مرۆڤی ساختە

 عەلی حەسەن

 دەموچاوەکان ئاشنانین، پێکەنینەکان، حەژمەتەکان، کەس ئاشنای کەس نییە. خێرە ئەم هەموو نائاشناییە! کەسم پێ ئاشنانییە، ئەوەی دەیبینم گیاندارێکە و بەس. هەموان ساختەین، ئەم جیهانە، پڕە لە مرۆڤی ساختە، هەموان بە منیشەوە درۆزنین، بەڵام بە پلەی جیاواز. ئێمە پێش ئەوەی پێ بگەین، پێ گەیشتین، پێش ئەوەی تێبگەین، تێ گەیشتین، پێش ئەوەی درک بە شتەکان بکەین، درکمان کرد. پێش ئەوەی هەست بکەین، هەستمان کرد. نەماندەزانی خۆشەویستی چییە، خۆشەویستیمان کرد. نەمان دەزانی عیشق چییە، دەمانگوت عاشقین، بەڵام هیچی وا نەبوو. نەماندەزانی ئازار چییە، چەشتمان. نەماندەزانی ترس چییە، ئەزموونمان کرد. پێش ئەوەی بزانین تەنیایی چییە، تەنیا کەوتین. دەبێ دان بەوەدا بنەێین تەنیایی بەشێکە لە مرۆڤ، ئەگینا هەر زوو دەمانکوژێت. مۆرێ؛ من نازانم، ئاخۆ دەبێ چی بێ کە وا لە من دەکات لە هەموو شتێک هەڵبێم، لە خۆم، لە باو، لە هەموو شتێک. چی وا دەکات ڕقم لە هەموو شتێک ببێتەوە، ڕق لە خۆم، لە تەواوی ئەوەی بەچاو دەیانبینم و تەواوی ئەوەی بە گوێ دەیان بیستم. بە ڕاستی مرۆڤ زۆرکات ڕۆڵی شەیتانێک نابینێت؟ ئاخۆ دەبێ چی بێ کە وا لە من دەکات ئەم هەموو ئازارە بچێژم؟ هەموان ڕۆڵی گیاندارێک دەبینن، تۆ و مامۆستاکەت بوون بە بوونەوەر. هەی مامۆستای نەفرەتی، دەڵێی که زەرەرمەندی یەکەم منم بەوەی کە لێرە لەدایک بووم؟ بۆ مەگەر ئاخرشەڕی تۆ دیاری دەکەیت؟ یاخود ئاخرخێری؟ بۆ تۆ لە داهاتووەوە هاتوویتەتەوە؟ هەر تۆ نیت، بریا هەر تۆ بایت. تەنانەت دۆخێکت بۆ دروستکردم، ڕقم لەو ئافرەتەش ببێتەوە کە خۆشم دەویستن، تۆ تەنها بیرت لای ئەوەیە ڕۆژانە چەند کاتژمێر قسە لەگەڵ کیژەکاندا بکەیت، بیرەکەیتەوە چۆن بتوانیت سەرنجی ئەوان بەلای خۆتدا ڕابکێشیت و فریویان بدەیت، لەژێر پەردەی زانین و تێگەیشتندا ئەتەوێ حەزەکانی خۆت بە کیژەکاندا و دەمارگیری و پەستێکانت بە کوڕاندا بەتاڵکەیتەوە. هەی نەفرەتی، تۆ هەر ئەوەیت ئەگەر ڕۆژێک ئەو کیژە نەهاتبێت کە حەزت لێیەتی، هەمووان دەکەیت بە قوربانی تووڕەبوونەکانت و تۆڵەی خۆت بە بیانووی تێکچوونی دۆخ و مەجازتەوە لەوانی تر دەکەیتەوە. تۆ هەر ئەوەی هەندێ کات بەناوی دڵفراوانییەوە هەست و سۆزی خوێندکار بۆ خۆت ڕادەکێشیت، تا ئەگەر مافەکانیشمان زەوت بکەیت و بیدەی بەو کیژەی کە دەتەوێت، پێتەوە دیار نەبێت و بڵێی ئەوە کاری من نییە! نا، بەڕاستی ڕەفتاری شەیتانیی لەو شێوە، تەنیا لە تۆ و پیاوانی وەک تۆدا بەرجەستە دەبێت، ئەگینا ئێمە نەدەگەیشتین بەوەی مامۆستای شەریف و ناشەریف لێک جیابکەینەوە. هەر ئەو پیاوە قێزەونەی کە بەبیانووی خوێندنەوە و کتێبەوە، دەچیتە نێو جەستەی کیژەکانەوە، مەعریفە بەکار دەهێنیت بۆ گەیشتن بە سێکس و ئارەزووت، ئەمەش تەنیا لە پێناو حەزە قێزەونەکانتدا، هەی شەیتان. من بەم شێوە، نەک هەر پیاو و ئافرەت، بەڵکو ڕقم لەوەش دەبێتەوە بڵێم مرۆڤم. پیاو لە مەنهۆڵێک دەچێت، تا لێی نزیک نەبیتەوە، نازانی چ بۆنێکی پیسی لێوەدێت. ئایا ئافرەتان گەمژەن؟ یاخود مەراییی دەکەن لەپێناو گەیشتن بە خواستەکانیان؟ تێناگەم مەراییی کردنی ئافرەت لە بەرانبەر پیاوێکدا، کە جگە لە جەستەی، هیچی دیکەی بەلاوە گرنگ نییە، لەپێناو چیدایە ئەگەر وەک ئەو نەبێت؟ پیاو پۆشاکێکە، تا لە بەری نەکەیت، نازانی چەند ناشرین و قێزەونە.

لە ڕاستیدا هەموان ئازارم دەدەن، تەنانەت مۆرێش. مۆرێ شاعیر نەبوو، بەڵام هۆگری شیعر بوو. تەنانەت ڕقم لە هەر شاعیرێکە، ئەگەر ڕۆژێک ئەو شیعرێکی خوێندبێتەوە. هونەرمەند نەبوو، بەڵام هۆگری دەنگە سازەکان بوو، ڕقم لە هەر هونەرمەندێکە، ئەگەر ڕۆژێ گوێی لێ گرتبێت، بەم شێوەیە ڕقەکانی من هەمیشە لە زیادبووندان. بەشێوەیەک ڕقم لە خۆشم دەبێتەوە، چوونکە پێ دەچێ بۆ چەند چرکەیەک خۆشی ویستبم، هەر وەک چۆن بە چەند چرکەیەک وازی لە ڕابردوو هێنا، لەپێناو داهاتوویەکی نادیاردا. خۆشەویستی ئەو کۆشکەیە، کە چوویتە ژوورەوە، جگە لە خۆت هیچ کەسێکی تری تێدا نییە. ئەوە ئێمەین وەهم بۆ خۆمان بونیاد دەنێین و هەر خۆشمان دەیڕووخێنین! بێگومان مرۆڤ تەنیا لە وەهمدا ئەگات بە ئاسوودەیی. ئەو بە خۆیی و خێزانەکەیەوە بڕیار لەسەر داهاتووی من دەدەن؛ منێک کە خۆشم نازانم ئاخۆ داهاتووم چۆن دەبێت، ئەمە لێدانە، لێدان لە ئەخلاق. مرۆڤ هەندێ کات بە قسە و کردارەکانی، بە نائاگاییی شکۆی مرۆڤانی دیکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە جێگەی تێڕامانە، ئاخۆ ئەمە گریمانە و پێشبینییە؟ یاخود درککردنە بە زانستی داهاتوو؟ ئایا درککردن زانستە؟ یاخود زانست درککردنە؟ ئایا مرۆڤەکان بێ هەڵوێستن، یاخود ئەقڵەکان؟ بۆ مەگەر ئێمە خاوەن ئەقڵین؟ یان ئەقڵ خاوەنی ئێمەیە؟ دەبێ چی وا لە تۆ بکات بڕیار لەسەر داهاتووی من بدەیت، جگە لە مێشکێکی پووچ، کە ئەقڵتی پەک خستووە. هەتا ویژدان پەسەندانە مامەڵە لەگەڵ شتەکاندا نەکەیت، نابیت بە مرۆڤێکی ئەخلاقمەند. هیچ شتێک سەیر نییە، ئەوەتا مرۆڤەکان دەست لە کاری خوداش وەردەدەن. مۆرێ؛ چیرۆکەکان بە وشە ناگێڕدرێنەوە، بەڵکو بەسەر ڕوومەتتدا دەردەکەون. ئێمە پڕین لە قسە، بەڵام کەسێک نادۆزینەوە تا کۆتایی گوێمان لێ بگرێت، هەمووان دوای نیو کاتژمێر بێزار دەبن و بەجێمان دەهێڵن. ئێستا هیچ شتێک نییە من و تۆ پێکەوە ببەستێتەوە، جگە لە ڕابردوویەکی پڕ لە ئازار نەبێت. ئێستا تۆ، جگە لە گیاندارێک، هیچی تر نیت. ڕقم لە هەر شتێکە خۆشت بوێت، ڕقم لە هەر مرۆڤێکە خۆشی بوێت. ئەگەر خۆشەویستی ئەوە بێت کە من ئەزموونم کرد، ئەوا بۆ جارێکیش بێ، کەسێک بەڕاستی خۆشەویستی نەویستووم. ڕۆژێک هەمووان لە ژێر پەردەی ڕق و ئیرەییدا، کاژی خۆشەویستی فڕێ دەدەن. هەموو ڕێگاکان دەچنەوە سەر پارە ــ (پێم دەڵێن بیر لەوە مەکەوە کە مرۆڤێکی ئاساییی هەڵبژێری بۆ ژیانکردن) ــ ههههههههههه، تێناگەم مەبەستت چییە لە مرۆڤی ئاسایی، بەڵام گەر مەبەستت لە مرۆڤی ئاسایی، کەسێک بێ کە “هەژار”ە، ئاوا هەموومان هەژارین، بەڵام بە پلە. ڕۆژێکیش دێت باجی ئەو وتەیە بەشێوەیەک دەدەیتەوە، کە مامۆستاکەت و خێزانەکەشت توانایان نەبێت لە چارەسەرکردنی دا. باجی بڕیارێک، کە بڕیاری تۆ نییە، باجی خۆشەویستییەک، کە خۆشەویستیی تۆ نییە، باجی خێزانێک، کە خێزانی تۆ نییە، باجی ئازارێک، کە ئازاری تۆ نییە، باجی ژیانێک، کە ژیانی تۆ نییە، باجی مێردێک، کە مێردی تۆ نییە، ئەو بەهەشتەی لە دوورەوە لێی دەڕوانی، پرچەکانت دەکات بە تەون، تێبگە ئەوەی پارەداربێ، کێشەی ئەخلاقی هەیە، ئەوەی کێشەی ئەخلاقی هەبوو، دڵ پیس و بۆگەنە. هیچ شتێ تۆ و ئەو پێکەوە نابەستێتەوە پارە نەبێت. تۆ هیچ جیاوازییەکت نییە لەگەڵ مامۆستا بۆگەنەکەتدا، ئەوە چارەنووسە ئێمە ئاڕاستەدەکات، نەک ئێمە چارەنووس ئاڕاستە بکەین. تەنیا ئەوەندە دەزانم کە باجی هەموو پەیوەندێکانم من دەی دەم، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەیە کە درۆناکەم. ئێستا تەنیا شتێک پێوەیە سەرقاڵبم، پێنووس و جگەرەکەمە.

Image: https://pixabay.com/fr/

Stefan Schweihofer

Check Also

لە زستانی گەرم و هاوینی ساردا

کورتە چیرۆک یوسف اسماعیل عەزیز ئەو دانیشت و بە پەلە پروسکێ کورسیەکەی لەبەردەم دانا، چاوەنۆڕی …