پێنج شه‌ممه‌, ئایار 6, 2021
frku

خاڵی یەکتربڕینی سێکسیزم، ڕاسیزم، ‌هۆمۆفۆبیا و زێنۆفۆبیا

یەک “نا”ی گشتی لەڕوانگەیەکی ئینتەرسێکشنالیتییەوە

هێرۆ خوسرەوی

لەهەفتەی ڕابردوودا (ڕۆژی ٢ی ئەپڕیلی ٢٠٢١) لەڕێگەی میدیاکانەوە هەوڵی دەستگیرکردنی هاوڕەگەزخوازان (هۆمۆسێکسوالان)م پێگەیشت. بۆ ڕاست و دروستی ئەو هەواڵە لە چەندین میدیای جیاوازدا گوێبیستی هەمان هەواڵ بووم، کە دیارە بەپێ بیروباوەڕە دەقبەستووەکانی هەرێمی خێڵەکی کوردستان هۆمۆسێکسواڵی تاوانە. هاودەم لەگەڵ گواستنەوەی هەواڵەکەدا بێجگە لە تەواوی ئەو کێشە گەورەیە، شتێکی دیکە سەرنجی ڕاکێشام، ئەویش نەبوونی ئێتیکی (ئەخلاقی) ڕاگەیاندن و توێژینەوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بەنێویەکداچوویی کێشە و دیاردەکانی وەک: سێکسیزم، ڕاسیزم، هۆمۆفۆبی، زێنۆفۆبی (ترس بەرامبەر بێگانە) و سنوور و نەتەوەپەرستی. کە بۆ تێگەیشتن لەم ئاوێتەبوونەی ئەو دیاردانە ناکرێت بەتەنیا باس لەیەک لایەن بکرێت، بەڵکو پێویستیمان بە ئینتەرسێکشنالیتی دەبێت، بۆ دەرککردنێکی باشتری پەیوەندییە هاوبەشەکانی ئەو دیاردانە. بەهەمان شێوەش تەنیا دەکرێت لە ڕوانگەیەکی ئینتەرسێکشنالیتییەوە بکرێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دیاردەیە بکرێت، کە هۆکارەکانی وەک چینایەتی، ڕەگەزی سێکسی و ڕەگەزی ئێتنیکی ڕۆڵی سەرەکی دەبینن تێیاندا.

لە تەواوی توێژینەوە، ڕاپۆرت و هەواڵگواستنەوە …هتد چەند ڕێسایەکی زۆر سادە هەیە. کەسی توێژەر یان ڕۆژنامەنوس بۆ بەدواداچوون و پشتڕاستکردنەوەی تێزێک، هەواڵێک یاخود هەرشتێکی دیکە، دەبێت لەبەرچاوی بگرێت، ئەویش تێکەڵنەکردنی بیروڕای شەخسی (لێرەدا مەبەستم پێشبڕیار و ڕق و کینەی کەسێتیی بەرامبەر شتێک) لەگەڵ ئەو بابەتەی کە دەتەوێت کاری لەسەر بکەیت، ئەگەرچی ئاسان نییە بێلایەنانە (ئۆبیێکتیڤی) مەسەلەکان بخوێندرێنەوە و کاریان لەسەر بکرێت، بەڵام گرنگیی گواستنەوەی هەواڵ و کاری توێژینەوە لەوەدایە، کە سەرەتا بەبێ حوکمی پێشینە هەموو لایەنەکانی هەڵبسەنگێندرێت و دواتر لەڕێگەی ئەو هەڵسەنگاندەوە گریمانەیەک دەخرێتەڕوو. بۆ ئەمەش پێویستە ناوبهێنرێت کە ئەمە تەنیا گریمانەیەکە و دەکرێت بسەلمێنرێت یاخود بەپێچەوانە. لەکاتی توێژینەوە و خوێندنەوەو ڕووماڵکردنی زیاتری بابەتەکەدا دەکرێت بە دەرئەنجامێک بگات یاخود هەرگیز هیچ دەرئەنجامێک. لە دەرئەنجام و ئەوەی کە کەسی توێژەر پێیگەیشتووە دەکرێت گفتوگۆیەک دروستبکات و لایەنەکان بەپێی بیروڕای خۆی (سوبێکتیڤیتی) لێکبداتەوە و ئارگومێنتی بۆ بهێنێتەوە، کە بۆچی لەگەڵییەتی یان بۆچی دژییەتی. ئەمە تەنیا شەرحێکی کورت بۆئەوەی بچمە سەرئەو بابەتەی دەمەوێت بیگەیەنم.

زۆر کات ڕاپۆرتێکی سێ دەقەیی بەسە بۆ ئەوەی بکرێت هەموو کێشە بەیەکداچووەکانی کۆمەڵگا ببینیت و بزانیت کۆمەڵگا بەرەو چ ئاڕاستەیەكدا دەڕوات. لەسەرەتای یەکێک لە ڕاپۆرتەکاندا (ڕاپۆرتێکی سێ دەقەیی) لەگەڵ باسکردنی هۆمۆسێکسوالیتی وەک نەنگیی و تاوانێک ڕاگەیاندکارەکە دەستدەکات بەدەربڕینی پێشبڕیارە پڕ لەسێکسیتی و ڕاسیستییەکانی، بەێ ئەوەی کە ئەمە وەک گریمانەیەک دابنێت، بەڵکو وەک فاکتێکی جێگر ئاماژەی پێدەکات و دەڵێت:

“ئاسایشی سلێمانی هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی هاوڕەگەزخوازان لە شاری سلێمانی، کە ماوەیەکە ئەم دیاردەیە ڕووی لە زیادبوون کردووە و ژمارەیەکی زۆر بەتایبەت هاووڵاتی عەرەب هاتوونەتە ناو سنووری پارێزگای سلێمانییەوە، کە هاوڕەگەزخوازن.” سەرەڕای نەبوونی ئێتیکی ڕاگەیاندکاری لە کەسی ڕاگەیاندکاردا، دەبینین کە بەشێوەیەکی زەق جەخت لەسەر چوار شت بەدیاریکراوی دەکاتەوە:

  • هۆمۆسێکسوالیتی وەک دیاردەیەک،کێشەیەکی کۆمەڵگا و تاوانێک، کە هاوشێوەی نەخۆشی و پەتایەک بڵاودەبێتەوە (هۆمۆفۆبی).
  • زۆر جەختکردنەوە لە سەر شوێن، بەو مانایەی کە ئەو شوێنە سنوورێکی هەیە و نابێت ببەزێنرێت.
  • لە کاتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە هۆمۆسێکسوالیتی نەخۆشییەکی واگیرە، بڕیار لەسەر ئەوەش دەدات کە ئەو نەخۆشییە هی ناو ئەو سنورە دیاریکراوە نییە و خەڵکی بیانی لەگەڵ هاتنیان بۆ ناو ئەو سنوورە، ئەو نەخۆشییەش (هۆمۆسێکسوالیتی) دەهێننە نێو ئەو کۆمەڵگایەوە (زێنۆفۆبیا و ڕاسیزم).
  • ستایشکردن و پیاهەڵدانی پۆلیس و دەزگاکانی ئاسایش و سەرکوتکاری، وەکئەوەی ڕێگرییان لە تاوانکارییەکی گەورە کردبێت. موقەدەسکردنی دەزگای سەرکوت لەڕێگای میدیاوە.

لێرەدا ترس لە بێگانە و ڕاسیزم بەشێوەیەکی زۆر دیار و ڕەوایەتیپێدراو هەستی پێدەکرێت، لە هەمان کاتیشدا وەک ئاگرخۆشکردنێکی زیاتر ناوی عەرەب دەهێنرێت، کە “عەرەب” لەڕووی نەتەوایەتی و لەڕووی جوگرافییەوە سنوورێکیان هەیە لەگەڵ کورددا. ئەم پرسە دەقۆسترێتەوە بۆ زیاتر دانپیانان بە پایەکانی ئەو سیستەمە (سێکسیزم، ڕاسیزم) و شاردنەوەی پرسە سەرەکییەکان (کێشە و قەیرانە ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان). هەر ئەم بەتاوانکردنەی سێکسوالیتی تاکێک و ئەنجامدانێکی مارشێکی پۆلیسی و میلیتاری ئاماژە بەوە دەکەن کە سێکسوالیتی مرۆڤ چیتر تایبەت نییە بە خودی کەسێکەوە، بەڵکو بەپێی نۆڕم و نەریتەباوەکانی کۆمەڵگا بڕیاری لەسەر دەدرێت، بۆیە وەک خۆم لەو باوەڕەدام سێکسوالیتی ڕەهەندێکی سیاسی هەیە وەک لەوەی کە تەنیا شتێکی شەخسی بێت، چونکە چارەنووسی هەر کەسێک بەپێی ئەو ژینگەیەی کە تێیکەوتووە دیاری دەکرێت.

پشتیوان بەهادین (بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر) لەو ڕاپۆرتەدا بەتایبەتی جەخت لەسەر ئەوە دەکات، کە هۆمۆسێکسوالیتی “بەدڕەوشتی”یە، ئەوان (پۆلیس و ئاسایش) بەپێی قسەکانی پشتیوان بەهادین هەستاون بە “دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کەپشێوی و تێکدەری لەناو شاری سلێمانی دروست دەکەن” و ئەرکی ئەوان وەک پاسەوانی ئەخلاقی خەڵک ڕاگرتنی ئەمنییەتە و دەڵێت: “ناهێڵین ئەمنییەتی ئەم شارە تێکبچێت”،  و “ڕێگریبکرێت لە کۆمەڵێک خەڵک، کە کاری هاوڕەگەزبازی دەکەن لەناو شاری سلێمانیدا”، وەکئەوەی بەبێ هەبوونی هۆمۆسێکسوێلەکان شار لە ئەمنییەتدا بێت. وەکئەوەی گەندەڵی، دزی نەوت، موچەبڕین، ژن کوشتن …هتد هۆمۆسێکسوێلەکان ئەنجامیان دابێت.

لەمیانەی ئەو قسانەدا ڕاگەیاندکارەکە وەک واقیعێکی دانپیانراو لەلایەن خۆیەوە دووبارە ئەو پرسیارە دەکاتەوە: “ئەمانە نەک هەندێکیان بەڵکو زۆرینەیان عەرەبن، ئایا تا ئێستا ئەوانەی دەستگیرتان کردوون ئەوەتان بەدیکردووە؟” پشتیوان بەهادین لەوەڵامدا دەڵێت: “بەداخەوە هەموو ڕەگەزەکانی (ڕەگەزی ئێتنیکی) تیایە، کوردی تیایە، عەرەبی تیایە، خەڵکی دەرەوەی وڵاتی تیایە،……”. ئەم وەڵامە ئەگەرچی لەلایەن کەسێکی پۆلیسەوەیە (کە بەبڕوای من لەهەموو جیهاندا پۆلیسی باش ئەو پۆلیسەیە کە مردووە) وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ڕاگەیاندکارەکە و بەرپەرچدانەوەی هەموو ئەو ڕق و کینە (سێکسیتی و ڕاسیستییە)یە، بەڵام واقیعێکی تاڵیشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، چونکە ئەویش (پشتیوان بەهادین) بەهەمان شێوەی ڕاگەیاندکارەکە هیوای دەخواست کە هەموو عەرەببوونایە تا باشتر بتوانن تۆوی ڕق و کینە لای خەڵک دروستبکەن. ئەو بەداخەوەیە کە واقیعەکە وانییە، چونکە مەسەلەی هۆمۆسێکسوالی شتێک نییە پەیوەندیی بە گرووپ و تاقمێکەوە هەبێت و ئەوانی دی لێێ بێبەری بن، هۆمۆسێکسوالیی پەیوەندییەکی مرۆییە و لەڕووی زانستی پزیشکی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە سەلمێنراوە کە پەیوەندییەکی سێکسوالیتی نێومرۆییە و نەخۆشییەک نییە تابکرێت چارەسەر بکرێت.

هەر ئەم شێوە پێشبڕیار و وەک نەخۆشی و تاوان بینینی هۆمۆسێکسوالیتی دەرخەری ئەو سێکسیزمەیە کە هێترۆسێکسوالەکان و کەسانی کۆنەخواز دەیخەنە پاڵ هۆمۆسێکسوالەکانەوە، بەبێ بوونی بەڵگەیەکی زانستی. سێکسیزم لەسەر ئەو حوکمی پێشینانە بەندە کە لەڕێگەیەوە ڕەگەزێکی سێکسی دیکەی پێدەچوسێنرێتەوە، ئیتر بەهۆی خەسڵەتەکانییەوە بێت یاخود پراکتیکەکانی. بەهەمان شێوەش ڕاسیزم پێویستی بە هەبوونی ئەو پێشبڕیارانە هەیە، تابتوانێت ڕەگەزێکی ئێتنیکی بچەوسێنێتەوە ڕەگەزێکی ئێتنیکی دیکە باڵادەست بکات، کە دووبارە لەڕێگەی هۆکار و ئەفسانە هێنانەوە بۆ هەبوونی شتێک بەناوی ڕەیس (نەژاد)، کە لە واقیع و زانستە بایۆلۆژی و ئەناتۆمییەکاندا بەتەواوی سەلمێنراوە کە هیچ بوونێکی نەژادیی بوونی نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە کاریگەریی ژینگە جوگرافیی، کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکەیە کەوا لە مرۆڤەکان دەکات گۆڕانکارییان هەبێت لەڕووی ڕوخسار و ڕەنگەوە. بۆیە لەم ڕاپۆرتەدا ئەو خاڵە هاوبەشەی نێوان سێکسیزم و ڕاسیزم بەدیدەکرێت. ڕاگەیاندکارەکە دەیەوێت لەڕێگەی پێشبڕیارە سێکسیستی و ڕاسیستیەکەی ئارگومێنت بۆ هۆمۆفۆبیا و زینۆفۆبیای (ترس بەرامبەر بێگانە) خۆی بەرامبەر کەسانی بەرکەوتە بهێنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەخاڵێکی دیکە دەکردرێت، ئەویش شوێن. لە زۆرێک لە پێشبڕیار و ئەفسانە سێکسیتی و ڕاسیستییەکاندا هەوڵدەدرێت ڕەگەزی سێکسی و ڕەگەزی ئێتنیکی لەنێو شوێنێکدا قەتیس بکەن و بڵێن ئەمە شوێنی ئەو شتەیە. بۆ نمونە لە زۆرێک لە پێشبریارە سێکسیستییەکاندا بەرامبەر بە ژن پێدانی ماڵەوە بەدی دەکرێت، بەوەی ژن جێگەی تەنیا نێو چێشتخانە و ئەرکەکانیش بەخێوکردنی منداڵ …هتد. پێشبڕیارە ڕاسیستییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە جۆرە خەڵکێک تەنها دەتوانن لەشوێنێکیکی دیاریکراو بژین و هەر لەوێش بەردەوامی بەژیان بدەن. بۆ نمونە هێرشکردنی ئەوروپییە ڕاستڕەوەکان بەرامبەر خەڵکی موسوڵمان و ئارگومێنت هێنانەوە بەوەی کە ئیسلام جێگەیەکی لەنێو کولتوور و کۆمەڵگای ئەوروپیدا نابێتەوە، یان زۆرکات لە مەسەلەکانی فێمیساید (کوشتن لەبەر ژنبوون)دا هێرشی ڕاستەوخۆ دەکرێتە سەر خەڵکی بیانی لە ئەوروپادا، لەبەرئەوەی پێیانوایە تەنیا بیانییەکانن ژن دەکوژن و هەر ئەوانیش ئەو دیاردەیەیان هێناوەتە نێو ئەوروپا، لە کاتێکدا ڕێژەیەکی بەرچاویش ژن کوشتن لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکان هەبووە بەرلەوەی پەنابەران ڕووبکەنە ئەوێ. لەم ڕاپۆرتەشدا ئەم خاڵە زۆر بە ئاشکرا بەرگری لەو شێوە سێکسیزم و ڕاسیزمە دەکات، سەرەتا بەوەی کە هۆمۆسێکسولەکان وەک لەشفرۆش لەقەڵەم دەدات، بەو واتایەی کە هۆمۆسێکسوالیتی بەشێک نییە لە ژیانی ڕۆژانەی کەسێکی ئاسایی، بەڵکو شوێنەکەی لەنێو یانەکانی لەشفرۆشییە. ئەم جۆرە تۆمەت خستنە پاڵ و بێبەهاکردنی سێکسوالیتەی کەسێک لەسەر ئەو حوکمە پێشینە سێکسیتییانە بەندە. لەهەمانکاتیشدا کاتێک ئاماژە بەوە دەکرێت بەوەی کە عەرەب ئەو هۆمۆهسێکسوالیتییەیان هێناوەتە نێو سلێمانی/کوردستانەوە ڕاستەوخۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هۆمۆسێسوالیتی هی ناو ئەو کۆمەڵگایە نییە و دەگوازرێتەوە لەلایەن ڕەگەزێکی ئێتنیکی دیکەوە.

بۆیە پێویستە بەرامبەر ئەو کردەوە قێزەونە بوەستینەوە و هەڵوێستە وەرگرین، چونکە هەر جۆرە بەرگریکردنێک لەم کارە و هۆکارهێنانەوە بەهۆی پێشبڕیارەکانەوە یان ڕق و کینە شەخسییەکان بەرامبەر ئەو دیاردەیە پایەکانی ئەو سیستەمە بەبەهێزی دەهێڵێتەوە و ڕەوایەتی زیاتر بە سێکسیزم، هۆمۆفۆبیا، ڕاسیزم و زێنۆفۆبیا دەدات. دووبارە نا بۆ سێکسیزم، نا بۆ ڕاسیزم، نا بۆ هۆمۆفۆبیا، نا بۆ زینۆفۆبیا.

سەرچاوەی ڕاپۆرتەکە:

  • فەیسبووک، پەیجی ئێستا (٢/٤/٢٠٢١)، وردەكاریی دەستگیركردنی هاوڕەگەزخوازەكان لە زمانی هێزە ئەمنییەكانەوە.
https://www.facebook.com/watch/?v=282863013376092

Check Also

سیاسەتى پزیشکى: دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان

ئا: بارام سوبحى بەدیهێنانى پزیشکى سیاسى ئەستەم نییە، بەڵکو پێویستى بە دەوڵەتمەدارو پاڵپشتى و پشتیوانى …

Font Resize
error: Content is protected !!