لەشفرۆشەکان کێن؟

بەهرە حەمەڕەش

بە درێژایی ژیانی کاردا، گفتۆی رۆژنامەوانی زۆرم لەگەڵ ئەو ئافرەتانە ئەنجامداوە، کە پێیان دەڵێن “لەشفرۆش”(*).

 پتر لە گوێی جەستەم، زۆر ویستومە بە گوێی عەقڵ و هەستەکانیشم لە روخسار و قسەکانیان رامێنم. ئایا بۆچی ئەم کارە دەکەن؟ لە کاتێکدا کارێکی نەخوازراوە، بەپێی هەموو کولتوور، نەریت و بەرنامە زەمینی و ئاسمانییەکان؟

لە سەرەتا دەمەوێت بەکۆمەڵێک پرسیار دەست بە نووسیەکەم بکەم، ئایا لەشفرۆشەکان، وەک پێداویستی جەستەیی ئەم کارە دەکەن؟ یان چێژی لێوەردەگرن؟ یان بەرامبەر بە پێداویستییەکی ژیان بە ناچاری ئەم کارەیان هەڵبژاردووە؟ ئایا بێ رەحمی کۆمەڵگە و تێڕوانینی بۆ کەسانی هەژار و بێ دەرەتان دووچاری لەشفرۆشی کردوون؟ یانیش پەیوەندییەکی خۆشەویستی، کە بەجۆرێک رادەستی خۆشەویستەکەی بووە، هەموو متمانەیەکی پێکردووە، دواجار وێنە و ڤیدیۆی بڵاوکراوەتەوە و خزێنراوەتە جیهانێک، کە خواستی ئەو نییە؟ ئایا لەشفرۆشی پیشەیە؟ ئەگەر پیشە نییە، بۆچی بازاڕی ئەم کارە پڕە لە کڕیار؟ کڕیارەکانیش لە ئاستی جۆراوجۆری پیشەیی و زانستی جیاوازدان. هەندێجار سیاسی بەناوبانگ و هەندێجار خاوەن پۆست و پلەی سەربازی، مامۆستا و ئەندازیار و هەندێجار کرێکار و دوکاندار و وردەنان فرۆشن!! هەندێجاریش رۆژنامەنوس و هەندێکیان شیکاری سیاسی، توێژەری کۆمەڵایەتی و دەرونین.

کڕیارەکان هەریەکیان کوڕی ژنێکن، کە بەقۆناغی جۆراوجۆری گوزەراندا تێپەڕیون. نەهامەتی و شەونخونییان بەبەخێوکردنی منداڵەکانیانەوە بینیوە. تاڵ و سوێری ژیانیان چەشتووە. واتە کوڕ یان باوک، یانیش برا و مێردن.

لەشفرۆشەکان ژنن، دایک، خوشک، یان هاوسەر و کچن. رەنگە نەهامەتی و دۆخی ژیان دووچاری رەوشێکی ناشایستەی کردبن.

Image: Gerd Altmann

لەشفرۆشەکان، زۆرترین رێژەیان بەهۆی دۆخی خراپی شەڕ و کۆمەڵگە و ناهەمواری ژیانەوە بەهۆکاری جۆراوجۆر دووچاری ئەم ژیانەبوون. لەشکڕەکان، هەموویان بە ئارەزوو و بەخواستی خۆیان، بەبێ زۆرلێکردن بوون و دەبنە لەشکڕ. لەشفرۆشەکان، دواتر کۆمەڵگە قبوڵیان ناکاتەوە، ئەگەر ببنە فریشتەش لەکەیەکی نەرێنیان لە سەر دانراوە، بەڵام لەشکڕەکان پیاو و کوڕی پیاون، ئەوان هەرچی بکەن لەکەدار نابن، بەڵکو هەندێجار وەکو رەمزی پیاوەتی و نێرایەتی دەیگێڕنەوە و باسی دەکەن.

لەشفرۆش و لەشکڕ، هەردوو رەگەز مرۆڤن. لە رووی بایۆلۆژییەوە پێداویستی جەستەیی و لە رووی سایکۆلۆژییەوە پێداویستی دەرونییان هەیە. هەردووکیان نەخۆش دەکەون و دەخۆن و دەخۆنەوە. بۆی هەیە هەڵە بکەن و راستبکرێنەوە یانیش راست ببنەوە. بۆی هەیە بەرووداوێکی ئۆتۆمبیل کەمئەندام بن، یانیش دووچاری نەخۆشییەکی کوشندەبن و چاوەڕێ بن بمرن، یانیش بە هیواوە لە تێکۆشان بۆ ژیانێکی باشتر بەردەوام دەبن. هەردوولایان دەیانەوێ بژین، بەڵام چانسی ژیان بۆ یەکیان زیاترە و بژرادەی جۆراجۆری لە بەردەستدایە. ئەویتریان، زۆربەی رێگاکانی مەترسیدارن.

چەمکی لەشفرۆشی

ئەگەر ئێمە وەک لۆژیکی زمان یان چەمک، قسە لە سەر لەشفرۆشی بکەین، ئایا لەش+فرۆشتن، بۆ ئەم کارە گونجاوە؟ لە چ باکگراوندێکەوە سەرچاوەی وەرگرتووە؟ زیهنیەتی داڕشتنی ئەم وشەیە لێکدانەوە و باکگراوندی بۆ لەش و کاری فرۆشتن چیبووە؟ ئایا هەمان باکگراوندە نێرسالارییەکەیە یانیش ئەم وەکو کار هێنراوەتە گۆڕەپانی ژیان و قبوڵکردنێکی نافەرمی و کپکراوی پێدراوە!

ئایا ئەو گۆرانیبێژانەی، کە لە شایی و ئاهەنگ گۆرانی دەڵێن، دەنگ فرۆشن؟ ئایا رۆشنبیر، نووسەر و سیاسەتوانان هزر فرۆشن؟ ئایا کرێکارەکان هێز فرۆشن؟ بەپێی ئەم چەمکە، لەشفرۆش پێناسەیەکی جەستەیی رووتی دراوەتێ و دیارە، بەڵام بەڕێوەبەری کار، ستاف و لەشکڕ دیارنین؟ ئەگەر کۆمەڵگەیەک هزری بەکارهێنان و داتاشینی وشە و چەمکی بۆ دۆخەکانی کۆمەڵگە، دیاردە و کارە جۆراوجۆرەکانی نەبێت، دیسان لە بازنەی تێڕوانینی هەڕەمەکی، بۆ کاری “لەشفرۆشەکان” دەگەڕێینەوە.

ئەی ئەم چەمکە نیگەتیڤانەی، کە پێشتر شەرم و ئێستا ئاساییبوونەوە، وەکو: (خاكفرۆش، وڵاتفرۆش، نەتەوەفرۆش)، دەکەونە کوێی گوزەری ئەم کۆمەڵەی، کە مامەڵە و تێگەیشتنێکی نا عەقڵانی و هاوردەی بۆ چەمکەکان هەیە. دەبێ دان بەوەدا بنێین، کە نەمانتوانیوە خۆمان لە کۆمەڵێک گرێ و دەمارگیری ناپێویست و بێ بنەما رزگار بکەین، یانیش شیکردنەوەمان بۆ دۆخ و قۆناغ و بەکارهێنانی چۆنێتی و زیهنیەتی بەکارهێنانی چەمکەکان هەبێت.

ماوەیەکە بەگەرمی باسی لەشفرۆشی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و نازانستی دەکرێت، لە ئاستێک، کە (دوکاندار، کاسب، راگەیاندنکار، قوتابی، دکتۆر، یاساناس، ئاسنگەر، ئیسلامی، چەپ و عەلمانی) قسەی لە سەر دەکەن، بەڵام خەڵکی پسپۆر لە بواری (ئەنترۆپۆلۆژی، کۆمەڵناسی و دەرونناسەکان) بێدەنگن!!

هەموان شیکردنەوە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی و دەرونیان دەکەن، هەندێکیش مۆڵەت بەخۆیان دەدەن وێنەکانیان بڵاوبکەوە و ئەم و ئەو تاوانبار بکەن، هەندێکیشیان داوای کوشتن و لەناوبردنیان دەکەن، هەندێک دەڵێن، ئاگریان تێبەردەن و هەندێک دەڵێن ریسوایان بکەن. ئەم گەڕەلاوژەیە لە کاتێکدایە، کە دۆخی سیاسی، ئابووری، تەندروستی و دەرونی کۆمەڵ ناجێگیرە. رەوشێک هەیە، کە بەرهەمی ناتەندروست دەدات. کاتێک رەوشەکەمان قبوڵە، دەبێ بەرهەمەکانیشمان قبوڵ بێت. بیربکەینەوە چۆن کار لە سەر ئەگەرەکان بکەین، ئەگەر نەمانکرد چۆن مامەڵە لە گەڵ دەرئەنجامەکان بکەین.

پێویستە ئەوەشمان لە بیربێت، کە لەشفرۆشی یەک لە کارە هەرە کۆنەکانە، بەڵام لەگەڵ گەشەسەندنی سستەمی سەرمایەداری و جیهانی روکەش و پشتگوێخستنی هزر پەرەی سەند. لە هەموو وڵاتان هەیە، بەڵام بە یاسا و رێسای تایبەت و رێوشوێنی تەندروستی و کۆمەڵایەتی کۆنتڕۆڵکراوە. لەشفرۆشەکان شوێن و جێگایان دیارە و لەشکڕەکانیش لە جیاتی حەرەمی ماڵەکانیان، بەدزییەوە بەکاربێنن خۆیان دەڕۆنە ئەم خانانەی، کە بۆ ئەم کارە تەرخان کراون.

ئەوەی کە ئێستا لە کۆمەڵگای کوردی دەبینرێت، رێژەی زۆری دامەزراوە و ئۆرگانەکان خەریکی نواندنن. هەمووی لە سەر ئاستی جۆراوجۆر: سیاسی، دکتۆر، رۆشنبیر و نووسەر، فیتەر و شوفێر پێكڕا نمایش دەکەن، ئەگەر ئۆتۆمبیلەکەت جوان بوو چڵپاویش بەخەڵكدا بکەی ئاساییە!!

ئەگەر سمت و رانت نمایش کرد، مێشکیشت بەتاڵ بێ ئاساییە، ئەگەر پارەت زۆربوو، نەزانی دوو رستەی بەسودیش بڵێی ئاساییە. ئەگەر جلەکانت و ئامێری مۆبایلەکەت گرانبەها بوو، لە ژیانتدا کتێبێکیشت نەخوێندبێتەوە ئاساییە، ئەگەر چوویە گەشت و گۆشت براژاندن و وێنەکەت بڵاوکردەوە، قەت رۆژێکت بۆ وەرزش تەرخان نەکردبێ ئاساییە، کە منداڵەکەت گریا لە بری ئەوەی بزانی پێداویستییەکانی دابین بکەین، ئایپادێک دەخەیتە دەستی دواییش دەیبەیە دکتۆر دەڵێن فێری قسە نەبووە ئاساییە. گوێ لە گۆرانی کۆردی، هیندی و ئینگلیزی دەگری و کاتی دەدەیتێ بەڵام لێی تێناگەی ئاساییە!!

لەناو ئەو هەموو نەشازی و نەگونجاویەدا، لەناو ئەو هەموو پەیج و ئەکاونتی جنێوفرۆش و دەموچاوە ساختانەدا، کە رۆژانە کاریان رق چاندن و بێبەهاکردنی جوانییەکانی ژیانە، لەناو ئەو هەموو مامۆستا، دکتۆر و خاوەن بڕوانامە بێ زانستەدا هێشتا دەپرسن، کە بۆچی لەشفرۆشی هەیە؟!!

ئایا زیانەکانی هەبوونی لەشفرۆش، زیاترە یان هی بڕوانامەی بێ زانست؟ ئەوان سەرچاوەی تێکدانی کۆمەڵگەن یان سیاسی، بەرپرس، مودیر، مودیرعام و مامۆستای ناشایستە؟ یان ئەو دکتۆر و نەخۆشخانانەی، کە بازرگانی بەتەندروستی و ژیانی خەڵکەوە دەکەن؟

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ، پێویستی بەلێکۆڵینەوەی زانستییە لە بوارەکانی، ئابووری، تەندروستی، سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، هەروەها ئەم جۆرە مژارانە پێویستی بەمێزگرد، کۆنفرانس و سیمینارە، ئایا چۆن دەتوانین بەم لەرزۆکییەوە، چیتر بەر زیانەکانی گلۆباڵ نەکەوین، چیتر نەبینە کۆمەڵگەیەکی رۆبۆتی و ژیان بێبەها بکەین.

بەکورتی، پێویستە کورد پەیمانگە و ناوندی جیاوازی هەبێت، بۆ دروستکردنی کولتووری پێکەوەژیان، جیاکردنەوەی جۆرەکانی شەڕ و ئاشتی، کولتووری ئۆپۆزسیۆن و رەخنەگرتن. کولتووری دەسەڵات و بەڕێوەبردن. ئیتر بوار و بونیادەکانی کۆمەڵگە وەک زنجیرەن، هەموان کاریگەرییان لە سەر یەکتر هەیە، ئەوەش کە دەڵێ دەست، بەکڵاوەکەمەوە گرتووە با نەیبا لە هەموان زەرەرمەندتر دەبێت.

با کە قسەکانمان سودیان نەبێت بێدەنگ بین، کە نەمانتوانی برینەکان ساڕێژبکەین برینی تر دروست نەکەین.

*) تێبینی، من لە گەڵ بەکارهێنانی ئەم چەمکە نیم، بەڵام بۆ گەیاندنی فکرەکەم ئەم چەمکە بەکاردێنم، تاکو پسپۆر و شارەزایانی زمان، چەمکێکی گۆنجاوتر بۆ ئەم دیاردە دەئافرێنن.

Check Also

لاوازیى فیکریى خەباتى فێمینیزم لە کوردستاندا

ناودار زیاد لە هەرێمى کوردستان و کۆمەڵگەى کوردیدا دەیان جیاکاریى و ناڕەوایەتیتى هەیە. ئەمەش هۆیەکەی …