یه‌ك شه‌ممه‌, كانونی دووه‌م 26, 2020
frku
Home / شیكاریی / دژە-پاڵەوانی ئەم سەردەمە

دژە-پاڵەوانی ئەم سەردەمە

خوێنەوەیەک بۆ فیلمی (جۆکەر)

بەیان سەلمان

دژە-پاڵەوان (anti-héros)، ئەو کارئاکتەرەی خەسڵەتەکانی پاڵەوانی تێدا نابینین. پاڵەوانیش بەو واتاییەی لە دەقی خەیاڵیدا لەسەری ڕێککەوتوون، وەکو دەقی ڕۆمان، لە کەسایەتی پاڵەوانێکدا بەرجەستە دەبێت کە هەموو خەسڵەتێکی باشی و ئازایەتی تێدایە. لە دەقێکمان بەناوی (دژە-ڕۆمان) کە لە یەکێک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاو بۆتەوە، بەم جۆرە ئاماژەم بە دژە-پاڵەوان کردووە ”(…) ئه‌گه‌ر ده‌قی کلاسیک جه‌غتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ پاڵه‌وانه‌کان که‌سی هه‌ستیار و جوان و پڕ ڕه‌وشت و پایە به‌رز بن، له‌ دژه‌-ڕۆمان ده‌قه‌کان پێشنیاری پاڵه‌وانێک ده‌که‌ن تا ڕاده‌یه‌ک ده‌بێته‌ دژه‌-پاڵه‌وانیش، که‌سایه‌تییه‌کی لێ دروست ده‌کرێت که‌ قه‌یرانی بچووک و گه‌وره‌ی خۆی و دنیا هه‌راسانی ده‌کات. ره‌نگی زه‌رده، خه‌مۆکه، جێی گاڵه‌ته‌جاڕییه‌، ئه‌مه‌ش وامان لێ ده‌کات به‌ چاوی پاڵه‌وان ته‌ماشای نه‌که‌ین. له‌ کاتێکدا زۆر خه‌سڵه‌تی باشی تێدایه‌، ئه‌مه‌ش جۆره‌ هه‌ستیارییه‌که‌، به‌ڵام به‌پێوانه‌ کلاسیکه‌که‌ی نا(…)”.[1]

لەم پێناسە کورتەی پێشوەوە، (جۆکەر)Joker  دوا فیلمی دەرهێنەری ئەمریکی (تۆد فیلیپس) Todd Phillips لە نواندنی (ژواکین فوێنیکس) لە ڕۆڵی (ئارتەر فلیک) Arthur Fleck و (ڕۆبێرت دو نیرۆ) لە ڕۆڵی(ماوری فرانکلن) Murray Franklin، یەکێکە لەو فیلمانەی گەورەترین مشتومڕی لەبارەوە کەتۆتەوە. لەم خوێندنەوەیەدا کارمان بەو مشتومڕانە نییە، بەڵکو قسە لەسەر دوو لایەنی فیلمەکە دەکەم. لایەنێکی تەکنیکی وێنەکان. ئەو لایەنەیش کە چۆن پلەی پاڵەوان، بە واتا ناسراوەکەی سەرەوە، دەگۆڕێ بۆ دژە-پاڵەوانێک؟

ئارتەر فلیک کە ناتوانێت ڕۆڵی پاڵەوانێکی سەرەکیی ببینێت، بەبێ ویستی خۆی دەکەوێتە ناو ڕۆڵی دژە-پاڵەوان. ئارتەر فلیک، کەسایەتییەکی بارگاوییە بە گرێیەکی دەروونی ئاڵۆز، لەگەڵ گەشەی ڕووداوەکان گرێیەکی تری منداڵیشی بۆ ئاشکرا دەبێت- کە لە ڕاستیدا منداڵی کەس نییە!

 بۆ سەرەتای ئەم خوێندنەوەیە، ناکرێ بڵێین کە ئەم کەسایەتیە خودی ئەمریکا بەرجەستە دەکات؟ ئەمریکای پاڵەوان، نەبۆتە ئەمریکای دژە-پاڵەوان؟ ئارتەری ئەمریکی ئەو ‘هیچ کەسە’ نییە کە دەیەوێ ببێتە ‘کەسێک’؟ هەر ئەمریکا نییە کە خەون دادەهێنێت؟ بەڵام بە ئاشکراش خەون زەوت ناکات؟

 لەم ڕووەوە، جێگرتن وەک پاڵەوان محاڵە، چونکە لە کۆمەڵی نمایشدا کە ماوری فرانکلن نوێنەرێتی، شوێن بۆ کەسی ‘بێ کەس’ نابێتەوە! ئەمریکایەک کە لە سەرەتای دروستبوونییەوە، ئەگەر نەڵێین لە هیچەوە دروست بوو، ئەوە دەکرێ بڵێین بەداگیرکردنی خاکی هیندییە سوورەکان خاکی بەدەم یەکەوە دا، کەچی دان بەکەسی ‘بێ کەس’دا نانێت!

سەرەتا، دژە-پاڵەوان کەسایەتی لێبوکێکە کە دەرگاکان بەسەر دروستکردنی خەونی بەئاکتەربوون بە ڕوویدا دادەخرێن. گرنگە بڵێین کە ئارتەر خوویەکی سەیری لەگەڵە، بەهۆی نەخۆشیەکی ئەعساب لەپڕ پێکەنین دەیگرێت و تا چەند خوڵەکێک دەخایەنێت. ئەمە وا لە کەسانی دەوروبەری دەکات پێی ناڕەحەت بن و بەرەوڕووی توندوتیژیی دەبێتەوە. ئەوەش لە سەرێکەوە، دیوی ئەودیوی ژیانی پڕ نەهامەتی ئارتەرە، کە لە ژیانیدا هیچ شتێک نییە بە ڕاستی بیهێنێتە پێکەنین! دایکێکی نەخۆش کە ئەو خزمەتی دەکات و دواجار بە سەرهەڵدانی نهێنیەک، ئەویش دەبێتە بەشێک لە وێرانکەری کەسایەتی ئارتەر و تۆخکردنەوەی گرێ دەروونییەکانی. لەسەرێکیشەوە، دیوێکی تری ئەو پیشەی ئاکتەربوونەیە کە دەبێ لەسەر سەکۆی شانۆدا ڕۆڵی کۆمێدی بێت و خەڵک بهێنێتە پێکەنین. واتە ئەم خۆی پێکەنین دروست دەکات، بەڵام کەس ئەو ناهێنێتە پێکەنین. ئەو ساتە کەمانەی پێشدەکەنێت ئەوەندەی لاساییکردنەوەیە، ئارەزوویەکی ڕاستەقینە نییە بۆ پێکەنین. هەربۆیە پێش کۆتایی کە ماوری لە نمایشێکی داهاتوویدا ئارتەر دەکاتە ئامرازی پێکەنین و پێی پێدەکەنێت و بگرە بانگەشەی دەکات بۆ بەرنامەی داهاتوویش؛ ئیتر ئەوە بۆ ئارتەر دەبێتە وەرچەرخانێک، کە دەکرێ بڵێین بەتەواویی نەیاریی بۆ ماوری ئاشکرا دەبێت. هەر لەو ساتەدا، ئەو گاڵتەپێکردنەی ماوری، بەرابەر بە بڕیاری ئارتەرە کە لە پەراوێزیی و دژە-پاڵەوانبوون دەرەچێت و دەیکاتە پاڵەوانی پلە یەک، چونکە خودی ماوری دەسڕێتەوە کە پێشتر لە بۆچونی خەڵک و ئارتەریش نموونەی پاڵەوانی نمایشەکانە. ئەو پاڵەوانەی کە کۆمەڵگای ئەمریکی هەمیشە بانگەشەی بۆ دەکات و هانی تاکەکانی دەدات تا ئاستی کوشتنی ئەوانی تر بڕوات بۆ ئەوەی بەهێزترینیان نارسیسیەتی خۆی بپارێزێت.

ئەم بڕیارەی ئارتەر لەگەڵ گەشەکردنی کەسایەتی بۆی دروست دەبێت. سەرەتا کەسێکی پەراوێز و ناسەقامگیرە لە کارێک، بارگاویە بە ئەرکی نەخۆشی دایکی و کێشەی تەنیایی خۆی. دوایی وردە وردە بەهانەی بۆ دروست دەبێ بۆ دەرچوون لەو دۆخە. ئیدی کە ماوری بانگەشەی دەکات بە تەواویی دەچێتە ناو پلەی کردار.  بەو جۆرە، هەر پێش وەخت لە چاوی ئارتەر دەبینین، لە هەڵسوکەوتی، کە لەبەرامبەر بە ئاوێنەکە بەزۆر دەمی دەکاتەوە و مەشقی  پێکەنین دەکات و پرۆڤە دەکات بۆ ئەو ڕۆڵەی کە لەسەر سەکۆ بەرامبەر بە ماوری بیگێڕێت. تەنانەت خۆئامادەکردنیشە بۆ ڕۆڵی سەرەکیی و کۆتایی ژیانی؛ ڕۆڵی ئەو پاڵەوانەی کە چیتر کەس پێی پێ ناکەنێت و لەوەدا سەرکەوتودەبێت کە بۆ چرکەیەک جەماوەری تەماشاکەری نمایشەکەی لەگەڵ ماوری دەهێنێتە پێکەنین.

وشە گوتراوەکانی لە کۆتاییدا لەگەڵ خوێن ڕشتنی ماوری دەبنە یەک هەقیقەتێکی تاڵ کە تەعبیر لە بوونی کەسی ‘جۆکەر’ دەکات کە هەر لەو ئانوساتەدا ئەو ناوە لەخۆی دەنێت. تەنها لەو کاتەشدا ئارتەر بڕوای بە خۆی دەگەڕێتەوە. بڕیاری کوشتنی ماوری تەواو ڕەمزییە، چونکە پێشتر ئارتەر لەلای خۆی وێنەکەی ماوری بە گەورەیی هەڵەواسیبوو وەک نموونەی کەسی سەرکەوتوو و تەنانەت وەک ئیدیاڵێک بوو لەلای. کوشتنی ماوری ڕوانگەی کوشتنی هەموو کۆمەڵی نمایشە، بەڵام کوشتنی فیگوری باوکیشە کە لە ساتی زانینی نهێنی منداڵیی خۆی بەدویدا دەگەڕێت. ئەم رەمزییەتە لە کەسایەتی دوو هاوکاری ئارتەریش بەرجەستە دەبێت ساتێ پیاوە کەڵەگەت و زلەکە دەکوژێت، بەڵام هەرەکورتەباڵاکە ناکوژێت و ئازادی دەکات. ئەمیشیان رەمزی پەراوێزبوون و بێ دەسەڵاتییە، چونکە ئارتەر پێی دەڵێت ”بڕۆ، تۆ هەمیشە لەگەڵمدا باش بوویت…”، کەواتە لێرەدا تۆڵەکردنەوەیە لەوانەی ئازاریان داوە، جێ لەقیان کردووە، بێ کاریان کردووە و بوونیان سڕیوەتەوە. بە کوردییەکەی، ئەوانەی نانیان بڕیوە، ئەوانەی خستویانەتە پەراوێز، ئەوانەی نەیانویستووە وەک کوڕی خۆیان، کوڕی کۆمەڵگای خەون، خەونەکەی بهێنێتەدی!

بۆیە مردنی ماوری دەبێتە گەورەترین (نمایشی ڕاستەخۆ) کە لە هەموو کەناڵەکانەوە کوشتنەکەی دووبارە دەکرێتەوە. ئارەتریش دەبێتە ئاکتەرێکی ڕاستەقینە کە لەسەر شانۆی گەورەترین بەرنامەی نمایش بەهرەی دەناسرێتەوە. ئەم تراژێدیایە کۆتایی بە خەونی تاکی ئەمریکیش دەهێنێت، چونکە تاقە ساتێکیشە کە ئارتەر لەناو جۆگەلەی خوێندا لە وێنەی دژە-پاڵەوان ڕزگاری دەبێت و بەرەو پلەی پاڵەوان سەرەکەوێت! ساتێ لە ناو خۆپێشاندانەکاندا دەبێتەوە بە کەسێک و ئەو پاڵەوانە ڕاستەقینەییەی لە سێبەرەوە دەرەچێت و تیشک دەخرێتە سەری. بەو شێوەیە، ئەو خەونە پووچە رەتدەکرێتەوە کە لەسەر سێ پاییەی پێشبڕکێیەکی کوشندە و پەیڕەوکردنی ناڕەوایەتی بەندە و تەنها ستەمکاریی لێ دەکەوێتەوە.

لە ڕووی تەکنیکییەوە، وێنە و رەنگەکان و جووڵەی کامێرا لێرەن بۆ ئەوەی جەغت لە گەشەی ڕووداوەکان و کەسایتیەکان بکەن. کە ئارتەر پەرواێزە، جوڵەی کامێرا بە زۆری لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە، زاڵوونی بیرۆکەی پەراوێزبوونی تۆخ دەکاتەوە، ئەو دۆخە سستەی دەخاتە ڕوو کە هەمیشە لە سێبەرە، دەموچاوی و روخساری بە پلانی زۆر لەپێشەوەیە، بەڵام لە کۆتاییدا پلانەکان لەسەر هەموو جەستەیەتی، لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە، بەتایبەتی لەسەر پێپلیکانەکانی دەرەوە کە سەما دەکات، جەستەی بۆ دەگڕێتەوە، وەک بڵێ پێشتر لێی سەندرابوو. سەرەتاکانی فیلمەکە ڕەنگی ڕەش و تاریک زاڵن، لە ناو ڕێڕەو و لا کۆڵان و شوێنی داخراوین. دواتر رەنگی سوور و زەرد و پەڕتەقاڵی، بەتایبەتی لە ڕەنگی خوێندا، دەبنە ڕەنگی زاڵ.

گرنگە ئاماژە بەوەش بکەین کە ئاکتەر (ژواکین فوێنیکس) هەر چۆن بە ئاکتەرێکی ڕۆڵی ئالۆز ناسراوە، لەم فیلمەدا ئاڵۆزترین ڕۆڵی بینیوە و بۆ نزیکبوونەوە لە ڕۆڵەکەی، ٢٥ کیلۆ کێشی خۆی کەم کردۆتەوە. دەشتوانین بڵێین، یەکێکە لە ڕۆڵە زۆر گرنگ و جوانەکانی، کە بەرابەر بە ڕۆڵی ئاکتەر (ژاک نیکلسن) کەمتر نییە لە جۆکەری یەکێک لە زنجیرەکانی باتمان. بەبێ ئەوەی هونەرمەندی گەورە (ڕۆبێرت دو نیرۆ)مان لەبیر بچێت کە بەرجەستەکردنێکی ئەو ڕۆڵەی ماوری فرانکلن لە لوتکەیە.   

فیشی تەکنیکی فیلمی جۆکەر:

ناونیشان: جۆگەر

دەرهێنانی: تۆد فیلیپس

سیناڕیۆ: تۆد فیلیپس، سکۆت سیلڤەر

ئاکتەرە سەرەکییەکان: ژوکین فوێنیکس، رۆبێرت دو نیرۆ، زازی بیتس، فرانس کۆنۆری

بەرواری دەرچوون: ٩/١٠/٢٠١٩

ماوەی: ١٢٢ خوولەک

Titre original : Joker
Réalisation :Todd Phillips
Scénario :Todd Phillips, Scott Silver
Acteurs principaux : Joaquin Phœnix, Robert de Niro, Zazie Beetz, Frances Conroy
Date de sortie : 9 octobre 2019
Durée : 122 min


[1] “دژە-ڕۆمان”، نووسینی بەیان سەلمان، کوردستان نوێ،، مانگی ئۆکتۆبەر ٢٠١٣

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارەی لە هەفتەنامەی ژیان بڵاو بۆتەوە، ژمارەی رۆژی یەکشەمە ٢٢/١٢/٢٠١٩

Check Also

“هەرچۆنێك بێت؛ بۆرژوازیی لە هەژاران تۆقیوە”

چەند تێبینییەك دەربارەى فیلمی “جۆكەر پێشڕەو محەمەد سەرەتا دوای ئەوەى فیلمی “جۆكەر”م لە سینەمای “بابیلۆن”ی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *