یه‌ك شه‌ممه‌, تشرینی دووه‌م 27, 2022
frku

گەشتێک، کۆکەرەوەی دوو تەمەن

چیرۆک

ئەفسانە مستەفا


لەناو ئۆتۆمبێلداین و دەڕۆین! بەردەوام سەیری ڕێگاکە و ئەو تابلۆیانە دەکەم کە پێتدەڵێن ئێرە کوێیە و بەرەوکوێ دەڕۆیت. ئەم سەرنجدانە، خووی منداڵیمە. چاو دەگێڕم، سروشتی شار، جوانییەکانی ڕێگا ببینم، بەڵام جوانییەکانی تێپەڕن. ڕێگایەکی ڕێکوپێکی قیرتاوکراو، دار سنەوبەرەکان دەبینیت، هەوایەکی فێنک بەر پێستت دەکەوێت و هەست بە فێنکیی ژیان دەکەیت، بەردەوامیت لە ڕۆیشتن. لەناکاو ڕێگاکە دەبێتە خۆڵ و یەکپارچە بیابان، گەرمایەکی تاقەتپروکێن کە ناچارت دەکات جامەکە دابخەیت و فێنککەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە بەکاربهێنیت. زیاتر دەڕۆیت و دەبینیت درووشمی ئایینی دیوارەکانی شاری ناشرینتر کردووە، تاکو دیمەنێکی جوان دەبینیت، هەزاران ناشرینی بەدوایدا جوانییەکە دەسڕنەوە. ئەم دیمەنە دژبەیەکانە کە بەردەوام و بەدرێژایی ڕێگاکە خۆیان نمایشدەکەن، هەستی دژبەیەکیش دروستدەکەن.

پیاوێکی بەتەمەن، پێستێکی ئەسمەری هەیە، ئارام و لەسەرخۆ دیارە. دەڵێت: ئەمڕۆ بۆ خواردن چی لێ دەنێن؟ شۆفێرەکە، پیاوێکی بەتەمەنە، جەستەیەکی قەڵەوی هەیە و پرچ و ڕیشی سپی بوون، وەڵام دەداتەوە: بۆ نیوەڕۆ برژاوتان بۆ ئامادە دەکەم، گۆشتەکەم بە گیراوەیەکی تایبەت کە لە کەرەستەی سروشتیی پێکهاتووە خۆشکردووە. ئێوارەش بامێی پڕ لە سیر و گۆشت، جا برنجی کوردییم هێناوە بە لەتکەنۆکی کوردی و ڕۆنی کوردییشەوە لێی دەنێم. ژنێک (هاوسەری پیاوی یەکەم): ئەهـ کە بەلەزەتە! من لە خواردنی تۆ گومانم نییە، بەڵام هاوسەرەکەی من سیر ناخوات، ئەوە بۆیە وا ڕەنگی تێکچوو. (هەمووان پێدەکەنن).

لە ڕادیۆکەوە گۆرانی “گەوهەرێ”ـی حەسەن زیرەکە، ژنەکە گۆرانییەکە دەڵێتەوە و دەڵێت: ئاهـــ حەسەنیش دەنگێکی ڕەسەنە. زیرەک ئەم گۆرانییەی بۆ دایکی گوتووە، بەخوا گۆرانیی کوردی جوانە.

شۆفێرەکە لە من دەپرسێت: ئەی تۆ، گرفتت لەگەڵ ئەو خواردنانەدا نییە؟ منیش لەناو هەموو ئاڵۆزییەکانی دەروونمدا، بیر لەوە دەکەمەوە ئاخۆ گەشتی بەتەمەنەکان چۆنبێت؟ کاتەکانیان چۆن لە گەشتێکدا بەڕێدەکەن؟ پەیوەندییان پێکەوە چۆنە؟ چۆن لە ژیانی گەنجێک دەڕوانن؟ ئەم پرسیارانە کە ختوکەی ئەندێشەم دەدەن، پرسیاری خواردن بۆ من گرنگیی نەبوو، بەڵام هێمنانە وەڵام دەدەمەوە: نەخێر، بەهیوام بەوجۆرەبێت کە باسیان بۆ کردوویت.

بەو شەقامەدا دەڕۆین کە زیندانی سووسێ بە بەرزاییەکەوە دەبینیت. هەموویان ئاهێک هەڵدەکێشن، پیاوە ئەسمەرەکە دەڵێت:

ـ ئەمەش زیندانی دیکتاتۆرەکەیە.

ـ بەڵێ، سەدام خۆی ئەم زیندانەی دروستکرد، هەر خۆشی سێ ڕۆژ تیایدا زیندانیی کرا. (هاوسەری پیاوە ئەسمەرەکە وای گوت).

حەزم دەکرد گفتوگۆکەیان بەردەوامبێت، تاکو لەو ڕقەی دەروونیان دەربارەی دیکتاتۆرێک تێبگەم، لەو زەبرە دەروونییانەیان کە پێوەی دەناڵێنن تێبگەم، ئەوان لە سەردەمی شەڕدا ژیاون، مرۆڤێکیش کوشتاری بینیبێت چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێت ئاسایی مامەڵە بکات. بەڵام لەوکاتەدا شۆفێرەکە پەیوەندیی بە هاوڕێکەیەوە دەکات، تا بزانێت ئەوان گەیشتوونەتە شوێنەکە یاخود نا. هاوڕێکەی، ژنێکە وەک خۆیان دەڵێن سەرسەخت و توڕە و لەهەمانکاتدا قسەخۆش. دەگێڕنەوە لەسەر ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلێک لە شوێنی کارەکەی، شەقی لە پۆلیسێک داوە پاش ئەوەی پۆلیسەکە جنێوی پێدەدات.

ڕەنگە ئەو شەقە بەرگری بووبێت، بەڵام بابەتەکە بەو سادەییە نییە.

شەق لە مامۆستا، شەق لە خوێندکار، لەناو دادگادا شەق لە قوربانی… شەق لە زەینی تاکی ئێمەدا(گەنج)، مێژوویەکی هەیە، شەقوەشێنیش هەروەها. هەر شەقێکیش تاساندووینی، ئەوەندە تاساوین کە تەنیا لە جێی خۆمان داینیشاندووین! (هەمووان بە گێڕانەوەی ڕووداوەکە پێدەکەنن).

لە گوندێک نزیکبووینەتەوە، لەو گوندانە ناچێت کە پێشتر بینیومن، هەر چەند دۆنمێک و تەلبەند کراوە، داگیرکراوە وەک ئەوەی بییەوێ پێت بڵێت: تۆ کە بە ئێمە غەریبیت، بۆت نییە بەم خاکەدا بڕۆیت. دیمەنی ئەو تەلبەندە، شانۆنامەیەکم بیردەهێنێتەوە؛ کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک بڕیاری کەرەنتینە کردن (پەڕکردنی نەخۆشەکان لە تەلبەنددا) دەدرێت، یەکێ لە سەرمایەدارەکان کە لە مردن نزیکبووەتەوە و دەیتوانی بە بڕیارێک نەخۆشییەکە کۆتایی پێ بهێنێت، کەچی بڕیاردەدات بەرهەمهێنانی تەلی تەلبەند زیادبکرێت.

گەیشتووینەتە گوندەکە، دەچینە نێو باخێک، کۆمەڵێک کەسی لێیە، چاوەڕێی هاوڕێکانیانن(ئەو کەسانەی لەهەمان ئۆتۆمبێلەکەی ئێمەدا بوون).

باخەکە خانوویەکی تێدایە، دەچینە ژوورەوە، لە ساتی سڵاوکردنمان لەیەکتر، لە دوورەوە چاوم دەچێتە سەر کەسێک، کە هەم لەڕووی پۆشاکەوە هەم لەڕووی مامەڵەکردنییەوە، بەراورد بەوانی دیکە جیاواز دیارە. لێی نزیکبوومەوە:

ـ سڵاو خانم.

ـ مرحبا.

بەسەرنجدانەکانی پێشووم و وەڵامی سڵاوەکەم، لەوە دڵنیابوومەتەوە ئەم ژنە لە نەتەوەی عەرەبە و لێرە کار دەکات. هەمووان هەوڵدەدەن بە عەرەبی قسەی لەگەڵدا بکەن، ئەگەرچی دواتر زانیم ماوەیەکی زۆرە لە سلێمانی دەژی، بەڵام قسەنەکردنی ئەو بە کوردی بۆ من جێی پرسیار بوو. ئەوانی دیکەش کە کورد بوون و هەوڵیاندەدا بە عەرەبی قسەی لەگەڵدا بکەن دیسان ئاوەزی داگیر کردم.

کەمێک دواتر لە هاوڕێیەکی گەشتەکەمان نزیک دەبمەوە و پرسیاری لێ دەکەم: پێشتر باسی لوبنانت کرد، چی دەزانیت لەسەر ئەو وڵاتە؟

ـ دەتەوێت دەربارەی چی بزانیت؟

ـ بۆنموونە، ئایین!

ـ لوبنان پێشتر مەسیحی بوو، بەڵام ئیسلامییەکان منداڵی زۆر دەخەنەوە، بۆیە ئێستا مسوڵمانەکان زۆرینەن، بەڵام قیادەکەیان وەک خۆیەتی.

هاوسەرەکەی بەرەو لای ئێمە دێت، بۆڵە ترێیەکی ورد و ڕەشی بەدەستەوەیە، قسەکانمان پێدەبڕێت، ڕوو لە پیاوەکە: لەم ترێیە بخۆ، لە باخەکەی ئێرە لێمکردەوە، جگەرەیەکیشم بۆ داگیرسێنە.

دوو جگەرە بۆ هەردووکیان دادەگیرسێنێت، پاکەتەکەی بە ئاڕاستەی من ڕادەگرێت، وەریدەگرم و سوپاسی دەکەم، لەژێر لێوەوە دەڵێت: خۆزگە نەتدەکێشا. پێدەکەنم و دەڵێم: ئا پرسیارێک، ئێوە چەند منداڵتان هەیە؟

ـ چوار کوڕ و دوو کچ.

بە پێکەنینەوە دەڕۆمە دەرەوە و ئەوانیش پێکەوە دەچنە نزیک پەنجەرەکە، ترێ دەخۆن و جگەرە دەکێشن.

شۆفێرەکە، کە چێشتلێنەری ئەم گەشتەیە، بەبێدەنگی سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ژەمی نیوەڕۆ، شارەزا دیارە. بەلایدا تێدەپەڕم و بانگی ژنە بەڕەگەز عەرەبەکە دەکەم، تاکو پێکەوە دابنیشین، دێت. من بە کوردی و ئەو بە عەرەبی، پێکەوە دەدوێین. لێی دەپرسم:

ـ خەڵکی کوێیت؟ چۆنە هاتوویت بۆ سلێمانی؟

ـ خەڵکی عێراقم، لەبەر ئەوەی هاوسەرەکەم لێرە کاردەکات، منیش هاتووم بۆ ئێرە.

لەوکاتەدا پیاوێک لەسەربانی خانووەکە دەردەکەوێت، خەریکی پڕکردنی تانکی سەربانە. ژنەکە، دەستی ئاماژە بۆ پیاوەکە ڕادەکێشێت:

ـ ئەوە هاوسەرەکەمە.

چاوەکانم ئەبڵەق دەبن، لە ناوەوەم هەست بە توڕەیی و هەڵچوون دەکەم. بەڵام هەستەکانم دەشارمەوە.

ـ چیرۆکی هاوسەرگیریتان چۆنبوو؟ هەڵبەت ئەگەر ئاسایی بێت!

ـ بە منداڵی درام بە شوو، بەڵام هەرزوو هاوسەرەکەم مرد. لای ئێمەش نەریت وایە، ئەگەر هاوسەرەکەت مرد و هاوسەرگیریت کردەوە دەبێت هاوسەرە تازەکەت پیربێت.

خاوەن ماڵەکە، بانگی ژنەکە دەکات، لەکاتێکدا کە ئەو دەیەوێت بڕوات لێی دەپرسم:

ـ ئەی ئەگەر کەسێکی گەنجی خۆشبووێت؟

ـ نانا نابێ. (پێدەکەنێت)

ئەو پێکەنی، بەڵام لەپشت ئەو پێکەنینە ساردوسڕەوە، خەمێک هەیە، کە ئەستەمە لێی دەربازبین. نەریت، نەخۆشماندەخات، وادەکات ئاسایی نەبین. نەریتەکان ئەگەر سرووشتییش نەبن، ئەگەر بۆ ئێستاش نەگونجاوبن، بەڵام بەجۆرێک ڕەگدادەکوتن و دەچنە ناخی مرۆڤەکانەوە کە ڕوویەکی سرووشتیی وەردەگرن. بەپێچەوانەوە خۆلادان لە نەریت دەبێتە شتێکی ناسروشتی، کە ڕەنگە بتخەنە پێکەنین.

دەنگی پێکەنینیان دەگاتە لای من، دەچمە ژوورەوە، دەمبینن. ڕاستەوخۆ بانگم دەکەن تاکوو لەلایان دابنیشم.

دەڵێم:

ـ بیستم شەقت لە پۆلیس هەڵداوە.

ـ (لە پێکەنیندا ڕوخساری سوورهەڵگەڕاوە): من لەگەڵ پۆلیس ڕووداوم زۆرە، جارێکیان دوای ئەوەی لە ناچارییا مۆبایلم بەکارهێنا، ماتۆڕێکی پۆلیس دوامکەوت، گوتم مۆبایلی چی ئەوە ددانم دێشێت. (هەمووان دەدەنە قاقا)

لەنێو هەموواندا تەنیا دوو کەس گەنجن، کە من و کوڕی خاوەن ماڵەکەین. کاتی ژەمەکان بەردەوام گرنگی بەوە دەدرێت کە ئێمە خواردن باش بخۆین، دڵنیابن لەوەی هەموو شتێک لەبەردەستماندا هەیە و لە هەمووی دەخۆین، هەموو ئەوەی لەسەر ئەو سفرە گەورەیە هەیە بە بچووککراوی لەبەردەم ئێمەشدا هەبێت. ئەوان زۆر چێژ لە خواردنەکان دەبینن، بە لەزەتەوە تام و بۆنییان دەکەن، بەڵام بابەتەکە بۆ ئێمە بەو جۆرە نییە، جیا لەوەی تامی خواردنەکان لامان ئاساییە، بەڵام ئەو ئارەزووەی ئەوان بۆ خواردنەکان ئاسایی نییە. ئەو گرنگیدانە زۆرە بە خواردن بۆمن جێی سەرنجە، ئەگەرچی چاوەڕوانکراویشە، چونکە بۆ ئەو نەوەیە خواردن و بەخێوکردن گرنگترە لە پەروەردە (بەو واتایەی تاکێکی سەربەخۆ بەرهەمبهێنێت)، پێیان وایە کاتێک لە خواردندا کەموکورتیت نەبێت ئیدی مرۆڤێکی کامڵیت. پەروەردە (بەواتای کات بۆ تەرخانکردن) تەنها کاتێک گرنگە کە سنووری نەریتەکانی کۆمەڵگە نەبەزێنیت.

ئەوان ناندەخۆن و من بیردەکەمەوە؛ ڕۆژێک دێت مرۆڤ تەنیا کاری دەبێت بە بیرکردنەوەی بێسوود و خواردن (ڕۆبۆتەکان کارەکانی بۆ دەکەن).

دەچمە دەرەوە، دواتر یەکێک لە پیاوەکانیش دێتە دەرەوە و لای من دادەنیشێت،  جگەرەیەک دادەگیرسێنێت. لێی دەپرسم:

ـ یەکەم جار کەی بوو جگەرەت کێشا؟

ـ لە ساڵی ٧٤ـەوە دایکم و برا و خوشکەکانم دیارنین، تائێستاش بەدوایاندا دەگەڕێم. جا ئەو کاتە، کە گەنجتربووم سۆراغیانم دەکرد، لەسەر سنوور پیاوێکی پاکستانیم بینی جگەرەی دەکێشا، جگەرەکە لە نێوانی پەنجە تووتەی و پەنجەکەی تەنیشتی ڕاگرتبوو، زۆر سەرنجڕاکێش بوو، ویستم تاقیی بکەمەوە، داوای جگەرەیەکم لێکرد، لەوکاتەوە من جگەرە دەکێشم.

ئەوانی دیکەش یەک یەک دێنە دەرەوە و لامان دادەنیشن، هاوسەرەکەی بەهەمان شێوە جگەرەی دوای خواردن دادەگیرسێنێت، کاتێک هەمان پرسیاری لێ دەکەم دەڵێت:

ـ لە (…) بووم، ساڵی ٨٥ براکەم شەهید بوو، ئێستا وێنەکەییت پیشاندەدەم، لەوکاتەوە هەرچیم کردبێت لەپێناو ئەودا و بۆ تۆڵەی ئەو کردوومە، کاتی ڕاپەڕینەکەی ٩١ لە خۆشیدا گریام و ئاگام لە خۆم نەما، وەکو شێتم لێهاتبوو، حەزم دەکرد براکەم ئەو ڕۆژە ببینێت. ئێستا تەنیا ئەو دەنگەم لەبیرە کاتێک بورامەوە گوتیان جگەرەیەکی بدەنێ، لەوکاتەوە فێری جگەرە کێشان بووم.

ـ یانی بەهاتنە سەرحوکمی ئەوانەی ئێستا، فێری جگەرەبوویت؟ (بە بزەیەکی کەمەوە ئەوەم گوت)

ـ بەهاتنیان فێری جگەرە بووم، بە ڕۆشتنیان وازدەهێنم.

هەمووان لە دەوری یەکتر کۆ بوونەتەوە و بەدەم چا خواردنەوەوە باسی ئەزموونی کارکردنیان دەکەن، باسی ئەو خراپییانە دەکەن کە لەنێو فەرمانگەکەیاندا ڕووبەڕوویان بووەتەوە. یەکێک لە ژنەکان قسە دەکات:

ـ مامەڵەیەکیان بۆ هێنام واژووی بکەم، سەرنجمدا یاسایی نییە، گوتم بیگەڕێننەوە و یاسایی مامەڵە بکەن. ناوی بەڕێوەبەرەکەمیان هێنا کە ئەو ناردوونی بۆ لای من و پێویستە زوو جێبەجێبکرێت. سوور بووم لەسەر ئەوەی ئەمە یاسایی نییە و نایکەم.

بەڕێوەبەر بانگی کردم:

ـ گرنگە ئەم کارە زوو تەواوببێت، بەدەم کارەکانەوە بچۆ.

ـ من فەرمانبەرێکم لێرە، ئەگەر بمویستایە تۆ ببینم، حەسحەسەکانت دەیانگوت: کۆبوونەوەی هەیە. ئیتر تۆ چووزانیت کاروبارەکانی من چیین؟

ـ هەرچییەکت ویست بەسەرچاو، با ئەم کارە تەواوبکرێت.

ـ من کاری نایاسایی ناکەم، خۆتان یاساکانتان داناوە و هەر ئەوەی خۆتان جێبەجێ دەکەم.

ـ ئەم خەڵکە کاریان هەیە و تۆش باش بەڕێیان ناکەیت، ئەمەی تۆ دەیکەیت بەرگریکردنە لە ناحەقی.

ـ نەخێر، تۆش ناحەقیی زۆر دەکەیت. دکتۆر، ئەو خامەیەی من پێی دەنووسم تۆ ناتوانی پێی بنووسیت، دەستەکانی تۆ تەنیا دەتوانن نەشتەرگەریی بکەن.

کەسێکی دیکە لە هاوڕێیانی گەشتەکە، گوتی: دەست خۆش، من دەزانم تۆ چۆن کارت کردووە، ئەوان کەسانی حزبیین، سیاسەتیش شایەنی ئەوەیە تفی لێبکەیت، کورد دۆڕاوە.

پێمگوت: ئەم نەفەسی قسەکردنە خراپە، ئێوە شەڕتان بۆ کردوون ئەوانە حوکم بکەن، ئێستاش هەموو ئایدیاکەت ئەوەیە تف لە سیاسەت بکرێت؟ لەو ڕقە تێدەگەم، بەڵام  دەربڕینی ڕقەکەت مانادار نییە و بنیاتنەریش نییە.

ـ بەڵام کاتێک حزب خرایە پێش میللەتەوە ئەو میللەتە فەوتاوە.

ـ ئەوەیان بابەتێکی دیکەیە. ئێمە ئەزموونی سیاسەتمان نییە، سیاسەت فەلسەفەی خۆی هەیە. حزبەکان مرۆڤی کۆیلەیان بەرهەمهێناوە، ئەمە وای کردووە تاکی  ئێمە تاکێکی تەندرووست نەبێت، لەبری سەربەخۆیی خود، بەدوای ڕابەرێکدا دەگەڕێت ئاڕاستەی بکات، بۆیە کەسێک بیەوێت ببێت بە پێشڕەوی تاقمێک، لەم ژینگەیەدا ئاسان دەتوانێت ببێت.

شەوە و هەلیکۆپتەرێک بەسەر سەرمانەوە تێپەڕ دەبێت، هێندە نزیکە دەنگەکەی بێزارمان دەکات.

لە یەکێکیان دەپرسم: هەلیکۆپتەر چیت بیردەخاتەوە؟

ـ  قەسفکراین، هاوڕێکانم لەبەرچاوم لەتوپەت بوون.

ـ بۆ منیش بیرهێنانەوەی خۆم و هاوڕێکانم بوو، کە لە هەموو خۆپیشاندانێکدا لەوڕێگەیەوە چاودێرییان دەکردین، هەمووان سەرمان بەرزدەکردەوە و سەیرمان دەکرد. بیرمە هاوڕێیەکم پێی گوتم: ئەگەری هەیە ئەمە کۆتا دیمەن بێت کە دەیبینین. منیش چاوم دەگێڕا و سەیری هاواری خۆپیشاندەرانم دەکرد بۆ ئازادی، گوتم: کەواتە دەمەوێت دیمەنێکی جوان ببینم.

دەستێکی خستە سەرشانم و منی بەخۆیەوە نووساند، هەستم بەوە کرد دەیەوێت بڵێت: ئێمە بۆ ئێوە خەباتمان کرد، بەڵام ئێوە ئێستا لە شەڕە ڕاستەقینەکەدان.

                              *  *  *

پاش چەند مانگێک، لە شوێنێک، یەکێک لەو کەسانەم بینییەوە، سڵاومان لەیەکتر کرد، ئەو جگەرەی دەکێشا، گوتم: بەهۆی نەخۆشییەکەوە وازمهێنا، خۆزگە ئەو خۆزگەیەت نەبوایە.