).
– Lau, Richard R., Redlawsk, David P., advantages and disadvantages of cognitive heuristics in political decision making,(research) American Journal of Political Science, May 15, 2001.
-James E. Campbell, Bryan J. Dettrey, Hongxing Yin, The Theory of Conditional Retrospective Voting: Does the Presidential Record Matter Less in Open-Seat Elections?, University at Buffalo, SUNY (research- availiable on this link) 10/3/2020, https://www.econ-jobs.com/research/45795-The-Conditional-Theory-of-Retrospective-Voting-Does-the-Record-Matter-Less-in-Open-Seat-Elections.pdf
پێگه‌ی ئه‌لکترۆنی:
– Meaning Of Voting Behaviour Politics Essay, uk essay, 7/3/2020, https://www.ukessays.com/essays/politics/meaning-of-voting-behaviour-politics-essay.php
– Goldsmith, Paul, Voting behavior, politics, 7/3/2020, https://www.tutor2u.net/politics/reference/voting-behaviour
– Goldsmith, Paul, Rational Choice Model, politics, 9/3/2020, https://www.tutor2u.net/politics/reference/rational-choice-model
[1] الفقیر السمیحة، العزوف الانتخابي- دراسة میدانیة- مدینة طنجة نموذجا، رسالة الماستر، جامعة عبدالمالک السعدي، السنة الجامعیة- 2007-2008 ص 21
[2] ئه‌مین فه‌ره‌ج شه‌ریف، حکومڕانی باش له هه‌رێمی کوردستاندا، و. لوقمان حاجی قادر، چاپخانه‌ی هێڤی- هه‌ولێر، 2019، ل 41-43
[3] رزگار محمد قادر، له پێناو کوردستانێکی نوێ‌دا، چاپخانه‌ی مناره – هه‌ولێر، 2007، ل 187-188
[4] بادي سامیة، المراة والمشارکة السیاسیة التصویت العمل الحزبي العمل النیابي، رسالة الماجستیر، جامعة منتوري قستنطنیة- جزائیر، 2005 ص 30-31
[5] الفقیر السمیحة، المصدر السابق، ص 23-24
[6] رۆبێرت داڵ، ده‌رباره‌ی دیموکراسی، و. ئامانج عه‌زیز که‌ندی، چاپخانه‌ی ڕه‌نج – سلێمانی، 2003، ل107-115
[7] Meaning Of Voting Behaviour Politics Essay, uk essay, 7/3/2020, https://www.ukessays.com/essays/politics/meaning-of-voting-behaviour-politics-essay.php
[8] لحبيب بلية، عبد االله بلغيث، محددات السلوك الانتخابي في الجزائر، مجلة دفاتر السیاسة والقانون، العدد 19 – 2018، جامعة عبد الحميد بن باديس مستغانم )الجزائر( ص439
[9] Richard boateng antwi, How do voters decide? A study of the Determenants of voting behavior in Ghana, Master’s thesis, University of Ghana, 2013, pp 11
[10] Paul Goldsmith, Voting behavior, politics, 7/3/2020, https://www.tutor2u.net/politics/reference/voting-behaviour
[11] Meaning Of Voting Behaviour Politics Essay, uk essay, op,cit.
[12] Paul Goldsmith, op.cit.
[13] محمد الحوراني، التفاعل الرمزي و نظریة الاختیار العقلاني المنطلقات المعرفیة لنموذج الرمزي في الاختیار العقلاني، جامعية الیرموک – قسم علم الاجتماع و الخدمة الاجتماعیة، اربد، الاردن، النشر، 21/6/2010 ص 2199
[14] جون، ستیوارت مل، النفعیة، ترجمة. حیدر حاج اسماعیل، المنظمة العربیة للترجمة- بیروت-لبنان، 2012 ص21
[15] محمد الحوراني، المصدر السابق، ص 2199
[16] Pille Ivask, the effect of voting advice application on estonian
voters’ voting behavior, Master’s thesis, university of tartu- Faculty of Social Sciences, 2017 pp 13
[17] Paul Goldsmith, Rational Choice Model, politics, 9/3/2020, https://www.tutor2u.net/politics/reference/rational-choice-model
[18] Richard boateng antwi, op,cit. pp 30
[19] ولید بن نایف السدیري، العقلانية في سلوك التصويت الانتخابي، مركز الإمارات للدراسات والبحوث الاستراتيجية، أبوظبي −دولة الإماراتالعربية المتحدة، 2012 ص24
[20] Richard boateng antwi, op,cit. pp28
[21] Anthony downs, An Economic Theory of Democracy, harper & row publishers new york, 1957 pp 6
[22] James E. Campbell, Bryan J. Dettrey, Hongxing Yin, The Theory of Conditional Retrospective Voting: Does the Presidential Record Matter Less in Open-Seat Elections?, University at Buffalo, SUNY (research- availiable on this link) 10/3/2020, https://www.econ-jobs.com/research/45795-The-Conditional-Theory-of-Retrospective-Voting-Does-the-Record-Matter-Less-in-Open-Seat-Elections.pdf
[23] ولید بن نایف السدیري، المصدر السافق، ص 45
[24] داڤید پاتریک هۆتۆن، سایکۆلۆجیای سیاسی- هه‌ڵوێسته‌کان، تاکه‌کان، دۆخه‌کان، و. حه‌مه ڕه‌شید، چاپخانه‌ی سه‌رده‌م- سلێمانی 2018، ل 266-267
[25] هه‌مان سه‌رچاوه، ل 259
[26] Rui Antunes, Theoretical models of voting behavior,(research), Higher School of Education – Polytechnic Institute of Coimbra,2010, pp146-147
[27] السلوك التصويتي، شبکة الاخبار العربیة (الدراسة من جانب- مركز الأهرام للدراسات السياسية والاستراتيجية)، 10/3/2020، http://www.anntv.tv/new/showsubject.aspx?id=120817
[28] Romain Lachat, The role of party identification in spatial models of voting choice, New York University, mail@romain-lachat.ch,( Paper prepared for the 2008 Annual Meeting of the International Society of Political Psychology, July 9–12, Paris.) pp4
[29] داڤید پاتریک هۆتۆن، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 260-261
[30] رنا رفعت شوكت، التنافر المعرفي لدى طلبة كلیة التربیة الاساسیة الجامعة المستنصریة، الجامعة المستنصریه- كلیة التربیة الأساسیة، – المجلد ٢٢ -العدد ٩٣ -٢٠١٦، ل 833
[31] داڤید پاتریک هۆتۆن، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 195
[32] Richard R. Lau, David P. Redlawsk, advantages and disadvantages of cognitive heuristics in political decision making,(research) American Journal of Political Science, May 15, 2001, pp2