یه‌ك شه‌ممه‌, ئازار 29, 2020
frku

هێماكانی سەركەوتنی ژنان لە كار و ژیان‌دا

نووسەر: برایان ترەیسی

وەرگێڕ: لەیلا قادری

پێشەکیەکی کورتی وەرگێڕ

ئەو كتێبە چكۆلە و بە ناوەرۆك گەورەیە، وەبیر ژنانی دێنێتەوە كە خاڵە بەهێزەكانی خۆیان لە بەرچاو بگرن و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەهێزتریان بكەن. باس لەوە دەكات كە ژنان نابێ هەستی متمانە بە خۆیان بێتە خوارێ.

برایان ترەیسی كەسایەتییەكی ناسراوە لە بواری كەڵك‌وەرگرتنی باش‌تر لە كات و چاك‌سازیی كردەوەی تاكەكەسی.

ئەو، هەموو ساڵێ زۆرتر لە سەدهەزار كەس فێری بنەما و شێواز و تەكنیكەكانی چاك‌سازی كردەوەی تاكەكەسی دەكات. ئەو مرۆڤ فێر دەكات كە چۆن دەتوانن هاوكات لەگەڵ سازكردنی هاوسەنگی لە ژیانیان‌دا، پێشكەوتنی خۆیان دوو یان سێ بەرامبەر بكەن.

ئەم كتێبە چكۆلە بە ناوەرۆك گەورەیە، بە فێركردنی ڕەمز و ڕازەكانی سەركەوتن بۆ ژنان لە ژیان و لە كار و هەروەها باش‌ترینی ئەو بیر و باوەڕ و شێوازانەی تا ئێستا دۆزراونەتەوە، دەخاتە ڕوو.

نووسەر لەم کتێبەدا بە بڕگەی کورت کورت چەغت لە بیرۆکەکانی دەکات و ئێمەیش تەواویی کتێبەکە وەک خۆی لێرەدا بە چەند بەشێک دەیخەینە ڕوو.

بەشی سێهەم

هەرگیز مەهێڵن ژن‌بوونتان ببێتە هۆی كردەوەی لاوازتان.

***

كاتێك لە شوێنی كار لەگەڵ كەسێك گرفتێكتان هەیە، ئەو بابەتە بە شێوەیەكی تایبەت لەگەڵ خۆی باس بكەن.

***

سەركەوتنتان لە كاردا، لەگەڵ ژمارەی ئەو كەسانەی كە بە هۆی ئەو كارەوە دەتان‌ناسن و ڕێزتان بۆ دادەنێن، پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە.

***

بەڕێوەبەرایەتی یانی وەئەستۆ گرتنی بەرپرسایەتی، بۆ وەدەست‌هێنانی بەرهەمی دڵ‌خواز.

***

دیاری‌كەری بەختەوەری و سەركەوتنی ئێوە، ڕادەی هێز و گوڕێكە كە دەبێتە هۆی ڕاهاتن لەگەڵ خەڵك. كاریگەریی ئەوەش هەرگیز كەم‌تر لەو هۆكارانەی دیكە نییە.

***

هەستی خێرا و زوو بەڕێوەبردنی كار لە خۆتان‌دا بەهێز بكەن. خێرایی بۆ ئەنجامی كار، بۆ سەركەوتن پێویستە.

***

ئەو كەسانەی كارەكان بە خێرایی بەڕێوە دەبەن، لە ڕوانگەی هەموو كەسەوە، كەسانێكی بەتواناتر و بەكەڵك‌ترن.

***

توانایی بۆ تەماگرتن و بەڕێوەبردنی ئەو لە هۆكارە بنەڕەتییەكانی پێشكەوتنی خێرایە لە كاردا.

***

بەڕێوەبەری بە مانای ڕاكێشانی پشتیوانی خەڵكە. چەندە پشتیوانی لە خەڵك بكەن، ئەوەندەتان پشتیوانی لێ دەكرێ.

***

لە هەر قۆناغێكی كاردا بن، قەت لە ڕاوێژ و پرس‌وڕا ڕوو وەرمەگێڕن. كەسێك بدۆزنەوە بتوانێ ڕاسپێریی بەسوودتان بداتێ و ڕێنموونیتان بكات.

***

هەستەكانتان كۆنتڕۆڵ بكەن. بەر لە هەر دژكردەوەیەك هەناسەیەكی قووڵ هەڵكێشن و هەتاكوو 10 بژمێرن.

***

لە وت‌ووێژەكان‌دا كۆنتڕۆڵ بە دەست ئەو كەسەوەیە كە پرسیار دەكات. بۆ وەدەست‌گرتنی وت‌ووێژ، پرسیار لە خەڵك بكەن.

***

قەت پێتان وا نەبێ هەموو شتێك دەزانن؛ پرسیار بكەن. (پرسا بن و زانا بن)

***

ئەگەر ئیشەكەتان وایە كە دەبێ سەرنجی كڕیار ڕاكێشن، ئەركی ڕاستەقینەتان چارەسەر كردنی گرفتەكانە.

***

تواناییتان بۆ لابردنی گرفتەكان، كاریگەرییەكی بەرچاوی لە سەر ڕادەی پێشكەوتی كاریتان هەیە.

***

زەینێكی خوڵقێنەرتان هەبێ. بۆ تەواو بوونی گرفت و ئەنجامی كارەكان، هەمیشە بە دوای دۆزینەوەی ڕێگای خێراتر، تازەتر، باش‌تر و كاریگەرتردا بن.

***

بەر لەوەی دژكردەوەیەكتان هەبێ، تێبكۆشن بە پرسیار كردن و بە وردی گوێ‌شل كردن بۆ وەڵامی پرسیارەكانتان، ڕاستەقینەتان بۆ وەدەركەوێ.

***

لەو بابەتەی پێویستی بە بڕیاردان و وەڵامی خێرا هەیە، خۆتان مەخەنە ژێر گوشارەوە. بۆ هەڵسەنگاندنی بە وردی بارودۆخەكە و وەڵام دانەوەیەكی بەجێ، داوای كاتی زۆرتر بكەن.

ئەو بڕیارانەی بەپەلە دەگیرێن، قەت ناتوانن بڕیارێكی دروست و بەجێ بن. لە بڕیاردانی وادا پەلە مەكەن.

***

فێر بن بۆ داواكردنی حەقدەستی زیاتر، پلە پێدان، دەست‌خۆشانە و پلەوپایە، بە شێوازێكی دروست و بەجێ بچنە نێو وت‌ووێژەكەوە.

***

ئامادەبوون تایبەتمەندی تاكە شارەزا و تواناكانە. بەر لە هەموو وت‌ووێژێك خۆتان ساز و ئامادە بكەن.

***

كاتێك كارێك یان حەقدەستێكتان پێ پێشنیار دەكرێ، دەستەوبەجێ قەبووڵی مەكەن. داوا لە پێشنیاردەرەكە بكەن دەرفەتێكتان بۆ پشكنینی ئەم بابەتە بداتێ.

***

كاتێك سەبارەت بە حەقدەست دەچنە نێو وت‌ووێژەوە، هەموو كات ڕەقەمێك زیاتر لەوەی چاوەڕوانی وەرگرتنی ئەوتان هەیە، پێشنیار بكەن.

***

بە وردی بزانن كە بۆ وەرگرتنی حەقدەستی زۆرتر، دەبێ چ كاروبارێك ئەنجام بدەن.

***

بۆ دووركەوتنەوە لەو بارودۆخانەی بۆتان قەبووڵ ناكرێن، هەمیشە ساز و ئامادە بن. ئەوە دوایین تەكنیكی وت‌ووێژە.

***

دیاری كردنی كات هۆكارێكی پێویستە بۆ وت‌ووێژ.

***

كاتی خۆتان بۆ باس‌كردنی بابەتە پێویستەكان بە وردی دیاری و دابەش بكەن.

***

زەین بۆ شی‌كردنەوە و تاوتوێ كردنی بابەتەكان، پێویستی بە كات هەیە. كە بیرۆكەیەكی تازە دێننە ئاراوە، كاتێك بۆ بیركردنەوە بە لایەنی بەرامبەرتان بدەن.

سەركەوتنتان لە ژێر كاریگەریی چۆنیەتی و چەندێتی ئەو بیرۆكە تازانەدایە كە دەیخەنە ئاراوە.

***

ئێوە بلیمەتێكی پەنگراون. ژمارەی ئەو بیرۆكانەی بۆ پێشكەوتنی خۆتان دەیخەنە ئاراوە، لە ڕاستی‌دا بێ‌سنوورن.

***

بۆ وەدەست‌هێنانی متمانە بەخۆ بوون و ڕێز بۆ خۆ دانان، پێویستە لە بواری ئابووری‌دا سەربەخۆ بن.

***

ئازادیی ئێوە تەنیا بە قەد ئەو هەڵبژاردە و خاڵە باشانەیە كە لە بەردەستی خۆتان‌دایە.

***

ئەگەر ناتوانن پووڵ پاشەكەوت بكەن، تۆوی پێشكەوت لە ناختان‌دا نییە.

(دابلیوو، كێلێمێنت ئیستۆن، بازرگانی میلیاڕدێڕ)

***

هەست بە بەختەوەری، پێوەندی بەوەوە هەیە كە تا چ ڕادەیەك پێتان‌وایە كۆنتڕۆڵی ژیانی خۆتان لە دەست‌دایە.

***

بیر لە دواڕۆژ بكەنەوە. بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ژیانێكی هێمن و سەربەخۆتان هەبێ، هەر لەمڕۆوە پاشەكەوتی بۆ بكەن و پلانی بۆ دابڕێژن.

***

سەیران و گەڕان و خۆشی وەدوا بخەن. لە بەرامبەری كەڵكەڵە بوون بۆ خەرج كردن هەموو داهاتەكەتان خۆڕاگر بن و ڕاوەستن و مانگی نەختێك ئەو خۆڕاگرییە زۆرتر بكەن.

***

بۆخۆتان بەرپرسی وەدەست‌هێنان و پاراستنی ئاسایشی ئابووری خۆتانن.

***

بەرلەوەی سەرمایە بۆ كار و پیشەیەك دانێن، زۆر بە وردی پشكنینی بواری سەرمایە دانان بكەن.

***

هەروەك وەخت بۆ وەدەست‌هێنانی پووڵ و پارە تەرخان دەكەن، بۆ ئامادەكردن و پێشەكی و پێداویستییەكانی سەرمایە دانانیش پشكنین بكەن.

***

وەدەست‌هێنانی پووڵ، كارێكی چەتوونە و خەرج كردنەكەی ئاسانە. بە باشی ئاگاداری لە پووڵەكانتان بكەن.

بۆ كاروباری ئابووری و ماڵی، بۆخۆتان پلان داڕێژن و بڕیاری لە سەر بدەن. هەرگیز لەو بابەتەدا خۆتان بە كەسەوە گرێ مەدەن.

***

هەمیشە بەر لە هەموو شتێك مافی خۆتان وەلانێن و دیاری بكەن. هەموو كات لانی‌كەم لە سەدا دەی سەرجەمی داهاتی خۆتان پاشەكەوت بكەن.

***

بەرامبەر بە خەرجی سێ مانگتان لە شوێنێكی پارێزراو دانێن و لە هیچ بارودۆخێك‌دا خەرجی مەكەن.

***

سەربەخۆیی ئابووری بكەنە مەبەستی سەرەكیی خۆتان و هەر لەمڕۆوە چالاكی خۆتان بۆ وەدەست‌هێنانی ئەو دەست پێ‌بكەن.

***

هەرچی لە ژیانتان‌دا هەیە، دەرەنجامی تایبەتمەندییە كەسایەتییەكانتانە.

***

دەتوانن زۆرترتان هەبێ، باش‌تر بن و چاك‌تر هەڵس‌وكەوت بكەن. چونكە دەتوانن گۆڕان‌كاری لە خۆتان‌دا پێك‌بێنن.

***

حەقدەستەكەتان هەمیشە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە چۆنیەتی خزمەت‌گوزارییەكانتانەوە هەیە.

***

ئەگەر داخوازی داهاتێكی زۆرترن، سەرەتا دەبێ زۆرتر فێر بن.

***

كردەوەی هەرە باشتان لە هەست بە پەرە سەندن و پێشكەوتی بەردەوامی ئێوەوە سەرچاوە دەگرێ.

***

زۆر باش بن! بڕیار بدەن كە لەو بەشەی ژیانتان كە پێوەندی بە بابەتە سەرەكییەكانی كارەكەتانەوە هەیە، كەم‌وێنە بن.

***

بۆ ئەوەی كردەوەی باش‌تر و دڵەكوتەی كەم‌ترتان هەبێ، ژیان و كاتی خۆتان كۆنتڕۆڵ بكەن.

***

چالاكی ئەرێنی و پێ‌داگری لە ڕێی گەیشتن بە ئامانج، باش‌ترین ژاربڕە بۆ نیگەرانی و دڵەكوتەكانتان.

***

ئەگەر زۆریتان لێ بكەن كە هەر ئەمڕۆ ئیشەكەتان بەجێ بێڵن، ئاخۆ دیسان دەتانهەوێ لە شوێنی دیكە درێژە بەو ئیشە بدەن؟ ئەگەر نا، ئەی دەتانهەوێ چ بكەن؟

***

هەر ساتێك لە كاتەكەتان بە ئەژمار بێنن. ژنێكی ئاسایی، لە سەدا پەنجای كاتەكەی بە پێوەندی و كاروباری تاكەكەسی بە فیڕۆ دەدات.

***

ئەگەر لە سەر ئامانجە بنەڕەتییەكان چالاكی بەردەوامتان هەبێ، كردەوەی زۆر چاكتان دەبێ.

بە سەرنجەوە، بەڕێوەبەرەكەتان هەڵبژێرن. یەكێك لە كلیلەكانی سەركەوتنتان ئەوەیە كە پێوەندییەكی باشتان لەگەڵ بەڕێوەبەرەكەتان هەبێ.

***

ئەگەر بارودۆخی كارەكەتان ناشیاوە، هەرگیز لە سەری بەردەوام مەبن و وازی لێ بێنن. ژیانتان زۆری بایەخ هەیە.

***

خەڵك ناگۆڕدرێن. زۆرجار خراپ‌تریش دەبن.

***

لەخۆ بردوو بن. هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە كە حەقتان بە دەست نەبێ.

لەوە مەترسن كە پاش وەدەست‌هێنانی زانیارییە تازەكان بڵێن: «بیر و باوەڕم گۆڕاوە.»

***

كاتێك لە تەنیشتی بنەماڵەكەتانن، تەواوی كاتەكەتان بۆ ئەوان تەرخان بكەن.

***

لە زنجیرەی پلەبەندی گرینگیەكانتان، هەبوونی پێوەندییەكی باش لەگەڵ خەڵك بخەنە سەر سەرەوە و ژیانتان لە سەر بنەمای ئەو ڕێك‌بخەن.

***

لە نێوماڵێ، چەندێتی و ئەندازەی كات گرینگە و لە شوێنی كار، چۆنیەتی كات. ئەو دووانە لێك جیا بكەنەوە.

***

كاتێكی تایبەت وەلانێن بۆ ڕابواردن لەگەڵ ئەو كەسانەی زۆرترین بایەخیان بۆتان هەیە و مەهێڵن هیچ كەسێك لەو ماوەیەدا خۆتان پێ هەڵواسێ.

***

منداڵان وشەی «ئەوین» چۆن حینجە دەكەن؟ (  ـ   ـ    )

***

بایەخی دۆستایەتییەك، پێوەندییەكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ زەمانی سەرف‌كراو بۆ دروست‌بوونی هەیە.

***

هەرچی كاتێكی زۆرتر بۆ دروست‌بوونی پێوەندییەك تەرخان بكەی، بایەخ و بەهاكەی دەچێتە سەرتر.

***

ژن بوونەوەرێكی پڕ گرێ‌وگۆڵ و مووقەڵێشە، بەڵام پیاو بوونەوەرێكی ساكار و ڕووڕاستە.

***

ببنە بەرپرسی تێگەیشتن لە خەڵك و خەڵك لە خۆ تێگەیاندن.

***

بەڕێوەبەرایەتیی كات و زەمان، لە ڕاستی‌دا بەڕێوەبردنی ژیانە. ژنانی سەركەوتوو لە كاتی خۆیان بە باشی كەڵك وەردەگرن.

***

(لە سەر چەند بابەتێكی سەرەكی چڕ ببنەوە كە دەزانن ئەگەرزۆر باش بۆیان تێبكۆشن، دەسكەوتێكی سەرسام‌كەرتان دەبێ.)

***

بەر لەوەی دەست بۆ هەر كارێك ببەن، بە وردی بیری لێ بكەنەوە.

***

پلان‌دانانی پێشەكی، بەرگری لە كردەوەی كز و لاواز دەكات.

هەر بابەتێك ئەوەندەی بایەخ بۆتان هەیە، كە چەندە ئامادەن كات و ژیانتانی بۆ بەخت بكەن.

***

پێرستێك لە كارەكانتان ساز بكەن. ئەو كەسانەی لە ڕووی پێرستەوە كاروبارەكانیان بەڕێوە دەبەن، 25٪ زۆرتر كارامەیی‌یان هەیە.

***

بۆ هەر حەوتوویەك، لە ڕۆژی هەینییەوە و بۆ هەر ڕۆژێك لە شەوی پێش‌ترەوە بەرنامە داڕێژن.

***

واز لەو كارە كەم‌بایەخانە بێنن كە دەبنە هۆی زایەبوونی كاتەكەتان. دیتنی فیلم، خوێندنەوەی ڕۆژنامە و شۆخی و گاڵتە تەلەیفۆنییەكان كەم بكەنەوە و سنووریان بۆ دابنێن.

***

پێوەندییە تەلەیفۆنییەكانتان كەم بكەنەوە، سڵاو و چاك‌وخۆشی و ماڵ‌ئاوایی كورت ببڕنەوە.

***

خۆتان وا ڕابهێنن كە لە كاتژمێرێك‌دا تەنیا بە كارێكەوە سەرقاڵ بن و هەتا ئەو كارەتان تەواو نەكردووە، بەجێی مەهێڵن.

قۆناغێكی خوێندنەوەی خێرا تێپەڕ بكەن. فێر بن، چۆن دەتوانن لە ماوەیەكی كەم‌دا بابەتێكی زۆر بخوێننەوە و فێری بن.

***

خۆتان هەڵسەنگێنن، بزانن چ كارێك بایەخی تەرخان‌كردنی كاتێكی زۆرتری هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە بەها بە كاروبارەكانتان بدەن.

***

قەت كاتی تەواو بۆ ئەنجامی هەموو كارێك بووز ناخوا. بەڵام هەمیشە كاتی تەواو بۆ ئەنجامی كارە گرینگەكان هەیە.

***

ئێستا، لەم كاتەدا باش‌ترین كەڵكێكی كە دەتوانن لە كاتەكەتانی وەرگرن، چییە؟!

***

هاوسەنگی لە ژیانتان‌دا ڕاگرن. چ كارێك دەبێ زۆرتر ئەنجام بدەن،چ كارێك كەم‌تر؟

***

شێوازی ژیانی هەرەباشی خۆتان تەوسیف بكەن، بۆ دروست‌كردنی ئەو ژیانە ئەمڕۆ دەبێ چ بكەن؟





له‌یلا قادریری

وه‌رگێڕ و چیرۆكنووس

Check Also

ئەفسانەی ئازادیی

بەم زووانە حکومەتەکان و کۆمپانیاکان باشتر لەخۆت تۆ دەناسن. بڕوابوون بە ئایدیای “ویستی ئازاد” بووەتە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *