چوار شه‌ممه‌, تشرینی یه‌كه‌م 20, 2021
frku

پیسبوونی ژینگە، بە دیوە تاریکەکەی ڕوناکی

د. مەدیحە سۆفی

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە و دوای داهێنانی وزەی کارەبا لە لایەن ئەدیسۆنەوە، بۆ یەکەم جار بەکارهێنانی چرا بۆ ڕوناککردنەوەی ماڵ و شوێنی کارکردن و بەرهەمهێنان بەکارهات، دوابەدوای ئەم داهێنانە گرنگە، چەندەها داهێنانی دی بۆ پاشەکەوتکردنی وزەی کارەبا، یان (کەم و زۆر) کردنی ڕادەی تیشک و هێزی تیشکدانەوەی هاتە کایەوە و گۆڕانی زۆری لە بواری ڕوناککردنەوەی ماڵ و شەقام و شوێنە گشتییەکاندا کرد.

هەروەکو چۆن هاوسەنگی سروشت، بە زیادبوونی ڕێژەی گازە زیانبەخشەکانی وەکو دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و میتان تێکچووە و بووە هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها بە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ڕوناکی و ڕوناککردنەوەش، سروشتی تاریکی شەو و ڕۆشنایی شێوێنراوە و بووەتە یەکێک لە کێشەکانی ژینگە و کاریگەری لەسەر هەستی بیبین، تەندروستی  مرۆڤ و گەشەکردن و زیندەگی تەواوی زیندەوەردا هەیە.

پیسبوونی ژینگە بە زیادەڕۆیی لە ڕۆشنکردنەوە و بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆر لە ڕوناکیش ڕوو دەدات، کە کاریگەری لەسەر کاری فەسلەجی زیندەوەر دەکا و بووەتە بوارێکی نوێی توێژینەوە لە زانستی ژینگەدا، کە شارەزایان بەپشتیوانی تەکنەلۆژیای نوێوە، دەتوانن بگەنە ئەو دەرئەنجامە نەرێنیانەی، کە ڕوناکی لە حاڵەتی ناپێویست و نەگونجاودا دەیداتەوە و ژینگەکەی پێ نائارام دەکات.

باشترین پێناسەی پیسبوونی ژینگە بە ڕوناک، لەلایەن شارەزا ئەو بوارە (یان هۆلان، 2007) ئاماژەی پێکراوە و دەڵێ، ”پیسبوونی ژینگە بە ڕوناکی، بریتییە لەو گۆڕانە دەستکردەی لە ڕوناککردنەوەی تاریکییەکی سروشتیدا ڕوو دەدات و دەبێتە هۆی شێواندنی بینین و نائارامی لە هەستدا، ئەم گۆڕانەش گۆڕانێکی دەستکردە و لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێت، لە بەدواداچوونی ماکەکانی ئەم گۆڕانەشدا، دیوە تاریکەکەی ڕوناکیمان بۆ دەردەکەوێت کە ڕەنگدانەوەی لەسەر زیندەوەری بچوک و گەورەدا دەبێت.

لە دوای دۆزینەوەی وزەی کارەبا و پاشتر داهێنانی چرا و جۆرە جیاوازەکانی، ڕۆشنکردنەوەی ئارای ژیان و شوێنی نیشتەجێبوون و کارکردن، بووە کارێکی ئاسایی و بەڵگەی هاوپێچبوونی مرۆڤ بوو لەگەڵ ڕەوتی نوێی پێشکەوتن و سوودوەرگرتن لە کاتی تاریکیدا و بە ئەنجام گەیاندنی پێداویستییەکان. لە هەمان کاتدا، بۆ دابینکردنی ئاسایش ونەهێشتنی تاوانکاری و خراپەکاری، تا گەیشتە ئەوەی زیادەڕۆیی کردن لەو ڕوناککردنەوەیە بووە هۆکاری کوژانەوەی ئەو تاریکییە خۆڕسکەی کە بۆ زیندەگی زیندەوەر گرنگ و مەحەکن، هەروەها چەندەها لایەنی نەرێنی لە ژیانی زیندەوەر بەگشتی، چ مرۆڤ، چ ئاژەڵ و تەنانەت ڕووەکیش، دەرکەوتن.

ئاماژەکانی درەوشانەوەی چرای بەردەوام لە بازاڕەکان، سەنتەرەکانی گەمەکردن، کۆنسێرتەکان، ڕیکلامە زۆرەکانی سەر شەقام و دیوار و ویستگەکان کە ڕووبەرێکی گەورەی بینایی چاوی مرۆڤ دەگرنەوە و دەشێوێنن، لە هەمووی کاریگەرتر چراخانەکانی کۆمپانیا و فابریکە گەورەکانی بەرهەمهێنانی بەردەوام لە ئەوروپا و بەتایبەتی بواری پیشەسازی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەگشتی، سیمای شەوی کوژاندووەتەوە و بەردەوامی ڕوناکی ڕۆژی بەدوای خۆیدا بەرجەستە کردووە. هەروەها فەسلەجەی زیندەگی بەجۆرێک شێواندووە، کە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر گەشەکردن و بەردەوامی چالاکییەکانی زیندەوەر هەبێت لە هەر شوێنێکی سەر گۆی زەوی بێت، چونکە کاتێ زیادەڕۆیی لەو ڕوناکییە دەستکردە دەکرێت، کە لە سەرەتادا بۆ خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتی داهێنراوە و خراوەتە خزمەتی گەشەسەندن و پەرەسەندنی کۆمەڵگاوە، چەندەها خەسڵەتی نەخوازراو دێنە کایەوە کە گەشەی سروشتی زیندەوەر تێک دەدات، بۆ نمونە لە دروستبوون و ڕوژانی هۆرمۆن یا جووتبوونی هەندێ زیندەوەر یا گەشەی هەندێکی تریان.

لە ساڵی 2012 تا ساڵی 2016، ساڵانە بە ڕێژەی %2,2 بڕی ڕوناکی شەوان زیاتر بووە لەچاو پێشتر ڕوناکی نائاسایی گاریگەری لەسەر مرۆڤ، ئاژەڵ و ڕووەک هەیە و بە شێوەیەک لە شێوەکانی پیسبوونی ژینگە ئەژمار دەکرێ، وێنەی سەتەلایتەکانی ناسا، زۆر بەڕوونی ئەو ڕاستییە ڕوون دەکەنەوە؛ کە چۆن لە شەودا زۆربەی ڕووبەری گۆی زەوی ڕۆشنە و ڕوناکی دەستکرد زاڵە بەسەر ئەو تاریکییە سروشتییەی، بۆ حەوانەوە و چالاکی هەندێ زیندەوەر و ڕووەک پێویستن، بەتایبەتی ئەو ڕوناکییەی درێژی شەپۆلەکەی 460  nm بێت کە پێیدەگوترێت ڕوناکی شەپۆلی شین.

پیسبوونی ژینگە بەڕوناکی نزیکەی %80ی دانیشتوانی جیهانی گرتووەتەوە و هەستی بینینی %60ی دانیشتوانی ئەوروپاشی شێواندووە. لە دێرینەوە بەدوای یەکداهاتنی شەو و ڕۆژ ئەو هارمۆنییەی خوڵقاندووە کە زیندەوەر تێیدا زیندەگی دەکات. بوونی شەو و تاریکییەکی، سروشتی کاری دەردانی هەندێ هۆرمۆنی لەش ئاسایی دەکات؛ بۆ نمونە هۆرمۆنی میلاتۆنین هۆرمۆنێکە لەکاتی شەودا دەڕژێت، ئەم هۆرمۆنە لێپرسراوە لەوەی جەستەی مرۆڤ لەکاتی خەودا ئارام ببێتەوە، جەستەی مرۆڤ دەحەسێتەوە و خۆی بۆ سەرلەنوێ کارکردنی ڕۆژی پاشتر ئامادە دەکات، لەلایەکی ترەوە سیستەمی بەرگری چالاک دەکاتەوە. بەپێچەوانەوە، بوونی ڕوناکی و کاڵکردنەوەی تاریکی سروشتی شەو، ڕێگری لە دروستبوون و ڕژاندنی ئەو هۆرمۆنەدا دەکات، ئەمەش ڕوناکیی تیشکی ئامێرەکانی ڕۆژانەش دەگرێتەوە، بەتایبەتی تیشکی مۆبایل، لەپتۆپ و کۆمپیوتەر.

ڕاستە ناکرێ لە تاریکیدا و لەکاتی نووسین و خوێندنەوەدا ڕوناکی بەتەواوەتی بکوژێندرێتەوە، بەڵام دەتوانرێ کز بکرێت و تیشکەکەی بەئەندازەی ئەوەی پێویست بێت و لەسەر ئەو ڕوبەرە چڕ بکرێتەوە کە کاری لەسەر دەکرێت. بۆ نمونە خوێندنەوەی کتێب یا کارێکی دەستی وەکو چنین و دوورین.

ئەگەرچی دەستپێکی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە بواری پیسبوونی ژینگە بە ڕوناکی، ڕوونتر ناوی بنێین بە کاریگەری دیوە تاریکەکەی ڕوناکی، هێشتا نوێیە، بەڵام دەرئەنجامەکانی زۆر ڕاستی دەپێکن؛ کە پەیوەستن بە زیندەگی زیندەوەر و ئەتمۆسفێرەکەیەوە.

شەمشەمەکوێرە یەکێکە لەو زیندەوەرانەی کە لە %100 لە تاریکی و لە شەودا چالاکە، کەمترین ئاستی ڕوناکی کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی چالاکییەکانی دەبێ، هەروەها کۆچی باڵندەکان یا گەرمیان و کوێستان کردنیان پۆل پۆل بە شەو، بەستەگی بەوەوە هەیە کە لەلایەکەوە کەمتر توشیی ڕێگری و ڕاوکردن دەبن، لەلایەکی ترەوەش جیاوازی پلەی گەرمی شەو و ڕۆژ ڕۆڵی هەیە لەوەی کەمترین وزە بۆ فڕین بەکاربهێنن لە شەودا؛ زۆر جار ڕوناکی چراکان ڕێڕەوی فڕینیان دەشێوێنێت و پۆلە مەلەکان پەرت دەبن و لەیەکتر دادەبڕێن.

مێرووەکان زیندەوەری جۆراوجۆرن، هەندێکیان باڵدارن و ڕۆشنایی کزی ئەستێرەکان و تریفەی مانگیان بەسە، بۆ دۆزینەوەی ئاراستەی فڕینیان یا بۆ دەستکەوتنی خۆراکی پێویست، بوونی ڕوناکی زۆری تەلار و خانوبەرە و شەقامەکان ئەو مێرووە باڵدارانە لە ڕێڕەوی ئاسایی خۆیان لادەدات و سەرنجیان بەرەو ڕوناکییەکە ڕادەکێشێت، زۆربەیان تا دەمی ڕۆژهەڵات ماندوو دەبن و لەناودەچن یا دەبنە خۆراکی زیندەوەری لەخۆیان گەورەتر. لە هەمووی گرنگتر، هەندێ مێروو هەن کە ڕۆڵێکی گەورە لە پیتاندنی ڕووەک دەبینن لە کاتی تاریکیدا، کاتێ ئەو دەرفەتە بەبوونی ڕوناکی نامێنێت، زنجیرە خۆراکی مرۆڤ تووشی کەموکوڕی دەبێت.

هەندێ لە توێژینەوەکان ئەوە دەر دەخەن کە ڕوناکی زۆر، ئەوەندە ڕۆڵی نەبووە لە کەمکردنەوەی تاوان، کە زۆر جار چڕکردنەوەی ڕوناکی دەکرێتە یەکێک لە ڕێگرییەکانی تاوانکاری و دزی و کوشتن، بەڵکو زۆر جار بوونی ڕوناکی چرا تەنها مایەی چاندنی دڵنیایی بوون بووە بۆ دەورو پشت.

هەڵواسینی ڕیکلامەکان، ئەگەر ڕیکلامی هونەری بێت، یاخود هاندانی هەڵبژاردن بێت، یان ڕیکلامی خۆراک و بازرگانی بێت، کەم تا زۆر، هەمووی کار دەکاتە سەر بینین و شێواندنی بینین، بەتایبەتی لە شەودا، کە تیشکدانەوە و کاردانەوەی ئەو ڕوناکییە، ئەو تاریکییە سروشتییە دەڕوشێنێ کە زۆر جار مرۆڤ بەبوونی ڕوناکی سروشتی مانگ یان ئەستێرە، چێژی لێ دەبینێت. دیارە بوونی ئەو ڕیکلامانەش هەر لە داڕێژانی پلانی سەرمایەداری و گەرمکردنی بازاڕی کڕین و فروشتنی کاڵا و تەنانەت خۆسەپاندنی حیزب و دەسەڵاتەکانە لە ژێر سایەی ڕیکلام کردن بۆ کاندید و سەرنج ڕاکێشانی هاودەنگەکانیان، بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی، کە ئەو تیشکدانەوەیە سروشتی تاریکی شەو ناهاوسەنگ دەکات.

بەگشتی لە هەر کاتێکدا، سروشت لە سیمای سروشتی خۆی دادەماڵرێت، خەوشێک دەکەوێتە زیندەگی زیندەوەرەوە، بۆ ڕوناکییش هەروایە، زاناکان ئەم خەوشەی، کە لە زیادەڕۆیی ڕوناککردنەوەوە سەرهەڵدەدات ناودەنێن ”دیوە تاریکەکەی ڕوناکی” ئەمەش کاردانەوەی نەرێنی لەسەر سیستەمی ئیکۆلۆژی زیندەوەر و ژینگەی سەراپا زیندەوەر هەیە و دەیبێت، وێنەکانی ناسا تەواوی ئەو ڕاستییە دەردەخەن و دەیسەلمێنن؛ کە ڕوناکی لەسەر گۆی زەوی لە شەودا و لە هەندێ جوگرافیادا جیاوازی لەگەڵ ڕۆژدا نییە، ئەمەش بەڵگەی هاتنەکایەوەی کێشەی پیسبوونی ژینگەیە بە ”دیوە تاریکەکەی ڕوناکی”.

Font Resize