پاداشت و سزا سایکۆلۆژییەکانی جەماوەر بۆ پاڵەوانەکانی (نموونەی کۆمەڵگەی کوردی)

 

پێشڕەو عەبدوڵڵا


بەناوبانگبوون یەکێکە لەو حەزانەی بێ ئەوەی مرۆڤ بیری لێبکاتەوە خێرا وەک شتێکی باش و پەسەندکراو قبوڵی دەکات، چونکە هەم لەڕووی مادی و هەم لەڕووی مەعنەوییەوە، مایەی چێژ و خۆشییە بۆ کەسەکە. هەر ئەمەشە وادەکات خەڵکێکی زۆر بە ڕێگەی جیاواز، هەوڵی ئەوە دەدات بەناوبانگ بێت. کاتی خۆی بەشێکی زۆر لە نووسەران بۆ ئەوە دەبوونە نووسەر و شاعیر و گۆرانیبێژ و …تاد تاکو بەناوبانگ ببن، نەک ئەوەی لە ڕێگەی ئەو توانایەی هەیەتی بە ڕێگەی نووسین یان گۆرانی بتوانێت گوزارشت لە خۆی بکات، بەڵکو هەموو ئامانجی خۆدەرخستن و داگیرکردنی پانتاییەکە لە خەیاڵی ئەوانیتردا، چونکە ئەویتر وەک سارتەر ئاماژەی بۆ دەکات، زەمینەیەکە بۆ هەستکردن بە بوونی خۆ.

ئەگە جاران ئەم ڕێگەیە ئاڵۆز و قورس بووبێت، ئێستا بەهۆی شەپۆلی سۆشیال میدیا و جۆرەکانی، بەناوبانگ بوون زۆر ئاسان بووە و لەوەتەی ئینتەرنێت بوونی هەیە کۆمەڵگەی کوردیش تژی بووە بە کۆمەڵێک دەنگ و ڕەنگ و کەسایەتی جیا. هەڵبەت من باسی ئەوە ناکەم و ناچمە وردەکاری ئەم پرۆسەیەوە کە کەسەکە دەبێت بەحەزی جەماوەر و بەپێی ویستی ئەویتر، جوڵە بکات تا ئەوەی پارێزگاری لە و سەرمایە ڕەمزییە بکات کە هەیەتی. ئەوەی من دەمەوێت ڕۆشنی بکەمەوە ئەوەیە، عەقڵی کۆمەڵگە و خەڵکەکە بەگشتی بۆ هەر سەردەمێک کۆمەڵێک پاڵەوان بەرهەم دەهێنێت. ئەوجا لە زەمینەی جیاوازدا وەک بواری ئایینی و سیاسی و هونەر و نووسین و …تاد جەماوەر زۆر بە دڵسۆزی و بە چاوەڕوانی زۆرەوە گرنگی بەم جۆرە پاڵەوانانە دەدات و هەموو هیوا و خەونی خۆی بەم جۆرە کەسانە دەبەستێتەوە. بۆ نموونە کاتێک پیاوێکی ئایینی دەکاتە پاڵەوانی خۆی، ئیتر هیوای بە دۆعا و بەرەکەتی ئەوە، لێی کۆدەبێتەوە، پارەی بۆ خەرج دەکات و …تاد یان نووسەرێک لە عەقڵی جەماوەردا دەبێتە پاڵەوان، ئیتر خوێنەرە گشتییەکە بەردەوام خۆی دەکاتە پلیکانەی گەورەبوون و بەرزبوونەوەی ئەو نووسەرە. تا ئێرە دیوە خۆشەکەی بەناوبانگبوونە! ئەمڕۆ دەبینین خەڵکی چۆن شەڕی ئەم حەزە دەکەن، چی دەکەن، چۆن تیکتۆک و ئینستاگرام و فەیسبووکی ئێمە پڕە لەوانەی خەریکی چێژوەرگرتنی ئەم خۆشییەن و جەماوەریش بێ قسورە لە گەورەکردن و فودانی ئەم کەسایەتییانە. هەڵبەت کۆمەڵگەی کوردی چون سیفەتی عیشقیانەی هەیە، کارگەی بەرهەمهێنانی پاڵەوان و بەناوبانگبوونە، کە لە نووسینی دیکەدا کەم و زۆر باسی کۆمەڵگەی عیشقیم کردووە، بەڵام عەقڵی جەماوەر ئەم پڕۆسەیە هەروا بە بەلاش و بێ بەرانبەر ئەنجام نادات. قەرزێکە دەیداتە پاڵەوانەکان، چونکە پاڵەوانەکانی کردۆتە مرۆڤی نیوچەخودا و هەموو پیرۆزی و کەم و کوڕییەکی لێ پاککردۆتەوە و وەک فریادڕەس و وینەی ئیدیاڵی ناو عەقڵی خۆی وێنای کردوون. بۆیە کاتێک ڕووداوێک ڕوودەدات، یان جەماوەر تووشی ڕووداوێک دێت، یەکەمین شتێک کە هانای بۆ دەبات پاڵەوانەکانی خۆیەتی، کە بەهانای بچن، وەک ئەو بیربکەنەوە، وەک ئەو بچێتە سەر شەقام، وەک ئەو جنێو بە حکومەت و نەیارەکانی بدات… لەمەشدا حەقی خۆیەتی، چونکە زۆربەی بەپاڵەوانبووەکانی کۆمەڵگەی کوردی درووستکراوی عەقڵی جەماوەرەکەن. نەک ئەوەی خۆیان پاڵەوانی ڕاستەقینەبن و لە ڕێگەی گوزراشتکردن لە بوونی خۆیانەوە ببونە ڕووداوێک و هەقیقەتێک لەناویدا ڕۆشنبووبێتەوە تا ئەوەی خۆی ببێتە پاڵەوان؛ بێ بوونی جەماوەر و شاهیدێک لە دەرەوەی خۆی. کە ئەمە بابەتێکی وردە و قسەی زۆر هەڵدەگرێت. لەو جێیەی بەپاڵەوانبووەکە ناچێت بەدەم خواستی جەماوەرەوە ئیتر جەماوەر دیوە ناخۆشەکەی خۆی نیشاندەدات و بە ئەندازەی خۆشەویستی جارانی ڕقی خۆی بەسەریاندا دەڕژێنێت. ئەگەر نموونەی زیندوو وەربگرین، بۆ نموونە خۆشەویستی جارانی خەڵک بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکردەکانی و ڕقی ئێستای، کە باوەڕم وایە باجەكەشیان دا و نەیانتوانی تەنها كورسییەكیش بۆ پەرلەمانی عیراق ببەن. هەڵبەت ئەمە بۆ ئەو بەپاڵەوانبووانەی دەرەوەی دەستەڵات، چونکە کەسانی ناو دەستەڵات پێویستیان بە ڕەنج و ماندووبوون نییە و لەڕێگەی حیزبەکەیەوە دەکرێتە پاڵەوان و لەو ڕێگەشەوە تڕۆ دەکرێت. کە ئەم بەپاڵەوانبوونە بە جۆرێکی تر درووستدەبێت لەسەر دڵسۆزی بۆ حیزب و سیمبولەکانی ناو دەستەڵاتەکە ڕوودەدات.

هەڵبەت هەشیانە زۆر بە شارەزایی ئەم یارییە لەگەڵ عەقڵی جەماوەر ئەنجام دەدات و جگە لە کەسە نزیکەکانی خۆی هەست بەم یارییە ناکەن، بۆ نموونە یاریکردنی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ عەقڵی جەماوەر و پاراستنی پێگە ڕەمزییەکەی خۆیان، یاریکردنی بەشێك لە هێزە نەیارەكانی دەستەڵات و هاو شێوەکانی کە باوەڕم وایە کاتی دەوێت تا دەکەونە بەر ڕقی جەماوەر.

لەم ماوەدا دوو ڕەوتی بەپاڵەوانبووی ناو دنیای سۆشیال میدیای ئێمە لە خۆشییەکەی خۆیان کەوتوون و ئێستا لەبەر ڕق و قینی عەقڵی جەماوەردان، یەکیان ڕەوتی سەلەفییەت و ڕەمزەكانی ئەم بوارەن کە یارییەکەیان بە کۆتا هاتووە و ئەوەی دەیپارێزێت لۆژیکی هێزە، نەک هێزی لۆژیک، چونکە ئیتر ناتوانێت یاری بە عەقڵی جەماوەر بکات و نابێتە گەرووی جەماوەر بۆ هاوار و حەزەکانی، ئیتر پێچەوانە دەبێتەوە، دووەم بەشێك لەو رەمزانەی گەشەپێدانی مرۆیین، هەڵبەت هۆکار زۆرن بۆ ئەو ڕق و قینەی خەڵکی، زۆر سادە بیڵێم ئەوەیە کاتێک هەرکەسێک شوناسی جۆرێک لە کەسێتی لەخۆی باردەکات و ئیدعای بۆ دەکات و پێی دەناسرێت، هەر کات لەناو خۆیدا و لە بوونی خۆیدا ئەو کەسە نەبوو، وەک بەشێك لە پاڵەوانە ئاینییەكان کە بانگەشەی دەعوە و چاکبوونی خەڵکی دەکەن و وەک ڕێبەری ئایینی خۆیان ناساندووە، کە کاری پێغەمبەرانە، کاتێک جەماوەر تەرز و ئاکاری پێغەمبەرانە لەوانە نادۆزێتەوە، پێشتریش متمانەی خودی شوناسەکەی داوەتە ئەو جۆرە کەسانە، هەست بەوە دەکات فێڵی لێکراوە، یان لەخشتە براوە، بۆیە توڕەدەبێت و لەو وێنە ئیدیاڵە پیرۆزەوە دایدەبەزێنێتە خوار و پیسترین و ناشرینترین شوناس و قسەی پێ دەڵێت. ئەگەر نموونەی نووسەران وەربگرین، زۆرن کە کەوتوونەتە بەر ڕقی خوێنەر و سیحرەکەیان بەتاڵبۆتەوە، هەندێکیش ئێستا پاڵێوراون بۆ ئەو ڕقەی جەماوەر، بەڵام جەماوەر چاوەڕێی ئاماژەیەکە. هەشیانە بەخۆشاردنەوە و یارییەکی زیرەکانە ئەم سزایەی خۆی دوا دەخات. کارەساتەکە ئەوەیە مرۆڤی ساویلکە پێش بوونی مانا پەلاماری شوناسەکە دەدات و دەیکاتە بەری خۆی، واتە لەجێی ئەوەی هەڵگری ڕۆحی شوناسەکە بێت پێش شوناسەکە، شوناسەکە هەڵدەگرێت بێ بوونی ڕۆحی شوناسەکە، ئەمەش جگە لە پاڵەوانێکی ساختە زیاتر هیچی دیکە نییە. زۆرن ئەوانەی شوناسی فەیلەسوف و ڕۆمانووس و ڕۆشنبیر و پیاوی ئایینی و سیاسی و …تاد هەڵگرتووە، بێ ئەوەی تۆزقاڵێک حەق و مانای ئەو شوناسەی دابێت کە ئیدیعای بۆ دەکات، بۆیە جەماوەر لەوەدا لەسەر حەقە کاتێک سزای پاڵەوانێکی خۆی دەدات و دەیکاتە سینەما. چونكە ئەو تەمای بە كەسێكی دیكە هەبووە و ئێستا كەسێكی دیكە دەبینێت. بۆیە بە ئەندازەی خۆشەویستییەكەی جارانی توڕە دەبێت و سزای دەدات.

هەڵبەت ئەمە یەكێكە لە خاسیەتە خراپەكانی كۆمەڵگەی كوردی كە دەست لە دروستكرنی پاڵەوان بەرنادات و هەر ڕۆژە پاڵەوانێكی نوێ بەرهەم دەهێنێت، بۆیە جەماوەری كوردی بەردەوام خەریكی گۆڕینی پاڵەوان و سزادانی پاڵەوانەكانییەتی. كە باش وایە بەجێی لایەنگری بۆ كەس و هێز و عەشیرەت، لایەنگیری لە سیستەم و جۆرێكی تر لە ژیان بكات. بەمە كۆتایی بە خەونی پاڵەوان دێت و لە جێی پیرۆزكردنی كەس، سیستەم و ڕێسا پیرۆز دەبێت و ڕەنگی كۆمەڵگە دەگۆڕێت.

Images: https://pixabay.com/fr/

Check Also

حەکایەتە هەڵبەستراوەکان

دلێر محەمەد نوری وەك ئاشکرایە کاری بانگخوازیی ئایینی، مێژوویەکی کۆنی هەیە. ئەگەر تا پەیدابوونی ئاینی …