دەسەڵاتخوازی رەها لەڕێی تەکنۆلۆجیای زانیارییەوە

نەوزاد جەمال

Image: Steve Buissinne

سەرەتا

لەوانەیە پارادۆکسێک لەناونیشانەکەدا بخوێنرێتەوە: لەکاتێکدا کە تەکنۆلۆجیای زانیاری، دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بەزانیاری بۆ ملیۆنەها مرۆڤ لەسەرانسەری جیهاندا رەخساندووە- تەنانەت لەو وڵاتانەی کە بەدەست سانسۆرو رژێمێکی داخراوەوە دەناڵێنن- تۆڕەکان بوونە هۆی ئازادبوون و دەستکرانەوە بەڕووی جیهانی دەرەوە.

 بەڵام سەرەڕای ئەم خزمەتە، تەکنۆلۆجیای زانیاری بەجۆرێک ئامرازی کۆنترۆڵکردن و دەسەڵاتخوازی رەهایە لەلایەن دامەزراوەکانی چاودێری دەوڵەتان و کۆمپانیا چاوچنۆکەکانەوە. لەمێژەوە فەیلەسوفی ئینگلیزی (فرەنسیس بەیکن) وتویەتی ”زانین هێزو دەسەڵاتە”. بەڵام، بەردەستبوونی زانین و زانیاری بۆ هەر یەکێک، یەکسەر توانای پیادەکردنی هێز نادات. چونکە، دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و کرانەوە بەڕووی هەواڵ و بابەتەکاندا، چەندە رزگاربوونە لە کۆتبەندەکان، ئەوەندەش ئامرازیکە بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن و بەدواچوونی بەکاربەران لەرێگەی تۆڕەکانەوە.

بۆیە، لێرەوە پرسیارێک دێتەئاراوە: ئایا تەکنۆلۆجیای نوێی زانیاری، ئاسانکاری سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی سیاسی رەهایە؟ تاچەند تەکنۆلۆجیای زانیاری و بەتایبەت تۆڕەکان، زەمینەی چاودێریکردنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی و هاوکات کۆمپانیا زەبەلاحەکانە؟

  • سەردەمێکی نوێی ستەمکاری

لامان سەیرنەبێ کە سەردەمی تەکنۆلۆجیای زانیاری، سەردەمێکی نوێشە لەمێژووی ستەمکارییدا. لەبەرئەوە، ئێمە لەسەردەمی مۆدێلێکی تری ستەمکاری سیاسیداین: قۆرخکردن و چاودێریکردنی زانیاری و بەکارهێنانیەتی، بەناوی دەستڕاگەیشتن و مافی زانین و زانیارییەوە.

بۆیە، پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن تەکنەلۆجیای زانیاری دەبێتە زەمینەسازی دەسەڵاتێکی رەها؟

 هەڵبەت، ئەمە پرسیارێکە کەم ئاوڕی لێدەدرێتەوە. چونکە، پێشکەوتنی تەکنەلۆجی بەپێداویستیەکی بەڵگەنەویستی ئەمڕۆ دەبیین. بەڵام، لەگەڵ هەموو کارئاسانییەکانیدا، تەکنەلۆجیاکە دیوێکی تری هەیە: ئاسانکاریی و میکانیزمی کۆنترۆڵکردنی تاکەکانە بەشێوازێکی نەبینراوو پێشکەوتوو. لەبەرئەوەی، هەموومان بەهۆی تەکنەلۆجیای پەیوەندییەوە، لەڕایەڵ و تەونێکی مەزنی پێکەوەبەستراو جاڵجاڵۆکەییداین. بەڵام، ئەم لەوێبوونە، بەچاودێری “کەسانێک”ە کە دەتوانن هەموو نهێنییەکانمان بزانن و بەکاری بهێنن!

 وەلێ شاراوەش نییە، ئەوەی دەستی بە زانیاریی بگات، دەشتوانێت بیشارێتەوە یان بەمەبەستێکی تر بەکاریبهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، راستییەکی سادەو خەونێکی دێرینی مرۆڤ گەیشتنە بەسەرچاوەکانی زانین. چونکە، زانین باشترین سەرچاوەی هێزو دەستبەسەراگرتنە. ئەوەی بەردەستی بوو، دەسەڵات و هێزی تەواویشی بەسەر ئەوانەی نیانە هەیە. لەو سۆنگەوە، وتەناسراوەکەی (فرانسیس بەیکن) Francis Bacon کە ”هێزی راستەقینە زانینە”، ناڕاست نییە. بەڵام، ئەگەر فوکۆیانە، پەیوەندی هێزو زانین لێکبدەینەوە، دەکرێت وەکچۆن تەکنۆلجیا ئاسانکاری دەسەڵاتی رەهاو ئامرازی رامکردن بێت، ئاوەهاش زەمینەی رزگاربوون و بەرهەڵستیکاری بێت.

بەڵام، دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگرین، کە سروشتی ئەو هێزە تەکنەلۆجییە، بەجۆرێکە ئەوانەی لەسەرەوەی قوچەکی دەسەڵاتدان، هەژموونی هێزیان بەسەر خوارتردا هەیە. کۆمپانیا زەبەلاحە نێونەتەوەییەکان و ئاژانسەکان، هەزاربەرابەر هێزی کۆنترۆڵکردن و رامکردنیان بەسەر بەکاربەری ئاساییدا هەیە.

  • دکتۆر فاوست یا جیهانەکەی ئۆرویڵ؟

بێگومان، ئەمڕۆ دەوڵەت و کۆمپانیا مەزنەکان ئیمپراتۆری قۆرخکاری زانیارییەکانن. بۆیە، هاوپەیمانێتی کۆمپانیاکانی هەواڵگیری و زانیاریی لەگەڵ دەسەڵاتدا، لە گرێبەستێکی فاوستیانەیەFaustian bargain  (ئاماژەیە بە رۆمانێکی ‘گۆتە’) دەچێت. وەکچۆن (فاوست) بۆ زانین/ هێز، لەگەڵ ئەهریمەن/ شەیتاندا بازرگانی بە رۆحییەوە کرد، ئاوەهاش حکومەتەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی زانیاری و پەیوەندییدا دەستیان تێکەڵ کردووە. ئامانجەکەش چاودێری و کۆنترۆڵکردنی هاوڵاتیانە!

بەڵام، ئەمە واتای ئەوەنییە کە ئێمە لەناو رۆمانەکەی (جۆرج ئۆروێڵ) “١٩٨٤”داین. نەخێر، سەرەڕای ئەوەی رۆمانەکە رەخنەیە لە تۆتالیریزم و فاشیزم بەهەموو جۆرەکانییەوە، بەتایبەت کە دەسەڵاتی ناوەندی حیزب وەک “براگەورەیەک” جوڵەو هەستی تاکەکان، دەخاتەژێر چاودێری و لێپریسنەوە! بەڵام، ئەمە وێنەی رژێمگەلێکی سەدەیە لەمەوبەرە.

ئێستا ئەو بۆچوونە سادەباوە کە بلۆکی خۆرهەڵات و خۆرئاوای وەک دابەشکردنێکی نێوان ستەمکاری و دیموکراسی ناودێر دەکرد بێمانایە. بەپێچەوانەوە، بەهاولفی تەکنەلۆجیای نوێی، لەبەردەم شێوازێکی تری دەسەڵاتخوازیداین: دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و قۆرخکردنی سەرچاوەکانی.

بێگومان، بەبێ میکانیزمەکانی جیبەجێکردن، زانین و زانیاری بەتەنها هێزبەخش نییە. لەبەرئەوە، تەکنۆلۆجیای نوێ ئاسانکارو رێخۆشکەری سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی رەهاو گشتگیرە. دەسەڵاتێک کە بە زانیاری لەسەرەتایترین و وردترین بابەتی ژیانەوە بۆ هەستیارترین دەست پێدەکات! دەوڵەتی مۆدێرن کە بە’تێکنۆکراسی’ دەناسرێت، چونکە پشتبەستووە بە ئامرازە تەکنەلۆجیە پێشکەوتووەکان بۆ پیادەکردنی هێزو دەسەڵاتی.

ئەم جۆرە دەوڵەتە نەک هەر ”لیڤاتایان”ەکەی (هۆبز)ە لە بەرگێکی نوێدا، بەڵکو بەڕاگەیاندنی دروشمی ”مەرگی خودا”، مرۆڤ خۆی وەک دەسەڵاتێکی رەها لە زەویدا دەبێتەوە جێگرەوەی ئەو هەبووە باڵایە! ئیتر، لەجیاتی فریشتەکانی سەرشان، تەکنەلۆجیای زانیاری ریکۆردی جوڵەو هەڵسوکەوتی تاکەکان دەکات. جموجوڵی رۆژانەمان وەک داتایەک کۆدەکاتەوەو بەیەک “کلیک”و لێکدان و پێکەوەبەستن، شرۆڤەی هەمووی دەکات. لەمەدا، سەنتەرەکانی شرۆڤەی داتاو زانیارییەکان، کاخەزی کاروهەڵسوکەوت (نامەی ئەعمال لە رۆژی دواییدا بەپێی گێڕانەوە ئایینیەکان)، دەخاتە بەردەم لایەنی سێهەم (حکومەتەکان، دەزگای هەواڵگیریی و کۆمپانیا بازرگانیەکان).

 ئەوە ‘تۆ’یەک نیت کە لەبەردەستی دەرووناسێک یان قەشەیەکدا بەزیندوویی دان بە تاوانەککانتدا دەنێیت! نەخێر، بەکارتی بانک، سیمی مۆبایل، سەردانی وێبسایت، پارکین و تەنانەت کڕینی گۆرەوییەکدا، دەزانرێت کەی، لەکوێ و کێیت! دەزانرێ پارەی ئەمبارکراوت چەندە، حەزت لەکام بۆن و جل و ئامێرە. بەکام رێگەی گواستنەوە هاتوچۆ دەکەیت و رۆژانە بۆکوێ دەچیت! ئیدی، ئەو ئامێرو ئامرازە تەکنەلۆجیانەی لە ژیانی ئاساییدا بەکاریدەهێنی، شاهێدێکی گەورەن لەسەرت!

  •  سەردەمی شەفافیەت و کۆتایی پرایڤەسی

 ئاشکرایە، خەسڵەتێکی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆ شەفافیەتە. بۆیە، لەم جڤاکەدا کەمتر نهێنی پارێزراو دەبێت! مادام، هەموومان لە تۆڕەکانی پەیوەندییەوە، ئاڵوگۆڕی زانیاری و پەیام دەکەین، ئەگەری تەشەنەکردنەوەی نهێنیەکانیشمان هەیە. هاتوچۆی نێو ئینتەرنێت، ژێدەرە بۆ زانینی راستییەکان. بۆنموونە چەندە لەتۆڕەکاندا بەدوای زانیاری و سەردان بکەیت، ئەوەندەش دۆزینەوەو ناسینەوەت ئاسانە. تەنانەت ئیمپراتۆرێکی وەک گوگل، هەموو سەردان و سۆراخکردنەکانتی لای خۆی گلداوەتەوەو داتای کردووە.

 بۆیە، چەندە زانیاری بەردەست و سەرڕێژبێت، ئەوەندەش کەس و بابەتەکان و بەکاربەرەکان بەرچاون و دەبنەوە کەرەسەی توێژینەوەو بەدواچوون. ئیدی، هەموومان وەک ماسییەکی نێو ئەکواریۆمەکەین، دەسەڵات (لیڤایاتان)ەکەش بەوردی تەماشامان دەکات و لەکاتی برسێتییدا راوماندەکات!

 دەشبێت بزانین، لەجیاتی ئەوەی شەفافیەت لەسەرەوەی قوچکەی دەسەڵاتدا بێت، لەدامێنی خوارەوەیدایە. تۆڕە نهێنیەکانی دەسەڵات لەسەرەوەڕا بۆ ئێمەی “هاوڵاتی” بەردەست نییە. ئیتر، لەسایەی شەفافیەت و تەکنەلۆجیادا، شتێک بەناوی تایبەتمەندێتی (پرایڤەسی) تاک نامێنێت. چونکە، لە جیهانی دیجیتاڵدا، هەموومان ژمارەیەکی رووت و داماڵراوی ئەلگۆریتمین. لەهەر تایبەتمەندیەکی خۆمان پارێزراونین. واتە، ئێمە لەکۆی سیستەمێکی ماتماتیکیدان کە خەریکی لێکدان و دابەشکردن و کۆکردنەو لێدەرکردنەو بازرگانی بە داتاکانی ئێمەوە دەکات!

دیارە، بەهۆی کارەتیرۆریستییەکانەوە، دەسەڵات شێلگیتر پشت بە تەکنۆلۆجیا دەبەستێت. تیرۆر باشترین و رەواترین پاساوی دەستوەردانە لە بچووکترین و هەستیارترین تایبەتمەندی ژیانی تاکەکان! بەچاودێری دەزگای هەواڵگیری و بەهاوبەشی کۆمپانیاکانی پەیوەندی، هەموومان کاڵایەکین لە تاقیگە یان بازاڕێکی مەزندا!

هاتوچۆی زانیاریەکان و داتاکان بەلێشاو، پنتێکە بۆ فیلتەرکردن و رێکخستن و دواجار ئەمبارکردنیان (هەڵگرتنیان). دواجار، دەچنە خانەی زانیارییەوەو لەوێدا ون نابن! ئیدی، شوێنی خۆشاردنەوەو ‘ژینی تایبەت’ وەک بەهایەک نەما، تەنانەت لە تەوالێت و ژووری نووستن، وانەکان و هۆڵە داخراوەکانیشدا، نهێنیەکان پارێزراونین! تەکنەلۆجیای نوێ و زانیاری، بوونەتە چاوەکان و باسکەکانی “خودا”یەکی باڵادەست. بەدەربڕینێکی تر؛ تەکنەلۆجیا جێگەی خودای باڵادەستی گرتەوە.

چونکە، بەهۆی گەڕان و بەکارهێنانی زانیارییەوە، مرۆڤ خۆی دەبێتە ژێدەرو داتایەکی ئامادە! بۆ نموونە، هەر سۆراخ و گەڕانێک بەدوای واژەیەکدا لە (گۆگل)، مایەی چاودێرییە، بەتایبەت زۆر بابەتە هەستیارەکان. لەبەرئەوە، دەکرێت پرۆفایلی کەسێک بەهۆی گەڕانی بەناو ئینتەرنێتدا بە ئاسانی دەستنیشان بکرێت و بدۆزرێتەوە! ئینجا هەر لە تەماشاکردنی فیلمی پۆرنۆ (رووتە)وە تا زانیارییە هەستیارەکان! چونکە، هاتوچۆی زانیاری و سەردانەکان لەڕێی پرۆفایدەرەکانی ئینتەرنێتەوە تۆمار دەکرێن و دواجار دەزگاکانی پۆلیس و هەواڵگیریەکان و کۆمپانیا بازرگانیەکان بەکاریان دەهێنن.

هەڵبەت، لە وڵاتێکی دواکەوتووی وەک ئێمەدا، بەسایەی تۆڕەکانی پەیوەندییەوە، “هەموومان” بێئەوەی سیخوڕیش بین، لە پرۆسەی وەرگرتن و ناردندا، سیخوڕێکی بێمووچەو ئامرازی درکاندنی نهێنیەکانی یەکترین. مەترسیەکە لەوەدایە کە کۆمپانیاکانی پەیوەندی لەدەستی کەسی-سێبەری بەرپرسە حزبیەکاندان بۆ مەبەستی نادروست و لێدانی نەیار و رکابەرەکانیان بەکاریان دەهێنن (وەک کەیسەکەی سەرۆکی نەوەی نوێ و هاوڕێکانی!).

بۆیە، ژیانی تایبەتیمان مەترسی جیدی لەسەرە. جگەلەوەشی، ئەگەری بەرجەستەبوونی دەسەڵاتێکی رەها بەچاوساخی تەکنەلۆجیای پەیوەندی و زانیاری، بەدوورنەزانراوە! ئەگەرچی لەسەرەتادا وترا، ئێمە لە رۆمانەکەی (ئۆرویڵ)دا ناژین، بەڵام، ئەگەر ئەو زیندویوبێتەوە، دەبێت رۆمانێکی تر لەبارەی ئەو ئیمپراتۆرە پەلوپۆهاوێژەی کە ناوی تەکنەلۆجیای زانیارییە، بنووسێت! چونکە، دەسەڵات هەمیشە چالاک و زیرەکە لە دۆزینەوەی میکانیزمی تازەی چاودێری و پیادەکردنی هێزدا! لەبەرئەوەی، لەمڕێگەوەی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوەو تواناکەی چەند بەرابەر دەکاتەوە.

  • ئیمبراتۆریەتی فەیسبوک و درۆکانی

تۆڕی فەیسبوک، خۆی وەک راستییەکی قایلپێکەر لای بەکاربەرانی سەپاندووەو هەژماری بەکاربەرەکانی نزیکەی (٢.٥) ملیارە[1]. هەروەها، بەپێی سەرچاوەیەک، فەیسبوک هەڵمەتی داخستنی ملیۆنەها هەژماری بێ ناسنامەی داخستووە[2]. ئەمە وەک کارێکی باش، بەڵام فەیسبوک (419)  ملیۆن ژمارەی تەلەفۆنی بەکاربەرانی داوە بە لایەنی سێهەم[3].

هەر لەو سۆنگەوە، پێویستە دوو بۆچوونی هەڵەباو سەبارەت بە فەیسبوک بخەمەڕوو:

  • فەیسبوک تۆڕێکی کۆمەڵایەتی نییە

چیتر فەیسبوک و تۆڕەکان، تۆڕێکی کۆمەڵایەتی نیین. ئەگەرچی ناویان تۆڕی کۆمەڵایەتییەو دامەرزرێنەرەکەی (زوکەربێرگ) سەرەتا بە ئامانجی پەیوەندیگرتنی کۆمەڵایەتی (٢٠٠٤) لە هارڤارد دایمەزراندووە. بەڵام، ئێستە سەرمایەو دەستمایەی ($506.2) ملیاردۆلارە![4] جگەلەوەی بارزگان و شوێنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، زانیاری فرۆشتن.

 چونکە، لەوێدا لەگەڵ دامەزراوەو تویژینەوەو بەدواچوون و هەواڵگیرییدا بەرەوڕووکراوینەتەوە و بیروڕاکان، هەڵوێستەکان بەردەوام ئاڕاستە دەکرێن. بۆنموونە، چەواشەکردنی رای گشتی لە دەنگدان بە برێکسیت، لە شارۆچکەی (ئیگڵ باو) دەنگدەران لەڕێی فەیسبوکەوە، هەڵخەڵەتێنران و دەنگیان بە برێکسیت دا. ئیدی، تۆڕەکان و تەکنەلۆجیای زانیاری نەک هەر چاوساخی بەکاربەرن، بەڵکو تاکەکان و کۆمەڵگای بردە قۆناخێکەوە کە قۆناخی پاش هەقیقەت دادەنرێت. سەردەمێک کە زانیاری ناڕاست و بەلاڕێدابەر، لەنێو تۆڕەکانەوە پەخش دەکرێن. لەم سۆنگەوە، هەندێ توێژەر فەیسبوک بە مەترسی لەسەر دیموکراسی دادەنێن[5].

  • هەرگیز تۆڕەکان خۆڕایی نییە. چونکە، ئێمە پێشتر پارەکەمان داوە کاتێک کە داخڵی تۆڕەکان دەبین (ئابونە یان پرکردنەوەی کارتی ئینتەرنێت). جگەلەوەی، داتاکانمان هی خۆمان نییەو تەنانەت لە فەیسبوکدا ئەگەر بیانسڕینەوە، ناڕۆن بەڵکو لە مێگاداتایەکدا هەڵگیراون. مادام، دەزگای پۆلیس و هەواڵگیری و سەنتەرەکان توێژینەوە وەک تاقیگە بەکاری دەهێنن، ئیتر کڕین و فرۆشتنمان پێوە دەکەن.

ئەنجام

ئیدی، زانین نەک هەر هێزە، بەڵکو ئەمڕۆ کەرەسەیەکی تری بازاڕی سەرمایەدارییە. ئەو هەموو داتاو زانیاریە کەسیانەی ئێمەی بەکاربەر، لەسەردانیکردن، یا گەڕان بەناو تۆڕەکاندا، یان هەر هەژمارێک لە هەر سایت و تۆڕی کۆمەڵایەتی، کۆدەکرێنەوەو دەفرۆشرێن. کەواتە، هێزی سەرمایەو پارە لەگەڵ هێزی دەسەڵاتی دەوڵەتاندا، ئەوەندەی تر بەساییەی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە ، دەستکراوەترو واوەترچوون.

هەموومان لەنێو جیهانەکەی ”ماترێکس”داین Matrix  و جگە لە ئەلگۆریتمێک چیدیکە تایبەتمەندی و سەربەخۆیی کەسێتیمان پارازێراو نییە. چونکە، لەوێدا کەوتووyنەتە نێو تاقیگەو ژوری بێدیواری چاودێرییەوە!


[1] https://techcrunch.com/2018/07/26/facebook-officially-loses-123-billion-in-value/

[2] https://www.engadget.com/2019/05/23/facebook-2-billion-fake-accounts-disabled/

[3] https://www.technologyreview.com/f/614268/facebook-has-leaked-419-million-phone-numbers/

[4] https://techcrunch.com/2018/07/26/facebook-officially-loses-123-billion-in-value/

[5] https://www.youtube.com/watch?v=OQSMr-3GGvQ





نەوزاد جەماڵ
توێژەرو پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *