پیاوە بێشەرەفەكان -تراژیدیای كامی كلۆدێل-

شوان ئەحمەد

“هەمیشە شتێكی نادیار ئازارم دەدات”

-كامی كلۆدێل-

ژنان كە توندوتیژیان بەرامبەر دەكرێت و دەچەوسێنرێنەوەو وەك كارەكتەرێكی پاسیڤ و هیچ لەبارەدا نەبوو سەیر دەكرێن، ئۆباڵەكەی تەنها بەئەستۆی خەڵكانێكی عەوام و نەخوێندەوارو بێ ئاگا نییە.

تراژیدیای ژنان هەر بەرهەمی دەستی پیاوانی نەخوێندەوارو كۆنەپەرست و دەرون نەخۆش نییە، بەڵكو ئەو پیاوانەش بەشدارن لەو پرۆسەیەدا كە ڕۆشنبیرو هونەرمەندو خوێندەوارو لیبراڵ و مۆدێرنن. فیلمی (كامی كلۆدێل 1915)، زانیاری پێویستمان لەوبارەیەوە بەردەست دەخات.

كامی كلۆدێل (1864 – 1943)، ژنە پەیكەرتاشێكی بەهەرمەندو دەست ڕەنگینی فەرەنسایە. بەسەرهاتی پەیوەندی ئەوینداری ئەو لەگەڵ پەیكەرتاشی بەناوبانگی فەرەنسی ئۆگست ڕۆدان ( ١٨٤٠ -١٩١٧)، یەكێكە لە بەسەرهاتە بەناوبانگەكانی ناو مێژووی هونەر.

تراژیدیای ئەم خانمە هونەرمەندە، هێندە بەسوێ‌ و تفت و تاڵە، سینەماكارانی والێكردووە لەماوەی كەمتر لەسی ساڵدا (1988-2015)، دوو فلیمی ئاست بەرزی لەسەر بەرهەم بهێنن! یەكەمیان ساڵی 1988 لەدەرهێنانی  برۆنۆ نیوتن و نواندنی ژنە ئەكتەری بەناوبانگ ئیزابیل ئەدجانی، دووەمیان ساڵی 2015 لەدەرهێنانی برۆنۆ دومۆنت و نواندنی ژنە ئەكتەری بەناوبانگ جۆلێت بینۆش‌.

وەك خۆم جولێت بینۆش یەكێكە لەژنە ئەكتەرە دڵخوازەكانم و دەتوانم بڵێم، زۆربەی زۆری فیلمەكانیم بینیوەو بەڕۆڵ بینینەكانی سەرسامم. لە (كامی كلۆدێل 1915)یشدا، ڕۆڵگێڕانی بەئاستێكە لەباسكردن نایەت.

فیلمەكە حیكایەتی سی ساڵی وێرانبونی ڕۆحی ژنە هونەرمەندێكمان بۆ دەگەڕێتەوە، كە بەهۆی ناپاكی و خەمساردی دوو پیاوەوە (مامۆستاو خۆشەویست) ئۆگست ڕۆدان و (برایەك) پۆل كلۆدێلی شاعیرو شانۆنامەنووس و دیبلۆماتكاری فەرەنسیەوە، دووچاری دەبێت.

ڕۆدان وەك مامۆستا و خۆشەویستێك، ناپاك دەردەچێت لەگەڵیداو پۆل كلۆدێلی براشی، نامەردانە لە نەخۆشخانەیەكی دەروونی نزیك (ئەڤینیۆن) گیری دەدات. سەرەتا وەك مامۆستاو قوتابیەك (كە بیست و پێنچ ساڵ جیاوازی تەمەن لەنێوانیاندا دەبێت)، بەهرەو جوانی و نەرم و نیانی كامی كلۆدێل، وزەیەكی نوێ‌ و گوڕو تینێكی زۆر دەبەخشێتە ڕۆدان و ئەوەش لە پەیكەری (ماچ)دا، بەزەقی ڕەنگ دەداتەوە.

كەچی دواتر ڕۆدان زۆر خوێن ساردانە كۆتایی بەهەموو شتێك دێنێت و نەك هەر لە كامی كلۆدێل دوور دەكەوێتەوە، بەڵكو ئەو سكەشی كە بەرهەمی پەیوەندی نێوانیان دەبێت، بەزۆری زۆرداری پێی لەباردەبات.

ئەو خانمە هونەرمەندە، بەو هەڵوێستەی مامۆستاو ئەویندارەكەی شۆك دەبێت و دەكەوێتە شكاندنی تەواوی كارە هونەریەكانی خۆی. ئەوەش لەو باوەڕەوە دەكات كە ئەو مرۆڤەی ناپاكی لەگەڵدا كردووە، زۆر بەئاسانیش دەتوانێت بەرهەمە هونەریەكانی بدزێت و بیانكات بەهی خۆی.

هەر بەڕاستیش كامی كلۆدێل، ڕۆدان بەدزینی هەندێ‌ ئایدیاو ئیشە هونەریەكانی تاوانباردەكات و ئەویش بۆ خۆقوتاركردن لەو سكانداڵە، نایكاتە نامەردی و تۆمەتی (شێتی و دەروونشێواویی) دەداتە پاڵ کامی.

لەبەرامبەر ئەو ئابڕوچونەدا، خانەوادەكەی و پۆل كلۆدێلی برای لەبری ئەوەی داكۆكی لە کچەکەیان بكەن، بۆ كڕینەوەی حورمەتی خۆیان، وەك بنەماڵەیەكی خواپێداوی كاتۆلیك مەزهەبی پاریس، دەیخەنە نەخۆشخانەیەكی دەروونی بۆ چارەسەرو لەگەڵ ئەو داخڵكردنەشیدا، ئیتر تامردن دەرەوە نابینێتەوە.

فلیمەكە لەڕێی دیمەنگەلێكی بێدەنگەوە، حەسرەت و زام و هەلاهەلابونی ڕۆحی ژنێكمان نیشان دەدات كە پیاوە بێشەرەفەكان، لەوێدا گیریان داوە. پۆل كلۆدێلی برای تەنها چەند جارێكی كەم لەماوەی ئەو سی ساڵەدا، سەری لێدەدات و ئەقڵ شێواوی و مانەوەی لەوێدا، وەك قەدەرێكی ئیلاهی سەیر دەكات.

لەو دەیان نامەیەی كە بۆیی دەنێرێت، لێی دەپاڕێتەوە بیباتە دەرەوەی ئەو شوێنە، تاجارێكی تر بەدیداری پاریس و ژورەكەی خۆی شاد بێتەوە: (تكایە لەدەست ساردو سڕی ئەم شوێنە وەڕس بووم. ئاخر ئیتر هێندە دارو تەختەی لێنیە بەشی گەرم كردنەوەی جەستە لەڕو لاوازەكەم بكات و ڕۆحیشم پەرۆشی فڕینە بەرەو ڕوناكی… دەزانی بیری دایكم دەكەم، بیری ژوورەكەم دەكەم و دەمەوێت جارێكی دی لەپەنجەرەكەیەوە، بڕوانمە شەقامەكان و سەیرێكی دیكەی ژیان بكەم. تكات لێدەكەم بمبەرەوە).

ئەو ژنە سی ساڵی ڕەبەق بەو جۆرە دەپاڕێتەوەو دادو بێداد دەكات، كەچی نە یاساو نە ئاین و نە ئەوین و نە ئامێزی دایك و نە شاعیربونی براكەی، بەهانایەوە ناچن.

تێكڕای فلیمەكە ناخ هەژێن و تراژیدییە، تراژیدیترین دیمەنیش كۆتا دیمەنی فلیمەكەیە كە كامێرا لە نزیكەوە دەم و چاوێكی ساردو سڕو بێ‌ تروسكایی (كامی)مان پیشاندەدات كە چاوی لە (ناشوێن) بڕیووەو شەرحی عومری بەباچوی خۆی دەكات.

Check Also

ڕه‌خنه‌گرتن له‌ سه‌رده‌می كۆرۆنادا

د. شه‌ونم یه‌حیا وه‌كو هه‌ندێ له‌ ئێوه‌  ده‌زانن سیسته‌می سه‌رمایه‌داری مرۆڤێكی خۆپه‌رستی بێ ڕه‌حمی دروستكردووه‌. …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *