فەلسەفە لە نێوان چییەتیی مەعریفە و پێویستیی بابەتیی بوون

دڵشاد کاوانی


هەرچەندە بە درێژایی مێژووی فەلسەفە لەگەڵ هەر ڕەوت و دیدگا و قوناغێکی فەلسەفییدا، فەلسەفە وەک میکانزمێکی فکریی مەعریفی لەپاڵ ئەو چەمکانەی کە کاری فەلسەفەکاری کراوە، فەلسەفە خۆشی کەوتۆتە بەر شەپۆڵی هزری و پێناسە و وێنای جیاوازی بۆچوونەکان، بۆیەشە زۆر لەبارەی فەلسەفە نووسراوە و جۆرەها شیکارو ڕاڤەی بۆ کراوە. فەلسەفە وەک جۆر و ژانری تایبەتی بابەتیی بوونی بابەتیی و یاخود وەک چییەتی مەرعریفە خراوەتە بەرباس. بۆیە ئێمە بە ئاسانی لە مانا و مەدلوولەکانی ڕاستەقینەی “فەلسەفە” تێناگەین، فەلسەفە هاوشێوەی توێژینەویەکی زانستی نییە، چونکە زانست بابەتێکی ڕوونی هەیە، دێت و قسەی خۆی لەبارەیەوە دەکات. گەر بپرسین بوارى فەلسەفە چییە؟ بۆچی هەموو شت و مەعریفەیەکى لەخۆ گرتووە؟ ئایا بڵێین بابەتێکی تایبەتییە، یان تەنیا بیرۆکەیەکی ئەزموون نەکراوە؟

    ئایا فەلسەفە زانستێکی سەربۆخۆیە و بیرۆکە زانستییەکان دەوڵەمەند دەکات، یان بیری دەوڵەمەند و وردمان لەسەر بوونی بابەتیی پێ دەبەخشێت؟ یاخود فەلسەفە هونەری بیرۆکەیە؟ بۆچی ئێمە بۆچوونی جیاوازمان هەیە سەبارەت بە چارەنووسی هەزار ساڵەی مرۆڤایەتی؟

    لێکدانەوەی فەلسەفە قورسە، چونکە ئێمە زۆر بۆچوونی جودامان سەبارەت بە ئامانج و ئەرکەکەی هەیە. لەلایەک فەلسەفە وەک ئەو زانستە بنەڕەتییە دەبینین کە مانا بە هەموو شتەکان دەبەخشێت. لە لایەکی ترەوە ئێمە فەلسەفە وەک ڕێنوێنییەک بۆ ژیانمان دەبینین. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا مرۆڤەکان فەلسەفەیان بە لقێک لە ئیلاهیات ناودەبرد، بەڵام ئەمڕۆ خەڵک وەک یارمەتیدەرێک بۆ زانستە سروشتییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بیری لێدەکەنەوە.

ئەمە ئاسانە کە دەزانین لە ڕووی وشەسازییەوە، وشەی “فەلسەفە” لە (فیلۆ سۆفیا)ی یۆنانییەوە هاتووە، بە واتای “خۆشەویستی زانستی” پاشان بە گشتیی کراوە بە خۆشەویستی حیکمەت، یاخود گەیشتن بە ژیریی دێت. بەم مانایە فەلسەفە تەنها بابەتێک نییە کە واتاکانی مەعریفە دەگەیەنێت یان هەستی ئیدراک دەجوڵێنێت، بەڵکو جۆرێکە لە ئارەزوو و داواکاریی مەعرفیی. لەلایەکی دیکەوە، سوکرات دەڵێت: ”ئەوەی فەیلەسوف پێویستی پێیەتی، حیکمەت نییە، بەڵکو خۆشەویستییە.”.

    سۆکرات بە ڕوونی ڕێگەی فەلسەفەی نیشان دا. گوتی: ”ژیان بەبێ ئەزموون نابێت، بۆیە دەبێت ڕێنمایی عەقڵ قبوڵ بکەین. دەزانرێت هەڵوێستی پرسیارکردن و لێپرسینەوە فاکتەری سەرەکی فەلسەفەیە.” هەروەها ئاماژە بە لایەنە ئەخلاقیەکانی ژیان دەکات کە زۆرجار لە فەلسەفەکاندا جەختیان لەسەر دەکرێتەوە.

    ئەرستۆ تاڵس ناوەڕۆکی فەلسەفەکەی لە بەرهەمە نەمرەکانیدا داڕشتووە. فەلسەفەی خۆی بەسەر چەند لقێکدا دابەشکرد، کە بێهاوتاییان “فەلسەفەی یەکەم” یان “میتافیزیک” بوو، کە پێکهاتبوو لە زانینی باڵاترین ڕێسا و پرەنسیپەکان. ئەم جۆرە جەختکردنەوە میتافیزیکییانە لە مێژووی فەلسەفەدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە.

    مرۆڤە مۆدێرنەکان جەخت لەسەر سروشتی زانین دەکەنەوە. ئیمانوێڵ کانت زانست دابەش دەکات بۆ دوو: یەکێک لەوانە زانیاری ئەزموونییە، کە هاوتایە لەگەڵ زانستی سروشتی؛ یەکێکی تریان ئەو مەعریفەی فیکرییەیە کە لە ڕێگەی فەلسەفەوە دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت. لە سەردەمی ئێمەدا مشتومڕێکی ناسک لە نێوان فەلسەفە و زانستدا هەیە. بە گشتی مرۆڤەکان بەدوای زانستدا دەگەڕێن نەک فەلسەفە. فەلسەفە هاوچەرخەکان تووشی پراگماتیزم بوون. تیایدا تەنها مەعریفەی ئەزمونی مەعریفەی ڕاستەقینە و فەلسەفەش تەنها لێکدەر و ڕەخنەگرەکەیەتی.

   من بەم شێوەیە دەیبینم: فەلسەفە مەعریفەی ڕوون و پڕ لە عەقڵ بەدەستەوە دەدات. حیکمەت سەبارەت بە مرۆڤایەتی و جیهان و خودا و ژیانی باش و کۆمەڵگەیەکی وشیار پێشکەش دەکات و بە وردی مامەڵە لەگەڵ پرسیارەکان دەکات سەبارەت بە سروشتی شتەکان و ئامانجی ژیان. بەم شێوەیە لە دیسیپلینەکانی تر کە مامەڵە لەگەڵ شتە ڕووکەشەکان، یان دیدگایەکی دیکە بە بابەتە سەرییەکان دەدات، واتا بە بێمانایی دەبەخشێت، هەربۆیەشە تائێستا فەلسەفە باڵاترە، لە بابەتیی بوون.

    به پێی ئەوانەی باسم کردن فەیلەسووفان له سەرەوەترن لە هەر کەسێک پێویستییەتی گرنگیان پێدەدات. میتۆدۆلۆژیای ئاڵۆزی فەلسەفی پێویستی بە بیرکاری پێشکەوتوو یان زانیارییەکی تۆکمە نییە، لەسەر جیاوازی و ئینتیگراڵە سووکەکان. فەیلەسوفی ڕاستەقینە گەوهەرێکی دەگمەنە، چونکە لە جیهانێکی وەها ئاژاوەگێڕدا، گەڕانێکی ڕۆحانەیە بۆ حیکمەت، لە فەزایی ناڕوونی دا ئەو ڕۆحێکی بەنرخە. جیهان بانگەواز بۆ فەیلەسوف دەکات و ئەم بانگەوازەش وەڵامێک لە هەریەکێکماندا دەورووژێنێت. چونکە تۆ دڵێکی خودا بەخشیت هەیە و تینوێتییەکی بێهاوتای حەقیقەتت هەیە، دەتوانیت تۆش فەیلەسوف بیت، وەلێ ئەمەش پەیوەندی بە قووڵبوونەوە و ڕۆچوونی ئاوەزییەوە هەیە.

پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە فەلسەفە جیاوازە لە زانستە ئەزموونییەکان وەک فیزیا و کیمیا و بایۆلۆجی. زانستێکی فیکرییە کە لە ڕێگەی بیرکردنەوە و شیکاری سیستماتیکەوە گەشە دەکات، وەک بیرکاری. بیرکاران و فەیلەسوفەکان دەتوانن پشت بە تێبینییەکانی پراکتیک لە دەرەوەی ئەزموونی باو ببەستن. هەروەک ئەوەی زانستگەران لەبەردەم شێر دادەنیشن و بۆ دۆزینەوەکانیان کاری لەسەر دەکەن؛ ئەوان لە رێگەی تەنکنیکەوە بیرمەندی سەر کورسین، نەوەک بوێریی، وەلێ ئەرکی فەیلەسووفان لە بیر دا ئەوبووێرییەی دەوێت، کە بێ هاوکاری تاقیگەیی لەبەردەم دڕندەیی شێردا تەنیا بە چەکی ژیرییەوە دەوەستن و دڕندەیی دەروونی و ئاوەزیی مرۆڤ ماڵی دەکەن.  

فەلسەفە هونەر نییە، بەڵکو ڕۆڵی ڕێنماییکەری بۆ هونەر هەیە. ئەمە بە تایبەتی بۆ دیالێکتیک ڕاستە. فەلسەفە ئیلاهیات نییە، چونکە ئیلاهیات لە باوەڕی ئایینیەوە سەرچاوە دەگرێت. خوێندەواری فەلسەفی چەمکە جۆراوجۆرەکانی شاراوە لە خوێندەواری مرۆڤەکاندا دەهێنێتە ئاراوە و سەرەتا جوانیان دەکات و پاشان دەیانگۆڕێت.

    فەلسەفە پێشخانی مێژوویی نییە. فاکتێکە و سەر بە پاشخانە. مێژووی فەلسەفە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئارەزووی مرۆڤەکان بۆ فەلسەفە هێشتا زۆر دووررترە لەوەی گەیشتن بە جیهانی ئازادی مەعریفەی ئەزموونی. ژیانێکی کۆسمۆنتیکی بۆ باڵابوونی مرۆڤایەتی وا بەخێرایی بێنێتە کایەوە. هەرچەندە زانستی ئەزموونی لە هەندێک بواردا لە فەلسەفە پێگەیشتووترە و دەتوانین بڵێین گەیشتووەتە لوتکە. وەلێ هێشتا فەلسەفە منداڵە، دوای هەزاران ساڵی دیکە گەورە دەبێت.

 سەرچاوەکان:

عەرەبی

کتاب سقراط ، إغتيال العقل. الدكتور محمد ممدوح. القسم العربی. الفلسفة والعلوم المتصلة بهاالكتب المطبوعة. سنە ١٩٩٨.

فارسی

نام کتاب: ایمانوئل کانت، نویسنده: آنتونی کنی. مترجم: رضا یعقوبی. ناشر چاپی: بنگاه ترجمه و نشر کتاب پارسه. سال انتشار: ۱۳۹۹.

نام کتاب: ارسطو، نویسنده: مارتا نوسباوم. مترجم: عزت الله فولادوند. ناشر چاپی: طرح نو. سال انتشار: ۱۳۸۹.

Image: https://pixabay.com/fr/

Gordon Johnson

Check Also

قوتابخانەی میلیتۆس یەکەم قوتابخانەی فەلسەفە لە مێژوودا لە لێوار خاکەکانی ئاسیا و ئەوڕوپا سەری هەڵدا

دڵشاد کاوانی پێشەکی  قووتابخانەی میلیتۆس وەک کۆنترین قووتابخانەی فەلسەفی ڕۆژئاوایی لە مێژووی فەلسەفەدا ناوی هاتووە. …