چوار شه‌ممه‌, تشرینی یه‌كه‌م 20, 2021
frku

سەرنجێک لەبارەی گۆڕانی کۆمەڵایەتییەوە

موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د

موحەمەد ڕ. ئەحمەد

ھیچ شتێک مۆدێلی ناڕوا تا مۆدێلێکی نوێ پەیدا نەبێت و جێی پێ لەق نەکات، ھیچ فکرە و ئایدیایەکیش لە مێشکی خەڵک ناڕوا تا فکرە و ئایدیایەکی نوێ پەیدانەبێت و جێی پێ لەق نەکات. ئێستا ئەگەر سەیری وێنەیەکی ساڵی (٨٠)کان بکەین، پانتۆڵی شارلستۆن و قەمیسی یەخە درێژ و خەنافسی درێژ و…هتد، ڕەنگە گاڵتە و پێکەنینمان پێ بێت بڵێین ئەو خەڵکە چۆن بەو شێوازە بووە! بەڵام ئەگەر لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ھیچ مۆدێلێکی جلوبەرگ و ڕیش و قژ تاشینی نوێ پەیدا نەبووبایە، ئەوا ئێستاش بەھەمان شێوەی ساڵی (٨٠)کان پانتۆڵی شارلستۆن و قەمیسی یەخە درێژمان … لەبەر دەکرد، زۆریش پێمان جوان دەبوو!

ئەم یاسایە بۆ ھەموو شتێک ڕاستە. وێنە، خانوو، سەیارە، مۆبایل… سەرەتا کاتێ یەکەم مۆدێلی مۆبایلی ئایفۆن ھات شاشە و قەبارەکەیمان زۆر پێ گەورەبوو، بەڵام دواتر کۆمپانیا بەرە بەرە شاشەکەی گەورەکرد، چونکە باش شارەزایی سایکۆلۆجی مرۆڤی بەکاربەرن، ئەگەر کۆمپانیا شاشەکەی گەورەتر نەکردبایە ئێستاش ھەر پێمان گەورەبوو، بەڵام ئەوەی وایکرد ئێستا ئایفۆن ٤ و ٥ لامان بچووک دەرکەوێت مۆدێلە نوێیەکەیە کە یەک لە دوای یەک بەرە بەرە گەورەتر بووە نەک ئەوەی ئایفۆن ٤ و ٥ بچووک بوبێتنەوە!

ئێستا دەزانن بۆچی دەسەڵاتدارانی سیاسی، پیاوانی ئایینی، نەریتخواز و پارێزگارخوازەکان، ئایدۆلۆجیا پەڕگیر و گشتگیرەکان… دژی ھەموو شت و ھزر و دونیابینی و دیاردەی نوێن؟ چونکە ئەمانە جێ بە شت و ھزرە کۆن و نەریتیەکان لەق دەکەن. بەتایبەتی ئەگەر بێت و ئەو شت و ھزرە نوێیە لۆژیکیتر و پێشکەوتووتر و جوانتر بێت لە کۆنەکان، هەروەها زیاتر بەرژەوەندی و پێویستیەکانی خەڵک بەدی بھێنێت و چارەسەری باشتر و چێژی زۆرتری پێبێت بۆیان.

ئیتر ساتێ شەمەک و ھزر و دونیابینیە کۆنەکانیش لای خەڵک باوی نەما و پشتیان تێکرد، ئەوا ئەو ھێزە نەریتخوازانەش پێگە و دەسەڵاتیان لەق دەبێت و نامێنێت وەک چۆن دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی کلێسە و پاشا ستەمکارەکان و سەرکردە دیکتاتۆرەکان لە ئەوڕوپا لە سەدەی ١٦ بەولاوە بەرە بەرە کەوتە ژێر پێی ھێزە مۆدێڕنخوازەکان، ئەویش بە دەرکەوتنی ھزر و دونیابینی و شتگەلێکی نوێ، کە دواتر ھێزگەلێکی نوێی کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست کرد. لێرەدا ڕۆڵی نوخبە و دەستەبژێری ڕۆشنبیر و نوێخواز و داھێنەرەکان دەردەکەوێت لە ھەر بوارێکدا، لە سەرچاوەگرتنی ھەر گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی. ھەموو گۆڕانێکی ڕیشەیی کۆمەڵایەتی و سیاسی سەرەتا لە کەسێک و دوان دەست پێدەکات کە بە خستنەڕووی فکرەی نوێوە دێنە مەیدان، پاشان پەیڕەوانی زیاد دەبن و پەرەی پێ دەدەن، تا وایلێدێت دەبێتە ھێزێکی کۆمەڵایەتی پاشان کاریگەری لەسەر بونیاد و داڕشتەی دەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی وڵات بە گشتی دادەنێن.

بەڵام ئەوە لە شەو و ڕۆژێک ڕوونادات و بەپێی تایبەتمەندی کۆمەڵگەکان و ململانێی نێوان ھێزەکان دەگۆڕێت ڕەنگە چەند سەدەیەک بخایەنێت وەک ئەوەی لە مێژووی گەشەسەندنی ئەوڕوپای ڕۆژئاوا دەیبینین. بۆیە ناکرێت ھەوڵی تاکەکەسی ڕۆشنبیران و ھزرمەندان و ھونەرمەندان و ڕەخنەگران و نوێخوازان … بە کەفی سەر ئاو و ھەوڵی بێ ھودە لەقەلەم بدرێت.

 ئەگەر سەیری شکاندنی بەستەڵەکی ھەر سەردەمێکی نەریتی و دواکەوتوو و ھەر گۆڕانێکی ڕیشەیی کۆمەلایەتی بکەین، ئەوا لە تەڕحکردنی ھزو و دونیابینی چەند بیریار و ھزرمەندێک دەست پێدەکات و ڕێچکە دەگرێت؛ ئەوجا ڕەنگە دوای چەندین سەدە بە ئامانجەکە بگات. (مارتن لۆتەر) لە سەرەتای سەدەی ١٦ ڕەخنەی گرتووە و باسی چاکسازی ئایینی کردووە، بەڵام دوای سەدە و نیوێک لە نیوەی سەدەی ١٧م واتە لە ساڵی ١٦٤٨ لە ڕێککەوتننامەی (ویستڤالیا) بەرھەمەکەی دەبیندرێت ئەویش دوای چەندین شەڕ و ململانێ. دیکارت لە سەدەی ١٧وە بانگەشەی عەقڵێکی مۆدێڕن دەکات، بەڵام دوای چەند سەدەیەک بەرھەمی تێزەکەی پێ دەگات. ڕۆسۆ لە ١٧٦٢ کتێبی ”گرێبەستی کۆمەڵایەتی” نووسیوە و دەڵێ، دەبێت سەرچاوەی دەسەڵات ئیڕادەی گەل بێت، بەڵام لە ١٧٨٩ شۆڕشی فەڕەنسی ڕوو دەدات، کەچی بەرھەمی شۆڕشی فەڕەنسیش دوای زیاتر لە سەدەیەک پێ دەگات بە تایبەتی دوای دووەم جەنگی جیھانی.

ئەوجا ئەوانەی پێیانوایە ڕەخنە و ھەوڵ و گوتار و بەرھەمی… چینی ڕۆشنبیران و نوێخوازان ناکاریگەر و بێ ھودەیە، ئەمانە باش لە مێژووی گۆڕانی کۆمەڵایەتی نەگەیشتوون و پێیانوایە گۆڕانکاری دەبێت لە شەو و ڕۆژێک ڕووبدات! بێگومان ئەمەش ئەستەمە، تەنانەت ھیچ نموونەیەکمان نیە لە مێژووی گۆڕانی کۆمەڵگەکان بەمجۆرە!

Check Also

ناسنامە لە فەڕەنسا: هەڵبژاردنی ناو و نازناو

ناو و نازناو لەفەڕەنسا چۆن هەڵدەبژێردرێن؟

Font Resize