یه‌ك شه‌ممه‌, ئازار 29, 2020
frku

ڕەهەندەکانی ئازادی

د. مەدیحە سۆفی

Image: GooKingSword

ڕۆژی ژنان لە جیهاندا بۆنەیەکە، لە منداڵدانی چەوسانەوەی جەستەیی و ڕوحی ژناندا لەدایك بووە. لەنێو زەبروزەنگی دڕندەیی بەرامبەر بە ژن، چڵێسی سەرمایەدارە خاوەن فابریك و دەسەڵاتە ڕەهاکەی ئابووری. لەژێر ڕکێفی نادادپەروەری و قۆرخکردنی تواناو دەستی کاری ژناندا خۆی کردە مەرجێكی پێوانەیی بۆ چەکەرەکردنی بەرگری و بنبڕکردنی یا کەمکردنەوەی ئەو فشارە سەختەی سەر ڕوح و جەستەی ژنان لەو سەردەمەدا. هەروەها بۆ ڕاهێنانی کۆمەڵگا هێدی هێدی لەسەر چەمکی بڕواهێنان بە بوونی ژن وەکو مرۆڤ، وەکو ڕوح ، وەکو بوونەوەر، وەکو ئەوەی پشکی لە بڕگەکانی ماف و داد و سەلماندنی توانا و هەل و ژیاندا هەبێت.

کاتێ ژنانی کارخانەکانی ناو نیویورك دژ بە ناهەمواری ڕێوشوێن و مەرجەکانی کارکردن، لە هەشتی مارسی ١٨٥٧ دا کەوتنە ناڕەزایی دەبڕین و خۆپیشاندان لەو ڕوانگەیەوە بوو؛ کە ئیتر نەدەکرا لەوەزیاتر بەرگەی ئەو چەوساندنەوە و ژێردەستەییە بگرن. بۆیە ڕاپەڕین تەنها و دواچارەسەر بوو. بێ دەنگی تەنها کەڵەکەکردنی شارای ستەم و زۆرداری خاوەنکاری لێ دەکەوتەوە. ئەو ڕاپەڕینەش دژ بەو سەرمایەدارانە یا دەبووە مردنێکی شەرەفمەندانە، یا سەرگرتنی، بەردەوامییەکی شایستەی بە ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەدا.

کلارا زیتکین، ژنە بوێر و ئازای بەرەگەز ئەڵمان، خاوەن بیرۆکەی داکۆکیکردن لە مافی یەکسانی و دادپەروەری دەرهەق بە ژنانی زەحمەتکێش، کاتێ کە لە کۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیست ساڵی ١٩١٠ لە دانیمارك، پێشنیاری ڕۆژی هەشتی مارسی وەکو ڕۆژی جیهانی ژنان کرد، کارێکی ئاسان و هەڕەمەکی نەبوو، ئەم بڕیارە هەڵهێنجراوی مێژوویەکی پڕ لە خەبات و داکۆکی بوو. هەروەها لەسەر ئاستی نێودەولەتیشدا لە ساڵی ١٩٧٥ دا بۆ یەکەم جار ئەم ڕۆژە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کرایە ڕۆژی ژنانی جیهانی، هەر لەو ساڵەشدا یەکەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان لە مەکسیك بەسترا.

ئەم بۆنەیە بە ژان، بە چەوساندنەوە، بە سووربوون لەسەر خۆسەلماندن، هەوێن کراوە. هەستی بەرەنگاربوونەوە و بوێری تێدا سەریهەڵداو. توانا نووستوە و بێ دەنگە حەشاردراوەکانی ژنانی لە جیهاندا بەئاگا هێناوەتەوە.

باشوری کوردستان، نمونەیەکی زیندووی ڕەوڕەوەی گەڕانەوەیە بەرەو ناهەمواری و دواکەوتن لە بواری بیرکردنەوە و تێڕوانینی تاك و کۆمەڵگا بەرامبەر بە ژن و ڕۆڵی لەنێو کایە جیاوازەکانی ژیاندا. بوونی ژن وەك تەواوکەر لەو کۆمەڵگایەدا، بوونیەتی وەکو تەواوکەری ئەو پرۆسە چەقبەستووەی ئێستا لەوێدا هەیە. لەم هەرێمەدا ژنان چ وەکو قوربانی، چ وەکو باجی قوربانی شۆرش، چ وەکو میراتی قوربانی، چەندەها جار قوربانین. چ وەکو لەناوچوونی کەسوکار و مێرد و برا و باوك، چ وەکو ئەو ژیانە سەختەی پاش مانەوەیان بەتەنها بردیانەسەر و دەیبەنەسەر. گەرمیان و ژنانی بارزان و ژنانی یەزیدی نمونەی زیندووی بوونی ئەم قوربانیانەن، کە دەبوو پەیامی حکومەت و چونیەتی خستنەگەڕی بەشێکی کارەکانی لەسەر بنەمای کارکردن بوایە لەسەر کەمکردنەوەی ئەو فشارە ڕوحی و جەستەییەی ئەوان پێی دەتلێنەوە.

با ئێمە ئەو چەمکە سواوانە دووبارەنەکەینەوە بەوەی کە ژن نیوەی کۆمەڵگایە، با هەموویشی بێت (کە نابێت)، چی لە دیدی ژن بۆ دنیا دەگوڕێت کە بنچینە و سیستەمێکی زانستی ڕایەڵی نەکردبێت؟ کە ڕوحی پڕ لە ترس و حەزی سواخدراو و شەرم بێت! دڵەڕاوکێ ناوپۆشی بڕیاڕەکانی بکات، بە ناچاری سەرپۆشی کۆنەپەرستی کۆمەڵگا بپۆشێ، پاشان لەژێر چەتری فەتوا نادروست و نامرۆڤایەتیەکاندا ژیان بۆ هەموو کۆمەڵگا لەخشتە بدرێت.

دەسەڵاتی سیاسی لەمەڕ هەرێمی کوردستان، ئەرکی جوڵە و بەگەڕخستنی ئەو ڕەوڕەوەیەی بۆ ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردی، چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوەدا، زۆر قورستر کردووە و بگرە بەرەو دواوەشی گەڕاندەوە، ئەویش بەوەی :

  1. کەمی ڕێژەی ژنی بە توانا و خاوەن هزری نوێ و کاریگەر لە سەنتەری بڕیارداندا: لەسەرەتای بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی ژنان لە ئەڵمانیادا، بەکۆی دەنگ هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەتا ژنی خاوەن توانا و فکر و بە ئەزمون، خۆی یەکێك نەبێت لە کەسە ئاکتیڤەکانی ناوەندی بڕیاردان، ناتوانرێ پارسەنگی بڕیارەکان بەلای بەرژەوەندی ژن بشکێنێتەوە. بەتایبەت لە بڕیارە کۆمەڵایەتی، ماف، گۆڕانە جۆربەجۆرەکانی سەر ڕەوتی ژیان و ئەگەری گونجاندنی ئەو بڕیارانە لەگەڵ تێزی ویستەکانی ژیانی ژن خۆی، بەڵام:
  2. لە چ ناوەندێکی بڕیاردان و چ جۆرە نوێنەرایەتیەك؟
  3. لە چ ناوەندێکی پەرلەمانی و حکومیدا؟
  4. لە چ پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیدا؟
  5. لە ژێر چەتری چ دەستور و دەسەڵاتێكدا؟
  6. لە ئامادەبوونی ژن لە چ ئاستێکدا؟ کە بتوانێ بەرگەی ئەو ململانێ، تەگەرە، لەمپەر و ڕووبەڕووبوونەوەیە بگرێت بۆ چەسپاندنی بڕیارەکان و دابینکردنی بنەمای پتەوکردنی هەنگاوە نوێیەکان.
  • کاتێ لە سەرەتای سەدەی بیستویەكدا، چەند هەزار ژنێکی کوردی یەزیدی دەبنە کۆیلە و سەبایای گروپە تیڕۆریستەکان، ئەمەش بێ گومان کۆستێکی گەورە و بەرەو پاشچوونێکی ئاشکرایە، دەرئەنجامی لەنگی، نادروستی حوکمڕانی، هاوسەنگ نەبوونی هاوکێشە بنەڕەتیە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتیەکانە.
  • بوونی هەمان دەموچاو و کەسانی چەقبەستووی پارت و حیزبەکان لەسەر شانۆی فەرمانڕەوایی ئەم هەرێمەدا، بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکەسەدەیەك، کە ڕێگرن لە هاتنەپێشەوەی دەستەیەکی نوێ لە خاوەن توانا و بەهرە و ئالیەتی گۆڕان، مانەوەی ئەم کەسانە هۆکاری بەرپەرچدانەوە و پوکانەوەی هەوڵەکانن بۆ ڕایەڵکردنی بیر و بۆچوونی نوێ لە جومگەکانی بەڕێوەبردندا. هەر ئەم چەقبەستوویەیە بەردەوامی دەدا بە  بەزەلکاوکردنی کۆمەڵگا و هیچ تازەگەری و گۆڕانێك ناقۆزێتەوە بۆ هەڵهێنانی ڕەنگی هیوا و داماڵینی ئەو بیرکردنەوە سواوانەی تا ئێستا هیچ خزمەتێکی پۆزێتیڤی لێ شێن نەبووە. ئەگەر بووبێتیش بەسەرچووە.
  • ئەم چەقبەستوویەی دەسەڵات، نەك هەر بۆ ژنان، بۆ تەواوی کۆمەلگا و توێژە جیاجیاکانی زیانبەخشە. چونکە مرۆڤ و بەتایبەتی مرٶڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر کەم گەشە بە هزرو بیرو بۆچوونی خۆی دەدا. زۆر کەم خوێندنەوەی هەیە بۆ ئەگەر و دیاردەکان. زۆر دوورە لە فاکتەکان و زۆر کەم شیکردنەوەی هەیە بۆ داهاتوو. زۆر کەم لەخەمی کۆمەڵگاو دانیشتوانە پڕ لە قەیرانەکەیەتی، چونکە بوونی هەمیشەیی ئەو دەموچاوانە بۆ فەرمانڕەواییکردن، واتە وەستان و چەقبەستن و بە گۆماوبوون و قەوزەگرتنی ڕووباری بیر و هۆش و ژیان؛ بەگشتی واتە خاوبوونەوەی پرۆسەی دەستپێکردن بە گۆڕانکاری و بنیاتنان.
  • نەبوونی ناوەندی توێژینەوە و بەدواداچوونی کاریگەر و زانستیانە، کە لەژێر سەرپەرشتی کەسانی شارەزا و پسپۆر بۆ بنبڕکردن و کارکردن لەسەر ئەو خاڵانەی دەبنە هۆکاری خۆسووتاندن یا سووتاندن و کوشتنی ژنان یا ئەو هۆکارانەی دەبنە تەنگژەو ڕێگر بەرامبەر کردنەوەی کۆمەڵگا بەرەوڕووی نوێخوازی و تازەگەری و گۆران؛ کە پلە بە پلە و هێدی هێدی جێ پەنجەی پۆزێتیڤی خۆی لە بنیاتنانی تاك و خێزان و کۆمەڵگا و نیشتیماندا دەردەخات.

باشوری کوردستان هەژارە لە بەرنامەی تۆکمە و بێ لایەن. لاوازە لە بڕیار و کرداری پێویست. دوورە لە پێشبینی و پەروەردەی زانستی. دابڕاوە لە توێژینەوە و بەدواداچوون. بە کورتی: نەك هەر بە ماددیکردنی بیر، حەز و خولیا، کار و ویست، بەڵکو بەماددیکردنی هەموو ژیان و بەرجەستەکردنی لەتوێی جەستەیەك لە ماددە و بەس؛ کە هەر زوو لە بەهاکان دادەماڵرێ و ئەوەی دەمێنێتەوە جەستەیەکی ساردی پەراوێزکەوتووی کامڵ نەبووە، ئەمەش نابێتە سەرچاوەی بەردەوامیدانێکی زانستی بۆ گۆشکردنی مرۆڤ بە هزرێکی ئازادەوە، پاشان نابێتە هەوێنی ژیانێکی شایستەی مۆدێرن بۆ هەموو کۆمەڵگا.

Check Also

زەمینەی سەرھەڵدانی حیزبی فاشیستی و بە جەماوەریبوونی کۆمەڵگا

محمد احمد Image: Brayden Law ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ پرسیاری هه‌موومان بێت بۆچی هه‌ندێک که‌س به‌ ویستی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *