یه‌ك شه‌ممه‌, كانونی دووه‌م 26, 2020
frku
Home / شیكاریی / فیكر / سینەمای کوردی و قەیرانی فیلمسازی

سینەمای کوردی و قەیرانی فیلمسازی

نەوزاد جەمال

Image: DarkWorkX

وەک لەوتاری پێشوومدا بەناوی”فیلمۆسۆفی؛ فەلسەفەی فیلم” باسمکردووە، فیلم و سینەما هێندە گرنگە لەڕووی بیرکردنەوەو کاریگەرە لە پرسیارسازکردندا کەوادەکات  وەک ئامرازێکی شارستانی و رۆشنبیری پێویست دابنرێت. هەروەها، لەم سۆنگەوە پێویستە ئاوڕێک لە ڕەوشی فیلم و سینەمای کوردی بدەینەوە. چونکە، نەوەی ئەمڕۆ هێندە نەوەی شاشەکانە، ئەوەندە وەرگرێکی باو نییە. بۆیە، فیلم رۆڵی پەروەردەیی و روناکبیری دەبێت، جگەلەوەی خزمەتی زمان و فەرهەنگ دەکات، رێگەیەکیشە بۆ چێژبەخشین.

لەگەڵ ئەم راستیانەشدا، دەمەوێت بڵێم کە لەم وتارەدا، خۆم بەووتە ریتۆریکیە رۆژنامەیی یان باشتر بڵێم فەیسبوکیانەی لەبارەی فیلم و سینەماو ڤیستیڤاڵی فیلمەوە لە کوردستان دەووترێنەوە خەریکناکەم. ئەوە شتێکی نەشیاوە کە بووترێ کورد بۆتە سینەما ئیتر سینەمای بۆ چییە. یان بۆ پارە بۆ ڤیستیڤال خەرجکرێ لەکاتێکدا پێویستی و گرفتیتر هەن یان هەر بەهانەو پاساوێکی نالۆجیکی کەدەووترێتەوە.

ئەوەی لای من گرنگە ئەو پرسیارەیە: بۆچی سینەمای کوردی نەخەمڵیوە؟ ئایا فیلم و بەرهەمە کوردییەکان هێشتا لەسەرەتادان لەکاتێکدا بەشی سینەما لەزانکۆکانی سلێمان و هەولێر هەن؟ ئەی چۆن سینەمای کوردی سەڕێدەکەوێ؟ ئەی ئەگەر دۆخی سینەما بەمجۆرەیە، بۆچی ساڵانەڤیستیڤاڵی فیلم سازدەکرێت؟ لەکاتێکدا نەفیلمی خۆماڵێ پەرەی سەندووە، نەسینەمای کوردیش سەربەخۆیی هونەری هەیە.

گرفت و ئاستەنگ

سینەماش وەک بواریتر(رۆمان، فەلسەفە) لەکاروانی هونەرو روناکبیریی کوردیدا دواکەوتووە. لەگەڵ ئەم راستیەشدا، ئەوەناگەینێت کەهەوڵی گرنگ لە ‘یەڵماز گۆنای’یەوە تا قوبادی و چەندان دەرهێنەری لاو لەئێستەدا بەردەوامە. هەڵبەت، لای من باشتر گرفتەکە لەسەر هەرێمی کوردستان چڕبێتەوە. بەو پێیەی پاساوی نەبوونی سەربەخۆیی کاری هونەوریو ئازادی دەربڕین نەکرێتە، بەهانەی پاشکەوتنی سینەمای کوردی.

زۆربەی ئەوانەی خەمخۆری سینەمان، هۆکاری پاشکەوتن یان جوانتر بڵێین باشتر پەرەسەندنی فیلم و سینەما بۆ چەند فاکتێکی بابەتی(هەلومەرج و باروودۆخەکە) دەگەڕێننەوە:

  • نەبوونی یان لاوازی ژێرخان مادیی.
  • وەزارەتی رۆشنبیری سستەو بەگوێرەی پێویست هاندان و پشتگیری ناکات.
  • نەبوونی سیاسەتێکی رۆشنبیری لە هەرێمدا کەچوارچێوەی گشتی بێت.
  • کەمی هۆڵەکانی سینەما.
  • نەبوونی زەمینەی کولتووری و روناکبیری پێویست کە سینەما لەئامێزگرێت.

وەلێ کەس باس لە توانای هونەری(هەر لەتوانای نواندنی سینەماییەوە تا سیناریۆو دەرهێنان و تەکنیکەکان و ئامرازوکەرەسەنوێکان) فیلمسازی ناکات. ئایا، ئەوانەی لەو بوارەدان تاچەند خاوەنی ئەزموون و دیدوجیهانبینیەکی قوڵ و روناکبیرن لەبوارەکەی خۆیاندا بەپلەی یەک و ئینجا لەبواری تری روناکبیریدا؟

من نامەوێت فیلمسازی کورد بەو  پێگەشارستانی و پێشکەوتنە تەکنۆلۆجیەی هۆڵیود یاهەر سینەماییەکی جیهانی بەرواردکەم. وەلێ، لەناخمیشدا جگەلەوەی خوازیارم کە فیلمسازی کوردستان شانبەشان ناوە جیهانیەکان بێت و پۆتێنساڵی رۆڵەکانی کوردستان بەکەمتر نازانم. بەڵام، بەسەرنجدانی فیلمەکان، هەژاری ناوەڕۆک و لاوازی باکگراوندی مەعریفی و فەلسەفی ئەدەبی یان سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتی و مێژوویان پێوەدیارە. دیارە، من چاوەڕێناکەم فیلمسازەکان تارکۆڤسکی، گۆدار پاوزلینی و فیلینی و هتد… بن. بەڵام، ئامانج و ئاواتمە کە لەو بوارەدا کەسانی وەک ئەو قوتابخانەمان تێداهەڵبکەوێت.

وەلێ، ئەوە راستیەکە کە بیرۆکەی فیلمەکان سادەباون، ساکارن نەک هەر لەرووی بیروفەلسەفەوە(چونکە مەرج نیە هەموو بینەرێک چێژ لەبابەتی قووڵ و رۆشنبیری وەربگرێت)، بەڵکو لەرووی تەکنیک و نواندن و سیناریۆو چێژبەخشینەوە کاڵوکرجن. کەمی ولاوازی هونەرمەندی پیشەگەری سینەمایی(بەشێکی زۆریان شانۆیین)، هۆکارێکی زاتین. نەپەیوەندیان بەسیاسەتی رۆشنبیریی، نەتوانستی مادییەوە هەیە. بەڵکو دەکەوێتەسەر پەروەردەکردن و خۆپەروەردەکردنی ئەکتەرو سینەماکاران. فێربوون و راهێنانی بەردەوام و خۆنۆژەنکردنەوەو خوێندنەوەو تەماشاکردن و بەدواچوونی فیلمەجیهانیەکان، هەوڵی خۆییە نەک حکومەت.

ئەگەرچی شەیدای سینەمای ئێرانی نیم، بەڵام لەگەڵ قورسی سانسۆری سیاسی و مەزهەبی و هاوکات لاوازی بواری مادیدا، پێشکەوتن و داهێنانی تێدایە. کەواتە، زۆرجار هۆکارە بابەتیەکان دەکرێنە پاساوی پاشکەوتن و پەرەنەسەندن. دەنا، پاڵنەرو هۆکارە زاتیەکان ناکرێت نادیدەبگیرێن.

Image: MasterTux

ڤیستیڤاڵ یان سینەمای کوردی؟

مایەی پرسیارە کە لە کوردستان، لە دوو شاری جیاواز(دهۆک و سلێمانی)دا ساڵانە ڤیستیڤاڵی فیلم سازدەکرێت؛ بەڵام کورد هێشتا سینەمای خۆی نییە. دیارە، مەبەستم لەوەنییە کە با ڤیستیڤاڵ نەکرێت. چونکە، خۆشبەختانە زۆر فیلمسازی کورد بەشداری ڤیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان دەکەن. بەڵام بۆ دووڤیستیڤاڵ؟ ئایا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سینەمای کوردی وەک پیشەسازییەک بەشێوەیەکی سیستماتیکی و سیاسەت و بەرنامەیەکی هەمەلایەنەو زانستی؟

بێگومان، فیلمی کوردی بەجۆرێک لەبرەوسەندندایە. بەڵام، سینەمای کوردی هێشتا نەخەمڵیوەو فیلم بەبێ بوونی سینەما هەتیو و بێکەسە. لەکاتێکدا، ئه‌گه‌ر کورد لهڕرووی فه‌لسه‌فه‌و و زانست و ته‌کنۆلۆجیاو هونه‌رو شارستانیەتەوە دواکەوتووبێ، ئه‌وا سینەما‌ ده‌یباته‌ نێو شارستانیه‌ت و مێژووەوە‌.

بەتێگەیشتنی من، ئاکام و ئامانجی سینەماو فیلمسازی لەم خاڵانەوە چەند ئامانجێک دەپێکێت:

  • گۆڕینی بینەری کورد لە تەماشاکارێکی پاسیڤەوە بۆ بیرکەرەوەیەکی چالاک. لە مرۆڤێکی بێ پرسیارەوە لەکردەی بینییندا، بۆ پرسیارساز و سەرنجدەر و رەخنەگر. راستە، ئێمە سەیرکەرمان هەیە، نەک بینەروردبین.
  • گۆڕینی شێوازی خوێنەر لەواتا کلاسیکیە باوەکەیەوە بۆ خوێنەرێکى چالاک کە لەجیاتی کتێب، فیلم وەک سەرچاوەی زانین و بیرکردنەوە بەکاربهێنێ. چونکە لەیەکەمیاندا، خوێنەر بینەرێکە یەک رەهەندیانە مامەڵە لەگەل خوێندنەوەدا دەکات. جوڵەی زەینی بەیەک ئاراستەدا دەڕوات؛ لەکاتێکدا بەتەماشاکردنی فیلم، بینەر وەک خوێنەرێک خۆی رامان دەکات لەناوەوەڕا.
  • فراوانترکردنی کولتووری بینین کە تەنها کردەی بینین رووکەشی نەبێت، بەڵکو لەپشت دیمەن و وێنەکانەوە، قوڵایی بەدەستبهێنرێت.
  • تاوتوێکردنی پرسیارو کێشەکانی کۆمەڵ لەڕێی باسکردن و شرۆڤەکردنی فیلمێکەوە.
  • ئاڵوگۆڕی کولتووریی لەگەڵ گەلانی تردا لەرێگەی ئاشنابوون بەکولتووریی بیانییەوە.
  • برەودان بەرەهەندی چێژوەرگرتن و بەرزکردنەوەی ئاستی لەشێوازە سەرزارەکیەکەوە بۆ رەهەندەکانی تر.
  • وتووێژو گەنگەشەی کراوە لە رەهەندی فەلسەفیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و هونەرییەوە بۆ فیلم و بابەتەکانی بکرێت.

هونەری سینەماو جیهانی کورد

ئەگەرچی سینەماو فیلمسازی دیاردەیەکی نوێیە لە جیهانی ئێمەدا، دونیابینیەکی کاریگەریشە لەسەر مرۆڤی کورد بەتایبەت نەوەی نوێ. لەکاتێکدا، ئەم بابەتە وەکخۆی لەنێو کولتوورو ئاگایی گشتی کۆمەڵدا جێنەکەوتووە. جگەلەوەی ئەمە بەجۆرێک رێخۆشکەرنەبووە بۆ گەشەو پەرەنەسەندنی سینەمای کوردی.

لێرەوە، مەبەست لە سینەماسازی، فیلمسازی لەپێناوی ئەوەدایە کە کردەی بینین-تەماشاکردنی فیلم ببێتە کولتوورێک و سەرچاوەیەکی گرنگی رۆشنبیریی.

 ئیدی بەم واتایە، سینه‌ما ده‌وڵه‌تێکی گه‌ڕۆک‌ و بینراو جوڵاوە بۆ ئێمه‌. بۆیە، ئەگەر زۆر پێشکه‌وتن و داهێنان و ده‌ستکه‌وت له ‌مێژوودا ئێمەی‌ به‌جێهێشت بێت، با‌ نەهێڵین سینەماش‌ به‌جێمان بهێڵێت.

بەکرانەوە بەڕووی جیهان و تەکنۆلۆجیای نوێدا، ئەرکی سینەماکارو فیلمساز سەخترو ئاڵۆزتر دەبێت. دەبێت توانای پێشبڕکێ و ململانێ لەگەڵ ئەو تەنگوچەڵەمانەی هەن، لەگەڵ ئەو چاوەڕوانیەی بینەرو هەروەها دەورەدران بەفیلمی جیهان و وڵاتانی درواسێ هەبێت. ئەگینا، بەردەوام و پەرەسەندی ئەو سینەمایە، کاری نەکردەیە.

Check Also

ئه‌خلاقی کانتی و ئیراده‌ی ئازاد

موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د Image: Rama Krishna Karumanchi کانت له‌سه‌ره‌تای کتێبی (بناغه‌دانانی میتافیزیکیای ئاکار) ده‌ڵێت ” هیچ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *