“هەرچۆنێك بێت؛ بۆرژوازیی لە هەژاران تۆقیوە”

چەند تێبینییەك دەربارەى فیلمی “جۆكەر

پێشڕەو محەمەد

سەرەتا

دوای ئەوەى فیلمی “جۆكەر”م لە سینەمای “بابیلۆن”ی كرۆیتزبێرگی بەرلین بینی، لە دانیشتنێكی هاوڕێیانی “بازنەى واڵتەر بنیامین” لە بەرلین، پێش دەستپێكی بازنەی گفتوگۆ دەربارەى چەمكەكانی بارۆك، كەرنەڤالیسك، قەرەقۆز و هتد لە ئەدەبیاتی سەدەى حەڤدەی ئەڵمانییدا و شیكاریی بنیامین، ناوی فیلمی “جۆكەر” (2019) كەوتە سەر زاری یەكێك لە هاوڕێكانمان، پرسیاركرا كێ بینیویەتی، من و دوو هاوڕێی دیكە تەماشامانكردبوو. هاوڕێیەك لێی پرسیم: “فیلمەكە چۆن بوو؟” منیش گوتم: “هەرچۆنێك بێت؛ وا دیارە بۆرژوازیی لە هەژاران تۆقیوە!”. ئەم وەڵامە پرسیارێكی دیكەى بەدوای خۆیدا هێنا، ئایا دەكرێت بڵێین ئەم فیلمە دژی سەرمایەدارییە بەڕابەرایەتیی و تێچوونی ئیستەیبلشمێنت (دامەزراوەى باڵادەست) خۆى؟ كاتژمێری یەكەمی دانیشتنەكەمان بەم گفتوگۆیە تێپەڕی. بۆیە بڕیاردرا هەموومان بەیەكەوە بڕۆین سەیری فیلمەكە بكەین (بەوانەشەوە كە بینیبوومان). ئەمە بووە دەرفەتێك لە سەیركردنی جاری دووەمدا، كۆمەڵێك تێبینیی تۆمار بكەم و لێرە لەگەڵ خوێنەرانی كوردزماندا بەشی بكەم.

تا ئەم ساتەش سەدان و بگرە هەزاران وتار و لێدوان دەربارەى ئەم فیلمە لەئارادان، و بەناونیشانی زۆر سەیروسەمەرەشەوە. بۆ نموونە “خوێندنەوەى نیۆ-مۆدێرنیی بۆ جۆكەر”، “خوێندنەوەیەكی لاكانیی بۆ جۆكەر” (ئەم جۆرەیان زۆربەی مەیدانەكەى داگیركردووە)، كە پێدەچێت ساتێكی گونجاو بێت بۆ زیندووكردنەوەى فەلسەفە مردووەكان. بەڵام لەپشتی هەموو ئەم شیكارییانەوە، شتێك ونە: واقیعی توندوتیژی نایەكسانیی و سیستەمی سەرمایەداریی توندوتیژ. خۆی لەخۆشیدا ئەمە شتێكی باشە كە خەڵك ناچار دەكات یان ڕقی لە فیلمەكە بێت یاخود خۆشی بوێت. بەڵام لەهەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە، وەك میشایل موور گوتوویەتی: “گەورەترین مەترسیی سەر كۆمەڵگا ئەوەیە كە نەڕۆن سەیری ئەم فیلمە بكەن”. ئەمەش وایكردووە خەڵك بەپۆل بڕۆنە شانۆكان و هۆڵەكانی سینەماكان تا فیلمەكە ببینن و پاشان كاردانەوەیان بەرانبەر بە واقیعەكەی خۆیان پیشان بدەن.

هۆڵیوود و سەرمایەداریی

لەڕاستیدا بە ماوەیەكی كەم دوای بڵاوبوونەوە و پەخشكردنی ئەم فیلمە، میدیای بۆرژوازیی دەستیكرد بە بڵاوكردنەوەى چیایەك وتار و لێكۆڵینەوە دەربارەى توندوتیژیی، و توندوتیژیی لە فیلمدا، وەك بڵێیت مێژووی سینەمای باڵادەست پڕی نەبێت لە توندوتیژیی، فیلمی ترسناك، ئەپۆكالیپتیك (كارەسات) و شەڕی میلیتاریی و سەربازیی و ترس و تۆقینەكانی سینەما و شەڕە سایكۆلۆژییەكان. لەڕوانگەى بۆرژوازیی خۆیەوە، هەرچی توندوتیژییەك لەلایەن دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە بێت ڕەوایە، و پێیناگوترێت توندوتیژیی، بەڵكو تەنها كاتێك ئەوە توندوتیژییە كە هەژاران ئەنجامی بدەن و ئەمەش دەبێتە هۆى سەرهەڵدانی كەشی ترس و تۆقین و وەحشەت لە كۆمەڵگادا. مادام دەوڵەت مافی مۆنۆپۆلكردنی توندوتیژیی هەیە، كەواتە تاك، یاخود هیچ گروپێكی كۆمەڵایەتیی دیكە ئەو مافەى نییە توندوتیژیی بەكاربهێنێت. بەڵام ئەگەر سەیری مێژووی مۆنۆپۆل و مشتومڕی توندوتیژیی بكەین، ئەوا كرێكاران، یاخود هەژاران، تەنها بكەری سیاسیین مافی بەكارهێنانی توندوتیژییان هەیە.

وەك هەموومان دەزانین، ئەو فەزایەى بەسەر فیلمەكانی هۆڵیووددا بەدرێژایی چەندین دەیە، زاڵبووە، بریتییە لە جیابوونەوەى موتڵەقی فیلمەكان لە واقیعی كۆمەڵایەتیی. نایەكسانیی بەرفراوانی ئەمڕۆ، كاریگەریی و ئاسەوارەكانی سگهەڵگوشینی ئابووریی لەلایەن ڕژێمی نیۆلیبراڵەوە، سەرهەڵدانی بزووتنەوەى نوێی ڕاستڕەوی توندڕەو، هەڵكشانی چاودێریی بەسەر جەماوەردا و هێرشكردنە سەر ئازادییە مەدەنییەكان لەلایەن دەوڵەتەوە، جەنگە بەرفراوان و نەبڕاوەكان، و بڵاوكردنەوەى سەرتاپاگیری سێكسیزمی بەدامەزراوەییكراو و ڕاسیزم، زۆر بەدەگمەن لەلایەن هۆڵیوودەوە هەڵوەستەیان لەسەردەكرێت یاخود هەر نابینرێن. هەروەها هیچ كاتێك لە پیشەسازیی و مۆنۆپۆلی سەرمایەدارانەى هۆڵیووددا، كاردانەوەكان، بزووتنەوە ناڕەزایەتییەكان و ڕاپەڕینەكان دژی ئەم كێشانە نابینرێن؛ خۆ ئەگەر باسیش بكرێن، هەمیشە بە دیمەنی تۆقێنەر كۆتاییان دێت و هۆڵیوود لەبری هاوسۆزیی لەگەڵ قوربانیان، كەچی هاوسۆزیی لەگەڵ جەلاداندا دەكات. بێ هۆ نییە هەژاران هەمیشە تاوانبارن، گوناهبارن و لەئەزەلەوە هەڵگری گوناهی یەكەمن. ئەمەش ئەو قسەیەى واڵتەر بنیامینمان بیردەخاتەوە كە دەڵێت لەناو سیستەمی سەرمایەداریی وەك ئاییندا، هەژاران مادام هەژارن، تا ئەبەد سەر بە دۆزەخن. مادام بەهەژاریی لەدایك دەبین و ناتوانین لە هەژاریی دەربچین، كەواتە بە تاوانباریی و گوناهباری دەمرین؛ هەر هەوڵێكی دەستەجەمعیش بۆ دەرچوون لەم هەژارییە، بە تاوان و كوشتن كۆتایی دێت.

ئەو وێنەیەى جۆكەر بۆ سەرمایەداریی هاوچەرخ دەیكێشێت، دابڕان نییە لە ژانری كتێبی كۆمیدیی، بەڵكو بەشێوەیەكی گشتیی دابڕانە لە هێڵە قێزەونەكانی حیكایەتی هۆڵیوود. خۆ ئەگەرچی توندوتیژیی جۆكەر تۆقێنەرە، بەڵام هێشتا بەو ڕادەیەش تۆقێنەر نییە كە لە فیلمە ترسناكەكانی ئەم سیستەمە پیشەسازییە فیلمییەدا دەردەكەوێت. هۆڵیوود سەرەڕای ئەوەى لە واقیعی كۆمەڵایەتیی دووركەوتووەتەوە، بەڵام هەر شتێك لەناو ئەم واقیعە لەدژی هەلومەرجی باڵادەست بەرز ببێتەوە، لەلایەن هۆڵیوودەوە خێرا وەك نیشانەیەك بۆ تێكچوونی دونیا و كوشتن و تاوان لەدژی ڕادەپەڕێت و ملیۆنان دۆلار بۆ زەقكردنەوەى مەترسیی ئەوەى پێیدەگوترێت توندوتیژیی جەماوەر، تەرخان دەكات.

هەر لەبەرئەوە فیلمەكە هەر خێرا لەلایەن میدیای بۆرژوازییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە و بەردەوام مۆركی “هاندەری توندوتیژیی” لێدەدرێت و دەڵێن فیلمەكە خەڵك ناچار دەكات هاوسۆزیی لەگەڵ جۆكەر یاخود بكوژاندا هەبێت. بۆ نموونە سەرەڕای ئەوەى هەندێك لە كوشتنەكان بەدیمەنی دڵتەزێن كۆتایی دێت، بەڵام بینەر تا كۆتایی فیلمەكە تووشی حاڵەتێكی پڕ لەجۆش و خرۆشی بەرگریكردن لە جۆكەر دەبێت. ئەمە وادەكات میدیای بۆرژوازیی بەتەواوی بتۆقێت: هاوسۆزیكردن لەگەڵ جۆكەر، ڕەوایەتیدانە بەو دروشمەى جۆكەر بووەتە ئیلهام بەخشی: دەوڵەمەندان بكوژن، یاخود دەوڵەمەندان بخۆن. بۆیە نابێت تووشی سەرسوڕمان ببین لەم كاردانەوەیەى بۆرژوازییدا، چونكە چینی باڵادەست هەمیشە و بەبەردەوامیی لە هەموو ڕاپەڕینێكی جەماوەریی دەترسێت و دەتۆقێت و ئەمەش لەو قسەیەى جۆكەر لە كۆتایی فیلمەكەدا ڕەنگدەداتەوە: “ئەوشتە بەدەست دەهێنن كە شایستەتانە”. بۆرژوازیی لەپاشەڕۆژی خۆی دەترسێت: بە چارەنووسی چاوەڕوانكراوی خۆی بگات: كەوتن و ئاوابوون و نەمانی. هاوكات فیلمەكەش وامان لێدەكات هاوسۆزییمان لەگەڵ جۆكەردا هەبێت نەك لەگەڵ سۆپەر ملیۆنەرەكان، واتا بۆ نموونە تۆماس وەین. كاتێك جۆكەر ئازاری دەچەشت، كاتێك جۆكەر دەیناڵاند و كاتێك جۆكەر كردەى دەنواند، فەزای سینەمای بەرلین بەجۆرێك بوو هەمووان هاوسۆزییان لەناو چاویان بۆ جۆكەر لێ دەخوێندرایەوە، كەچی كاتێك تۆماس وەین بەدەستی ڕاپەڕیوان كوژرا، نیگایەكی دەوروبەرم كرد، كەس هەستی بۆی نەجوڵابوو. یەكێك لە بنەماكانی سینەمای جەماوەریی، ئەوەیە كە بینەر والێدەكات هاوسۆزی قوربانیان بێت نەك جەلادان. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەتوانین بە فیلمی “جۆكەر” بڵێین ژانری سینەمای جەماوەریی؟

سەرمایەداریی و نەخۆشییە عەقڵییەكان

لە فیلمی “جۆكەر”دا ئارسەر فلیك (خواكین فینیكس)، كەسێكە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە تووشی تێكچوون بووە و ناڕێكیی و تێكچوونێكی عەقڵیی لەگەڵدایە كە دەبێتە هۆى ئەوەى لە سەرتاپای ژیانیدا بە بەردەوامیی و بە دەنگی بەرز قاقا پێبكەنێت و بۆی كۆنتڕۆڵ نەكرێت كە زۆر جار ئەم پێكەنینە تێكەڵی ئازار و هەنسك و گریان دەبێت. ئارسەر خەون بەوەوە دەبینێت ببێتە ئەكتەری كۆمیدیی و ئەمەش بەو جۆش و خرۆشەوە ئاراستە دەكرێت كە دەیەوێت پێكەنین بخاتە سەر زاری خەڵكانی دیكەوە. هەر بەهۆی ئەمجۆرە نەخۆشییە كۆنتڕۆڵنەكراوەوە، واتا ئەمجۆرە ڕەفتارە تایبەتەوە، ئارسەر تێدەگات كە تەنها قوربانییەكە و هیچی دیكە. ئێمە دەبینین كە ئارسەر وەك قەرەقۆز (clown) كاردەكات تا سەرنجی مشتەریان ڕابكێشێت و لەم ڕێگایەشەوە بڕێك پارەى دەستبكەوێت. گروپێك لە لاوانی بەڵتەجیی لەسەرەتای فیلمەكەدا هێرشی دەكەنە سەر و پلاكاردەكەى دەستی دەڕفێنن و پاشان لە كۆڵانێكدا بەدەموچاوی خۆیدا دەكێشن و دەیشكێنن و تێڕوپڕ دەیكوتن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەى خاوەنكارەكەى لە پارەكەى كەم بكاتەوە تا ئەم پلاكاردە بكڕێتەوە. پەلاماری ئەم لاوە بەڵتەجییانە بۆسەر ئارسەر، لە فیلمەكەدا، دەبێتە هۆی ئەوەى ڕیچارد برۆدی، لە جۆرناڵی “نیو یۆركەر”دا فیلمەكە بە فیلمێكی ڕاسیستیی لەقەڵەم بدات[1]. بزانین بۆ؟ خۆى كێشەكە لەوەدایە فیلمەكە بە هێرشی كۆمەڵە گەنجێكی بەڵتەجیی دەستپێدەكات كە بۆ برۆدی دەبێتە بیانوو تا وەك هێرشی ڕاسیزمی ڕەشپێست بۆسەر ئینسانی بێگوناه و بێتاوانی سپی پێست وەسفی بكات. ئەمجۆرە لێكدانەوە و تەفسیرە كۆن و بەسەرچووە هەمیشە ئامادەیی هەیە بۆ شاردنەوەى واقیعی كۆمەڵایەتیی. ئەمجۆرە تەفسیرە پەنجە لەسەر بێدەرەتانیی و ڕەتكرانەوە و ژیانی كوشندەى ئارسەر دانانێت، هەروا بەسادەیی وەك قوربانیی تاوانی ڕەشپێست لەقەڵەمی دەدات.

ئارسەر دوای ئەوەى دەمانچەیەك دەباتە نەخۆشخانەى منداڵانەوە و ئاشكرا دەبێت، كارەكەى لەدەستدەدات و لە میترۆی وڵ ستریت لەلایەن سێ كەسەوە سوكایەتیی پێدەكرێت، تەنها بەهۆى ئەوەى ئارسەر ناتوانێت كۆنتڕۆڵی پێكەنینەكەى بەڕووی ئەواندا بكات. پاشان هێرشی دەكرێتە سەر و تەقە لە دوانیان دەكات وەك جوڵەى بەرگریی لەخۆكردن، پاشان دوای سێیەم كەس دەكەوێت و لەبەردەم پەیژەكانی دەرچوونی میترۆدا ئەویش دەكوژێت. شوێنی ڕووداوەكە پێدەچێت “گۆتهام”ی نیویۆرك بێت.

دەكرێت لەو فیلمەوە تێبگەین سەرەڕای بەرهەمهێنانی نایەكسانیی و هەژاریی، سەرمایەداریی چۆن نەخۆشییە دەروونییەكان، شیزۆفرینیا و نەخۆشییە عەقڵییەكان بەرهەمدەهێنێت و ئینسان بەرەو لانەى خۆكوژیی و بێ هیوایی و پاشان تاوان دەبات. و دواجار تاوانبار وەك هەڕەشە لەسەر كۆمەڵگا لەقەڵەم دەدات تا لەو پێناوەدا دەزگا دەوڵەتییەكانی زیاتر كۆنتڕۆڵی كۆمەڵگا بكەن و هێزەكانی ئاساییش و سەركوت زیاتر بكەن. ماركس جارێك سەبارەت بە ڕاپەڕینی هیندییەكان دژی سوپای بریتانیی لە هیندستان، كە لە میدیای بریتانییدا وەك وەحشیگەرایی لەقەڵەم درابوو، گوتبووی، توندوتیژیی هیندییەكان چەندە گەورەش بێت، ڕەنگدانەوەى توندوتیژیی حاكمییەتی بریتانیایە لەم وڵاتەدا. ئینجا هێرشی ئارسەر بۆسەر ئەم سێ كەسە چەندەش لە فیلمەكەدا و پاشان لەلایەن “تۆماس وەین”ـەوە دڕندانە وەسفكرێت، ئاوێنە و ڕەنگدانەوەى حاكمییەتی سەرمایەیە لەسەر كۆمەڵگا كە چۆن خەڵكانی هەژار بەرەو لانەى بێهیوایی و خۆكوژیی یاخود تاوان دەبات.

دەوڵەمەندان بخۆن

دوای ئەوەى تۆماس وەین دێتە سەر تەڤزیۆن و بكوژ بە قەرەقۆزێك كە لەپشتی ماسكەوە خۆی شاردۆتەوە، تۆمەتبار دەكات و وەك دژی كەسانی تێكۆشەر (دەوڵەمەندان) لەقەڵەمی دەدات، بزووتنەوەیەك بە ماسكی قەرەقۆزیی و هاوشێوەى جۆكەر سەرهەڵدەدات بەناوی “دەوڵەمەندان بكوژن یاخود دەوڵەمەندان بخۆن”. هاندانی هەژاران دژی دەوڵەمەندان لە فیلمدا دیاردەیەكی تازە نییە، ڕیشەكەى دەگەڕێتەوە سەر فیلمسازانی سەرەتای یەكێتیی سۆڤێت. بەڵام دیارترین نموونە فیلمەكانی “جۆرج ڕۆمیرۆ”یە لە سەردەمی نوێدا. ڕۆمیرۆ فیلمە زۆمبییەكانی خۆی بۆ پیشاندانی ئەو شتە بەكاردەهێنێت كە گەورەترین دوژمنی عەدالەتە، واتا سەرمایەداریی. فیلمی “سەرزەمینی مردووان” ئەو هیوا و ئومێدە زیندوو دەكاتەوە كە دەكرێت جیهانێك هەبێت تیایدا خەڵك و زۆمبییەكان بەئاشتییانە پێكەوە بژین، بەبێ هەبوونی ئیمپراتۆرەكان و حاكمە زلهێزەكان.

لەبەرانبەریشدا ڕاوكردنی جۆكەر و قەرەقۆز و زۆمبییەكان، لە سینەمای هۆڵیوود و بەكورتیی لە سینەمای هاوچەرخدا، زۆر بەرچاوە. قەرەقۆز یاخود جۆكەر دیاردەیەكی نوێ نییە، ڕەمزی پشێویی و نائارامیی و كوشتار و ترس و تۆقینی خەڵكە و بۆیە هەرچی باتمان و سۆپەرمانەكانن خەریكی ڕاوكردنی جۆكەر و قەرەقۆزەكانن. باتمان هەمیشە حیكایەتێكی كۆنەپارێزانە بووە، ساماندارترین كەس لە شارەكەدا وەك تەنها كەسێك پیشان دەدرێت كە دادپەروەریی دەپارێزێت. هێس لێتجەر (جۆكەر)ی فیلمی “سوارچاكی تاریكیی” (The Dark Knight) (2008) وەك هێزێكی سروشت دەردەكەوێت، و ئێمەش بەتەواویی لەوە بێبەش دەبین لە ژیانی ناوەكیی كارەكتەرەكە تێبگەین. لە فیلمەكەی باتماندا ئێمە جۆكەر دەبینین كە “تەنها دەیەوێت تەماشای سووتان و تێكچوونی جیهان بكات”. دەتوانین ئەم دیمەنەش بگەڕێنینەوە سەر ئایدیۆلۆژیای ئیمپریالیستیی ساڵانی حوكمڕانیی جۆرج بۆش. تیرۆریستەكان، دەگوترا، بەهۆى تاوانەكانی ئیمپریالیستەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریانهەڵنەداوە. نەخێر، ئەوان هەروا بەسادەیی “شەیتان” و “خراپەكارن”، “ڕقیان لە ئازادییە” و هتد. باتمان (با بڵێین ئیمپریالیزم)، لەپێناوی وەستاندنیان، پێویستی بە بەكارهێنانی ئەشكەنجە و چاودێریی جەماوەریی نایاسایی هەبوو: واتا سی ئای ئەى. لە مێژووی ئەدەبیاتدا هیچ كەسێك هێندەى فرانتز كافكا بەجوانیی ئەم دیمەنەى ئیمپریالیزم و كۆڵۆنیالیزمی لە چیرۆكی “لە كەمپی سزادراوان”دا وەسفنەكردووە. بۆ ئەوەى لە هۆكارەكانی ئەمجۆرە پاڵنەرانەى كۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزم تێبگەین، دەبێت ئەم چیرۆكەى كافكا بخوێنینەوە.

هەموو ئەمانەش دەمانباتەوە سەر سەدەكانی ناوەڕاست، كە فیودالیزم هاوشانی ڕۆحانییەكان دەستیانكردبوو بە ڕاوكردنی جادووگەرەكان وەك تێكدەرانی ڕێوڕەسم و نەزمی كۆمەڵگا. لەڕاستیدا ژنەجادووگەرەكانی سەدەكانی ناوەڕاست، دەكرێت بڵێین یەكەم ڕۆشنگەرانی سەردەمی نوێ بوون كە تەحەدای دەسەڵاتی فیودالیی و كڵێساییان دەكرد، لەبەرئەوەش، ڕاوكردنی ژنەجادووگەران ببوو بە جەنگێكی موقەدەسی ئایینیی. كتێبەكەى سیلیڤیا فەدریچی بەناوی “كالیبان و ژنەجادووگەر” (Caliban and the Witch) بەوردیی باس لە كەڵەكەكردنی سەرمایە دەكات لەڕێگای ڕاوكردنی ژنەجادووگەرانەوە، بەكورتیی: كەڵەكەكردنی سەرمایە لەسەر جەستەى هێزی كاری هەرزانی ژنان.

بەڵام بۆ یەكەمجار لە سینەمادا، دەبینین هەوڵی ڕاوكردنی جۆكەر لەلایەن نەزمی باڵادەست، واتا ملیۆنەرەكان بە دارودەستەكانیانەوە، هیچ جۆش و خرۆشێك لە جەماوەردا دروست ناكات، بەپێچەوانەوە لەگەڵ جۆكەردا هاوسۆزیان دەكات. بۆ نموونە كاتێك بەرنامەى كۆمیدیی مورای فرانكلین ئارسەر بانگهێشتی بەرنامەیەكی ڕاستەوخۆ دەكات، ئارسەر داوا دەكات بە “جۆكەر” بانگبكرێت، و ئەمجارە بە ماكیاژی قەرەقۆزییەوە دەچێتە ناو بەرنامەكەوە. مورای كە لەڕێگای گاڵتەكردن بە خەڵكانی دیكەوە و هێنانیان بۆ سەر شاشە دەیەوێت كاروكاسبی بەرنامەكەی و سەرمایەكەی درێژە پێبدات، دەستدەكات بە گاڵتەكردن بە ئارسەر تا پێكەنین بخاتە سەر زاری ئامادەبووانەوە. ئارسەریش دەستدەكات بە داننان بە كوشتنی سێ كەسەكەى ناو میترۆكەوە و ئەوانیش تووشی شۆك دەبن و دەڵێن ئەمە هیچ نوكتە و جۆكێك نییە. ئارسەریش داوا دەكات دوایین نوكتەی خۆی بگێڕێتەوە.

“كاتێك كەسێكی عەقڵ نەخۆش ئاوێتەى كۆمەڵگایەك دەكەن كە ڕەتیاندەكاتەوە، ئێوە چی بەدەستدەهێنن؟” پاشان هەر خۆی بەشێوەیەكی ڕەوانبێژانە وەڵام دەداتەوە: “ئەوە بەدەستدەهێنن كە شایستەتانە!” و یەكسەر دەمانچەكەى دەردەهێنێت و فیشەكێك دەنێت بەنێو چاوانی فرانكلینەوە لە بەرنامە ڕاستەوخۆكەدا و پاشان فیشەكێكی دیكەى پێوە دەنێت. ڕێك دوای ئەم دیمەنەش، یاخیبوونی جەماوەریی دەستپێدەكات و یەكێك لە خۆپیشاندەران هێرشدەكاتە سەر تۆماس وەین و پێش ئەوەى تەقەی لێبكات دەڵێت: “ئەوە بەدەست دەهێنن كە شایستەتانە”.

سینەمای هۆڵیوود هەمیشە خەڵكانی لادەر لە كۆمەڵگا و دژەسیستەم وەك خەڵكانی خراپ و شەیتانیی لەقەڵەم دەدات و پیشانیان دەدات. سەرتاپای فیلمی هۆڵیوود پڕە لەم كەسانە. بۆ نموونە زۆربەى ئەوانە هەر بەزگماك و كە لەدایك دەبن خەڵكی خراپن، واتا بەهیچ جۆرێك باس لەو هەلومەرجە و ژینگە كۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی و یاساییە ناكرێت كە مرۆڤەكان گەندەڵ و خراپ دەكات. یاخود وەك مۆنتسكیۆ دەیگوت: یاساكان هەم دەیانەوێت خراپەكاریی كۆنتڕۆڵ بكەن و هەم خەڵكیش خراپ دەكەن. ئەگەر نموونەیەكی زەق بهێنمەوە، كە پێموایە زۆربەمان دەیناسین: فیلمی پاشای ئەنگوستیلەكان. ئۆركەكان بەزگماك و كە لەدایكدەبن شەڕانیی و شەیتانیی و خراپەكارن. ئەمەیە سیاسەتی سینەمای هۆڵیوود. بەڵام ئەگەرچی ئارسەر (جۆكەر) كەسێكی عەقڵ نەخۆشە، بەڵام فیلمەكە بەهیچ جۆرێك وەك خراپەكار پیشانی نادات، سەرەڕای نەخۆشییەكەشی، تا ئەو كاتەى ڕووبەڕووی كارەساتی بێكاریی و بێدەرەتانی دەبێتەوە، هیچ ڕابردوویەكی خراپەكاریی نەبووە. كەواتە فیلمەكە پیشانی دەدات، كە ئەوە ژینگەى سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و یاسایی و ئابوورییە ئارسەر ناچار دەكات دەست بۆ كوشتن بەرێت. ئارسەر لە كۆمەڵگایەكدا دەژیت كە كەسانی وەك ئەو ڕەتدەكاتەوە و گاڵتە و سوكایەتییان پێدەكات. بۆ نموونە كاتێك دیمەنی فیلمەكە دەستپێدەكات، پێنج گەنجی بەڵتەجیی هێرشدەكەنە سەر ئارسەر بەبێ ئەوەى ئارسەر تاوانێكی كردبێت، تەنها تاوانی ئەو لەڕوانگەى سەرمایەداریی و كۆمەڵگای باڵادەستەوە، هەژاریی و نەخۆشییە جەستەییەكەیەتی. كۆمەڵگایەك یارمەتیی كەسەكانی نادات؛ كۆمەڵگایەك قازانج دەخاتە پێش ئەو كەسانەى پێویستیان بە یارمەتیی هەیە.

گاڵتەكردن بە هەژاران

دیمەنێكی دیكەى ڕازاوە و جوانی فیلمەكە، پیشاندانی فیلمی “سەردەمە تازەكان”ی چارلی چاپلنە لە “وەین هۆڵ”دا كە تەنها مۆڵتی ملیاردێر و سۆپەر ملیۆنەرەكان دەتوانن دەستیان پێیبگات. وەك هەمووان دەزانین سەرجەمی فیلمەكانی چاپلین هاوسۆزیكردن بوو لەگەڵ هەژاران و چینی كرێكار و فیلمەكانی بەقوڵیی دژی سەرمایەداریی و فاشیزم و ڕاسیزم بوون. دژی جەنگ و كاولكاریی و ماڵوێرانیی و دەركردنی بەشە بێدەنگكراوەكانی كۆمەڵگا بوون.

ئەم دیمەنە نوخبەكانی گۆتهام پیشان دەدات كە چێژ لە “سەردەمە تازەكان”ی چاپلین وەردەگرن و قاقا پێدەكەنن. لێرەدا زۆر شت هەیە دەتوانین سەربارەت بەم دیمەنە بیڵێین: تانە و تەشەری پێكەنینی دەوڵەمەندان بەرانبەر بە خەباتەكانی هەژاران (چونكە لەبەردەمی وەین هۆڵدا خۆپیشاندان و یاخیبوونی جەماوەریی ماسكپۆشەكان دژی دەوڵەمەندان هەیە)، ڕۆڵی قەرەقۆز لە كۆمەڵگایەكی نایەكساندا، ئەو شێوازەى كارەكتەرەكان سەیری كلیپێكی فیلمی بێدەنگی دەیەى 1930 دەكەن، و خۆیان بەبێ كۆنتڕۆڵ و بەبێ سنوور لە زەمەن و شوێندا دەردەخەن. بەڵام بەراوردكارییە سەرەكییەكە لێرەدا لەنێوان “جۆكەر و سەرگەردان “(چاپلین)دایە. فیلمەكە پێشنیاری ئەوە دەكات كە ئەم كارەكتەرانە مایەی بەراوردكردنن لە خەباتی خەڵكانی هەژار لە جیهانێكدا كە دژیان دەوەستێتەوە و نامۆیان دەكات و لەهەموو خۆشیی و ئاساییش و بەختەوەرییەك دەریان دەكات.

كارەكتەری چاپلین لە فیلمەكەیدا وەك كرێكارێكی پیشەسازیی دەردەكەوێت لەلایەن ئامێری پیشەسازییەكەیەوە تێكدەشكێنرێت و لەدەرەنجامدا دەبێتە بەشێكی ئامێرەكە. بەڵام جۆكەر لەسەرەتادا بەتەواویی كارەكتەرێكی نامۆكراوە، تەواو بێتوانایە لە پەیوەندییكردن بە كەسانی دیكەوە. سەرگەردان (چاپلین) بەتەواوی مانا لەلایەن ئامێری بەرهەمهێنان و بەڕێوەبەرانەوە تێكدەشكێنرێت، بەڵام ئەو هێشتا لەتوانایدایە بگات بە كەسانی دیكە و پەیوەندیی مرۆیی دابمەزرێنێت و ئیلهامیان پێبدات، بەڵام جۆكەر لەسەرەتادا بەهۆی نەخۆشییەكەیەوە لەم توانایە بێبەشە.

پیشاندانی دیمەنی سەیركردنی فیلمی چاپلین لەلایەن ملیۆنەرەكانەوە، هەم مانای گاڵتەكردن و سوكایەتییكردن بە هەژاران هەڵدەگرێت و هەم مانای ئەم بەراوردكارییەش.

دەرەنجام

لەڕاستیدا جۆكەر بە دروستیی ڕەخنە لە كردەوەكانی سیستەمی سەرمایەداریی دەگرێت. ئەو هەژارییە زەق دەكاتەوە كە سەرمایەداریی بەرهەمی دەهێنێت و هەروەها ئەو یاخیبوون و ڕاپەڕینەش پیشان دەدات لەلایەن ئەو خەڵكانەوە كە هیچیان نییە لێی بترسن و بیدۆڕێنن جگە لە هەژارییەكەیان نەبێت. فیلمەكە كۆمەڵگایەك پیشان دەدات كە وادەكات تاكەكانی دەست بۆ تاوان بەرن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، فیلمی جۆكەریش بڕێک لە گێڕانەوەى كۆنەپارێزیی فیلمەكانی باتمانی لەخۆیدا هەڵگرتووە. كوشتنی دایكی، دیمەنێكی تۆقێنەرە كە ترس دەخاتە دڵ و دەروونی هەمووانەوە. ئارسەر ئەگەرچی بەم دیمەنانەشەوە پیشاندەدرێت، بەڵام فیلمەكە لەسەرەتاوە پێشنیاری ئەوە دەكات كە چۆن ئارسەر خۆى كردووەتە قوربانیی بۆ بەخێوكردن و ئاگاداربوونی دایكی، هەر لە نان بەدەم كردنییەوە تا شووشتنی و دانیشتن لەگەڵیدا بەدیار فیلم و تەلەڤزیۆنەوە. كەواتە ئارسەر لەسەرەتاوە وا پیشاندەدرێت كە وەك بكوژ لەدایك نەبووە، بەڵكو ئەوە سیستەمە تاوانبارەكەیە دەیكاتە بكوژ.

پیشاندانی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە بە ماسكەوە بۆرژوازیی و چینی ناوەڕاستی تۆقاندووە، ئەگەرچی پێویست ناكات فیلمەكە بانگەشە بۆ سۆسیالیزم بكات و ناشكرێت چاوەڕوانیی شتێكی وەها لەمجۆرە فیلمانە بكرێت، بەڵام خراپیش نییە ئەگەر فیلمێكی زۆر بتوانن شتێك دەربارەى واقیعی ئەو جیهانە بڵێن كە تیایدا دەژین. جۆكەر تەنها لەمسی چەند شتێك لەم جیهانەدا دەكات، نەك دەست بۆ واقیعە هەرە مەترسیدارەكانی ئەم سیستەمە بەرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی ئەمجۆرە فیلمانە ئێجگار گرنگە. ئێمە پێویستمان بەوەیە زیاتر لە حەقیقەتی ئەم سیستەمە نزیك ببینەوە، لەم پرۆسەیەشدا پێویستمان بە هەموو فۆرمەكانی هونەر، سیاسەت، ئەدەبیات، و فیلم هەیە.

[1] https://www.newyorker.com/culture/the-front-row/joker-is-a-viewing-experience-of-rare-numbing-emptiness





پێشڕه‌و محمه‌د
نووسه‌ر

Check Also

تراژیدیا ئەقلێ مرۆڤێ کورد

موحسین ئوسمان تەڤ خەونێن مە هلوەراندن! هشمەندیا مەیا دیرۆکی، جڤاکی و سیاسی، نەگەهشتبوو پلە و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *