دوو شه‌ممه‌, كانونی یه‌كه‌م 6, 2021
frku

دەربارەی گەڕۆکبوونی مرۆڤ

دیلان قادر

له‌ نێو ئەو هەوڵانەی بۆ پێناسەکردنی مرۆڤ دراون، مرۆڤ وه‌ك ئاژه‌ڵێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، مرۆڤ وه‌ك خاوه‌نی زمان، مرۆڤ وه‌ك خاوەنی هۆشمه‌ندی و مرۆڤ وەک هونەرساز و ئامێرساز، هەوڵێکی جودا لەو تێڕوانینەیە هەیە كه‌ مرۆڤ وه‌كو گەڕۆکێک ده‌بینێت، وەکو بوونەوەرێکی جێ بە خۆ نەگرتوو، وەکو زیندەوەرێک کە شوێنگۆڕین هەم مەرجی مانەوەیەتی لە ژیاندا هەم پێشمەرجی تێگەیشتنییەتی لە ئازادی. گرنگییەکی ئه‌م تەماشاکردنە بۆ مرۆڤ له‌وه‌دایە مرۆڤ لە بوونەوەرانی دیکە جیا ناکاتەوە، وەک زۆرێک لە پێناسەکان هەوڵیان بۆ داوە و کورتیان هێناوە یاخود بە هەڵەدا چوون، چونکە گیانەوەرانی تر هەن کە کۆمەڵایەتین، کە زمانێکی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە بیردەکەنەوە و هەستوسۆزیان هەیە، کە ئاگاداری دۆخی خۆیان و چواردەوریانن، کە جیهانی چواردەوریان دەڕازێننەوە و ئامێریش دروست دەکەن. گەڕۆکبوون کەمتر پێناسەیەکە و زیاتر دۆخێکی پێویستە، سیفەتێکە کە ئەگەر ڕێگری لە پیادەکردنی بگرێت هەست دەکەین نەک تەنها ئازادیمان، بەڵکو بوونمان پێشێل کراوە. 

یەکێک لەو مامۆستا لەیادنەکراوانەی ژیانم کە چەندین ساڵ پێش ئێستا ڕێم لێکەوت قسەیەکی کرد بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵمدا مایەوە. مامۆستاکەم وتی باوکی پێی وتووە لە ژیاندا دوو جۆر مرۆڤ هەن، ئەوانەی دەمێننەوە و ئەوانەی دەڕۆن. مامۆستاکەم دیاربوو زۆر باوەڕی بەو قسەیە بوو، بە خۆی و ڕیشە سپییەکەیەوە لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا لە ئێرنست هێمنگوای دەکرد، کاتێکیش قسەکەی کرد لە هێمنگوایەکی بزە لەسەر لێوی دەکرد کە لە قووڵای ئەزموونی خۆیەوە شتێک لە ژیرێتی بە کەسێکی گەنجتر بگەیەنێت. ئەو خۆی کەسێک بوو ماڵەوەی بەجێ هێشتبوو، لە ئەمریکا لەو ویلایەتەی تێیدا گەورە ببوو گواستبوویەوە بۆ ویلایەتێکی تر، بۆ شارێکی تر و ژیانێکی تر، لە کاتێکدا تاقە براکەی لە ماڵەوە و لە هەمان شار کە تیایدا لە دایک ببوو مابوویەوە. قسەی ئەو مامۆستایە لە بیرمدا مایەوە چونکە ئایا بە ڕاستی وەها نەبوو، ئایا لە ژیاندا ئەو دوو جۆرە مرۆڤە بە ئاسانی نەدەبینرانەوە؟ کەسانێک کە کۆچ دەکەن و دەڕۆن، کەسانێکیش کە لەسەر ماڵ دەمێننەوە و خاک و زێد بەجێ ناهێڵن؟ بەڵام هەر لە سەرەتاوە بێئەوەی بتوانم دەستنیشانی بکەم کێشەم لەگەڵ ئەو دابەشکردنەدا هەبوو. دابەشکارییەکە تەنها بڕێک ڕاستی لە خۆی دەگرت و وەکو دابەشکارییە دوانەییەکان هەڵگری سادەخوازییەک بوو کە تێگەیشتن لێی ئاسانە، بەڵام لێکدانەوەیەکی چڕ نین. ئەوانەمان کە دەڕۆین بە شێوازی جیاواز دەڕۆین و هەروەها مەحاڵە بە تەواوی لەو جێیەی لێیەوە هاتووین داببڕێین و هەندێکمان دەگەڕێینەوە، ئەوانەشمان کە دەمێنینەوە مەحاڵە لە یەک پنت و لە یەک ژووردا بمێنینەوە چونکە مرۆڤ هەمیشە لە جێگۆڕکێدایە، تەنانەت گەر ئەو جێگۆڕکێیە هاتوچۆبێت لە نێوان ماڵەوە و دووکانێکدا، لە نێوان ماڵەوە و پارکێکدا. تەنانەت لەو بارانەشدا کە کەسانێک هەرگیز ئەو شوێنە بەجێ ناهێڵن کە تیایدا لە دایک دەبن، مانەوە و ژیان و بەردەوامیی ئەو کەسانە بەستراوە بە هاتوچۆی مرۆڤ و شتومەک و دواجار بە گەڕۆکبوونی ئەوانی تر.

پرسیاری ئەوەی بۆچی مرۆڤ ماڵ بەجێ دەهێڵێت پرسیارێکی نوێ نییە و مرۆڤ بەهۆی چەندین هۆکاری جیاواز سەفەر دەکات و بە گەڕانێکی خێرای ئینتەرنێت دەتوانین بە پاڵنەرەکانی سەفەرکردن ئاشنا بین، ئەوەی بە لای منەوە پرسیارە ئەوەیە جۆرەکانی گەڕۆکبوون چۆن لە ئەدەبیاتدا ڕەنگیان داوەتەوە و پەیوەندی نێوان ئازادی و گەڕۆکبوون لە کوێدایە؟ ئەدەبیاتی جیهان سەروکاری لەگەڵ چەندین جۆری گەڕۆکبووندا هەیە و من دوو جۆر لە گەڕۆکبوون بەسەردەکەمەوە کە تا ڕادەیەک پێچەوانەی یەکترن و لە دوو دونیابینی جیاوازەوە لەدایکدەبن.

گەڕۆکبوونی یەکەم لە ئەفسانەی ئۆدیسەی هۆمیرۆسدا خۆی دەبینێتەوە،

گەڕۆکبوونی یەکەم لە ئەفسانەی ئۆدیسەی هۆمیرۆسدا خۆی دەبینێتەوە، چیرۆکێک کە نزیکەی دە سەدە بەسەر داڕشتنیدا تێپەڕیوە و یەکێکە لەو تێکستە دەوڵەمەندانەی هەتاوەکو ئێستا ئیلهامبەخشە و ڕەنگە یەکێک لە باشترین نمونەکانی گەڕۆکبوون لە خۆی بگرێت کە گەڕۆکبوونی سەپێنراوە. لەو ئەفسانەدا ئۆدیسیۆسی پاشای ئیساکا و داڕێژەری پلانی ئەسپی تەڕوادە کە دواجار بەهۆیەوە بەرەی هێزەکانی دژ بە تەڕوادە دەڕۆنە شاری تەڕوادە و پاریسی کوڕی پاشای تەڕوادە دەکوژن و هێلینی قەشەنگ بۆ مێردەکەی دەگەڕێننەوە، دوای کۆتایی هاتنی دە ساڵ لە جەنگ ئۆدیسیۆس دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵ و زێدی خۆی و گەیشتنەوەی بە ماڵەوە دە ساڵ درێژە دەکێشێت، دە ساڵێکی تەژی بە چەرمەسەری و خۆشڕابواردن، بە ڕێکردن بە تەنیشتی مەرگدا و بە ژیانکردن لەگەڵ پەرییەکدا.

ئۆدیسیۆس و هاوەڵە جەنگاوەرەکانی لە ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ ئیساکا ڕێیان لە دورگەیەک دەکەوێت و لەوێ دەچنە نێو ئەشکەوتێکەوە و ئەوەی بە بەدبەختیی ئۆدیسیۆس ناسراوە لەوێوە دەست پێدەکات. ئەو بە گوێی پیاوەکانی ناکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ کەشتییەکەیان و بەردەوامی بە گەشتەکەیان بدەن، بەڵکو فزوڵیەتی ئەوەی هەیە بزانێت کێ لە ئەشکەوتەکەدا دەژی. ئەوەی لە ئەشکەوتەکەدا دەژی سایکلۆپێکە، زەبەلاحێک لە نەوەی خواوەند ئۆرانۆس و گایا، سایکلۆپێکی یەک چاو کە دوای ئەوەی بۆ هەڵهاتن لە دەستی گروپەکەی ئۆدیسیۆس چاوی کوێر دەکەن، بە هاوارکردن داوا لە خوداوەندی دەریا پۆسایدن دەکات گەشتەکەی ئۆدیسیۆس پڕ بکات لە چەرمەسەری و بە تەنها بگەڕێتەوە و لە بری بەخێرهاتنەوە ئەوەی پێشوازی لێ دەکات مەترسی بێت.

ئۆدیسیۆس وەکو کارەکتەرێکی زیرەک و فێڵزانی ناو ئەدەبیات ناسراوە و خۆشەویستی بۆ ژن و منداڵ و خاکەکەی وەها توند ژیانی ئاڕاستە دەکات کردویەتی بە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین کارەکتەرەکانی مێژووی ئەدەبیات، کەچی سەرەڕای بیرتیژیی و نەبەردیی و خۆشەویستییەکەی لە توڕەیی خوداوەندەکان بەدەر نییە، فانییەکە ناتوانێت لە چارەنووسی هەڵبێت و دەبێت بچێتە دونیای مردووان تەنها بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فاڵبێژێکەوە بزانێت چۆن دەتوانێت بە چارەنووسیدا تێپەڕێت و بگەڕێتەوە ماڵەوە. بە هۆی ڕێگریەکانی پۆسایدن، ئۆدیسیۆس دە ساڵ لە هەوڵی گەڕانەوەدا دەبێت، هەر جارێکیش لە دوورگەی ئیساکا نزیک دەبێتەوە ڕووداوێک دووری دەخاتەوە. لە ماوەی گەشتەکەیدا ئۆدیسیۆس حەوت ساڵ لەسەر دوورگەیەک لەگەڵ کالیپسۆی پەریدا بەسەر دەبات  کە ئۆدیسیۆس دەکەوێتە ژێر کاریگەری جوانییەکەی و گۆرانی چڕینی و ئەو هەموو هەستوسۆزەی پێی دەبەخشێت. کالیپسۆ ناهێڵێت ئۆدیۆسیۆس دورگەکە بەجێ بهێڵێت و دەخوازێت ئۆدیسیۆس ببێت بە مێردی و لە بەرامبەردا بەڵێنی نەمریی پێدەدات. ئۆدیسیۆس ژیانی نەمریی ڕەت دەکاتەوە و ئەم قۆناغەی گەشتەکەی سووربوونی ئۆدیسیۆس دەردەخات بەوەی بە هەر نرخێک بێت دەیەوێت کوڕەکەی ببینێتەوە کە بە منداڵی بەجێی هێشتووە، بێئەندازە بیری ژنەکەی دەکات و تامەزرۆی ئەوەیە هەوای ئیساکا هەڵبمژێت و لەوێ لە نێو خێزانەکەی و لەسەر ئەو خاکەی تیایدا گەورە بووە بە پیرێتی بمرێت. ئۆدیسیۆس بە کالیپسۆ دەڵێت دەزانێت ژنەکەی لە کالیپسۆ جوانتر نییە، دەزانێت فانییە و پیر دەبێت و جوانی و گەنجێتییەکەی نامێنێت و ڕۆژێک دەمرێت، سەرەڕای ئەوانەش دەیەوێت پێی بگاتەوە و پاشماوەی ژیانی لەگەڵ ئەودا بەسەر بەرێت. ئۆدیسیۆس دواجار بە دەستێوەردانی چەند خوداوەندێک دەتوانێت زیندانە خۆشەکەی کالیپسۆ بەجێ بهێڵێت و بگەڕێتەوە ئیساکا.

گەیشتنەوەی ئۆدیسیۆس بە ئیساکا کۆتایی گەشتەکەی نییە. ڕاستە چیدیکە پێویست ناکات بە دەریادا گەشت بکات، بەڵام ناتوانێت بە سادەیی بچێتەوە ماڵەوە و وەکو جاران بە پادشا و بە مێرد بناسرێتەوە. ئەو بیست ساڵ بەسەر ڕۆیشتنیدا تێپەڕیوە، کەسانێکی زۆر بە مردووی دادەنێن و ژمارەیەک خوازبێنیکەری ژنەکەی، پێنێڵۆپی، لە ماڵەکەیدا دەژین، لە مەڕ و ماڵاتی دەخۆن و لە شەرابی دەخۆنەوە و تاویان بۆ ژنەکەی هێناوە یەکێکیان وەکو مێرد هەڵبژێرێت. پێنێڵۆپی پێشنیاری پێشبڕکێی تیروکەوان بۆ خوازبێنیکەرانی دەکات و دەڵێت گەر هەر کامیان بتوانن کەوانەکە ببەستنەوە و تیرێک بە نێو دوانزە بازنەدا بهاوێژن هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کەسەدا دەکات. هیچ یەک لە خوازبێنیکەران ناتوانن تەنانەت پەتی کەوانەکە ببەستنەوە. ئۆدیسیۆس کە لەوێیە و لە جلوبەرگی سواڵکەرێکی پیردایە، کەوانە دێرینەکەی خۆی بە ئاسانی دەبەستێتەوە و بە سەرکەوتووی تیرێک بە نێو بازنەکاندا دەهاوێژێت. پاشان دەمودەست لەگەڵ کوڕەکەی لە نێو هۆڵی ماڵەکەیدا هەموو خوازبێنیکەران دەکوژێت.

ئەوەی ئۆدیسیۆس دەخرێتە بەر تاقیکاری تیرئەندازی جێگای تێڕامانە. ئەو لە ماڵی خۆیدایە، کەچی ناتوانێت بە سادەیی بچێتە مەکانەتی پێشووتری و پێویستی بەوەیە لێهاتووی خۆی بسەلمێنێت. مرۆڤی گەڕۆک کەسێکە بە هەر جێیەک بگات دەبێت خۆی بسەلمێنێت، تەنانەت بە گەڕانەوەشی بۆ زێدی خۆی. ئەو بە ئاسانی ناتوانێت ژیانە کۆنەکەی بە دەست بهێنێتەوە، هەربۆیە پێویستە بە تاقیکاریدا تێپەڕێت. مرۆڤ کاتێک سەفەر دەکات بەشێکی زۆری ئەو جێگەیەی بەجێی دەهێڵێت لەگەڵ خۆیدا دەبات و لە یادەوەریدا دەیهێڵێتەوە، بەڵام بە لای ئەو کەسانەی کە دەمێننەوە ئەو بۆشاییەی کەسی گەڕۆک دروستی دەکات بە تێپەڕینی کات پڕ دەبێتەوە و ئەو کەسانە بەردەوام دەبن لە ژیانی خۆیان. بۆشاییەکەی کەسی گەڕۆک کاڵ دەبێتەوە و بە کەسی تر و ڕووداوی تر پڕ دەبێتەوە و هەندێ جاریش لە یاد دەکرێت. ئۆدیسیۆس شێوەی گۆڕاوە و هەڵکشانی تەمەن بە ڕوویەوە دیارە، ڕۆیشتنی کاتێکی وەها درێژی بەسەردا تێپەڕیوە پێنێڵۆپی ژیانی خۆی لە سایەی ئەو ڕۆیشتنەدا درێژە پێداوە و دایڕشتووە، هەربۆیە گومانی هەیە ئەو کەسەی بەردەمی کە پێی دەڵێت من مێردتم ئۆدیسیۆس بێت. هەربۆیە پێنێڵۆپیش ڕاستەوخۆ ئۆدیسۆس دەخاتە بەردەم تاقیکاری. پێنێڵۆپی پێی دەڵێت دەبێت تەختخەوەکەی جیابکاتەوە و لە ژوورێکی تر بخەوێت، ئۆدیسیۆسیش پێی دەڵێت تەختەخەوەکە لە لقی دار زەیتوونێک دروستکراوە کە درێژکراوەی ئەو دار زەیتوونەیە ماڵەکەی بە چواردەوردا بونیاد نراوە و ناگوازرێتەوە. ئیتر پێنێڵۆپی بەو شێوەیە دڵنیا دەبێتەوە کە ئەوە ئۆدیسیۆس خۆیەتی چونکە تەنها ئەو دوانە ئەو نهێنییە دەزانن.

ئەوەی ئۆدیسیوس بە کارەکتەرێکی زیندوو دەهێڵێتەوە تا ڕادەیەک پەیوەستە بە کۆڵنەدانی بۆ گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە. ئەو لە دنیادا لە هەموو شتێک زیاتر دەیویست بە خێزانەکەی ئاشنا بێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ئەو ژیانەی بەجێی هێشتبوو. ئەو هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی تەڕوادە نەیدەویست دورگەکەی بەجێ بهێڵێت. کاتێک ئەفسەرێکی مێنالوسی پاشای سپارتا کە هێلنی ژنی لە دەست دابوو دەگات بە دورگەکە بۆ ئەوەی داوا لە ئۆدیسیۆس بکات بەشداری شەڕ بکات، ئۆدیسیۆس خۆی دەکات بە شێت و لە پارچە زەوییەکدا خۆی خەریکی کێڵانی زەوییەکە دەکات. ئەفسەرەکە کە ناوبانگی تەڵەکەبازی ئۆدیسیۆسی بیستبوو، منداڵەکەی ئۆدیسیۆس هەڵدەگرێت و دەیخاتە بەردەم گاسنەکان و بەو شێوەیە ئۆدیسیۆس دەست لە نمایشی شێتبوونی هەڵدەگرێت.  ئۆدیسیۆس بیست ساڵ لە ماڵەوە دوور دەکەوێتەوە. ئەو مرۆڤێک بوو گەڕۆکبوونی بەسەردا سەپێنرابوو، کارەکتەرێک بوو حوکمدراو بە گەڕۆکبوون.

Image: Darkmoon_Art

بە پێچەوانەی ئەم پاڵەوانە یۆنانییە، لە ئەدەبیاتی سەدەی بیست بەسەرهاتی ئەو مرۆڤانە دەبینینەوە کە هەندێجار بە هەر نرخێک بێت دەیانەوێت لە ماڵەوە دوور بکەونەوە. ڕەنگە شیاو بێت گریمانەی ئەوە بکەین پەیوەندییەک لە نێوان خواستی مرۆڤەکان بۆ گەشتکردن و پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکانی سەفەرکردندا هەبێت. ئەوە لە سەدەی بیستدایە مرۆڤ بە ڕێگای فڕۆکەوە دەتوانێت لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە کیشوەری ئەمریکا بگات. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هەیمەنەی ئەمریکا بەسەر زۆربەی ئەو بەشەی جیهاندا باڵ دەکێشێت کە ڕاستەوخۆ لە ژێر هەژموونی یەکێتی سۆڤیەتتدا نییە. هەر لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوەیە ئەمریکا وەکو زلهێزێک لەسەر شانۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەردەکەوێت، بە جۆرێک لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا ئەمریکا هەم خواستی ئەوەی هەیە کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر بکات و هەم جیهان بە گوێرەی خواستی بجوڵێتەوە. لەم قۆناغەدایە هەتا بێت ئەمریکا زیاتر خۆی دەخزێنێتە ناو بەشەکانی تری جیهانەوە و ئەمریکییەکانیش پرسیاری ئەوەیان لا دروست دەبێت ئایا دەتوانرێت لە بەشەکانی تری جیهان، لە گەڕان و گەشتکردن چی بەدەست بهێنن؟ ئایا هیچ دەرمانێک هەیە لە شوێنەکانی تر کە ساڕێژی برینە وجودییەکان بکات؟ هیچ حیکمەتێکی نەدۆزراوە هەیە کە چارەسەری کێشە نا-ماتریاڵییەکان بکات؟

لە ڕۆمانی <<ئاسمانی داڵدەدەر>> کە ساڵی ١٩٤٩ بڵاوکراوەتەوە، ژن و پیاوێک دەبینینەوە، کیت و پۆرت، کە خەڵکی نیۆرکن و لە باکووری ئەفریقا و لە مەغریب خەریکی گەشت کردنن. کیت و پۆرت ژن و پیاوێکن هاوسەرێتییەکەیان لە لێواری داڕماندایە و هۆکارێکی گەشتکردنیان ئەوەیە پەیوەندییەکەیان بهێننەوە سەر ڕێچکە. نوسەری ڕۆمانەکە، پۆڵ بۆڵز، هیچ شتێکی وامان لە ژیانی پێشووتری کارەکتەرەکان پێ ناڵێت، نازانین منداڵییان چۆن بووە و لە چ خێزانێکدا گەورە بوون، لە بەرامبەردا، ڕۆمانەکە لە ماناکانی گەڕۆکبوون دەکۆڵێتەوە و وێڵی دۆزینەوەی ئەو وەڵامانەیە کە گەڕان دەکرێت پێمانی بدات. کارەکتەرەکان بە بەردەوامی لە جوڵەدان، ئەمەش داخوازی ئەوەیان لێ دەکات سەرنجیان لەسەر شوێن و کاتی هەنووکەیی چڕ بکەنەوە و هەر کاتێکی زیاتریان لە بەردەستدا هەبێت بۆ پرسە گرنگەکان تەرخانی بکەن، کە لەم بارەدا بۆ کیت و پۆرت پەیوەندییە نامۆبووەکەی نێوانیانە.

کیت و پۆرت دوانزە ساڵ بەسەر هاوسەرگیریاندا تێپەڕیوە و لەو ماوەیەدا سەردانی چەندین شوێنی جیهانیان کردووە. دیار نییە لە هەر یەک لەو گەشتانەدا چەندێک ماونەتەوە، بەڵام گومان دەبرێت هەندێک لە گەشتەکان ساڵ زیاتر درێژەیان کێشا بێت چونکە لە سەرەتاوە پۆرت جیاوازی لە نێوان گەشتیار (سائح) و گەڕۆک (مسافر)دا دەکات و دەڵێت: ”لە کاتێکدا گەشتیار دوای چەند هەفتەیەک یان مانگێک پەلەپەلیەتی بگەڕێتەوە ماڵەوە، کەسی گەڕۆک، کە سەر بە هیچ جێیەک لەو شوێنانە نییە کە سەفەریان بۆ دەکات، بە شێنەیی لەم بەشی جیهانەوە دەچێت بۆ ئەو بەشی جیهان و چەندین ساڵی پێدەچێت.” بە لای پۆرت سیفەتێکی جیاکەرەوەی کەسی گەڕۆک تەنها ئەوە نییە فرەگەڕ بێت، بەڵکو ئەوەیە لە هیچ یەک لەو شوێنانەی سەفەری بۆ دەکات هەست نەکات بە تەواوی لە ماڵەوەیە. پۆرت هەروەها پێی وایە جیاوازییەکی گرنگی تر لەوەدایە گەشتیار بێ ئەملاولا ئەو شارستانییەتەی لێیەوە هاتووە قبوڵ دەکات، بەڵام کەسی گەڕۆک شارستانییەتەکەی بە شارستانییەتی تر بەراورد دەکات و ئەو توخمانەی لە شارستانییەتەکەیدا بە دڵی نییە ڕەتیان دەکاتەوە. لە پەیوەندیدا بەو ڕەتکردنەوەیە پۆرت باسی ئەوە دەکات چۆن لە سەروەختی جەنگدا (جەنگی جیهانی دووەم) لە سەفەردا بووە چونکە نەیوستووە بەشێک بێت لە ماشێنی جەنگ کە لەو کاتەدا توخمێکی شارستانییەتەکەی بووە.[1]

Image: Artist and zabiyaka

هەرچەندە پۆرت تەنها یەکێکە لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە، چونکە بەشێکی بەرچاوی گێڕانەوە بۆ کیت تەرخانکراوە کە کارەکتەری سەرەکی دووەمە، ئەوە پۆرتە ئومێدێکی لەبننەهاتووی هەیە بەوەی گەڕانیان یارمەتریدەر دەبێت لە باشبوونی پەیوەندییەکەیان، هەروەها پۆرت بڕیاردەری سەرەکییە لەوەی بۆ کوێ سەفەر بکەن و چەندێک بمێننەوە. پۆرت کەسێکە بە خواستی خۆی دەگەڕێت، تەواو بە پێچەوانەی ئۆدیسیۆسەوە، خوداوەندەکان لە پۆرت توڕە نین و پۆرت باوەڕی بە قەدەری پێشوەخت بڕیار لەسەردراو نییە و لە شەڕکردندا نییە بەوەی زوو بگاتەوە ماڵەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەوەی بە بیری پۆرتدا نایەت گەڕانەوەیە بۆ نیۆرک. تاقە شتێک لە ڕابوردوی پۆرت کە بیرکردنەوە و هەستوسۆزی بە لای خۆیدا ڕادەکێشێت پەیوەندی پێشووتریەتی لەگەڵ کیتدا، ئەو پەیوەندییەی بە هیوای چاککردنییەتی و دەتوانین بڵێن لە پێناویدا خۆی بە دەست مەرگەوە دەدات.

گەر یەکێک لەو بەڵێنانەی گەشتکردن پێمانی دەدات ئەوەبێت مێشکمان بکاتەوە و بیرکردنەوەمان فراوان بکات، ئەو بەڵێنە بۆ هەموومان دروست نییە و هەندێجار گەشتکردن دونیابینیمان تەسکتر دەکاتەوە و بەریەککەوتنمان بە خەڵک و کلتوری تر هۆکاری تۆخبوونەوەی پێشداوەریمانە بەرامبەریان. لە ڕۆمانی ئاسمانی داڵدەدەردا دایک و کوڕێکی بەریتانی دەبینین کە بە هەمان شێوەی کیت و پۆرت لە باکوری ئەفریقا خەریکی گەشتکردنن و گەڕۆکن. لە جێیەکدا دایکەکە، خاتوو لایڵ، قسە لەگەڵ پۆرت دەکات و پێی دەڵێت دوو مانگی لە ئیسپانیا بەسەر بردووە کە بە ڕای خاتوو لایڵ جێیەکی نەفرەتییە و پڕیەتی لە ”سەرباز و قەشە و جوولەکە.” خاتوو لایڵ لە گۆشەنیگایەکی نێگەتیڤەوە سەیری کەسانی جوولەکە دەکات و پێی وایە جوولەکەکان لە پشتی پەردەوە ئیسپانیا بەڕێوە دەبەن. خاتوو لایڵ جوولەکەکان بە کەسانی فریودەر و فێڵزان ناودەبات و بۆ سەلماندنی قسەکەشی نمونەی ئەوە دێنێتەوە چۆن لە شاری کۆردۆبا شەقامێکی لێیە بە ناوی جودێریا کە سیناگۆگی جوولەکەکانی لێیە، هەربۆیە خاتوو لایڵ لایوایە شوێنەکە دەبێت گیتۆی جوولەکەکان بێت، کەچی ئەو کەسانەی خاتوو لایڵ لەوێ ڕێی لێیان کەوتووە نکۆڵییان لەوە کردووە جوولەکە بن، پەنجەیان لە بەرچاوی ڕاوەشاندووە و هاواریان کردووە، ”مەسیحین! مەسیحین!” کاتێکیش خاتوو لایڵ دەچێتە سیناگۆگەکەوە ڕێبەری گەشتەکە دەڵێت لە سەدەی پانزەوە هیچ مەراسیمێکی ئاینی لەوێ سازنەکراوە، کە ئەمەش وەها باوەڕنەکردەنییە خاتوو لایڵ دەدات لە قاقای پێکەنین.

بیروڕاکانی خاتوو لایڵ سەبارەت بە خەڵکانی سەر بە کلتوری تر جێگای لەسەر ڕاوەستانن چونکە خاتوو لایڵ گەشتنوسە، نوسەرێکە دەربارەی گەشتەکانی دەنوسێت، کاری ئەوەیە بگەڕێت و سەرنجی شێوە ژیانی کەسانی تر و خوونەریتیان بدات و دەربارەی ئەزموونی خۆی لە گەشتەکانیدا بنوسێت، کەچی سەرەڕای داخوازییەکی پیشەکەی، بەوەی پێویستی بەوەیە بەهابەخش نەبێت و هەوڵ بدات لە دەلاقەیەکی بارگاوینەکراو بە هەستی خۆ بە زلزانی و فووتێکراو سەرنجی هەڵسوکەوتی کەسانی تر بدات، خاتوو لایڵ کەسێکە وشەیەکی باشی نییە لەسەر کەسانی غەیرە ئینگلیز بیڵێت. لای خاتوو لایڵ لە بری ئەوەی کەسێکی جوولەکە هەبێت، کەسانی جوولەکە هەن، لە بری ئەوە کەسێکی عەرەب هەبێت، کەسانی عەرەب هەن، لای ئەو کەسانی تر سەر بە گروپن و تاک نین. خاتوو لایڵ بیروبۆچوونی خۆی دەربارەی کەسانی عەرەب دەردەخات و دەڵێت: ”ڕەگەزێکی بۆگەن و ئاست نزمن کە هیچ شتێکیان نییە لە ژیاندا بیکەن ئەوە نەبێت سیخوڕی بەسەر ئەوانی ترەوە بکەن.” لەو گتفوگۆیەدا لەگەڵ پۆرت خاتوو لایڵ پێی وایە عەرەبەکان، هەروەها فەڕەنسییەکانیش، ڕقیان لێیانە، کاتێکیش پۆرت دەڵێت بە لای ئەمەوە عەرەبەکان وەکو کەسانی هاوخەم دێنە پێشچاوی، خاتوو لایڵ دەڵێت، ”بە دڵنیاییەوە، ئەوەش چونکە کەسانی فرەقایلکەر و خزمەتچین، پەسنچی و بە دەمەوە هاتوون، بەڵام هەر ئەوەندەی ئاوڕت دایەوە، بە هەڵەداوان ڕێگەی کونسوڵخانە دەگرنە بەر.”

وەک دواتر دەردەکەوێت، کوڕەکەی خاتوو لایڵ، ئێریک، پاسپۆرتەکەی پۆرت دەدزێت و پۆلیسی فەڕەنسی لە بازاڕی ڕەشدا پاسپۆرتەکە دەدۆزنەوە. بەڵام خاتوو لایڵ و کوڕەکەی تاقە کەس نین تێڕوانینی نابەجێیان بەرامبەر بە دانیشتوانەکە هەبێت و پۆرتیش لە بەراوردکاری بەدەر نییە. لە بەشێکی گەشتەکەیان پۆرت پەنا دەباتە بەر بەرتیل دان بۆ ئەوەی بلیتی پاسێک بۆ خۆی و بۆ کیت دەستەبەر بکات، کاتێکیش کیت لێی دەپرسێت ئەی چی بەسەر ئەو دوو کەسەدا دێت کە جێگاکانیان داگیر دەکەین، پۆرت لە وەڵامدا دەڵێت، ”هەفتەیەک بۆ ئەوان چییە؟ بە لای ئەوانەوە کات بوونی نییە.” پۆرت لێرەدا ئاماژە بەو تێڕوانینە دەکات کە لە بیاباندا کات هێواش دەبێتەوە و وەکو نەبوو وایە، کەوا کات بە لای خەڵکانی بیاباننشینەوە گرنگ نییە. لێرەدا پۆرت لە هەمان خاڵدا کورت دەهێنێت کە خاتوو لایڵ تیایدا کورت دەهێنێت، بەوەی دۆخی کەسەکان وەکو باری تایبەت و جیاواز لەبەرچاو ناگرن و هەموو تاکەکان لە نێو تۆپەڵێکی ئاسان پێناسەکراودا دەتوێننەوە.

پۆرت پەلەیەتی بڕێک کات بە تەنها لەگەڵ کیتدا بەسەر بەرێت. هاوڕێیەکیان لەگەڵیاندا بۆ گەشتەکەیان هاتووە، تەنەر، وە پۆرت و کیت هەتا بێت لە بانگهێشتکردنی تەنەر پەشیمان دەبنەوە چونکە بە لایانەوە هەڵسوکەوتی ناڕەحەتکەر و تەحەمولنەکراوە. ڕێلێکەوتنی خاتوو لایڵ و ئێریکی کوڕیشی هەرچەندە بڕێک لە سەرگەرمی بە گەشتەکەیان دەبەخشێت، بە لای پۆرتەوە کات بەسەربردن لەگەڵیاندا لە ئامانجی گەشتەکەیان دووریان دەخاتەوە. پۆرت کەسێکە بڕوای بەوەیە گەڕان کۆمەکی دەکات ڕوونتر لە ژیانی بڕوانێت. پۆڵ بۆڵز دەربارەی پۆرت دەنوسێت: ”هەر کاتێک پۆرت بە ڕێگاوە بوو لە جێیەکەوە بۆ جێیەکی تر دەڕۆیشت، لە توانایدا بوو تۆزێک زیاتر بابەتیانەتر تەماشای ژیانی بکات. زۆربەی جار لە گەشتکردندا بە ڕوونی بیری دەکردەوە و بەو بڕیارانە دەگەیشت کە ئەگەر لە جوڵەدا نەبوایە نەیدەتوانی پێیان بگات.” پۆرت دەیەوێت لە شار و شارۆچکە گەورەکان دوور بکەونەوە و زیاتر بچنە نێو بیابانەوە، بە پەلەپڕوزکێ گەشتێک ڕێک دەخات و لە ڕێگا هەتابێت زیاتر تووشی لەرزوتا دەبێت. ئەو گوندەی پێی دەگەن لە پەتایەکەوە گیرۆدە بووە و کیت بڕیار دەدات بڕۆن بۆ گوندێکی سەر سنوور و لەوێ کاپتنێکی فەڕەنسی بڕێک دەرمانی بۆ پۆرت پێدەدات و پێی دەڵێت پێدەچێت پۆرت گرانەتای هەبێت و هیچ شتێکیان لە توانادا نییە بیکەن ئەوە نەبێت شۆربای بدەنێ و چاوەڕوانی چاکبوونەوەی بن.

سەرەڕای خراپبوونی دۆخی و دەستکرنی بە وڕێنە کردن، پۆرت هێشتا لە هەوڵی ئەوەدایە لە کیت نزیک بێتەوە. کیت وەکو دڵسۆزێک بە دەمییەوە دێت و شۆربا و حەپەکانی دەداتێ و ئاگای لەوەیە بە داپۆشراوی لە جێگادا بمێنێتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی نزیکبوونەوەی بەسۆزی لێ دەرناکەوێت، تەنانەت لەو ساتەش کە پۆرت تکای لێ دەکات لە لای بمێنێتەوە و دەستی بەسەر بەتانییەکەدا دەخشێنێت و کیت دەزانێت پۆرت بە دوای دۆزینەوەی دەستیدا دەگەڕێت، بەڵام لە خۆی ڕانابینێت دەستی بداتێ. کیت لە ڕەتکردنەوەی لە پێدانی دەستی بە ئاگا دێت و بەزەیی بە پۆرتدا دێتەوە و فرمێسک دەتزێتە چاوی. پاش تۆزێک پۆرت پێی دەڵێت: ”کیت، کیت، دەترسم، بەڵام ئەوە هەموو شتێک نییە. کیت! ئەم هەموو ساڵە من بۆ تۆ ژیاوم. ئەوەم نەدەزانی، بەڵام ئێستا ئەوە دەزانم. بە ڕاستی دەیزانم! بەڵام تۆ وا ئێستا دوور دەکەویتەوە.” کیت هاوار دەکات و دەڵێت: ”نەخێر دوور ناکەمەوە! … من ڕێک لێرەم!” وەڵامەکەی کیت وەڵامێکی دروستە دەربارەی نزیکایەتی فیزیکی کیت لە پۆرتەوە، لە کاتێکدا پۆرت دەکرێت ئاماژە بە دوورکەوتنەوەی ڕۆحیانە و هەستەکییانەی کیت بکات. کیت، سەرەڕای ئەوەی لە نزیکی پۆرتە و خەمێتی و دەیلاوێنێتەوە، ئەوەی لە مێشکیدا دەگوزەرێت شتێکی ترە. کیت بە خۆی دەڵێت، ”ئەو هەرگیز لە پێناوی مندا نەژیاوە. هەرگیز. هەرگیز.” کیت و پۆرت لە پەیوەندییەکی ئازاربەخشدان کە نە دەتوانن بێ یەکتری و نە دەتوانن لەگەڵ یەکتریدا هەڵبکەن. کیت وا دێتە بەرچاو تیادا مابێت و نەزانێت چی بکات، لەگەڵ پۆرتدا مابێتەوە سەرەڕای ئەوەی لە قووڵایی دڵیدا پەیوەندییەکەیان کۆتایی هاتبێت، هەرچیش دەربارەی پۆرتە کەسێکە لە قۆناغێکی تەمەنیدایە کە تاقە ڕۆشنایی لە ژیانیدا ئەوەیە پەیوەندییەکەی لەگەڵ کیتدا چاک بکاتەوە، بە چەشنێک ڕەنگە لە ئاستێکدا چاکنەبوونەوەی لە گرانەتاکەی لە بێهیوابوونی بێت لە باشبوونی پەیوەندییەکەیان و دواجار ئاسانتر بێت بە لایەوە بە کەمهێزییەوە لە ئامێزی مەرگدا لانە بگرێت.

پۆرت لەو گوندەی بیاباندا دەمرێت. ئەو پێش ئەوەی پەنا بباتە بەر بەرتیل دان بۆ دەستکەوتنی بلیتی پاسەکە هەستی بە ناساغی دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگر بوو لەوەی نزیکەی شەو و ڕۆژێک بە سواری پاسێک لە شارستانیەت و خزمەتگوزاری تەندروستی دوورتر بکەونەوە، بچنە شوێنێکی چەپەک، ئەویش بە ئامانج و هیوای ئەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ژنە نامۆبووەکەیدا چاک بکاتەوە. پۆرت لەوپەڕی بێهێزی و نەخۆشیدا دەست بۆ دەستی ژنەکەی دەگەڕێنێت و ژنەکەی بە ویستی خۆی دەست ناخاتە نێو دەستی و دەکرێت بپرسین ئایا ئەو ساتە ساتی بێئومێدبوونی یەکجارەکی پۆرتە؟ ساتی درککردن بەوەی تەنانەت ڕۆیشتن بۆ چەپەکترین گوندی بیابانیش ژیانی ناهێنێتەوە دۆخی پێشتر؟ پۆرت کەسێکە پێویستی بە سەفەرکردنە بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی بۆ دەربکەوێت و زاتی بڕیاردانی هەبێت، هەربۆیە دەکرێت بپرسین ئایا لەو گوندە چەپەکەدا ئەو ڕاستییەی پۆرت لەو دۆخە هەستیارەیدا بۆی دەرکەوت وەها توند بوو کە نەیتوانی لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا بەرگەی بگرێت و وایلێکرد خۆی بە مەرگ بسپێرێت؟

دوای مردنی پۆرت، کیت بە تەنها زیاتر ڕۆدەچێتە قووڵایی بیابانەوە و ڕێی لە کاروانێکی بازرگانی دەکەوێت و وەها لە هێز و لە ویست دادەبڕێت خۆی دەدات بە دەست هێڵێکی تاریکی ژیانەوە و بۆ ماوەیەک لە ڕۆڵی ژنی کەسێکدا خۆی دەبینێتەوە. کیت وردە وردە لە دۆخی دەروونی خۆی بە ئاگا دێتەوە، لەو ماڵەی تیایدا دەستبەسەرە هەڵدێت و دەکەوێتە پەیوەندی لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکی و کارمەندێکی کونسوڵخانە لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێ دەکات. لە میانەی ڕۆیشتنیان لە فڕۆکەخانەوە بەرەو ئوتێلێک، کارمەندەکە بۆ خولەکێک لە دەرەوەی ئوتێلەکە کیت بە تەنها لە تەکسییەکەدا بەجێ دەهێڵێت و کاتێک دەگەڕێتەوە کیت لەوێ نەماوە و ڕۆمانەکە کۆتایی دێت.

دیارنەمانی کیت هاوشان بەوەی هیچ شتێکی ئەوتۆ دەربارەی ژیانی پێشووتری کیت و پۆرت نازانین وا دەکات چەقی قورسایی گێڕانەوە لە بری ئەوەی لە ڕابوردوو یان داهاتوودا بێت، لە ئێستادا بێت. ئەوەی گرنگە گەشتەکەیان و پرۆسەی گەشتەکەیانە، ئەو ڕووداوانەیە بەسەریاندا دێت و دەرگیربوونی کیت و پۆرتە لەگەڵ ڕووداوەکان و تێڕامانیانە بۆ ژیانیان، نەوەک لە کوێوە هاتوون و داهاتوویان چۆنە. ئەم ئێستاییبوونە، ئەم ناوەڕاستبوونە، بارگاوییە بە تێڕوانینێک بۆ ژیان کە لە شارستانیەتی خۆرئاوادا، بە تایبەتی لە کلتوری ئەمریکیدا، لە سەدەی بیستەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان خۆی بە ژیانی تاکەکاندا دەکات.

لە ئۆدیسەی هۆمیرۆسدا دەبینین کە ئۆدیسیۆس سەر بە جیهانێکە مرۆڤ و ڕووداوەکان سەرەتا و کۆتاییان هەیە، کە گرنگە سەرەتا و کۆتاییان هەبێت چونکە بەبێ سەرەتایەک و کۆتاییەک ژیان مانایەکی نییە. بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا تێڕوانینێکی تر لە ژیانی ئەمریکیدا سەرمەشق دەکەوێت. لە ڕۆمانی ئاسمانی داڵدەدەردا کارەکتەرەکان سەرەتا و کۆتاییان نییە، تەنانەت مەرگی پۆرتیش وەکو پرۆسەیەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و هەر لەگەڵ مردنیدا کیت لاشەکەی بەجێ دەهێڵێت و لە بیاباندا خۆی سەرنگوکم دەکات و هیچ توخنی پرسە و پرسەخوازی ناکەوێت. ئەوەی گرنگە ناوەڕاستە، ناوەڕاستی ڕووداوەکان، ناوەڕاستی پرۆسەکان، ناوەڕاستی قۆناغەکان، ئەوەی گرنگە بەردەوامییە.

جیل دیلوز ئەو بیرمەندەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستە کە سەرسامی ناوەڕاستبوونە. لە کتێبی دیالۆگ لەگەڵ کلێغ پاغنێدا دیلوز دەڵێت: ”ئەوە هەرگیز سەرەتا و کۆتایی نییە کە جێگەی سەرسامبوونن، سەرەتا و کۆتایی پنتن. ئەوەی مایەی سەرسامبوونە ناوەڕاستە.” دیلوز بیرمەندی پرۆسەیە نەک پنت. لە فەلسەفەی خۆرئاوادا ویستێکی بەرچاو هەیە بۆ پنت دانان و ژمارەیەک لە زەبەلاحەکانی فەلسەفە لە وێنەی ئەفڵاتوون، دیکارت، کانت و هیگڵ لەوانەن لە هەوڵی پنت داناندا بوون، لە پنتێکەوە دەستیان پێکردووە و تێڕوانینیان بە چواردەوری ئەو پنتەدا داڕشتووە، بە پرەنسیپێکەوە گرتوویانە و دەستبەرداری نەبوون، سیستەمەکەیان سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی هەیە و جیهانیان خزاندۆتە ناو سیستەمەکەیانەوە. دیلوز بە پێچەوانەی ئەم ڕەوتە ئیش دەکات و بیر دەکاتەوە. هۆکارێکی ئەوەی دیلوز سەرسامی ئەدەبیاتی ئەمریکییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەشێکی زۆری ئەو ئەدەبیاتە کاری بە پنت دانان و سەرەتا و کۆتاییەوە نییە و پرۆسەبوون و ناوەڕاستبوون و تێپەڕبوون بە لایەوە پرسیارە.[2]

پرسی ناوەڕاستبوون لای دیلوز ڕاستەوخۆ بەستراوە بە چەمکێکی تر کە ئەویش هێڵی هەڵهاتنە. دیلوز جۆرێکی هەڵهاتن دەبەستێتەوە بە بەجێهێشتنەوە، بە خۆلادانەوە، بە کێشانی هێڵەوە. بە لای دیلوز کاتێک کەسێک دەڕوات و شتگەلێک بەجێدەهێڵێت، ڕەنگە وەها لێک بدرێتەوە ئەو کەسە لە لێپرسراوێتی هەڵدێت و لە جیهان ڕادەکات و ئەوەش ترسنۆکییە، بەڵام بە لای دیلوزەوە هەڵهاتن کارێکی پاسیڤ و پەچەکردار نییە، بەڵکو کارێکی چالاکە. هەڵهاتن بە لای دیلوزەوە ”کێشانی هێڵە، کێشانی چەندین هێڵ و نەخشەسازییە. ئێمە جیهانەکان تەنها لە ڕێگای هێڵی درێژی پچڕاو کەشف دەکەین.” لە پەیوەندیدا بە ئەدەبیاتەوە دیلوز پێی وایە ئەدەبیاتی ئەمریکی ”هەردەم داپچڕانمان بۆ وێنا دەکات، ئەو کارەکتەرانەی کە هێڵی هەڵهاتنیان دەخوڵقێنن.” بەڵام هەڵهاتن و سەفەرکردن هەمان شت نین. ئێمە دەکرێت سەفەر بکەین و لەگەڵ خۆماندا ئەو کەلەپوور و تێڕوانینانە هەڵبگرین کە پێش سەفەر لەگەڵماندا بوون و شوناسیان پێداوین (خاتوو لایڵ بە نمونە لە ڕۆمانی ئاسمانی داڵدەدەر)، دەکرێت لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر بڕۆین و هیچ شتێکی نامۆ و نەناسراو نەبینین. تەنانەت هەڵهاتنیش لە خۆیدا ناڕوونە و دیلوز پێی وایە لە هەندێک هەڵهاتندا دەکرێت بەر هەمان ئەو شتانە بکەوینەوە کە لێی هەڵهاتووین، لە بری ئەوەی لەسەر هێڵی هەڵهاتن دابڕانێک دروست ببێت. دیلوز جیاوازی لە نێوان تێڕوانینی فەڕەنسی بۆ جیهان دەکات و پێی وایە تێڕوانینێکی درەختئاسایە، بەوەی گرنگییەکی زۆر بە ڕەگ و ڕەچەڵەک و سەرەتا دەدات، لە کاتێکدا تێڕوانینی ئەمریکی تێڕوانینێکە لە گیای بژار دەچێت. گیای بژار لە ناوەڕاستی شتەکان و هێڵەکانەوە سەر دەردێنێت و بێ ئەوەی ڕەگبوونی پرسیار بێت خۆی دەبێت بە هێڵی هەڵهاتنی خۆی. لە کاتێکدا ئۆدیسە بە پێکگەیشتنەوەی ئۆدیسیۆس بە ژن و کوڕەکەی و دامرکانەوەی تووڕەیی خوداوەندەکان کۆتایی دێت، ڕۆمانی ئاسمانی داڵدەدەر بە مردنی پۆرت کۆتایی نایەت و کیت بەردەوامە لە ژیانی و هێڵی هەڵهاتنی خۆی دادەڕێژێت. بە پێچەوانەی ئەو کلتورانەی تیایدا مەرگی هاوژینێک ئەوە دەگەیەنێت هاوژینی لە ژیندا ماو هەتا مابێت دەبێت لە پرسەدا بێت، مەرگی پۆرت نابێت بە پنتێک کە بە چواردەوریدا ژیانی کیت و کەسانی تر بە چواردەوریدا دابڕێژرێت. دیلوز دەڵێت: ”خاڵی سفری ئینگلیزی هەمیشە لە ناوەڕاستدایە. خنکاندنەکان هەمیشە لە ناوەڕاستدان. ئێمە لە ناوەڕاستی هێڵێکداین و ئەوەش ناڕەحەتترین دۆخە. ئێمە لە ناوەڕاستەوە دەستپێدەکەینەوە.” (ل.٥٠)

دیلوز لە خوێندنەوە و تێگەیشتنمان بۆ دونیا یارمەتیدەرە چونکە بەشێکی ئەوەی دەربارەی گرنگبوونی ناوەڕاستبوون دەیڵێت لە ژیانی نوسەران و هونەرمەنداندا دەبینرێتەوە. نوسەران و هونەرمەندان بە توندی بەر سەرەتا و کۆتایی دەکەون، بە لای ژمارەیەکی زۆریانەوە سەرەتا و کۆتایی پرۆژەیەک چەندێک هیوابەخش و وزەپێدەر و خرۆشێنەر بێت، لە هەمان کاتدا لەرزهێن و گومانپێدەرن و سکپڕن بە ئەگەری شکست و داڕمان. هەربۆیە بە لای زۆربەیانەوە بەنرخترین و لەیادنەکراوترین کات ناوەڕاستە، ناوەڕاستی نوسینی کتێبێک و ناوەڕاستی کارکردن لە ئیشێکی هونەری. لە لایەکی دی، ناوەڕاستبوون لە سەردەمی ئێستادا وردە وردە لەوە دەرچووە تەنها لە کلتوری ئەمریکیدا بوونی هەبێت و خۆی ترازاندۆتە زۆر بەشی تری جیهان. لە سەردەمی ئێستاماندا دەبینین چۆن مرۆڤەکان خۆیان بە سەرەتاکان و کۆتاییەکانەوە گرێ نادەن و هەمیشە لە ناوەڕاستی شتێکدان، لە پرۆژەیەکەوە دەچنە سەر پرۆژەیەکی تر، لە شارێکەوە دەگوازنەوە بۆ شارێکی تر، پیشەیەک بە پیشەیەکی تر دەگۆڕنەوە، لە فێربوونی زمانێکەوە دەست دەکەن بە زمانێکی تر، لە خولیایەکەوە بۆ خولیایەکی تر، لە سەیارەکەوە بۆ مۆدێلکی تر، لە هاوژین و یارێکەوە بۆ یەکێکی تر. بێگومان ئەمە ئەوە ناگەیەنێت زۆرینەی ئەو گواستنەوانە سەرکەوتوو دەبن و ئارامی و خۆشی بە ژیانی کەسەکان دەبەخشن. توانا و وزەی مرۆڤ بە هەڵکشانی تەمەن لە کزی دەدات و هەندێک نەگۆڕ هەیە کە پێویستن بۆ هەبوونی شوناس. ناوەڕاستبوون لە ئێستادا لە خواستێک و پێداویستییەکی سەردەمیانە دەکات، ویستی خەریکبوون بە شتی نوێوە چونکە نامانەوێت خۆمان بەو شتانە ببەستینەوە کە ڕوویانداوە و کۆتاییان هاتووە و دەمانەوێت بەردەوام لە پرۆسە و لە ناوەڕاستدا بین، هەروەها خێرابوونی گۆڕانە تەکنەلۆجییەکانیش پێویستییەکیان هێناوەتە ئاراوە کە هەمیشە ئامادەبین بۆ فێربوون، بۆ وەلاخستنی بەرنامەیەک و بەکارهێنانی بەرنامەیەکی نوێ و بۆ بەردەوام سەیرکردنی زنجیرە تەلەفزیۆنییە باوەکان چونکە ئەگەر لە ناوەڕاستی زنجیرەیەکدا نەبین شتێکمان پێ نابێت لە دیالۆگی کۆمەڵایەتیدا بەکاری بهێنین.

گەڕۆکبوونی مرۆڤ بە تەنها پێکنەهاتووە لە سەفەر بۆ وڵاتانی بیانی و کۆچی درێژخایەن، بەڵکو کردەیەکی ڕۆژانەیە. هەر لە سکەخشکێ و گاوڵکێی منداڵەوە هەتاوەکو پێگرتنی منداڵ و ڕاکردنی و هەڵزنانی بە درەختدا، دەبینرێت مرۆڤ بوونەوەرێکی جێ بە خۆ نەگرتووە، خۆی بە ناو جیهاندا دەکات و دەیەوێت دەرەوە و شوێنی جیاواز ببینێت. ڕۆمانییەکان خواوەندێکیان هەبووە بە ناوی ئەبیۆنا کە لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە هەنگاونانی منداڵان و لە گەڕۆکان دەکات چونکە لای ڕۆمانییەکان پێگرتنی منداڵ ئاماژە بووە بە دابڕان و دوورکەوتنەوەی لە ماڵەوە و بە سەفەرکردن. لە فۆلکلۆری یابانیشدا و لە بەشێکی بودیزمدا خوداوەندی جیزۆ هەیە کە لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە دایکانی دووگیان و نەوەکانیان و کۆچەران دەکات. مرۆڤ مەحکومە بە جەستەیەک کە لە ژێر جەبری جوڵەدایە. ماسولکە و جومگەکانی مرۆڤ بە نەجوڵان دەپوکێنەوە و دوای پێکان و لە جێگادا کەوتن و زیان گەیشتن بە ماسولکە و جومگەیەک یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگاکانی چاکبوونەوە کە دکتۆرەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە ئەوەیە لەگەڵ پشوو وەرگرتندا کەسەکە لە چالاکی و لە وەرزشکردن و جوڵە بەردەوام بێت. ڕێکردنێکی ڕۆژانەی سی خولەکی ناسراوە نەک هەر سوودی جەستەیی هەیە، بەڵکو ڕێگایەکیشە بۆ تووش نەبوون بە نەخۆشی دەروونی و هەستکردن بە ئارامی و بە کامەرانی. جەستەی مرۆڤ بونیاد نراوە لە جوڵەدا بێت و هەر زیانێک و زەبرێک کە ڕێگری لە جوڵەی بکات، بۆ نمونە لە کاتی ڕووداوێک کە کەمتوانایی لێ بکەوێتەوە، مرۆڤ دەخاتە بەردەمی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی لە نمونەی خەمۆکی و لە هەندێ باردا کەمتوانایی و خەمۆکی دەبنە پاڵنەری خۆکوژی.[3]

ئەستەمە لە ویستی مرۆڤ بۆ گەڕان کەمبکرێتەوە. کلتوری سەیارە بووە بە یەکێک لەو کلتورە باوانەی هەتا بێت لە برەو پەیدا کردندایە چونکە لێخوڕینی سەیارە جیا لەوەی بۆ زۆرێک هۆکارێکی هاتوچۆ و بژێوی پەیدا کردنە، پیشەوەرانی پیشەسازییەکە گفتی ئەوەمان دەدەنێ هۆکارێکیشە بۆ تۆخکردنەوەی ئازادیمان. ئازادی هاتوچۆکردن و شوێنگۆڕین بەندێکی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤە و لە زۆر دەستووری وڵاتاندا باس دەکرێت. جێی سەرنجە کە مرۆڤ تاقە بوونەوەر نییە ئازادی هەڵبژاردنی ژینگەکەی بە لایەوە ئەولەویەت بێت. ئەو ئاژەڵانەی لە باخچەی ئاژەڵاندا دەژین بەئاگان لەوەی لە هەلومەرجێکی سەپێنراودا دەژین و ئەگەر ئاژەڵەکان لە باخچەیەکی ئاژەڵان لە دایک نەبووبن و گەورە نەبوونبن، یان باخچەی ئاژەڵانەکەیان هێندە فراوان نەبێت و بەرنامەیەکی تۆکمە و ژینگەدۆست و ئاژەڵدۆست نەیبات بەڕێوە، ئەوا هەمیشە ژمارەیەک ئاژەڵ هەن هەوڵی ڕاکردن دەکەن و نمونەی سەرکەوتووی ڕاکردنی ئاژەڵ لە باخچەی ئاژەڵان لە سەرتاسەری دونیادا بینراوە.

گەڕان و هاتوچۆ و شوێنگۆڕین تەنانەت لەو بارانەشدا کە ناخرێنە بەر جێبەجێکردنەوە، کە کەسانێک هەن بە دەگمەن ماڵەوە و گەڕەک و شارەکەیان بەجێ دەهێڵن، هێشتا پێویستە وەکو ئەگەرێک بمێننەوە چونکە سنووردارکردنیان وەکو دەستدرێژی بۆ سەر ئازادی لێکدەدرێتەوە. ئەگەر لە سیستەمێکی دادوەریدا سەختترین سزا مەرگ بێت، دووەمین سزای سەخت دوای مەرگ زیندانی هەتاهەتاییە. لە ئێستادا لە زۆر وڵاتدا زیندانی هەتاهەتایی هەڵوەشاوەتەوە و لە بریدا درێژترین ماوە لە زینداندا بە ساڵ دیاری کراوە، بەڵام ئەوەی زیندانی درێژمەودا سەختترین سزایە ئەوە دەردەخات چۆن ئەو سیستەمانە بۆ چاوترسێنکردن و ساردکردنەوەی هاوڵاتیانیان لە تاوانکاری بە دۆخێک سزای تاوانکاران دەدەن کە مەحاڵە هیچ کەسێک بە ویستی خۆی و بە خۆشحاڵی و بەئاگاییەوە پێ بخاتە ناویەوە. ئەحمەد ئەڵتانی نوسەر و ڕۆمانوس لە ساڵی ٢٠١٦ دوای کودەتا شکستهاتووەکەی تورکیا دەستگیر دەکرێت و لە ساڵی ٢٠١٨ بە تۆمەتی هاندانی کودەتا بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم دەدرێت. لە دوای ئەو بڕیارە ئەحمەد ئەڵتان دەست دەکات بە نوسینی یادەوەرییەکانی کە دواتر بە چەند زمانێکی بیانی لە ژێر ناوی <<هەرگیز جیهان نابینمەوە>> بڵاو دەبێتەوە و لەو کتێبەدا ئەحمەد ئەڵتان تیشک دەخاتە سەر ژمارەیەک لەو خاڵانەی وا دەکەن زیندان نەخوازراوترین ژینگە بێت مرۆڤ تیایدا ژیان بەسەر بەرێت. ئەو دەنوسێت:

         ”هەرگیز جارێکی تر ناتوانم ماچی ئەو ئافرەتە بکەم کە خۆشمدەوێت، ناتوانم منداڵەکانم لە ئامێز بگرم، هاوڕێکانم ببینم، بە جادەکاندا پیاسە بکەم. چیدیکە ژوورێکم نابێت تیایدا بنوسم، ئامێرێکم نابێت پێی بنوسم، کتێبخانەیەکم نابێت دەستم پێی بگات. ناتوانم گوێ لە پارچە مۆسیقایەکی کەمانچە بگرم، گەشتێک بکەم، بە دوکانی کتێبفرۆشەکاندا بگەڕێم، لە سەمونخانەیەک سەمون بکڕم، چاو لە دەریا یان لە داری پرتەقاڵێک ببڕم یان بۆنی بەرامەی گوڵ و گیا و باران و زەوی بکەم. ناتوانم بچم بۆ سینەما. ناتوانم هێلکە بە سۆسجەوە بخۆم، پێکێک شەراب بنۆشم، یان بچم بۆ ڕێستۆرانتێک و داوای ماسی بکەم. ناتوانم سەیری خۆرهەڵاتن بکەم. ناتوانم تەلەفون بۆ هیچ کەسێک بکەم و هیچ کەسێک ناتوانێت تەلەفونم بۆ بکات. ناتوانم بە دەستی خۆم دەرگایەک بکەمەوە. جارێکی تر لە ژوورێکدا خەبەرم نابێتەوە کە پەردە بە پەنجەرەکەیەوە بێت…

لە ئێستا بە دواوە کەسانی تر بڕیار دەدەن چی بکەم، لە کوێدا بوەستم، لە کوێدا بخەوم، کەی لە خەو هەستم، ناوم چی بێت.

هەمیشە بڕیارم بەسەردا دەدرێت. ”ڕاوەستە.” ”ڕێبکە.” ”بچۆ ژوورەوە.” ”باڵت بەرزەوە بکە.” ”پێڵاوەکانت دابکەنە.” ”قسە مەکە.”” (ل.٩-١٠)[4][5]

لە سەرەتای ٢٠٢٠ەوە هەتاوەکو ئەم ساتە پرسی ئازادی هاتوچۆ و شوێنگۆڕین و گەڕان بە توندی هەموو سووچێکی گۆی زەوی گرتۆتەوە. پەتای کۆڤید زریانێکە ئەو جیهانە ئاڵۆزەی وروژاند کە تیایدا دەژین و هەر ماوەیەک و بە گوروژمێکی نوێ و جیاوازەوە بەرمان دەکەوێت. هەر لە سەرەتاوە پەتاکە دوو پرسی بە گژی یەکدیدا کرد کە هەردووکیان پێداویستی سەرەکین، ئەویش پرسی تەندروستی و پرسی ئازادی هاتوچۆ بوو. پێم وایە ئەوەی فەیلەسوفی ئیتاڵی جۆرجیۆ ئاگامبینی دژ بە کەرەنتین و داخستنی شوێنە گشتییەکان هێنایە دەنگ ترسی بوو بەرامبەر هاتنەئارای سەردەمێکی نوێ و جیاوازەوە کە بە فەیلەسوفە ٧٨ ساڵەکەمان نامۆ بوو، سەردەمێک کە بۆ ماوەیەک خێزانەکان نەیاندەتوانی مردووەکانیان بنێژن و دەسەڵاتداران لاشەکانیان دەسووتاند. هاتنەدەنگی ئاگامبین ئاگادارکردنەوەیەکیش بوو کە مەترسی ئەوە هەیە چیدیکە وەکو مرۆڤ لە یەکتری و دراوسێ و خەڵکانی تر نەڕوانین، بەڵکو وەکو ڤایرۆسپێدەر و پەتاپێدەر مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین. ناڕەزایی دەربڕینی ئاگامبین دژ بەو ڕاستییەش بوو کە دروست نییە بەبێ ڕەخنە و پرسیارلێکردن لە حکومەت و دەسەڵاتی قبوڵ بکەین پێمان بڵێن چۆن بژین و چی بکەین و چی نەکەین و کێ سەلامەتە و کێ نەخۆشە.[6] لە بەرامبەر ناڕەزایەتی هاوشێوە کە لە لایەن زۆر گروپی سەربەخۆ و ڕاستڕەوەوە بینران و دەبینرێن، لیبڕاڵخوازەکانی خۆرئاوا بە ڕێزەوە گوێیان ڕاگرت، بەڵام ئاماژەیان بە تایبەتمەندێتی دۆخەکە و سەروەری یاسا و پێویستی هەبوونی متمانە بە دامەزراوە گشتییەکان کرد. لەم بەرەیەدا فەیلەسوفی ئوستراڵی پیتەر سینگەر داوای ئەوە دەکات ڤاکسین وەرگرتن بە زۆرەملێ بێت، هەروەک چۆن لە ئێستادا بەستنی قایشی سەلامەتی لە سەیارەدا بە یاسا دەسەپێنرێت. سینگەر دەڵێت لە سەرەتادا کەسانێکی زۆر قایشی سەلامەتییان نەدەبەست، سەرەڕای هەبوونی چەندن هەڵمەتی وریاکردنەوە، هەتاکو ئەو کاتەی بەستنی قایشی سەلامەتی بە یاسا سەپێنرا و لە ئێستادا جێگای سەرسوڕمانە کەسێک بێت و بڵێت بەستنی قایشی سەلامەتی دەستدرێژییە بۆ سەر ئازادییەکانم. سینگەر دەڵێت پرسی قایشی سەلامەتی و خۆکوتان لەو پرسانەن کە دەبێت دەسەڵاتێک بیانسەپێنێت چونکە زۆربەمان گوێ بەو مەترسییە بچوکانە نادەین کە دەکرێت کارەساتیان لێ بکەوێتەوە.[7]

بڕێک لە ئاڵۆزییەکانی ئێستا لە ڕاگرتنی هاوسەنگییەکدایە لە نێوان پیادەکردنی ژمارەیەک هەڵبژاردن و ئازادیدا بێ زیان گەیاندن بە کەسانی تر، لەگەڵ ژیانکردن لە چوارچێوەیەکدا کە دەخوازێت هەتا بتوانێت ئەگەری مەترسی و نەخۆشکەوتن و مردن کەمبکاتەوە و نەیانهێڵێت. ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە قەدەغەکردنی هاتوچۆ و سەفەرکردن هەمان شت نییە گەر حکومەت سبەینێ لێمان قەدەغە بکات ئایسکرێم بخۆین. گەر حکومەتێک ئایسکرێم خواردنمان لێ سنوردار بکات و ئەوانەمان شەرمەزار بکات کە ڕێز لە ڕێساکانی ئایسکرێم نەخواردن ناگرین، بەرامبەر بە حکومەتێک کە هاتوچۆ و گەڕانمان لێ قەدەغە دەکات، هاوار و توڕەیی و بێزاریی ئەوانەمان کە دژ بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ و گەڕانین زۆر لەوانەمان زیاتر و درێژخایەنترە کە دژی قەدەغەکردنی ئیسکرێم خواردنین. پرسی قەدەغەکردنی گەشتکردن دۆخێکی ئاڵۆزی هێناوەتە ئاراوە کە تیایدا کەسانی گەڕۆک نەک هەر خەمی ئەوەیانە چۆن سەفەر بکەن و لە شوێنی تر بژین و بمێننەوە، بەڵکو وەکو ئۆدیسیۆس لە خەمی ئەوەشدان چۆن بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە. ئەوەی لە ئێستادا لە ژێر پرسیاردایە یەکێک لە خەسڵەتەکانی گەڕۆکبوونە کە پردسازییە. کەسانی گەڕۆک پردسازن. ئەوان دوو شوێن یان زیاتر پێکەوە دەبەستنەوە. بە هۆی کەسانی گەڕۆکەوە پەیوەندی یەک جەمسەر یان دوو جەمسەر مسۆگەر دەبێت. کەسانی گەڕۆک لە هەمان کاتیشدا بوونەوەری تۆو چێنن و وەکو ئەو هەنگانە وەهان کە ئەم گوڵ و ئەو گوڵ دەکەن و گوڵەکان دەپیتێنن. ئەوان لەسەر هەر سەرزەمینێک بۆ ماوەیەک دەمێننەوە و گونجاوێتی شوێنەکە و کلتورەکە لەگەڵ هەڵکەوتەی کەسێتییاندا بەراورد دەکەن و هەندێ جار دەست بە جێگیربوون دەکەن. ئەوە تەنها گەڕۆکە یاخییەکانن کە لە هیچ جێیەک نامێننەوە، ئەوانەی کە تەنانەت دوای ئەوەی بە خاکێک ڕاهاتن و بەرووبوومەکەیان چنییەوە، دوای ماوەیەک هەر دەڕۆن، چونکە دەزانن خاکی تر هەیە و ئارەزووی ئەوان بۆ تاقیکردنەوەی ژیان لە سەرزەمینی تر بێسنورە.


[1] Bowles, Paul, The Sheltering Sky, 1949, Penguin Modern Classics, MOBI.

[2] Gilles Deleuze, Claire Parnet, Dialogues, Flamarion, 1996.

[3] کەمتوانایی بە لای منەوە دەستەواژەیەکی گونجاوترە لە کەمئەندامی. کەسانی کەمئەندام لە زۆر باردا کێشەی نەبوونی ئەندامی جەستەیان نییە، بەڵکو تووشی دژواریی دەبنەوە لە بەکارهێنانی ئەندامێکی جەستەیان. هەروەها، لە ئێستادا هەندێک نەخۆشی دەروونی مرۆڤ تووشی کەمتوانایی دەکەنەوە و لە هەندێک وڵات ئەو کەسانە وەکو کەسانی کەمتوانای جەستەیی مافی دەستپێڕاگەیشتنی خزمەتگوزارییان هەیە.

[4] ئەحمەد ئەڵتان لە ساڵی ٢٠٢١ بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە ئازاد دەکرێت

[5] :Altan, Ahmet, I Will Never See The World Again, translated by Yasemin Çongar, New York : Other Press, 2019.

[6] Caldwell, Christopher, Meet the Philosopher Who Is Trying to Explain the Pandemic, Sep 03, 2021. https://www.nytimes.com/2020/08/21/opinion/sunday/giorgio-agamben-philosophy-coronavirus.html

[7] Singer, Peter, Sep 03, 2021. https://www.project-syndicate.org/commentary/why-covid-vaccine-should-be-compulsory-by-peter-singer-2021-08

Check Also

دەروونشیکاری كاڕڵ گۆستاڤ یۆنگ دەربارەی ئایین

پێشڕەو عەبدوڵا 1 تێگەیشتنی دەروونشیکاری کارڵ گۆستاڤ یۆنگی(1875-1961) قوتابخانەی دەروونی زووریخ، لەمەڕ ئایین پرسێکی ورد …

Font Resize