پێنج شه‌ممه‌, ئه‌یلول 29, 2022
frku

شەڕی ئاو بکەین یا شەڕی خاک؟

د. مەدیحە سۆفی


لە دوا تویژینەوەی ناوەندی Notre Dame Global Adaption Initiative ، کە دەربارەی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا و ئامادەکاری وڵاتەکان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو گۆڕانەی قەیرانی ئاو دەبێتە یەکێک لە دەرئەنجامە سەختەکانی؛ دەرکەوتووە کە زۆربەی ئەو وڵاتانەی دەستبەکار بوونە بۆ ئەو خۆئامادەکردنە، وڵاتە پێشکەوتوو و پیشەسازییەکانن، یا ئەو وڵاتانەی لە بواری  ژینگە و پاراستنی سامانی سروشتیدا پێشڕەون. هەر لەو توێژینەوەیەدا و لە چوارچێوەی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا،  ئیماراتی عەرەبی لە ڕیزبەندی 30 و ئیسرائیل لە ڕیزبەندی 32 و قەتەر لە ڕیزبەندی 44، واتە تەواوی وڵاتانی عەرەبی هیچ ئامادەکاری خۆگونجاندێکیان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو ئەگەرانە نییە[ [1]] ئاشکرایە کە ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زۆر چڕتر و کاریگەریتر دەبێ، کاتێ وەکو بابەتێکی ئاسایی و بەبێ خۆئامادەکردن وەربگیرێت، بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە خۆی خاوەن ئاوهەوایەکی وشک و کەم باران و کەم ئاوە.

زانست سەنگی خۆی هەیە لە دەرخستنی پێشبینی و کاردانەوەکاندا، لە خستنەئارای گومان و ئەگەرەکاندا، وڵاتانی جیهان لەخۆڕا بودجە بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە تەرخان ناکەن، ساڵانەش بڕێک لەو بودجەیە زیاتر دەکەن، سەنغافورە و ئەمریکا لەو وڵاتانەن کە بودجەی توێژینەوەیان بەرزە و ئەڵمانیاش بۆ بوارە گرنگەکان هەمیشە بڕێکی زیاتر تەرخان دەکات، دەمێکە دەرئەنجامی ئەو توێژینەوە زانستیانە کاریگەری گۆڕانەکانی کەشوهەوا دەخەنەڕوو، گرنگترینیان قەیرانی ئاوە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ نمونە ئوردن، کوێت، سعودیە، سوریا، ئیمارات، ئێران و لە ئێستاشدا عیڕاق، دواڕۆژێکی سەختیان هەیە، کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تا ڕادەی بەرگەنەگرتن، دەبێتە هۆکاری بەجێهێشتنی شار و شارۆچکە و شوێنی نیشتەجێبوون کە بە پەناهەندەی ژینگەیی ناودەبرێن.

 ئەو وڵاتانەی خاوەنی وزەی زۆرن بۆ نمونە دعودیە و ئیماڕات، دەتوانن ئاوی دەریا خوێشۆر بکەن، کە خەرجییەکی زۆری پێویستە. میسۆپۆتامیاش کە سەرچاوەی سەرهەڵدان و بوژانەوە و شارستانییەت بوو، دەبێتە چەقی قەیرانی ئاو، چ بە هۆی ماکەکانی گۆڕانی هەواوە و چ بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی ناڕەوای ئاو لە تورکیا و ئێراندا، یا کەمی هۆشیاری و بەفیڕۆدان، لە هەمووی گرنگتر بەهۆی ناتەندروستی و ناهەمواری بەڕێوەبردنی سامانی ئاو بۆ نمونە لە باشووری کوردستاندا.

لە ئێستادا عیڕاق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت دووچاری قەیرانی ئاو بوونە، تێکچوون و ناسەقامگیری ئاسایشی ئاو بەواتای نائارامی ئاسایشی نیشتیمانییە، کە تیایدا هیچ پلان و پەیڕەوێکی ئاسایی بۆ پێشکەوتن و داهێنان و هەنگای نوێتر سەرناگرێ، سەرقاڵبوونی جەماوەر بە چۆنییەتی دابینکردنی ئاو بۆ پێداویستی ڕۆژانە ئەرکێکی قورس و بەردەوامە، کە تەواوی تەما و ویست و پلانەکانیتری ژیان ئاوەژوو دەکاتەوە و دوادەخات.

 سەرقاڵی و پەشێوی بۆ دابینکردنی ئاو بووەتە دیاردەیەکی هەمیشەیی و کەلێنێکی گەورەی ژیانی جەماوەری گرتووەتەوە، لە کاتێکدا لە 2010وە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دابینکردنی بەشە ئاوی هەر کەسێکی وەکو بەشێک لە مافی مرۆڤ ناساند، بەڵام چ لەسەر ئاستی جیهان و چ لەسەر ئاستی لۆکال، بێ بەشبوونی دانیشتوانی جیهان لە بەشە ئاوی خۆی لە هەندێ ناوچەدا، بەردەوام لە هەڵکشاندایە.

زۆربوونی دانیشتوان، یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی جیهان بەگشتی و ژینگە بەتایبەتی. زۆربوونی دانیشتوان؛ واتە خەرجکردنی چەندەها ئەوەندەیتر وزە بۆ دابینکردنی ئاوەدانکردنەوە، خانوبەرە، خۆراک، بەرهەمهێنانی کاڵا، بەکاربردنی ئاو، هاتووچۆ، خاشاک و بەرهەمهێنانی پێداویستی جۆراوجۆر بۆ سەرجەم دانیشتوانی جیهان، ئەم بەکاربردنە کاردانەوەی نەرێنی هەیە لەسەر خەرجکردنی سامانی سروشتی بۆ نمونە ئاو، پاشان کاریگەری هەیە لەسەر تێکدانی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا لە گلۆبالدا. بەپێی پێشبینییەکان دانیشتوانی عیڕاق لە ساڵی 2030  دەبێتە نزیکەی 50  ملیۆن کەس، لە کاتێکدا ئێستا کێشەی کەم ئاوی و تەنانەت قەیرانی ئاویشی هەیە، ئینجا بەپێی ئەو توێژینەوەیەی سەرەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە داهاتوودا، کە قەیرانی ئاو یەکێکیەتی، لە کۆی 182  دەوڵەت عیڕاق لە ڕیزبەندی 115 یە

قەیرانی ئاو لە هەرێمی کوردستان

لە بابەتەکانی پێشووتردا، هەمیشە ئاماژەمان بەوە کردووە، کە کوردستان، بۆ دەستنیشانکردنی کێشە و کەموکورتییەکانی نێو کۆمەڵگا و بەتایبەتی بواری ژینگە، پێویستی بە ناوەندی توێژینەوەی زانستی هەیە، بە جۆرێک کە بە هەمئاهەنگی لەگەڵ بواری ژینگە، تەندروستی و توێژینەوەکانی نێو زانکۆ، هەرسێکیان بتوانن قەیران و کزەخاڵەکان دیاری بکەن و لەو  ڕوانگەیەوە توێژینەوەی وردی بۆ بکرێ، بەم هەنگاوە  دەکرێ ڕێگەچارە و پلانی نزیک و دوور دابڕێژرێ و کێشەکان لە بوونە قەیران دوور بخاتەوە، ئەوەی جێی نیگەرانییە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدەن؛ کە خۆیان نەکەنە خاوەنی کێشەکان، بۆ نمونە قەیرانی ئاو کێشەی بواری ژینگە ، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، شارەوانی، پلاندانان و بەشە تایبەتەکانی زانکۆیە، بەبێ کاری پێکەوەیی کێشەی گشتی چارەسەر ناکرێ.

لە ئێستادا قەیرانی ئاو قەیرانی زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستانە، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە قەیرانی هەموو لایەک، ئەو هەلانەی لەدەستچوون کەم نین، ئەو دەرفەتانەش کە ماون زۆر نین، بەڵام فشاری سەر هاوڵاتی بەتایبەت لەسەر ژنان و ماڵداری فشارێکی زۆرە و کاریگەری لەسەر دەروون و ژیانی ڕۆژانەیان هەیە، بەجۆرێک ڕەنگدانەوەی نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە لە نێو کۆمەڵگادا، بەو واتایەی ئەم کێشەیە دەتوانێ تەواوی شیرازەی کۆمەڵگا هەڵوەشێنێتەوە و سەقامگیری بشێوێنێ.

ئەگەرچی عیڕاق لە کەشوهەوایەکی ئاڵۆزی ئیتنی و تائیفی سیاسی ناجێگیردایە، کە هیچیان نەیانتوانی ڕەوڕەوەی حکومڕانی بەرەو زانست و پێشکەوتن و سەقامگیری ببەن، جگە لەپەرتبوون، هەژاری، سەرلێشێواوی و دواکەوتن، ئەمانەش ئاگردانی ناهۆشیاری و بێ ئاگایی گەرمتر دەکەن، پەیڕەوەکانیان تەنیا بۆ کۆکردنەوەی خەڵکە لە ژێر سێبەری خۆیان، کە خاونی هیچ ستراتیژێکی نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی هاوچەرخ نین، لە بەرامبەر ئەوەدا هەرێم دەیتوانی نمونەیەکی باشتر، جوانتر، کەم کێشەتر و سەقامگیرتر بێت و بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەکو کارەبا و ئاو ئاسایشیی نێوخۆی خۆی لە شێوان و پشێوی بپارێزێت. هەرێم دەڤەرێکی کەم ئاو نییە، بەڵام خاوەنی ڕوانگەیەکی دووربین و ستراتیژێکی درێژخایەن نییە، بۆ نمونە لیزمە بارانێکی بەخوڕ لە جیاتی ئەوەی ببێتە مایەی کۆکردنەوەی ئاوەکە، دەبێتە مایەی لافاو و تەنانەت قوربانیشی لێ دەکەوێتەوە، وە لەبەر ئەوەی زۆربەی شوێنەکان هەر بۆ دروستکردنی خانوو و باڵەخانە و  شوێنی نیشتەجێبوون قۆرخ کراون و هەمووی بوونەتە چیمەنتۆ، کەمترین ئاوی باران بەرەو چینەکانی ژێر زەوی دەدەڵێنێ و دزە دەکات، بە شێوەیەک ئاستی ئاوی ژێر زەوی هەر لە کەمبوونەوەدایە، ئەویش کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئێستا و بۆ نەوەی داهاتوو، لە کاتێکدا دەست بردن بۆ هەڵهێنجانی ئاوی ژێر زەوی تاوانە، هەتا دڵۆپێک ئاوی سەر زەوی هەبێت.

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا، سەنگی مەحەکی بوونی ئاوی پیسە، واتە جگە لەوەی ئیدارەی ئاو ناهەموارە، تەندروستیش، کە هاوپێچی ئاسایشی ئاوە هەر ناهەموارە، ئەو پاشماوە و خاشاکەی، لە ئاوەڕۆکانەوە دەڕژێنە نێو سەرچاوەکانەوە مامەڵە نەکراون، هەروەها ئەگەری زۆرە کە شانەی دابەشکردنی ئاوی نێو ماڵان درز و کێشەی هەبێت، لە لایەکەوە ئاوێکی زۆر بەفیڕۆ دەچێت، لە لایەکیترەوە ئاوێکی پاکژ ناگاتە نێو ماڵەکان. بە هەر پێوەرێک بێت، وەکو ئەڵمان دەڵێن، درەنگە بەڵام زۆر درەنگ نییە، بۆیە ئێستاش گەر ڕێکارەکانی کارکردن و چارەسەرکردن بگیرێتەبەر، فشاری کەم ئاوی بۆ داهاتوو کەمتر دەبێتەوە.

 فەڵستینییەکان نازانن ئێستا ئەوان شەری خاک دەکەن یا شەڕی ئاو، ئیسرائیل تا دەتوانێ فەڵستینییەکان لە ئاو بێ بەش دەکات، کەچی بەرهەمی کشتوکاڵییەکەی خۆی گەیشتووەتە بازاڕەکانی ئەوروپا، ئیسرائیل یەکەم بەرنامەی بۆ دروستکردنی دەوڵەت دابینکردنی ئاو بوو، شەڕی پێنج ڕۆژەی حوزەیرانیش ساڵی 1967، کە بە (نکسة حزیران) ناونراوە، زیاتر بۆ داگیرکردنی بەرزاییەکانی جۆلان بوو، چونکە سەرچاوەیەکی باشی ئاوە لەو ناوچەیە.

من نە لەگەڵ ئەو غەدرەم کە ئیسرائیل لەگەڵ فەڵستینی دەکات و لە ئاو بێ بەشی دەکات، نە لەگەڵ داگیرکردنی بستێ خاکی هەر شوێنێکم، بەڵام لەگەڵ عەقڵی زانست و پلانی تۆکمە و قۆرخکردنی مشتێ ئاوی باران و بەفرم، لەگەڵ کاری جەخت و ناوەندی توێژینەوە و بەدواداچوونی زانستیم، کە سەد لە سەد بڕوام وایە، کێشەکان کاڵتر و داهاتوو ڕوناکتر دەکاتەوە و بنجی داکوتانی دادپەروەری کۆمەڵاتی دادەکوتێ، چونکە ئاو بۆ ئاوەدانییە، نەبوونیشی نزیکترین هەنگاوی پوکانەوەیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیسرائیل لە سیاسەتی ئاودا بێ وچان لە هەوڵدانە، چونکە ڕێکاری تەکنەلۆژی نوێ و زانستی دەگرێتەبەر.

بەنداوی بێخمە باشترین پاڵپشتی تەنگانە بوو، ئەگەر تەخت نەکرایە، ئیسرائیل شەڕی کرد تا سەرچاوەی ئاوی داگیرکرد، ئێمە لە ساباتی خۆماندا ئەو بەنداوەمان تارومار کرد، ئێستاش جڵەوی خۆمان بکەین و پلانی زانستی و گونجاومان هەبێ، دەتوانین ببینە خاوەنی سەرەداوی دابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک، هێشتا دەرفەتەکە لەبارە.

ئێمە لە داهاتوودا و بەم میکانیزمەی سیاسەتی ئاو لە هەرێمدا، بە دڵنیاییەوە شەڕی ئاو دەکەین، هەروەکو چۆن لە فەڵستین، شەڕی بێ ئاوی شەڕی خاکی لەبیربردنەوە و هەراسانی کردوون و نێودەوڵەتیش دەزانێ ئیسرائیل لەسەر قۆرخکردنی بەشە ئاوی فەڵستین خۆی دەبوژێنێتەوە، بەڵام بێ دەنگە، لە باشووریش بەو سیاسەتە حزبییەی لە بەرژەوەندی نەتەوایەتی دوورە و بەو بەڕێوەبردنە نیوەچڵ و نالەبارەی سامانی ئاو، دەرفەت بە سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو دەدات تا کارتی سازشکردنی  بۆ بڕەخسێنێ.

پەراوێزەکان

  1. https://gain.nd.edu/our-work/country-index/rankings

[1] https://gain.nd.edu/our-work/country-index/rankings

Image: https://pixabay.com/fr/

Check Also

ژینگە و ژیان

پرۆژەی (ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی ) بەبۆنەی ڕۆژی ژینگەی جیهانەوە لە ٦/٥ نامیلکەی (ژینگە …