پێنج شه‌ممه‌, ئه‌یلول 29, 2022
frku

لێکەوتەکانی شەڕ لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا

مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا


شەڕ لە هەر کوێ بێت، جگە لە قوربانییەکی زۆر، دواجار ماڵوێرانی و کاولکاری زۆرتری بەدوا دێت، هەرچەند مەودای شەڕەکە درێژتر بێت و چەندە وڵاتی دیکەی تێوە بگلێت، ئەوەندە زیانی بۆ ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی و ژینگە دەبێت، هێرشی ڕوسیاش بۆ سەر ئۆکرانیا، کە لەلایەکەوە خۆی لە شەڕێکی نابەرامبەردا دەبینێتەوە و لێکەوتەکانی لە زۆربەی وڵاتەکانیتردا دەردەکەون وەکو زۆربوونی پەناهەندە، شێواندنی باری کۆمەڵایەتی نێوخۆ و تێکچوونی ئاسایشی خۆراک، لەلایەکیترەوە گەمەیەکی شارراوەی پشت پەردەی نێودەوڵەتییە لە نێوان جەمسەرەکانی جیهاندا، کە ڕەهەندەکانی ڕەگی قووڵ و هەمەلایەنەیان هەیە و کێبڕکێیەکی ئابووری سیاسییە لەسەر دەسەڵات و تیایدا وزە ڕۆڵی سەرەکی و گرنگی تێدا دەبینێت.

سامانی سروشتی بەتایبەتی وزە، یەکێکە لە پێگە سەرەکییەکانی ئابوورییەکی بەهێز و دواتر سیاسەتێکی بەهێزتر بۆ ئاراستەکردنی ڕوانگە و مەرامی قۆڕخکردنی دەسەڵات لە ئاستی جیهان یا لە ئاستی ئیقلیمی بێت، هەروەها ئابووری بەهێز ڕۆڵی بەهێز دەبینێ بۆ فشارخستنەسەر بەرامبەر و ملکەچکردنی، بەڵام هەر وزە نییە کە بووەتە چەکی دەستی خاوەندارەکان، دەمێکە هەندێ وڵات سامانی ئاویش وەکو سامانێکی بێ جێگرەوە، دەکەنە فشاری سەر وڵاتەکانی دراوسێیان، لەوانە تورکیا، کە بە پرۆژەی گاپ سوریا و بەتایبەت عیڕاقی تووشی قەیرانی ئاو کردووە و لە داهاتوودا قەبارەی ئەم کێشەیە گەورەتر و کاریگەرتر دەردەکەوێت.

لە ئێستادا تەنها سامانی ئاو و سامانی وزە چەکی دەستی خاوەندارەکانیان نین، بۆ فشارخستنەسەر و بەدیهێنانی مەرامەکانیان، بەڵکو قۆرخکردنی بەرهەمی دانەوێڵەش، بۆ تێکدانی ئاسایشی نێوخۆ،  بووەتە یەکێک لەو چەکانە. دانەوێڵە، بەتایبەتی گەنم یەکێکە لە خۆراکە سەرەکییەکانی مرۆڤ، ئەم بەرهەمە کشتوکاڵییەش لە هەموو کەشوهەوایەک و لە هەموو وڵاتێکدا ناچێنرێت، ئەو وڵاتانەی ئەو بەرهەمەیان بەڕێژەیەکی زۆر تێدا دەچێنرێت بریتین لە ڕوسیا و ئۆکرانیا، جگە لە هەندێ وڵاتی وەکو ئەمریکا، ئوسترالیا، ئەوروپا وچین، بۆیە زۆربەی ناوچەکان بە پشتبەستن بە هاوردەکردنی دانەوێلە دەتوانن خۆراکی دانیشتوانەکەیان دابین بکەن، وەکو لیبیا، تورکیا، سوریا، میسڕ و جەزائیر، هەروەها هەندێ وڵاتیش بەهۆی قەیرانی ئاوەوە ناتوانن دانەوێڵە بچێنن و هاوردەی دەکەن، تا قەیرانی ئاویان توندتر نەبێت، بۆ نمونە وڵاتی سعودیە.

تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی یەکێکە لەو هەوڵە دوژمنکارانەی، هەندێ دەوڵەت بۆ شێواندنی حوکمڕانی دەوڵەتی بەرامبەر دەیگرێتەبەر، تێکچوونی ئاسایشی نیشتیمانیش دەرئەنجامی تێکچوونی ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراکە، نمونەی ئەم دۆخەش ڤێنزوێللایە، کە ئەمریکا جۆرەها پلان و پیلانی بۆ تێکدانی ئاسایشەکەی گرتەبەر[ [1]]  لە ئێستادا و دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرانیا و هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە، لە بەرامبەر ئەو سزا و بڕیارانەی دژ بە ڕووسیا لە بواری ئابووری و دیپلۆماتیدا لە ئارادان، ڕووسیاش کارتەکانی خۆی لەو بوارەدا تاقی دەکاتەوە.

شێوازی بەکارهێنانی سامانی سروشتی، وەکو هەڕەشە و فشاری سیاسی بۆ سەر لایەنی بەرامبەر بابەتێکی نوێ نییە، یەکێک لە دیارترین و زیندووترین شێواز بەکارهێنانی فشاری سامانی ئاوە دژ بە بەرامبەر و لەپێناو بەدیهێنانی مەرامی سیاسیدا، سیاسەتی تورکیا و قۆرخکردنی ئاوی دیجلە و فورات و بێبەشکردنی سوریا و عیڕاق لە بەشە ئاوی خۆیان، یەکێکە لەو ڕاستییانەی کە تورکیا لە سیاسەتی ئاودا پەیڕەوی دەکات، پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە پەسەند نەکراوەش لە ئێستادا، بە ئامادەبوونی گۆڕانەکانی کەشوهەوا، بارێکی قورسترە لەسەر دانیشتوانی ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەمڕۆ و بۆ ئایندە، بەڵام لە میانەی شەڕی نابەرامبەری نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا، ڕووسیا بەرهەمی دانەویڵەی وەکو شێوازێک لە فشاری خۆراک، بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دیکە بەکار دەهێنێت. ڕووسیا گەورەترین وڵاتی هەناردەکردنی دانەوێڵەیە، ئەویش لەبەر بەپیتی و فراوانی زەویوزارە کشتوکاڵییەکەیەوە، بۆیە خاوەندارێتی خۆی چ بۆ وزە و چ بۆ دانەوێڵە وەکو دەسەڵاتێکی جیهانی بۆ بەدیهێنانی مەرامە سیاسییەکانی و فشارخستنەسەر بەرامبەر، بەکاردەهێنێ.

ڕووسیا و ئۆکرانیا پێکەوە، خاوەنی ٢٥٪ی هەناردەکردنی گەنمن لە جیهاندا، ئۆکرانیا بەتەنها خاوەنی ١٣٪ی هەناردەکردنی گەنمەشامییە. ڕووسیا ڕایگەیاند کە هەناردەکردنی گەنم و جۆ بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار دەکات، لێکەوتەکانی ئەم سنووردارکردنە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا دەرکەوتووە، کە ئاسایشی خۆراکیان لەسەر هاوردەکردنی دانەوێڵە دابین کراوە، جگە لەوەی نەبوونی عەمباری گەورە و ڕێوشوێنی پێویست بۆ هەڵگرتن و پاراستنی ئەو دانەوێڵانە، کێشەیەکی ترە کە یەکسەر هەندێ وڵات تووشی کورتهێنانی ئەو بەرهەمانە و پشێوی ناوخۆیی دەکات.

جگە لە دانەوێڵە، ڕووسیا خاوەنی هەناردەکردنی زۆرترین ڕێژەی پەینی کیمیاییە لە جیهاندا، بڕیاری ڕاگرتن و قەدەغەکردنی ئەو هەناردەکردنە بۆ دەرەوەی وڵات، یەکێکە لەو تەکتیکانەی ڕوسیا دەیگرێتەبەر بۆ شێواندنی ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا، نیتراتی ئەمۆنیۆم و ئاوێتەکانی فۆسفات؛ کە زۆر بە چڕی بۆ گەشەکردنی دانەوێڵە و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بەگشتی پێویستە. بەڕازیل و ئەوروپا لەو وڵاتانەن کە بەروبوومی کشتوکاڵیان بەندە لەسەر هاوردەکردنی ئەو پەینی کیمیاییە. بۆیە لەلایەکەوە کەمبوونەوەی دانەوێڵە لە بازاری جیهانی و لەلایەکیترەوە وەستاندنی هەناردەی پەینی پێویست بۆ کشتوکاڵ لەلایەن ڕوسیاوە، ڕۆڵی گرنگ، لە بەرزبوونەوەی نرخ و کورتهێنانی پێداویستی دانیشتوان و شێواندنی ئاسایشی خۆراکدا، دەبینن.

چین یەکێکە لەو وڵاتانەی خاوەنی زۆرترین ژمارەی دانیشتوانە، بۆ دابینکردنی بەشە خۆراکی خۆی، دەمێکە ڕوبەری گەورەی زەوی کشتوکاڵی لە ئەفریقادا کڕیوە یا بەکرێی گرتووە، بەڵام لەماوەی پێش سەرهەڵدانی گرانی دانەویڵە و شەڕی ڕووسیا، ڕێژەیەکی زۆری دانەوێڵەی وەکو گەنم، جۆ، گەنمەشامی و برنج لە کۆگاکانی خۆیدا عەمار دەکرد، ئەمەش دەنگدانەوەی ئەوەی هەبوو؛ کە لەوانەیە مەرامی هێرشی سەر تایوانی هەبێت و تووشی سزای ئابووری ببێت، لەم ساڵانەی دواییدا دوو تا سێ هەندەی جاران ئەو دانەوێڵانەی هاوردە کردووە، بۆ نمونە بەرهەمی سۆیا لە بەڕازیڵەوە. ئەم خۆئامادەکردنەی چین بەو مانایە دێت، کە باشترین شێوازی بیرکردنەوە و پێشبینیان هەیە بۆ هێشتنەوەی گۆمەڵگا و دانیشتوانی ئەو وڵاتە لە دۆخی ئارامی خۆیان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان، لەلایەکیترەوە ئەم خۆئامادەکردنەی چین ئاماژەی ئەوەشە کە ئەو دەوڵەتانە ئاگاداری نەخشە و پلانی یەکترن بۆ داهاتوویەکی نادیار.

گرانی و قاتوقڕی، ڕۆڵی گەورە دەبینی لە هەڵسانەوە و ناڕەزایی جەماوەردا، زۆربەی بۆچوون و توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە یەکێک لە هۆکارەکانی بەهاری عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی ئاسایشی خۆراک و ئاو لەو ناوچانەدا، کاتێ نرخی یەک تەن گەنم لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە ١٣٩ ئۆیرۆوە بۆ ٢٨٠ ئۆیرۆ لە ٢٠١٠دا بەرزبووەوە و دانیشتوانی بەرەو هەڵسانەوە و ڕاپەڕین هاندا، دژ بە گەندەڵی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی لەو وڵاتانەدا، لە ئێستادا زۆربەی ئەو وڵاتانەی توانای عەمبارکردنی خواردنیان هەیە، بەتایبەتی دانەوێڵە، هەوڵ دەدەن زۆرترین خۆراک عەمبار بکەن و تووشی پەشێوی نێوخۆیی نەبن.

قوربانی ئەو ڕکابەری و ململانێیەی ئەمڕۆ لە نێوانی جەمسەرەکانی شەڕدا هەیە، لەلایەکەوە خەڵکە ناچارەکەی ئۆکرانیایە، کە ئاوارە و سوتەمەنییە، لەلایەکی ترەوە تێکچوونی ئاسایشی نێوخۆی هەندێ وڵاتە، کە ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە و پشت بە بەرهەمەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەبەستن، ئەم ململانێیەش کورتخایەن نییە، بۆیە بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕەوە مرۆڤایەتی ڕوبەڕوویی دۆخێکی نالەبارتر دەبێتەوە، ئیدی ئەوروپاش ئەو خۆشگوزەرانییەی بەردەوام نابێت، کە تا ئێستا هەیبووە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش؛ چ بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانەوە، چ بەهۆی وشکەساڵییەوە، چ بەهۆی ئەم پێشهاتەی، کە دانەوێڵەی تێدا بووەتە قەیران و بەرزبوونەوەی نرخ و کەمبوونەوەی لە بازاڕی بەروبوومە کشتوکاڵییەکاندا، بەدڵنیاییەوە تووشی نائارامی و پەشێوی دەبێت.

 لێرەدا ئەگەر بڕوانینە باشوری کوردستان وەکو بەشێک لەم جیهانە؛ زۆر بەئاشکرا دەبینین کە خاوەنی هەموو مەرجەکانی فەراهەمکردنی ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی ئاوە بۆ دانیشتوانەکەی، ئەم مەرجانەش بنەمای زەمینەیەکی سەقامگیر و تێروتەسەلن بۆ گەشەکردن و پەلهاویشتنی زیاتر، دەبێ پشتبەستوو بێت بە زانست و تەکنەلۆژیا و شارەزای لێهاتوو، لەهەمووی گرنگتر دەبێ پشتبەستوو بێت بە هێزی کارامە و توانای نێوخۆی خۆی، هەتا بەرهەمی خۆماڵی باشتر و زیاتر بێت، دەسەڵاتی خۆجێیی ئازادتر دەبێت، ترسی لە سنوورەکان کەمتر و دڵنیایی لە نێوخۆ ئارامتر دەبێت.

پەراوێزەکان:

  1. 1.         سیاسەتی ئابووری لەجیهاندا، ئەوەندەی سیاسییە ئەوەندە ئابووری نییە، مەدیحە سۆفی، پێگەی ڤێنزوێللا لە نێوان شەڕی زلهێزەکاندا، ساڵی چاپ ٢٠٢١

[1]   سیاسەتی ئابووری لەجیهاندا، ئەوەندەی سیاسییە ئەوەندە ئابووری نییە، د. مەدیحە سۆفی، پێگەی ڤێنزوێللا لە

نێوان شەڕی زلهێزەکاندا، ساڵی چاپ ٢٠٢١

Images: https://pixabay.com/fr/

Check Also

چۆن بتوانین ژنێكى به‌هێز دروست بكه‌ین؟

وتاری هاوبەش جوان عزەت، بەهرە حەمەڕەش، شاناز هیرانی به‌شى یه‌كه‌م: ژن و په‌روه‌رده‌ جوان عزه‌ت …