سێ شه‌ممه‌, كانونی دووه‌م 26, 2021
frku

گەشەکردنی هزری مرۆیی

د. مەدیحە سۆفی

ئاستی گەشەکردنی هزر و بیرکردنەوەی تاك، ئاستی وشیاری و توانای بڕیاردانی مرۆڤ بۆ (ڕەتکردنەوەی) ئەو دیاردە و پێشهاتانەی نێو کۆمەڵگا، کە لەگەڵ ڕەوتی ڕۆژگار و ژیانی سەردەمدا ناگونجێن، یا لەگەڵ یەکسانی و فەراهەمکردنی مافی مرۆڤدا بەیەك ناخۆن، سەنگی مەحەکی گۆڕانەکانن.

کاتێ کۆمەڵگا ئەوەندە گەشەی کردبێ و ئەوەندە وشیار بێ؛ کە تەنها دەستکەوتی ماددی نەبێتە مەرج بۆ لە چوارچێوە گرتنی ژیانی و ئەوەندە وشیار بێت بتوانێ دژ بە بڕیارێك یا پرۆژەیەکی نەشیاوی حکومەت بوەستێتەوە، کە لە جیاتی بنیاتنان ڕوخانی بەدواوە بێت، بتوانێ دەوروبەر بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو دەستەمۆبوونە هان بدات؛ کە کۆمەڵگا دەکاتە پاشکۆی فەرمانڕەواییەکی خێڵەکی، ئەو کاتە کۆمەڵگا دەچێتە ڕیزبەندێکەوە، کە سەرچاوەی بڕیارەکان ڕەچاوی کاردانەوەی کۆمەلگا بکەن، یا حکومەت، لە ژێر کاریگەری هەڵسانەوە و ناڕەزایی خەڵك، ناچار بکەن کە ملکەچی ئەو داواکاریانە بێ یا بە بڕیارەکاندا بچێتەوە و بە وردی لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی شەن و کەو بکات، پەرێزەکەی لە توڕەبوونی جەماوەر پاك بکاتەوە، بە گوێرەی بەرژەوەندی زۆربەی خەڵك بە بڕیارەکاندا بچێتەوە.

 واتە هۆشیاری کۆمەڵگا، کە ژن بەشێکی سەرەکیەتی، لە پایە گرنگەکانی گۆڕانە ئەرێنیەکانە، ئەم گۆڕانانەش پێویستی بە جۆشدانی ویستی جەماوەرە، بە دڵنیاییەوە هێشتا جەماوەر ئەو هێزەیە کە ئەگەر ڕێك بخرێ، دەتوانێ دەسەڵاتە پاوانخواز و خاوەن بڕیارە تاریکەکان ملکەچ بکات، ئەگەر تۆوی ئاڵنگاری تێدا بچێنرێ و تەواوی پارچەکانی خۆی وەکو مرۆڤ لە بۆتەی یەکسانی و مافەوە، دۆزیبێتەوە.

بۆ ئەم مەبەستە چەند نمونەیەك هەن، لەوانە ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی بوو لە ئەڵمانیا، کە ناڕەزایی بەردەوامی جەماوەر، خۆپیشاندان، ڕێپێوان، پڕوپاگەندە و ڕێکخستنی خەڵك لە توێژی جۆراوجۆرەوە و خستنەئارای بیرۆکەی سەوز وەکو ئەڵتەرناتیڤ، ڕۆڵی گەورەی تێدا بینی.

کارکردن، یەکێکە لەو ڕەهەندە تەندروستانەی، ناڕاستەوخۆ گەشەی مرۆیی پەرەپێدەدات بەتایبەتی گەشەی هزر، بنیاتنانی کەسێتی، بەئاگا هاتنەوە، داڕێژانی پلانی خێزانی درێژخایەن، ئابووری ئازاد، واڵاکردنەوەی ئارای بیرکردنەوە و نوێخوازی، هەروەها کارکردن بەریەکەوتن لەگەڵ ململانێیە ئەرێنیەکان دەخوڵقێنێ و لەهەمووی گرنگتر توانا شارراوە و نووستووەکان ڕادەچڵەکێنێ و خەبەر دەکاتەوە و بە قازانجی سبەینێی دەخاتەوە کار، جگە لەوەی تایبەتمەندێتی دەداتە کەسایەتی و دەبێتە خاوەن داهاتێکی شەرعی؛ کە ترس و دڵەڕاوکێ کەڵەکبووەکەی ناخی مرۆڤ و چۆن لەگەڵ ئەو مەرجانەی ژیاندا هەڵبکات کە بەدرێژایی ژیان بوونەتە مۆتەکەی ڕوبەڕووبونەوە بۆی، دەڕەوێنێتەوە. توێژینەوەی زۆر هەن، کە کارکردنی کچان و تەواوکردنی خوێندن، بەتایبەت لە وڵاتەکانی جیهانی سێیەمدا، تەواو ئەو پاساوە دەهێننەوە کە ئاستی خوێندن، کارکردن و هاوپێچ کردنی ژیان بە کارەوە چەندەها کاردانەوەی ئەرێنی بۆ سەر ژیانی داهاتووی کچان هەبووە وەکو کەمبوونەوەی دیاردەی هاوسەرگیری بەتەمەنی مناڵی، کەمکردنەوەی ڕێژەی مناڵبوون، پێگەیشتنی هزر و بڕیاردان کە جەخت لەسەر کامڵبوونی جەستەیی و هزری مرۆڤ دەکەن پێش ئەوەی لە تەمەنی هەرزەکاریدا بچنە ژێر باری خێزانداریەوە.

بۆ دەبێ ژن ڕۆڵی لە ناوەندی بڕیارە سیاسیەکاندا هەبێت؟

سەدەی نۆزدە و تا پەڕینەوە بەرەو سەدەی بیست، ڕێکخراوەکانی ژنان، بەبێ پشوو لە خەبات و بزوتنەوەیەکی بەردەوامدا بوون، یەکەم وەرچەرخانی بنەڕەتی لە ئەڵمانیادا، گەیشتن بوو بە مافی دەنگدان لە ساڵی ١٩١٩ دا، بۆ یەکەم جار ژن توانی ڕۆڵی خۆی لە نێو هۆڵی پەرلەماندا ببینێ، لەو خولی هەڵبژاردنەدا سێ سەد ژن کاندید بوون و ٣٧ ژن دەنگیان هێنا، بەڵام پێش ئەوەی فۆڕمی کاندید کردنیان پڕبکەنەوە، دەبوو لە چەندەها ڕوانگە و ڕێگەوە، دڵنیایی بە بوونی توانا و لێهاتووی خۆیانەوە مسۆگەر بکەن، جگە لەوەی ئەو گەیشتنەیان،  بە ڕەنج و بڕوابوونی خۆیان بوو بەو پرسە گرنگە.

وەلێ زۆر دڵنیابوون لەوەی،  کە ڕێگاکە هێشتا لەوە سەختر و درێژترە و گەیشتنە هۆڵی پەرلەمان نە دوا ویستگەی خەباتە و نەدوا ئامانجە، بەڵام بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانەی؛ لەبەرژەوەندی ژنان و هێنانەدی ئاسانکاری ژیانی ژنە و ڕچەشکێنی بەرەو ئازادیەکی واڵاتر، بۆ ئازادی ڕادەربڕین و ڕەتکردنەوەی مۆڵەتی پیاو بۆ ڕاییکردنی هەندێ لە پێویستیەکانیان وەکو کارکردن، ئەم چوونە نێو هۆڵی پەرلەمانە قۆناخێکی گرنگ بوو.

سەرەتا ڕۆڵی ژنە ئەندامەکانی پەرلەمان لەو خۆلانەدا، کاری لەسەر سیاسەتێك دەکرد کە لەدەوری ژیانی ڕۆژانەی ژندا دەخولایەوە، وەکو خێزان، مناڵ و کارکردن، وەلێ دواتر ڕوانگەکان گۆڕان و کایەی داواکاریەکان فراوانتر کرایەوە، بەوەی کە بوونی ژن لە پەرلەماندا تەنها بۆ پرسی خێزان و مناڵ تەرخان نەکرێ، دەبێ تواناکانی ژن لە بواری سیاسەتیشدا تاقیبکرێتەوە. هەر لەوێ ژنان درکیان بەوە کرد کە تێکۆشان هێشتا لەسەرەتایە، دەبوو بە گژ ئەو هەموو ڕێگریەدا بچنەوە کە ڕوبەڕوویان دەبووەوە.

 لەو دەمەدا کۆمەڵێ لەمپەڕی نائاسایی دەهاتنە پێش و ژنانیان بە چەندەها مەرجی کارکردن سەرقاڵ کردبوو، بۆ نمونە چ جلوبەرگێك لەبەر دەکەن، چۆن قسە دەکەن، چۆن کار دەکەن، لە ڕاگەیاندندا چۆن دەردەکەون، بۆیە دەبوو جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە، کە پەرێزی ئەو ڕێگری و مەرجانە پاك بکەنەوە و گۆڕانێك لە بوارە ڕۆتینەکەی کارکردنیاندا بکەن و دەستیان بۆ گەیشتن بە گۆڕانە ئەرینیەکان واڵاتر ببێتەوە، لە هەمان کاتدا کارکردنیان هەر لە بازنەی مافی ژن لە خێزان و پەروەردە و ناوماڵدا قەتیس نەکرێ، ڕوانگەی ئەو ژنە ئەندام پەرلەمانانە ئەوە بوو؛ کە ژن تەنها وەکو ماسکە و تەنها بۆ ئەوە لە پەرلەماندا نین بوونی ڕێژەی ژن بسەلمێنن، بەڵکو زیاتر بۆ ئەوەیە کە دەبێ ژن لە ناوەندی بڕیاردا بێت و کاریگەری هەبێت لەسەر جۆری بڕیارەکان لەلایەکەوە، لە لایەکیترەوە داکۆکی و شەڕ بکات لە پێناوی بەرجەستەکردنی داواکاری ئەو خەڵکەی متمانەی پێداون.

 بوونی ژن لە ناوەندی بڕیاردا واتە وەرچەرخان لە دۆخی کۆمەڵگادا، واتە ڕوانینێکیتر بۆ ژن و کیانەکەی، واتە قاڵبوونی ژن و بوونی پرۆسەیەکی درێژخایەن لە ئەزمون، خەبات،  ململانێ، بەدواداجوون، لە ناسینی خود، ڕەتکردنەوەی شکست، هەستانەوە، خستنەگەڕی توانا نەبینراوەکان و خۆنوێکردنەوەی بەردەوام بەوەی گۆڕانی دۆخ لە باشەوە بەرەو باشتر دەستکەوت نیە، بەڵکو گەیشتنە بەو چەمکەی دەتکاتە مرۆڤێکی تەواو نەك تەواوکەر، تێکۆشان بۆ بوونە مرۆڤی تەواو، بریتیە لە کۆکردنەوەی پارچەکانی خۆت و وەرگرتنەوەی لەو زەوتکردنە زۆرەملێیەی،  ژن دادەپڵۆسێ، ئیرادەی پێشێل دەکات،  دەیوەستێنێ، دەیشکێنێتەوە، تووشی دڵەڕاوکە و بێ بڕوابوون بەخۆی دەکا.

Check Also

سیناریۆ لە دەرەوەی فیلمساز

"دەرهێنەرێكی‌ باش بە سیناریۆیەكی‌ باش دەتوانێت شاكارێك خەلق بكات، بە هەمان سیناریۆ دەرهێنەرێكی‌ مامناوەند فیلمێكی‌ مامناوەند دروست دەكات. بەڵام بە سیناریۆیەكی‌ خراپ، دەرهێنەرێكی‌ باشیش ناتوانێت فیلمێكی‌ باش دروست بكات". ئاکیرا کۆرۆساوا

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Font Resize
error: Content is protected !!