پێنج شه‌ممه‌, ئه‌یلول 29, 2022
frku

لاوازیى فیکریى خەباتى فێمینیزم لە کوردستاندا

ناودار زیاد


لە هەرێمى کوردستان و کۆمەڵگەى کوردیدا دەیان جیاکاریى و ناڕەوایەتیتى هەیە. ئەمەش هۆیەکەی بۆ دوورکەوتنەوە لە بەهاى مرۆیى و هاووڵاتێتیی دەگەڕیتەوە، بەجۆرێک، لە ڕێگەى چەندین پێودانگى کۆمەڵایەتییەوە پلەى مرۆڤێک لە یەکێکى تر باڵاتر و مرۆڤێک بەڕێزتر و خاوەنمافتر و پارێزراوترە لە مرۆڤێکى تر. لەنێویاندا پێودانگى ژنێتى و پیاوێتی بووەتە مایەى جیاکاریى جێندەریی و سیستەمێکى پلەبەندی واى دروستکردووە، کە پیاو لە سەرەوەى هەڕەمەکەیە و ژن لە بنکەکەیدایە.

لە پلەی سەرەوەى ده‌سه‌ڵاته‌كاندا له‌ هەرێمى کوردستاندا، له‌ نموونەى سه‌رۆكایەتى هه‌رێم و ئەنجومەنى وه‌زیران، دیوەخانى کاراکتەرە سیاسییەکان، سه‌رۆكى پارتە سیاسییەکان، سه‌رۆك عەشیرەتەکان، پارێزگاره‌كان، سەرمایەدار و بازرگانه‌كان، مامۆستایانى ئایینى، فەرماندە سەربازییەکان و تا دوایى… جێگەى بەتاڵى ژنى تێدا دیارە. واتا لەو شوێنانەدا کە بڕیارەکانى تێدا دەدرێت و سیاسەتەکانى تێدا دادەڕێژرێت و باوەڕەکان ڕەنگڕێژ دەکرێت جێگە و پێگەى ژن تێیدا تەنگ و بە نرخى نەبوونە.

زۆرینەى ڕەهاى جێگە و دامەزراوە گرنگەکانى کۆمەڵگە له ‌ده‌ستی پیاواندایه‌ و هه‌موویان موڵكی نێرینه‌ن. له ‌هه‌ر پێگه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا ژنێک هه‌بێت ئەوا پیاوێكی له ‌پشته‌وه‌یه‌ و له‌ژێر سێبه‌ری پیاوێكدا پیادەى ده‌سه‌ڵاتدار‌ێتییەکەى دە‌كات. دواجار، پیاوە سێبەرەکەى بان سەرى بڕیارە چارەنووسساز و گرنگەکانى پێ دەدات. لە هەرێمى کوردستاندا ئەوەى بۆ هەمووان ڕوونبووەتەوە ئەوەیە دروشم و بانگه‌شه‌كانی دادپەروەریى، یان یه‌كسانی له‌ نێوان ژن و پیاودا، زیاتر چاوبه‌ستۆكێ و خاپاندنه و بێگومان مەرامى پیاوانە و پاتریارکییانەى لە پشتەوەیە‌.

وێڕاى ئەوەى لە کۆمەڵگەى کوردیدا ژن و پیاوى بیوباوەڕی فێمینیستیی و ڕێکخراو و دامەزراوەى کۆمەڵایەتى هەن داکۆکى لە مافەکانى ژنان دەکەن و درک بەو ستەمە دەکەن کە بەسەر ژن سەپێندراوە؛ بەڵام هەوڵ و تێکۆشانى ئەمانە فەلسەفەیەکى قووڵى لە پشتەوە نییە و خۆیان بە چەکى هزر و مەعریفە باربوو نەکردووە، هەر بۆیە گوتارەکانیان کاریگەرى دروست نەکردووە و نەچووەتە ناو فیکر و خەیاڵدانى ئەوانى دیکەوە. ئەمە وێڕاى چەندین گرفت و لەمپەڕ و بەربەستى دیکەى بەردەمیان، بەڵام لاوازى فیکریى و فەلسەفییان یەکێکە لە خاڵە نەرێنییە بنەڕەتییەکان.

وەک دەزانرێت ئەدەبیات و فەرهەنگ و هزر و خەباتى فێمینیستى و داکۆکیکردن لە مافەکانى ژنان دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانى ئەوروپا و ڕۆژئاوا، کە لە میانەى چەندین بزوتنەوە و ڕێکخراو و گروپدا بەرجەستە بوو بوون. بەڵام هیچ کامێکیان نەبوو کە هزر و فەلسەفە و قوتابخانە و ئاڕاستەیەکى فەلسەفى باربووى نەکات، چونکە هیچ بزوتنەوە و ڕێکخراو و گروپێک نییە بەبێ ئەوەى هزر و فەلسەفە و تیۆرەى لەپشتەوە بێت بتوانێت درێژە بە خۆى بدات. ئەو هزر و فەلسەفە و تیۆرانەى هەڵقووڵاوى دەیان و سەدان کتێب و نووسین و گوتارى بەپێزن.

لە کۆتاییەکانى سەدەى هەژدە کتێبەکەى (مارى وڵستۆنکرافت) (داکۆکیکردن لە مافەکانى ژنان A vindication of the rights of women) زایەڵەیەک بوو لە گوێى سەدان و هەزاران ژن و پیاوى ئازادیخوازدا دەزرنگایەوە، تاکو لە نیوەى دووەمى سەدەى نۆزدەدا (جۆن ستیوارت میل) بە کتێبى (بەکۆیلەکردنى ژنان The subjection of women) سەمفۆنیایەکى لێ بەرهەم هێنا و لە ناوەڕاستى سەدەى بیستەمیشدا (سیمۆن دو بۆڤوار) بە کتێبى (ڕەگەزى دووەم The second sex) کردى بە مارشى بزوتنەوە فێمینیستییەکان.

ئەگەر ئەم کتێبانە و سەدان و هەزاران کتێبى دیکە نەبان ئەوا فێمینیستەکان نەیاندەتوانى دەنگى خۆیان بە دونیادا بڵاوبکەنەوە و خەباتەکەیان ڕەگى قووڵ دابکوتێ، بەجۆرێک هێندە ڕووچووبوونە نێو ئەم پرسەوە تەنانەت تەواوى فیکر و فەلسەفە و دەقە فەلسەفییەکانى فەیلەسوف و بیرمەندە سەرەکى و گرنگەکانى مێژووى فەلسەفەیان خستە بەر چەردەیەکى ڕەخنەگرانەوە. هەموو ئەو ئیدیۆم و زاراوە و بیرۆکانەی فەیلەسوفانیان ڕەخنەکرد کە بە سووک تەماشاکردنى ژنانیان تێدا بوو یاخود ژنیان بە بوونەوەرى نزم و ناتەواو و ناعەقڵانى و پلە دوو ئەژمار دەکرد: ئەوە نیشانەى نێرسالارێتییە کاتێک (پلاتۆن) دەڵێت خوداوەندەکان هەشت چاکەیان لەگەڵدا کردووم یەکێک لەوان ئەوەیە منى بە پیاو دروستکردووە نەوەک ژن. لە ڕێى زانستەوە (ئەرستۆتالیس)یان بەدرۆدەخستەوە، کە دەڵێت ژنان بوونەوەرى ناتەواون و سروشت کاتێک نەیتوانى پیاو بخوڵقێنێت ژن دروست دەکات و ژن بەرهەمى ناتەواوییەکانى سروشتە. درکیان بە دڵڕەقى و دەروون شێواوى (شۆبنهاوەر) کرد چونکە سۆز و ئەوینى ژنانى بە تەڵە و خاپاندن و چاوبەستۆکێ بەناوکردبوو. زانیان (نیچە)ش شکستى لە عەشقدا خواردووە بۆیە گوتوویەتى کاتێک دەچیت بۆ لاى ژنان با قامچییەکەت بیر نەچێت. ئەمە بەو واتایە دێت ئەوان بە ئامانجى داڕشتنى سیاسەتێکى تۆکمەى فێمینیستییانە سەرەتا لە دەسکاریکردنى زهنییەت و عەقڵییەتى پیاوەوە دەستیان پێکرد، چونکە درکیان بەوە کردبوو تاکو زهنییەت و عەقڵییەتى پیاوان نەگۆڕێت ئەستەمە بیر لە گۆڕینى ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان بکرێتەوە.

لە هەرێمى کوردستانیشدا، وەک زۆربەى بوارەکانى دیکە، کەلێنێکى گەورە لە بوارى کتێب و توێژینەوەى بەپێزدا بەدی دەکرێت، لەبارەى بەدواداچوون بۆ وەڵامى ئەو پرسیارانەى کە ڕوانین و مامەڵەى ژن و پیاو لە هەمبەر یەکترى ڕەنگڕێژ دەکات و واتاکانى ژنێتى و پیاوێتى تێیدا پەنهانن و ئەو هۆکارانەى وا دەکەن تاکو ئێستا کولتوورى عەشاییریى زاڵ بێت بەسەر ڕوانین و مامەڵەى تاکى کۆمەڵگەى کوردیدا بکات بەرانبەر ژنان و ئەو هۆکارانەى وا دەکەن ژن زیاتر لە حەرەمى ماڵ و موڵک و تەجاوزاتەکان ئەژمار بکرێت و ئەو فاکتەرانەى وا دەکەن توندى و جدییەت و پێداگریى بە پیاوەوە گرێ بدرێت و نه‌رم و نیانى و ناجدییەت و دەستەمۆییش بە ژنەوە. پرسیارەکان لەبارەى بارودۆخى ژنانى کۆمەڵگەى کوردییەوە زۆروزەوەندن. ئەگەر بڵێین کتێب و نووسین لەو بارەوە نییە ئەوا بە هەڵەدا دەچین، بەڵام کتێب و نووسینەکان لاوازى فیکرییان پێوە دیارە –جگە لە “شۆڕشى کۆمەڵایەتى و ژیانى نوێ” لەگەڵ “عەشقى کورد”ى (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) کە ئەوانیش بە مەرامى هاندان و ئامادەکردنى ژنان بۆ شۆڕش و خەباتى چەکدارى نووسراون- زۆربەیان یان سنوورى گوتارى ڕۆژنامەوانییان تێنەپەڕاندووە، یاخود جووینەوەى هزر و فەلسەفە فێمینیستییەکانى ڕۆژئاوان. لەکاتێکدا گرفت و کێشەکانى ژنان لە کۆمەڵگەى کوردیدا هەمان ئەو کێشە و گرفتانە نین کە لە کۆمەڵگەیەکى دیکەدا هەن، بۆیە پێویستە کتێب و توێژینەوەکان هەڵقووڵاوى کۆمەڵگەى کوردى بن نەوەک هاوردەى کۆمەڵگە و وڵاتێکى تر.

Check Also

پەیوەندی ھەڵئاوسان بە پاشەکەوت و گەشەکردنەوە

موحه‌مه‌د ڕه‌حمان ئه‌حمه‌د ھەڵئاوسان یەکێکە لە دەردە کوشندەکانی سیستەمی بازاری ئازادی سەرمایەداری، ئەو سیستەمەی کە …