یه‌ك شه‌ممه‌, كانونی یه‌كه‌م 5, 2021
frku

خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی (گەمەی سکوید)

بەیان سەلمان

لەسەر سایتی تایبەت بە زنجیرەکە Squid Game بەم کورتەیە پێناسە دەکرێت: خەڵاتێک بۆ گەمەیەک دەوەشێنەرێت، بۆ ئەگەری سەرکەوتن، سەدان یاریزانی بێ پارە ڕازین لە یاریەکی منداڵان پێشبڕکێ بکەن.

هەر ئەوەندەیە؟

بێگومان نەخێر! هەموو نهێنی گەمەکەش لەوەدایە.

دەربارەی زنجیرەکە:

ئەم زنجیرەیە، گەمەی سکوید، کە بە عەرەبی دەکاتە (یاری حبار) و بە فارسی (بازی ماهی مرکب) جۆرێکە لە گیاندارە ئاوییەکان، بە نەرم و شلیی ناسراوە، چەندین پەلی هەیە، یەک ئەندامی زایەندەی هەیە (سێکسی نیە)[1]. لە ناوەکەیەوە، شێوەی گەمەکە وەکو شێوەی ئەو گیاندارە ئاوییە نمایش کراوە. هەتا ڕادەیەک بە خانەخانەی لای خۆمان دەچێت.

زنجیرەکە لە بەرهەمهێنانی کۆریای باشوورە. لە دەرهێنانی (دۆنگ-هیونگ هانگ) Dong-hyuk Hwang ئەکتەری سەرەکی بەناوی سۆنگ گی-هۆن Seong Gi-hun کە بەدرێژایی زنجیرەکان وەدوای دەکەوین هەڵگری دوا ژمارەیە (456) لەناو کۆی بەشداربووان کە (456) یاریکەرن[2]. زنجیرەکە لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021 لە ماوەی (27 ڕۆژدا) سەد و یازدە (111) ملیۆن تەماشاکەری هەبوو. بەو جۆرە لە پلەبەندی نێوان زنجیرەکاندا هاتە سەر لوتکە لە ژمارەی تەماشاکەران.

زنجیرەکە بریتیە لە وەرزێک و لە نۆ (9) ئەڵقە. لەسایەی ئەو سەرکەوتنە زۆرەی وەدەستی هێنا؛ کە خودی کۆمەڵەی ئامازۆنی زەبەلاح، کە هێشتا زنجیرەکە لەسەر نێتفلیکس نوێیە و گەرماوگەرمە، کەچی ئەوان فریاکەوتن هەموو جۆرە ماسکێکی ناو ئەو زنجیرەیە بخەنە بازاڕی ئەمساڵ بۆ (هالوین). لە داهاتوودا ئەگەری بەرهەمهێنانی وەرزێکی تریشی هەیە. ناونیشانەکانی ئەڵقەکانی ئەو زنجیرەیە بەم جۆرەیە: ١. (یەک، دوو، سێ، خۆر)، ٢. (دۆزەخ)، ٣. (پیاوی چەترەکە)، ٤. (تیمەکە لە پێش هەر شتێک)، ٥. (جیهانێکی دادپەروەرانە)، ٦. (گگانبو)، ٧. (VIP)، ٨ . (سەرکردە)، ٩. (ڕۆژی بەخت).

بۆ هەر ئەڵقەیەکیش لەگەڵ ناونیشانی یاریەکە، خودی گورانیەکان بە تایبەتی بۆی داهێندراون و پابەندن بە ناوەڕۆکەکەی. سەرجەمی یاریەکانیش بریتین لە شەش (٦) گەمەی جیاواز. لە بنەڕەتیشدا لە یارییەکی نەریتیی منداڵانەوە سەرچاوەی گرتووە و لە نێوان زنجیرەکاندا بە نێوەندی فلاش باک دەچینەوە سەر ڕاستی ئەو یاریە کە ژمارەیەک لە کەسایەتیەکان دەیزانن و لە کاتی منداڵیدا هەمان یارییان کردووە. گەمەکان هەر وەکو سەردەمی کۆنی لای خۆمان، لە (ڕاکەڕاکە، خانەخانە، چاوشارکێ، حەبل ڕاکێشان و هەڵماتێن…) پێکهاتوون. ئەو دەمانەی هێشتا تەلەفیزیۆن دانەهاتبوو و هەموو کەس نەیدەتوانی بۆ سینەما بچێت، منداڵان ئەو یارییانەیان دەکرد. بەوە دەچێت ئەو جۆرە یاریە، بەلانی کەم چەند یارییەکیان لە هەموو جیهاندا ناسراوبن. ئەوەی لەم گەمانەدا جودایە، لایەنی سامناکی و کوشندەیە. هەلومەرجی پێشبڕکێیەکە بردنەوەیە بەهەموو نرخێک. ئەوەش تەنها بە مەرجی سڕێنەوەی ئەوانی تر دێتەدی. لێرەشدا پیاو و ژن بەشدارن.

ناوەڕۆکی زنجیرەکە:

سەرەتا بێ ئەوەی کەس بزانێت، دەبێ لە نێوان دوو ڕەنگ یەکێکیان هەڵبژێرێت. ئەوانەی سوور هەڵ دەبژێرن دەچنە بەرەیەک. ئەوانەی سەوزن، لە بەرەیەکی تردا دەبن. دەبێ بشڵێین، بە پێی ژیانی کۆمەڵایەتی کۆریای باشوور، ڕەنگی تراکسوتی سەوز  تاقە رەنگە بۆ یاری وەرزش لە قوتابخانەکان. بەو جۆرە دەمانخەنە ناو جیهانێکی گەمارۆدراو؛ ڕەنگ سەوزەکان، بەرەی یاریکەرانن، لە ژێر چاودێری پاسەوان و کامێرادان. لەوبەریش تیمی بەرگ سوورەکان، دەبنە چاودێریکەر بەسەر یاریکەران، بە ماسک و چەکی کوشندە ئامادەن بۆ کوشتنی هەر کەسێک سەرپێچی لە یاسا و ڕێسای گەمەکە بکات لە بەرەی سەوز لەبەرەکان. ڕەنگی سوور ئاماژەیە بۆ دەسەڵات ماسک لەسەرەکان بە زەبری خوێن ڕشتن.

لە یاری یەکەمدا هەر هەموو پێکەوەن، واتە (456) یاریکەر، لەگەڵ ئاماژەی دەسپێک دەبێ هەر کەسێک بەتەنیا بگاتە ئەو ئامانجەی بۆی دیاری کراوە. دواتر دێنە سەر ئەو بڕوایەی باشترە لەناو خۆیان دوو تیم پێک بهێنن. بەرەبەرەیش ئەندامەکانیان لێ کەم دەبێتەوە و بڕی پارەی ئەوانەی دەکوژرێن دەچێتە سەر کۆی پارەکانی تر و دەرژێنە ناو تۆپێکی گەورەی شووشەیی بە بنمیچەکەوە هەڵواسراوە. ئەوجا لە زنجیرەی شەشەمدا، کتوپڕ وەرچەرخانێکی گەورە ڕوو دەدات هیچ کەسیان چاوەڕانی نەکردبوو. دەتوانین بڵێین کاریگەرترین یاریە و بڕیاردەرە لەسەر ئەو ژمارە کەمەی بۆ کۆتایی دەمێننەوە. داوایان لێ دەکەن دژی کەسێک لە تیمەکەی خۆیان هەڵماتێن بکەن. گەمەکەش دووکەس بەرابەر بە یەک بەوەستنەوە. بەو جۆرە لەناو هەر تیمێکیان ئەندامە دۆڕاوەکانیان دەکوژرێن. ئیتر ئەوەندە کەسەی لەو تیمە ماونەتەوە بۆ یاری کۆتایی پێکەوە دەبن. بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا تەنها دوو کەس بمێننەوە و دواجار یەک کەس براوە بێت. ئەو کەسە کێیە؟    

لەبەر ئەوەی یاریکەران تەنها بە ژمارەی خۆیان بانگ دەکرێن، لێرەشدا ژمارەی (456) دەبێتە ژیلەمۆی گەمەکە. شۆفێرێکی قومارچی قەرزارە. لە ژنەکەی جیابۆتەوە و لەلای دایكێکی پیری دەژی، تەنها کچێکیشی هەیە. زۆری خۆش دەوێت، بەڵام لەبەر هەلومەرجی ژیانی لە ئاستیدا هەست بە شەرمەزاریی دەکات. مافیاکان هەڕەشەی لێ دەکەن قەرزەکانی بداتەوە، لە هەموو ڕوویەکەوە دەکەوێتە تەنگانە، لەتاواندا دزی لە دەخیلەکەی دایکیشی دەکات و ئەوەش دەدۆڕێنێت. لە بێهیوایدا نازانێت چی بکات، ئیدی لەناو تونێلێکی میترۆدا کەسێکی سەیری لێ پەیدا دەبێت، بە بەرگێکی زۆر پۆشتە، بە خەندەیەک، مەرجێکی بۆ دادەنێت، بەرامبەر بە شەپازلەلێدان بڕێک پارەی بداتێ و دەیکاتە نێوان هەڵبژاردنی دوو زەرفی سوور و شین بۆ دەسپێکی ئەو یاریە. ئەو زەرفە شینەکە هەڵدەبژێرێت. ئەم یاریە وەکو تاقیکردنەوەیەکە بۆ بەرگریی جەستەیی کەسەکە، بەدوایدا کارتێکی پێ دەدات هەرسێ نیشانەی جیۆمێتری (بازنەیی، سێگوشە، چوارگوشە)ی بەسەرەوەیە لەگەڵ ژماەرەیەکی تەلەفون بۆ بەشداریکردن لە گەمەیەک. ئەگەر بیباتەوە (45,6) ملیار (ون)، نزیکەی پەنجا ملیۆن دۆلاری پێ دەدرێت. هەر لەوێدا وەک بڵێی چارەنووسی بۆ ئەو یاریە دەستنیشان کرابێت، چونکوو ئەو کەسەی پارەکەی پێ دەدات هەموو زانیارییەک لە بارەیەوە دەزانێت. بۆ دەرچوون لەو دۆخە قورسە ڕازی دەبێت و دەچێت بۆ ئەو ئادرێسەی لە تەلەفونەکە پێی دەدەن. ئۆتۆمبێلێکی ڕەشی گەورە لە هەر وێزگەیەک کەسێک هەڵ دەگرێت هەمان کارتەکەی ئەوی پێیە. بۆ ئەوەی چێژی چیرۆکەکە نەکوژین. لێرەدا لە گێڕانەوەی ناوەڕۆکی زنجیرەکە دەوەستین و دێینە سەر شیکردنەوەی ئەو لایەنانەی بە گرنگمان زانی.

شیکردنەوە:

 بێگومان ناتوانین بیر لە ڕۆمانی خەیاڵی زانستی (گەمەکانی برسێتی) The Hunger Games نەکەینەوە لە بەرهەمی نووسەری ئەمریکی (سوزان کۆلینز) Suzanne Collins کە ڕووداوەکانی لە جیهانێکی دژە یۆتۆپیادا، هاوشێوەی ئەم گەمانە لێرەن، ڕوو دەدات. بەڵام، ئەم ڕۆمانە و فیلمەکەیشی لەگەڵ ئەم زنجیرەیە (گەمەی سکوید) و چەندین کتێب و فیلم بەهەمان ناوەڕۆکی ئەو تێمایە، سەرجەمیان لە بنەڕەتدا لە ڕۆمانی ”ئەوان تەقە لە ئەسپەکان دەکەن، وانیە؟” کە بەهەمان ناونیشان فیلمێکیش لە نواندنی (جێین فۆندا) هەیە. هەر ئەوەندەش نیە، بەڵکوو ئەم زنجیرەیە چەندین لایەنی تری سامناک پێشنیار دەکات کە هەتا ئێستا بەو شێوەیە نەخراوتە پێش چاو. خودی جەستەی مرۆڤ دەبێتە قومارێک. چونکوو لە ڕۆمانی ”ئەوان تەقە لە ئەسپەکان دەکەن، وانیە؟” بوونی مەعنەوی مرۆڤ دەبێتە گەمە بەدەست قوماربازان، لەوێدا بەرەی جەماوەریش، بە بەشداربوونیان لە قومارکردن لەسەر براوەکان، دەبنە ستەمکار، لە کاتێکدا لەم زنجیرەیە ژیانی مرۆڤ بە تەواوی قوماری لەسەر دەکرێت و ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن، تەنها زلهێزەکانن.

دوای گەشتێکی پەنهان، کەسایەتیەکان دەگەنە ئەو شوێنەی بڕیارە یاریەکانی لێ ئەنجام بدرێت. دەکەونە ناو جیهانێکی خەیاڵیی، سەدان کەسی تری وەکی ئەوان، ژن و پیاو، لەو گەمەیەدا بەشدارن. هەر هەمووشیان لە چینی هەژارن و تووشی تەنگانەی زۆربوون. چەند کەسێکی نێوانیان، پێشتر لە هەلومەرجی وەیەکداداندا، لە دەرەوەی ئەو شوێنە یەکترییان دەناسی، بەڵام هەتا ئێرە کەس نازانێت پێشبڕکێیەکە کوشندەیە.

 لەم سەردەمەی جیهان بەرەوڕووی ئاڵۆزییەکی زۆر گەورە بۆتەوە، ئەو جۆرە چیرۆکە زۆر جێگای خۆی لەلای خوێنەر و تەماشاکەران دەکاتەوە. چونکوو لەناو ئەو جیهانە هاودژەدا، بەرەی ئەوانەی ماسکیان لە دەموچاوە و لە سەرە، بۆ سەرمایەدارە هەرە گەورەکان کار دەکەن کە بە پیتی (VIP)کورتکراوەتەوە، واتە کەسێکی زۆر گرنگVery Important  Person. ئەمانیش کەسێکی ملیاردێری تریان لە پشتە و هەتا کۆتایی ئاشکرا نابێت. ئەو پارەییەی بۆ بردنەوەی گەمەکەیش تەرخان کراوە، پارەی هاوبەشی ئەو دەوڵەمەندانەیە، کە لەودیو شاشەیەکی گەورەوە، وەکو یاری تۆپی پێ، ڕاستەوخۆ تەماشای یاریەکان دەکەن. لەگەڵ کوشتنی هەر کەسێک و هەر کۆمەڵێکیان، ئەوەندەی دڵخۆشن دووهێندەش غەمبارن چونکوو یاریەکان بەرەو کۆتایی دەچێت. هاوکاتیش ئەوان بەدەم خواردن و خواردنەوە، لەناو دیکۆرێکی فاتنازی، ڕەنگی سوور و ڕەش بەسەریدا زاڵە، پێشنیاری گەمەی نوێ دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکەین، بەرەی ماسکدارەکانیش بە چەند پلەبەندەییەک لەیەکتری جودا کراونەتەوە، ئەوانەی شێوەیەکی بازنەیین (کرێکارەکانن کە لەوێن بۆ کاری ئامادەکردنی گەمەکان، خواردن، سووتاندنی مەیتەکان، ڕاپەڕینی ئیشی تر…)، سێ گۆشەکان (سەربازەکانن)، شێوە چوارگوشەکان (چاودێرەکانن، ئەوانەی چاودێری هەموو لایەک دەکەن بە کرێکارەکان و سەربازەکانیش)؛ سەرگەورەکەش بە ماسکێکی ڕەشی ترسناک لەئەوان جیاوازترە. ئەو دەوڵەمەندانەی سەیری یاریەکانیش دەکەن، بە ماسکی ئاژەڵ لە هەموویان جیا کراونەتەوە و لە شوێنێکی تایبەتن. ئامانجی دەرهێنەرەکەی هەر ئەوە بووە، لەسەر بنەمای کۆمەڵگای وڵاتەکەی دووبارە ئەو سیستەمە بەرهەم بهێنێتەوە کە پشت دەبەستن بەو پێکهاتانەی کاری فەرمی دەکەن.

لەناو سیستەمێکی سەرمایەداری جۆرێکی تری چەوسانەوەی هەژارەکان ئەنجام دەدرێت. مرۆڤی بێ دەرامەت دەکرێتە بەر فشاری بەشداریکردن لە گەمەیەکی سامناک، سوور دەزانێت خودی ژیانی گەمەیەکە و دەکرێت کوژراوی داهاتوو ئەو بێت، چونکوو لە ناوەڕاستی گەمەکەدا بە دەنگدانێکی دیموکراسیانە، گوایە بەرەی ڕێخستنی ئەو یاریانە پەیڕەوی دەکەن، ڕازین یاریکەرەکان ئازاد بکەن. بەرەی ڕێکخەرانی گەمەکان وەکو دڵنیابن لەوەی هەر بەناچاریی بۆ ئەوێ دەگەڕێنەوە؛ لەدوای ئەو دەنگدانە ئازادیان دەکەن و چۆن هێنابوویانن ئەوهایش دەیانبەنەوە هەمان ئادرێسی لێیەوە هەڵیانگرتبوون. بەڵام کەمی پێ دەچێت، هەر هەموو دەرهەقی ئەو ژیانە سەختەی دەرەوە نایەن. جۆرێکی تری چەوسانەوە چاوەڕوانیان دەکات و هەلومەرجی هەژارییان بۆ چارەسەر ناکرێت، ئیتر بڕیار دەدەن بگەڕێنەوە بۆ هەمان ئادرێس و دیسان دەیانبەنەوە بۆ بەردەوامبوون لە گەمەکان. 

بەو شێوەیە، وەک بڵێی دنیای دەرەوەش لە ئاست ئەو هەژار و بێ دەرەتایانە هێندە بەڕەحمتر نیە لە گۆڕەپانی ئەو یارییانەی بە دوو دیکۆری سەیر جودا کراونەتەوە. دیکۆرێکیان وێنەیەکە لە زیندانێکی بەکۆمەڵ، بێجگە لە ڕیزێک ئاودەست و دەرگایەکی گەورە کە چرکەکانی کاتی بەسەرەوە نیشان دەدات، هیچ دەرگای تری تێدا نیە. دیکۆرێکی تریش بۆ خودی یاریەکان تەرخان کراوە، ئەوەش ساتێ زەنگ لێ دەدرێت و بانگهێشە بۆ دەسپێکردنەوەی یاریەکی نوێ دەکرێت، ئەو دەرگا گەورەیە دەکرێتەوە و یاریکەران دەچنە ناو دیکۆرێکی تایبەت پابەندە بە گەمەی ئەمجارەیان. هەمیشە سەرەتای چوونەناو دیکۆری هەر یەک لە گەمەکان، جیهانێکی خەیاڵی منداڵانەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە ڕەنگی پەمەیی و بریسکەدار و شەفافیان بەسەردا زاڵە.

ئەگەر لەسەر ئاستێکی مارکسیانە ئەو زنجیرەیە شی بکەینەوە؛ تێبینی دەکەین، شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنان،‌ لێرەدا نمونه‌ی کۆمەڵگایەکی سه‌رمایه‌داریی بێبەزییە، ئابووری چینه‌کان دیاری ده‌کات. هاوکات په‌یوه‌ندی نێوان تاکه‌کانیش دیاری ده‌کات. چونکێکم لەناو ئەو بەشی دیکۆرەی بە زیندانێکی گەورە دەچێت و تەنانەت شێوەی ڕێکخستنی جێ نووستەنەکانیش بەتەنیشت یەک و بەپێی نهۆم لە سەروو و خوارووی یەک، ڕەنگدانەوەی ئەو جیهانەی دەرەوەیە. ئه‌م په‌یوه‌ندیانەیش به‌لانی که‌م دوو چین دیاری ده‌کات: له‌لایه‌که‌وه‌ ئەو کۆمەڵە سەرمایەدارەی هه‌موو ئامرازی به‌رهه‌مهێنانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و بە پارەی بێ شومار دەسەڵاتیان بەسەر ئەو گەمەکەرانەدا دەشكێت. له‌لایه‌کی تره‌وه‌، گەمەکەران، هەروەکو پرۆلیتاریا،‌ چۆن ته‌نها هێزی کاریان هه‌یه، ئەوانیش لە بێچارەییدا تەنها هێزی بەشداریکردنی گەمەکانیان پێ ماوە. واتە بەردەوام لەلایەن ئەو گروپە سەرمایەدارە دەکرێنە ئامانجی بەکارهاتوو. گرنگیی زنجیرەکەش لەوەدایە کە ئەو سەرمایەدارانەی سپۆنسەری یاریەکانن، هەموویان بە ئینگلیزی قسە دەکەن. زمانی ئینگلیزی لێرەدا، نوێنەری سەرمایەداریە. نوێنەری سەپاندنی سیستەمێکی ترسناکە، مرۆڤەکان بێجگە لە جەستەیان هیچیان پێ نەماوە بیکەنە قوربانی. ئەم خاڵەش هەر لە یەکەم ئەڵقەی زنجیرەکە ئاشکرا دەبێت، کاتێ لەناو تونێلی میترۆکە کەسایەتی سەرەکی پارەی پێ نیە تاکو بەشدار بێت لەو گەمەییەی پێشنیار دەکرێت، ئیدی ڕازی دەبێت بەرابەر بە هەر دۆڕانێک شەپازلەیەکی لێ بدات. هەمان ئەو شەپازلەیە لە دۆخی تاقیکردنەوەوە بەرەو هەڕەشەی جەستەیی دەیبات کاتێک بە بەشداریکردن لە گەمەکان ڕازی دەبێت.

دیاره‌ مارکس چینی تریشی ده‌ستنیشان کردووه‌ له‌ نێوان چینی کرێکاران، وه‌ک جووتیار و دوکاندار و ئه‌وانه‌ی کارگه‌ی بچووکیان هه‌یه‌… به‌ڵام سیستەمی سه‌رمایه‌داری دوو چینی گه‌وره‌ دروست ده‌کات: بورجوازی و پرۆلیتاریا. لەم زنجیرەیەشدا ئەو شێوازە پلەبەندییە بە چاکی دەپێکێ. ئه‌وه‌ی‌ مارکسیش له‌مه‌دا مه‌به‌ستێتی چینی کرێکاره‌، که‌ دەکرێ بڵێین، نزیکەی هەموویان له‌ هه‌مان هه‌ڵومه‌رجدا ده‌ژین. هەر وەکو ئەو یاریکەرانە، کە تەنانەت ئەوانەی لە دەرەوەش بەدکار بوون، لەبەر رزگاربوونیان لەو هەلومەرجی ژیانەی پێشوویان لەو گەمانە بەشدار دەبن. وەک بڵێی، لە هەموو دۆخێکدا خۆیان بە مردوو بزانن، ئەوجا بۆ هەوڵەکە نەدەن بۆ ئەگەرێکی بردنەوە؟ بەڵام ئایا بردنەوە هەیە؟ ئه‌وه‌ی وایشیان لێده‌کات هۆشیان به‌ بوونی خۆیان هه‌بێت ئەو هەلومەرجە ناڕوونەیە، کە سەپێندراوەتە سەریان بۆ بردنەوە یان مردن! ئەوانە هەموو‌ سه‌ر به‌ چینێکی چەوساوەن. لەناو ئەو گەمانەشدا، دووجار دەچەوسێندرێنەوە، چونکوو بەپێچەوانەی بیرۆکەکەی مارکس کە دەبوو دیسان لەناو خودی ئەو گۆڕەپانی‌ یارییانە، چینێکی تایبه‌تی به‌ خۆیان هه‌بێت و قازانج و تێكۆشانی خۆیان هه‌بێت دژ بەوانەی بەڕێوەیان دەبەن، دەبینین کە لەناوەوەش ئەو زلهێزانە سەرکەوتن بەدەست دەهێنن بۆ تۆوکردنی گومان لە نێوانیاندا، هەلومەرجێک دروست دەکەن تاکو لەنێو خۆیان پارچەپارچە ببن بۆ ئەوەی یاریەکان بۆ چێژی ئەوان هەر بەردەوام بن.

ئەو لێکدانەوە مارکسیە بۆ ئەوەش دەشێت، کە ژیانی ئەو گەمەکەرانە لە دەرەوەی ئەو گۆڕەپانە، ئەگەر ئه‌وە داهاتی کارکردنیان هەبێت، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه‌ که‌ بەشی به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ و منداڵه‌کانیان دەکات، هەر چۆن ئەوان دەچەوسێننەوە، له‌ داهاتوویشدا منداڵی ئه‌مانیشن کە ده‌بنه‌وه‌ ماشێنی ئەو سیستەمەی سبه‌ینێ.‌ هەر بۆیە کەسایەتی سەرەکی هەڵگری ژمارە (456)، کە بۆ جاری دووهەم بەشدار دەبێت، مەبەستی سەرەکی ئەوەیە خۆی بکاتە قوربانی بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتر بۆ کچەکەی دابین بکات.

 سەرمایەداری له‌گه‌ڕاندا به‌ دوی قازانجی زیاتر هەمیشە ئامانجی کەمکردنەوەی مووچه‌ و داهاتی ئەو چینەیە. بەو شێوەیە به‌شێکیان هەمیشە بە بێکاریی بمێننەوە. له‌م بێکاریه‌شدا، دیسان ئەوان سوود وه‌رده‌گرن (مارکس ناوی ده‌نات هێزێکی سه‌ربازی پاشکه‌وتکراو)، به‌وه‌ی بێ کارەکان ناچار ده‌بن به‌ هه‌موو هه‌لومه‌رجی ئه‌وان ڕازی ببن. ‌بێگومان ئه‌وه‌ش وا ده‌کات دژایه‌تی نێوانیان دروست ببێت. زنجیرەکە ئەو لایەنە شاراوەیەی ئەو پیلانە بە باشیی کردۆتە ڕوو، بەڵام لەناو داهێنانی گەمەکاندا.

تەنانەت ئەگەر لێکدانەوەی ماکس ڤیبەر بخەینەڕوو، لەم زنجیرەیەدا بەو شێوەیە تاوتوێ کراوە. ئه‌و شێوه‌یه‌ له‌ سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته‌ ئه‌وه‌ی دووبه‌رکێ په‌یدا ده‌بێت،‌ سه‌رچاوه‌که‌ی له‌و ڕه‌هه‌نده‌ ئابووریه‌وه‌ هاتووه‌. دوو گروپ دروست ده‌بن: یه‌کێکیان‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی هه‌یه، واتە ئەوانەن کە پارەیان هەیە‌. ئه‌وه‌ی تریش، زۆر بەکورتیی، ئەوانەن که‌ توانایان نیه‌. ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ له‌لای ماکس ڤیبەر‌،‌ له‌ ڕه‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بار و پێگەی گروپه‌کان به‌ پێی شکۆ و پله‌ و پایه‌ ده‌ستنیشان ده‌کات. بۆ نموونه‌ مه‌قامی که‌سه‌که‌ و پایه‌ و به‌های وه‌ک لێکۆڵه‌وه‌رێک و تویژنه‌وه‌رێک گرنگتره‌ له‌وه‌ی ببیته‌ بازرگانێک، با ئه‌میان ده‌وڵمه‌نتریش بێت. یاخود ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ (پایه‌ به‌رز، بنه‌ماڵه‌…) که‌سانێکن ده‌ڵێن،‌ ئێمه‌ پایه‌مان به‌رزتره‌ چونکو بابو و باپیرمان له‌ فڵانه‌وه‌یه‌… بێگومان ئه‌م جیاوازیه‌ سیمبولیه‌، چونکوو له‌لایه‌ن خه‌ڵکی تره‌وه‌ پێی ناسراون، واته‌ ئه‌وانی ترن کە‌ ده‌ڵێن ئه‌و پایەبەرزە و دکتۆرای هه‌یه‌! به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م گروپه‌ جۆره‌ هۆشێکی تایبه‌تییان به‌ بوونی گروپه‌که‌یان هه‌یه‌، نه‌ک به‌ چینێک، لێرەشەوە‌ خۆیان به‌های گروپه‌که‌یان پێکده‌هێنن، که‌ له‌ هه‌مان به‌ها و بۆچووندا یه‌کده‌گرنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت دەبنە بەرخۆری هه‌مان جۆر شمه‌ک و بگرە کاتی ئیسراحه‌تیشیان به‌ هه‌مان شێوه‌ بەسه‌رده‌به‌ن.

ئەوەی لەم زنجیرەیە ڕوو دەدات هەمان ڕوانگەیە، تەنانەت لەناو ئەو گەمەکەرانەدا، ئەو گروپانەی لەنێو خۆیاندا بە پێگەیەکی تر پێناسە دەکەن بەتەنیا یەک دەگرن، ئەوانی تریش بە هەمان شێوە. لەوبەریش گروپی ڕێکخەران و بەڕێوبەرانی یاریەکە تەنها تەماشاکەرن و بە پارەکانیان ڕەوتی قومارکردن لەسەر گەمەکان بەڕێوە دەچێت. تەنانەت لە یارییەکدا بەڕێوبەری یاریەکە کەلێنێک دەدۆزێتەوە، گوایە یاریکەرێک بە هۆی پیشەکەی پێشووی چێژی سەرنجڕاکێشانی گەمەکەی کەم کردۆتەوە، واتە وەک هەر قومارێک لایەنی کتوپڕیی و لە ناکاوی کەم کردۆتەوە و ئەوان چاوەڕوانی ئەوە نەبوون! ئیدی هەر لەو جێیە یاسای ئەو گەمەیە دەگۆڕن. بەو جۆرەش ڕووی ڕاستی ئەو سەرمایەدارانەش ئاشکرا دەبێت، کاتێ لە نێوان خۆیاندا دەڵێن، گوایە بە شێوەیەکی دادوەرانە یاریەکان بەڕێوە دەچن!

بەو جۆرە، لە نێوان هۆشیاریی گەمەکەران بەوەی سەر بە چێنێکن، یاخود وەکو تاکێک هۆشی بە هەلومەرجی خۆیەتی، لە بنەڕەتدا هەردوو تیۆریەکە لێرەدا یەک دەگرنەوە. لێرەشەوە، هەڵگری ژمارە (456)، تووشی خەمۆکێ دەبێت. پاشان بە ئاشکرابوونی ڕاستییەکی تاڵ، سەبارەت بە مێشکی هەڵسوڕێنەری گەمەکان، چاوی دەکاتەوە و هۆشی بە مەترسی ئەو جیهانە لەلا دروست دەبێت. بڕیاری دێتە سەر هەڵوەشانەوەی ستروکتووری ئەو گەمانە، سەرەتا دەچێتە ساڵۆنێکی قژی بڕین، تاقە مۆدێلێک لە وێنەیەکدا نیشانی دەدەن، ڕەنگێکی سوورە، وەک بڵێی هیچ هەڵبژاردنی لەبەردەستدا نیە. ئەویش، هەر وەکی ناو وێنەکە، هەروەها وەکی ڕەنگی گروپی چاودێرەکانیش، بەو بۆیە سوورە قژی ڕەنگ دەکات. ئەوجا نیازی دێتە سەر چوون بۆ لۆس ئەنجلس بەدوای کچەکەی. بە مەبەستی هەڵدانەوەی لاپەڕەی کۆن و دەسپێکی ژیانێکی نوێ لە خۆی ڕادەمێنێت. ئایا دەتوانێت جڵەوی ژیانی لەدەست بگرێت؟   

دەربارەی سەرچاوەکان:

– Squid Game : Avec : Lee Jung-jae, Park Hae-soo,Wi Ha-jun. Creatures :Hwang Dong-hyuk. 2021.

– 1969 : On achève bien les chevaux (They Shoot Horses, Don’t They?) de Sydney Pollack : Gloria Beatty.


[1] لەبەر گرنگی ناونیشانەکە و واتاکانی پێشنیار دەکەم بە وردیی لەسەر ئەو بوونەوەرە بخوێننەوە

[2] بەمەبەستەوە ناڵێین یاریزان، چونکێکم کەسایەتیەکان نازانن چۆری ئەو گەمانەی تێیدا بەشدارن چیین و چۆنن.

Check Also

سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ و كاریگه‌رى له‌ سه‌ر ژن

“به‌شى دووه‌م” پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ى كۆمه‌ڵگا جوان عیزه‌ت له‌ مێژووى كۆمه‌ڵگاى مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ تاكو ئێستا په‌رورده‌ مه‌ڵبه‌ند …

Font Resize