پێنج شه‌ممه‌, كانونی دووه‌م 27, 2022
frku

مناڵانی کورد لە تاراوگە، یان تیژیان بکەن یان گێژ!

دلێر محەمەد نوری

مناڵان بە تایبەتی مێینەکان خەمە گەورەکەی کوردانی تاراوگەیە. پەروەردەکردنی مناڵان بەو جۆرەی دایکان و باوکانی ئەیخوازن جەنگی دۆڕاوی باوانی کوردە دژ بە پەروەردەی باو یان پەروەردەی گشتی لە نێو قوتابخانە و سێکتەرەکانی دیکەی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان. بنەماڵە کوردەکانی تاراوگە هەمیشە لە لێکدانەوە و دڵەڕاوکێ و ململانێدان لەگەڵ کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان. هۆکاری ئەم ململانیانەش‌ بانتایی جیاوازیی بیرکردنەوەیە لە نێوان حەزی باوانی کورد بۆ پاوانکردنی پەروەردەی مناڵان و پەروەردە باو و پەیڕەوکراوەکانی ئەو وڵاتانەیە. کێشەی سەرەکی باوانی کورد لەگەڵ ئەو پەروەردە باو و سەپاوەی وڵاتانی ۆژئاوا فەراهەمکردنی ئازادی سێکسییە بۆ مرۆڤەکان و ئازادی هەڵبژاردنی دڵخوازی خۆیانە بە یەکسانی بۆ نێر و مێ. کە ئەمەش بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەنگی پێست و ئایین و نەتەوەیە. وەک ئەوەی کچە کوردێک هاوژینێکی سوروسپی ئەوروپی یان ڕەش پێستێکی ئەفەریقی هەڵبژێرێت، یان کوردێک تورک یان فارسێ یان عەرەبێک یاخود موسوڵمانێک مەسیحییەک یان بێدینێک بە هاوژینی خۆی هەڵبژێرێت. قوربانی سەرەکی و لە پێشینەی ئەم ململانێیەش بە زۆری کچانی کوردن. دەنا هیچ کات ئەو فۆکسەی لە سەر مێینەکانن لەم هاوژین و هاوسەر و هاوڕێ هەڵبژاردنە، هەمان فۆکسی سەر‌ نێرینەکان نین. هەر بە هۆی ئەم فۆبیای سێکسەی باوانی کوردە کە وا دەکات، بە ئایینی کردن و دواتریش بە ڕق و کینە پەروەردەکردنی مناڵانی کورد لەلایەک یان بە نەزانکردن و خۆڵکردنە چاوی مناڵانی کورد لەلایەکەی دیکەوە، لای هەندێک دەبنە کەرەستەی دەستی باوانی کورد لەم ململانێیەدا. ئەمەش لەپێناو بە دوورگرتنی مناڵان لەو پەوردەیەی لە سنوری قوتابخانە و سێکتەرە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی ڕۆژئاوادا مناڵانی پێ گۆش ئەکرێت.

پێم وابێت لەوە ڕونتر نیه کە ئازادی سێکسی بۆ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لە تەمەنێکدا به یاسا، لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان ڕێکخراوە. ئەمەش لەپێناو بە پۆڕنۆکردنی کۆمەڵگا نیە، وەکو زۆرێک لە کوردان بۆی ئەچن، بەڵکو دابینکردنی یەکێ لە پێداویستییە مرۆڤایەتییەکانە، لە تێرکردنی حەزی سێکسی، وەک هەر پێداویستییەکی دیکەی وەک هەوا و ئاو و خۆراک. ئەمەش بە پشتبەستن بە ڕوانگە فەلسەفی و زانستییە سەلمێنراوەکانە کە چەندین دەیەیە ئەم کۆمەڵگا ڕۆژئاواییانە پێی گەیشتوون. ئەوجا با ڕوانگەی ئایینی و کۆمەڵایەتی و خێڵەکی کەسەکە شتێکی دیکە بفەرمێت. دیتنی خێزانە کوردەکان بۆ ئەم پڕۆسەیە، تەنها دیتنی دیوە پۆرنۆکەی دیاردەکە و تانە و تەشەرە کۆمەڵایەتییەکەیەتی، کە ئەمەش دواجار کێشە و گرێی بنەماڵە کوردەکان خۆیانە کە بە سەر مناڵەکانیاندا دەیسەپێنن. ئەو مناڵانەی کە هیچ کات لەو هەڵسوکەوتەی باوانی خۆیان تێناگەن. چونکە ئەو بوخچەی شەرم و عەیب و حەرامەی باوکان و دایکان بە سەرشانیانەوەیە و لە وڵاتی دایکەوە لەگەڵ خۆیان هێناویانە و بە نیازن لێرە بیکەنەوە و بە مناڵەکانیان بیفرۆشنەوە، هیچ مناڵێک لێرە ئامادەی کڕینی نیە بە پوولێک، مەگەر لە ژێر فشاری کۆمەڵایەتی و ترسی ئایینی نەبێت. ئاشکراشە هەر شتێک بە فشار بوو، کە فشار نەما چی ڕوو دەدات!؟

مناڵان لێرە لە کۆتاییەکانی قۆناغی سەرەتاییەوە، وردە وردە زانیاری سێکسییان پێدەدرێ. زانیارییەک کە لە سنوری ناسین و جیاوازی کۆئەندامەکانی سێکس و زاوزێ لەلای هەردوو ڕەگەز تێناپەڕێت. لە سەرەتای قۆناغی ناوەندیشدا وردە وردە زانیارییان لە بارەی جووتبوون و کردەی سێکس و چۆنێتی خۆپارێزی لە سکپڕبوون و نەخۆشییە سێکسییەکانی پێ دەدرێت. تا دوا قۆناغی ئامادەیی ئیتر مرۆڤێک دێتە بەرهەم بەئاگایە لە ورد و درشت، لە بارەی سێکسی خۆی و بەرانبەرەکەی، کێشەکانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا و سێکس. چۆنێتی خۆپارێزی لە بەرانبەر هەڕەشە و تەنگ پێهەڵچنینی سێکسی، سەرجەم یاسا و ڕێساکانی تایبەت بە ئازادی پراکتیکەکردنی کردەی سێکس، دوور لە فشار و چاودێری یاسا و ڕێسا ئایینی و و فشارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوجا لێرەوە کڕۆکی ترسە گەورەکەی خێزانی کورد لە مناڵ، بە تایبەتی لە کچی خوێنەوار سەرچاوە ئەگرێت.‌ بنەماڵە کوردەکان ئەیانەوێت بێنە ئەوروپا و سوود لە هەموو لایەنە ئەرێنییەکان (هەڵبەتە لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەمانە تاکە شتی ئەرێنی ئەوروپان) ببینن، هەر لە ئارامی و خزمەتگوزاریی ژیانی و تەندروستی تا دەگاتە کۆکردنەوەی پارە و خۆ دەوڵەمەندکردن. بەڵام ئەوان ژیانکردن بەو ستاندارەی کە کۆمەڵگاکان لێرە کاری پێدەکەن لە بارەی پەروەردە و پێگەیاندنی مناڵ بە مۆتەکە و نەرێنیترین لایەنی ژیان لە تاراوگە دەبینن.

کەمنین ئەو خێزانانەی کە لە دوای خۆدەوڵەمەندکردن و بوون بە خاوەنی ڕەگەزنامەیەکی ئەوروپی وڵات و وڵات ئەگەڕێن بە دوای وڵاتێگی ئەوروپی کە کەمترین کۆنترۆڵی دام و دەزگای میری هەبێت بە سەر ژیان و پەروەردەی مناڵەوە، بۆ نموونە گواستنەوە لە ئەسکەندەنافیاوە بۆ بەریتانیا لەم ساڵانەی دوایی ببوو بە دیاردە. یان گەڕانەوە بۆ وڵاتی دایک بۆ چەند ساڵێک لەپێناو چاوترساندن و تەمێکردنی مناڵ و پڕچەککردنی بە ڕەوشت و سنورەکانی شەرم و عەیب و حەرام و دواتر گەڕانەوە بۆ ئێرە. بۆ ئەوانەشی کە هانایان بۆ ئەو دوو ڕێگایە نەبردووە و لە وڵاتی یەکەمی ئەوروپایان درێژە بە ژیان دەدەن، ئەوا شێوازی دیکە خۆپارێزی لەو کولتوورەی ئەوروپییەکان بەکار دەهێنن.

بنەماڵە کوردەکانی تاراوگە بە تایبەتی  ئەوانەی مناڵی کچیان هەیە، زۆر بە دیقەت و قۆناغ بە قۆناغ لە یاسا و ڕێسا و عورف و تەقالیدە ئەوروپییەکان ئەکۆڵنەوە و ئەپرسن. بۆ هەر یەکێ لەو یاسایانەی لەگەڵ ڕەوشتی عەیب و شەرم و حەرامە نایەنەوە، ڕێگاچارەی گونجاوی (بە بۆچوونی خۆیان!) بۆ دەدۆزنەوە. بە گشتیش ئەم ڕێگاچارانە لە ژێر دوو ناونیشان کۆدەکرێنە، کە ئەوانیش بەو پێیەی من تێبینیم کردبێت:-

١/ بە نەزانکردن و بە گێلکردن و گیرۆدەکردنی مناڵ

بنەماڵەکان بە گشتی چاک ئەزانن پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە ڕۆژئاوا تا چ ئاستێک وشیاری مناڵ بەرز ئەکاتەوە؟ چۆن سنووری نێوان ئازادی مناڵ و دەسەڵاتی باوان دەکێشێت؟ چون گیانی گومان و پرسیار لە مناڵدا ئەگەشێننەوە لە بارەی هەر شتێکەوە؟ ماف و ئازادییەکانیان چین و کەی ئەتوانن کامەیان پیادە بکەن؟ هەر بۆیە بنەماڵەکان بەهیچ جۆرێک ئارەزوو ناکەن بە تایبەتی کچەکانیان چاویان بەو جۆرە بکرێتەوە. هەروەها زۆرێک بنەماڵە کەمتر بایەخ بە خوێندنی کچان دەدەن و لە جێگەی ئەوە هەوڵ دەدەن لە تەمەنی هەرزەکاری و کەف و کوڵی سۆزداری گیرۆدەی پرۆسەیەکی هاوسەرگیری پلان بۆ داڕێژراوی بکەن. هەر دوای چەند مانگێک لەو پرۆسەیەش کچەی لە خوێندن دابڕاو سکی پێش خۆی دەدات لە چاوەڕوانی مناڵ و ئیتر بێ ئیش و بێ کار و بێ بڕوانامە ئەکەوێتە مناڵ بەخێوکردن و لە باشترین حاڵەتیشدا کرێکاری لە دوکانێکدا بکات یان دەبێت بە ئیشکەر لە ڕێستورانتێکی لا کۆڵاندا. کە دەکرا باوک و دایک سەری ئەو زێرابی عەیب و شەرم و قسە و تانەی کۆمەڵایەتییەیان هەڵنەدایەتەوە و لێ بگەڕانایە کە ئەو مناڵە سوودی لەم دەرفەتە زێڕینە وەربگرتایە بۆ پاشەڕۆژی خۆی. کێ ئەڵێت ئەوەی ئەمڕۆ لای کەسەکە و هاوزمانەکانی نەنگییە و جێگەی باسە، دوو دەیەی دیکە نابێت بە شتێکی ئاسایی و دەستی تۆش و نەوەکەت لە بنی هەمانەکەوە نایەتە دەرێ!؟

٢/ بە توندو تیژکردنی مناڵان دژ بە کولتووری ڕۆژئاوا

گەلێک بنەماڵە، هەر لە مناڵییەوە کار لە سەر ڕەشکردنی کۆمەڵگای ئەوروپی ئەکەن لە بەرچاوی مناڵەکانیان. بەوەی ئەوروپییەکان بەدڕەوشتن، پیس و پۆخڵن، بەرازخۆرن، ڕێز لە یەک ناگرن و گەورە و بچووکی لە خێزاندا پەیڕەو ناکەن، ڕەگەزپەرستن دژ بەوانەی سەریان ڕەشە، ڕقیان لە موسوڵمانان دەبێتەوە وهتد. لەلایەکی دیکەشەوە، هەندێک خێزان بە بێ ئەوەی خۆیان لە بنەچەدا ئایینیان بۆ گرنگ بێت، لەپڕێکدا و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی مناڵەکانیان، جەخت لەسەر بە ئایینیکردنیان ئەکەن و بە زۆرەملێ دەیاننێرنە قوتابخانە ئایینییەکان تا هاوکێشەکانی نێوان گەرمی ئاگری دۆزەخ و ئەو گوناهانەیان بۆ لێک بدەنەوە کە لە دەوروبەریان ئەنجام دەدرێت. سەیر لەوەدایە دایک سفور و لە سەر تەلە و باوکیش بە دزی مناڵەکانی ئەخواتەوە و لەولاشەوە هانا بۆ ئایین ئەبەن وەکو قەڵغانێک بۆ پاراستنی مناڵ لە تەوژمی بەها ڕۆژئاواییەکان و گۆشکردنی بە پەروەردەیەکی دۆگمایی ڕۆژهەڵاتی. بەمەش مناڵ بە یەک دونیا گرێ و گۆڵە و ڕق و کینە و بوغزەوە، دەخەیتە ژیانەوە، بەرانبەر بە کۆمەڵگایەک کە بڕیارە تەواوی ژیانی لێی بژی. هەر ئەم مناڵانەشن لە زۆربەی دۆخەکان دەبن بە میوانی بەردەوامی زیندانەکان، یان چالاکوانی توندڕەوی ئایینی، یاخود نامۆ بە ژیانی کۆمەڵگایەک کە تیا لە دایک بووە و گەورە بووە.

لە بەر ئەوەی من خۆم باوکم و خاوەن مناڵیشم لە ئەوروپا، زۆر باش لە باوکان و دایکانی ئەوروپا تێدەگەم، ئەوانیش وەک من بوخچەیەکیان لە بەها ڕۆژهەڵاتییەکان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە بۆ ڕۆژئاوا و ئاسان نیە هەرسکردنی ئەو هەموو بەها پێچەوانەیە. بەڵام ئێمە کە هاتین دەبوو بپرسین و بزانین، کە بۆ شوێنێک هاتووین و ئەو شتانەی ئێمە باوەڕمان پێیانە زۆربەیان قەدەغە و بێزراو و یاساغە لێرە. هەر وەها ئەشبێت لەوە تێبگەین کە دواجار مناڵەکانمان لە ناوەڕۆکی ئەو بوخچەیەی سەر شانی ئێمە تێناگەن، مەگەر یان گێژیان بکەین یان تیژ! بەمەش لە هەردوو باردا ئێمە ڕاستیمان لێ شاردنەوە و ژیانێکی بە ئازارمان بۆ هەڵبژاردن کە مەبەستی مناڵ خستنەوەمان دواجار ئەوە نەبوو.

Image de: pixabay

Check Also

ناسنامە لە فەڕەنسا: هەڵبژاردنی ناو و نازناو

ناو و نازناو لەفەڕەنسا چۆن هەڵدەبژێردرێن؟