حەکایەتە هەڵبەستراوەکان

دلێر محەمەد نوری


وەك ئاشکرایە کاری بانگخوازیی ئایینی، مێژوویەکی کۆنی هەیە. ئەگەر تا پەیدابوونی ئاینی ئیسلام، مەسیحییەت وەکو ئایینی زۆرینەی خەڵکی جیهان، پێویستی بە کاری بانگخوازی نەبووبێ، ئەوا لە دوای پەیدابوونی ئیسلام و گەورەبوون وفراوانبوونییەوە، سەددە لە دوای سەددە، دواجار وای کرد کە مەسیحییەتیش بیر لە کاری بانگخوازی (تبشیر) بکاتەوە. ئەمەش لەپێناو بووژانەوەی دووبارەی مەسیحییەت و چالاککردنەوەی لەپێناو قەرەبووکردنەوەی ئەوەی لە دەستیان دابوو. سەرەتای دەرکەوتنی کاری بانگخوازی لەلای مەسیحییەکان لە سەرەتاکانی سەددەی حەڤدەیەمەوە و لە سەر دەستی پاپای ڤاتیکان گریگۆریسی پانزەهەم ١٥٤٤-١٦٢٣ز بووە. ئەم پاپایە قوتابخانەیەکیشی بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندووە و بە چەندین زمان ڕێنماییەکانی مەسیحییەتیان نووسیوەتەوە و دەست کراوە بە بڵاوکردنەوەی لە نێو گەلاندا و لە کیشوەرە جیا جیاکاندا. ئەمڕۆ دەیان، ئەگەر نەڵێم سەددان، ڕێکخراو و کەناڵی تەبشیری مەسیحی لە جیهاندا لە کاردان.

ئەگەر بگەرێینەوە بۆ خودی ئایینی ئیسلامیش دەبینین کە سەرتای بڵاوبوونەوەی بە کاری بانگخوازی ئاشتخوازانە دەستی پێکرد. ئەمەش بەردەوام بوو تا هەڵگیرسانی شەڕی بەدر، لە ساڵی ٦٢٣ز دا کە ئیتر زاراوەی جیهاد لە پێناوی خودادا هاتە ئاراوە. واتا کاتێک موسوڵمانان ئەبن بە خاوەنی هێز و جەماوەر، ئیتر کاری‌ بانگخوازی لاواز و زمانی شمشێر کارا دەکرێت.

لەمانەوە شتێکمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە کاری بانگخوازی بە گشتی، بریتییە لە ڕوونکردنەوە و شیکردنەوە و ناساندنی ئایین بە خەڵکی، وەکو ئەوەی کە خۆی هەیە و بە شێوەیەکی ئاشتی خوازانە و دوور لە توندو تیژی. هەروەها تەنها و تەنها چیرۆک و حەکایەتەکانی ئایین خۆی دەبن بە مادەی خاوی کاری بانگخوازی، نەوەک چیرۆکی هەڵبەستراو و داهێنراوی خەون و خەیاڵ.

ئاشکراشە کە ئەگەر ڕێگاکانی کاری بانگخوازی لە جاراندا دیاریکراو و سنوردار بوون، ئەوا ئەمڕۆ لە سایەی تۆڕی جاڵجاڵۆکەی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیادا، ئەمانە زۆر ئاسانکاریان کردووە بۆ زوو بڵاوبوونەوە و کاریگەری، کاری بانگخوازی ئایینی لە دونیادا.

لەم ڕووەشەوە موسوڵمانان بە گشتی و موسوڵمانانی کورد بە تایبەتی، لە هەرە چالاکەکانی دونیای بانگخوازی ئایینی ئەلکترۆنی پێک دێنن.

ئەمڕۆ لە جیهاندا بە نزیکی سەرجەم ئایینزاکانی ئایینەکان لە ڕێگەی کاری بانگخوازییەوە، هەوڵی گەشەسەندنی ئایینی خۆیان دەدەن. ئەوەش ئاشکرایە کە کاریگەری کاری بانگخوازی ئایینی، لە نێو ئەو کۆمەڵگایانەدا زیاترن کە گیرۆدەی دەردە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکانن. بە گشتیش دووانەی هەژاری و نەخوێندەواری هەمیشە ژینگەیەکی لەبارن بۆ تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی کاری بانگخوازی. چونکە کەسی هەژار توانای کەمی مادی، ڕێگەی گەشت و گەڕانی لێ زەوت دەکات و وابەستەی جوگرافیای نزیکی خۆی و بانگخوازی دەکات. بەمەش کەمتر درک بە ڕاستی یان ناڕاستی حەکایتەکانی بانگخوازانی دەکات. هەروەها کەسی هەژار و بێدەرەتانیش، دڵنەوایی لە کۆڕ و کۆبوونەوەی بانگخوازان دەبینێت و وەکو چارەسەر و خۆدزینەوە لە هەژار و خۆڕادەستکردن بە بڕیارەکانی قەدەر بەوەی هەموو ئەوەی ڕووی داوە کاری خواییە و شوکرانەی دەوێ. بەم جۆرە بانگخواز‌ گەرەنتی قەرەباڵخی دەوروبەری خۆی دەکات، هەم لە مزگەوت و هۆڵەکان، هەم لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاش. چونکە ئەوان دڵی ڕادەگرن بە خۆڕایی. بەڵام لە ڕاستیدا گەشەی بانگخوازان وابەستەیە بە زۆری ژمارەی دوواکەوتووانیان. ئەوەیش کە وای کردووە نەخوێندەواریش ببێ بە پاڵپشتێکی باش بۆ گەشەی بانگخوازان ئەوەیە، کە نەخوێندەوار (هەڵبەت مەبەست لە نەخوێندەواری ئەلف وبێ نیە بەڵکو مەبەست لە کەسی دوور لە خوێندنەوەیە)، ئەمانە تاقەت و هۆکاری گەڕان و خوێندنەوە و دڵنیایی بوونەوەیان لە ڕاستی وتەکانی بانگخواز نیە و کەوتوونەتە نێو گەمەی بانگخوازانەوە. هەر ئەمانەشن کە بەرگریکاری سەرسەختن لە بانگخوازان و حەکایەتەکانیان لە نێو سۆشیال میدیادا. بەڵام، گەر ئێمە بێین سەیری کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان بکەین، دەبینین کە لە سایەی سیستمێکی ئابوری و سیاسی جێگیر دەژین و ئاستی ڕۆشنبیری و خوێندەواریشیان بەرزە، کە ئەمانە ڕێگری گەورەن لەوەی کە دەوری بانگخوازی ئایینی بدەن لە پەرستگاکان و سۆشیاڵ میدیادا. بەڵکو ئەمانە بە هۆی کێشە دەروونییەکانی ژیانی مۆدێرنە و بە تەکنەلۆژیا تەنراوەوە، زیاتر دەوری سایکۆلۆژ و فیسیۆتێراپات و ڕاهێنەرانی یۆگا و زاناکانی گەشەی مرۆیی دەدەن، نەک ئایینزا و بانگخوازەکان! چونکە ئەمان لەوسەری حەکایەتەکانی بانگخوازەوە هاتوون و دەردی خۆیان دەبەنە لای کەسانی پڕ عەقڵ و هوشیاری و هەوڵدەدەن ئارامی و دڵنەوایی لە پەنا زانست و لۆژیکەوە پەیدا بکەن، نەک لە پەنا حەکایەتە هەڵبەستراو و داهێنراوەکان، یاخود خوڕافەکانی ئایین.

ئەوەی گرنگە لەم باسەدا ئەوەیە لە دوو خاڵی چڕدا، وێنەی بانگخوازەکان و سیمای حەکایەتەکانیان بخەمە ڕوو. تاوەکو خوێنەر لە کۆدەکانی نێو وتارەکانیان تێبگات و ڕاست و ناڕاست و ڕەوا و ناڕەوایان لە یەک جیابکاتەوە. بە گوومانەوە گوێ بگرێ و بەدوای ڕاستیدا بگەڕێ تا دەیگاتێ، نەک بەدڵنییاوە هەموو شتێک وەربگرێت و هەموو ژیانی چەواشەی بکات، کە کەس ئەمەی پێ خۆش نیە. کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا داناییە. هەر بۆیە بەم جۆرەی لای خوارەوە دوو خاڵەکە دەخەینە ڕوو:

١/ بانگخوازەکان: هەموو بانگخوازەکان ڕێک پۆش و بەتوانا دیارن لە ڕووی مادییەوە، بە پێچەوانەی زۆرینەی ئەوانەی دەوریان داون، یان گوێیان لێ دەگرن کە لە چینی هەژار یان مام ناوەندن. هەندێ لە باگخوازەکان بەبێ بوونی بیرە نەوت و پاڵپشتی حزب و حکومەت کەناڵی ئاسمانی بەڕێوە دەبەن (گوایە بە پارەی زەکات!!!)ە. هەندێکان لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا ژنی دووەم و سێیەم و چوارەمیشیان هێناوە و ئەگەر ئەوەی لە کۆڕەکەیدا دانیشتووە و لە سۆشیال میدیاشدا، شەڕە کۆمێنت لەسەر بانگخواز دەکات و خۆشی سکێ برسی و سکێ تێرە، ئەوا لە سایەی تۆیە کاکی بانگخواز ئیدارەی چوار خێزان بە ١٥ بۆ ٢٠ مناڵەوە دەدات. بانگخوازەکان لە سایەی دەسەڵاتی گەندەڵ و بێ باکی کوردیدا گەشە دەکەن و خزمەت بە یەک دەکەن، بە جۆرێک ئەوەی دەسەڵات لە نائومێدکردنی خەڵک و ئازاردانیاندا پیادەی دەکات، ئەمان بە وتارەکانیان بە لا ڕێیان دەبەن و توڕەییان هەڵدەیێنجن و بەتاڵیان دەکەنەوە لە ڕقهەڵگرتن لە دەسەڵات و پڕیان دەکەن لە ڕق دژی کرانەوە و عەلمانییەت و بابەتی دیکە، کە دەسەڵات ئیدیعایان دەکات (عەلمانییەتی دەسەڵاتی کوردی بۆ خۆیشی ناشرینکردنی عەلمانییەتە و مادەیەکی خاوە بۆ بانگخوازەکان تا وەکو نموونە نیشانی نەخوێندەوارانی بدەن). هەندێکیشیان بە ئاشکرا وەستان بە ڕووی دەسەڵاتیش حەرام دەکەن.

٢/ حەکایەتەکانیان: گەر وشەکانی ژنی سفور و نووسەر و هونەر و ئەدەب و مولحید و غەرب ‌و عەلمانیەت و زەردەشتی و شیعە و نەساڕا و جولەکە…هتد لە بانگخوازەکانی کورد قەدەغە بکەیت هیچیان بۆ وتن و هەڵخەڵەتاندن پێ نامێنێت. یەکێ لە حکایەتە سەرەکییەکانی بانگخوازەکانی ئەمڕۆی کوردستان، هاندانی خەڵکە دژی ژنی سفور و رێکخراوەکانی ژنان و نووسەرە عەلمانییەکان و هونەرمەند و ئەدیبان و ژیانی ڕۆژئاوا و سیستەمی علمانییەت و ناشرینکردنی ئەم کارەکتەرانەی کۆمەڵگایە. هەندێک لە حەکایەتەکانیان بێ دایک و باوکن؛ واتا حەکایەتی بێ سەرچاوە و بێ مێژوو و بە بێ دیاریکردنی شوێن، وەک ئەوەی بە ڕستەی (لە هەشتاکاندا، لە نەوەددەکان، لەم ساڵانەی دواییدا…)دەست پێ دەکەن، شوێن بۆ نموونە (لە ویلایەتێکی ئەمریکا، لە وڵاتێکی ئەوروپی…) کاراکتەر بۆ نموونە (دەوڵەمەندێک، زانایەک، هونەرمەندێک، دکتۆرێک…هتد) هۆکار بۆ نموونە (لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک، نەشتەرگەرییەک، ڕووداوێک…هتد) دەرئەنجام بۆ نموونە (بوون بە ئیسلام، گەیشتەنە ئیمان و باوەڕهێنان، گەڕانەوە بۆ لای خوا…) ئیتر بە بێ ناوهێنانی کەسەکە، شوێنەکە، لێکۆڵینەوەکە، سەرچاوەکە. خەڵکیش بۆ ئەم حەکایەتانە تەنها ئەوەیان لە سەرە بڵێن سوبحانە اللە، اللە اکبر…، کەسێک هەڵناکەوێت بڵێ بانگخوازی بەڕێز ڕوونکردنەوەی زیاترمان دەوێت…!! ئەمە نموونەیەکی دووبارەی زۆرینەی بانگخوازەکانن.

حەکایەتی خەوبینینی بانگخواز خۆی یان ئیماندارێک، بەشێک لە وتارەکانی بانگخوازان خەو بینینە. ئاشکرایە کە هەر یەک لە ئێمە زۆر بە ئاسانی دەتوانین بەیانی لە خەو هەستین و بڵێین فڵانە خەومان بینی و کەسیش‌ ناتوانێت ئینکاری ئەوە بکات بینیومانە یان نا، بەڵام کاتێک جۆرێک لە خەون بینین بەتەنها بانگخواز یان باوەڕدار دەیبینێت بۆ پێکانی ئامانجێکی ئایینی، ئیتر لێرەوە دەبێت گومانێک لەم خەوە بکەین. دەبێ بپرسین ئەرێ خۆ ئێوە پەیامبەر نین، تا وەکو موعجیزەیەک، خودا ئەم جۆرە خەون بینینەی تەنها تایبەت کردبێت بە ئێوە!!

ئاشکرایە لای هەموو ئەوانەی شارەزای مێژووی ئیسلامن، کە لە پەیدابوونی ئایینەوە و دەرکەوتنی پەیامبەرەوە تا مردنی پەیامبەر مەسەلە بڵاوبوونەوەی ئایین بە دوو قۆناغدا تێپەڕیوە، قۆناغی نهێنی و قوناغی ئاشکرا، کە ئەمەش ڕەنگی داوەتەوە لە جیاوازی زمان و شێوەی بڵاوکردنەوەی مەسەلەی بانگکردن بۆ ئایین لە نێوان زمانی گووڵ و زمانی شمشێر لە بڵاوکردنەوەی ئاییندا. هەر ئەمەشە جیاوازی گەورە و بنەڕەتی خستۆتە نێوان ئەو ئایەتانەی کە پێیان دەوترێ ئایەتە مەکییەکانی سەردەمی بێهێزی ئیسلام (کە پڕ پڕن لە دیموکراسییەت و ئازادی هەڵبژاردنی باوەڕی ئایینی) و ئایەتە مەدەنییەکانی سەردەمی بەهێزی ئیسلام (کە ئیتر مافی هەڵبژاردنت نامێنێت، لە دۆخی زۆر دەگمەن ومەرجداری قبووڵنەکراو نەبێت). گرنگە لێرەوە ئاماژە بە شتێک بکەین، کە بانگخوازە حەکایەتخوانەکان لە زۆربەی هەرەزۆری وتارەکانیاندا جەخت لە سەر ئەو بەش و حەکایەت و ئایەت و ڕووداوانەی پەیوەست بە ئەو کات و ساتەی ئیسلام دەکەنەوە کە پڕن لە گیانی ئاشتیخوازانە و دیموکراسی و ئازادانە. ئەمەش هەر لەپێناو ڕاکێشانی خەڵکە بۆ دەوری خۆیان، کە دواجار زۆر ئاسانتر دەتوانن شایەتمانیان بە بەشە توندەکەی ئایینیش پێ بێنن، بەڵام کەسێک خۆی بڕوا چاک و خراپ و نەرم و توندی ئایین بپشکنێ، ئەوا هەر زوو ڕێسی بانگخوازەکان دەکاتەوە بە خوری. هەر وەک ئەوەی کە ئەگەر لە کابرایەکی توندڕەوی ئایینی پەشیمان لە ڕابردووی خۆی بپرسی کە چۆن هەڵخەڵەتای بەو بانگخوازانە و تا دواجار وەها توندڕەو بوویت و کاری نابەجێت ئەنجام دا، لە وەڵامدا بڵێ: وەکو دکتۆر بە بەنج دەستیان پێ کرد و بە نەشتەرگەری مێشکم کۆتاییان پێ هێنام. واتا بە بەشە جوانەکەی ئایین هەڵیانخەڵەتانم و بە بەشە توندەکەشی قەناعەتیان پێ هێنام، بۆیە ئێستا لە جوان و ناشرینی پەشیمانم. لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم ئایینداری کارێکی ڕوحانی و کەسی و پۆزێتیڤە، ئەگەر لە دڵ و دەروون و سنووری بەرماڵەکەی خۆت نەترازێ و ڕوانگەت نەگۆڕێ لە ئاستی مرۆڤەکان بە ژنی سفور و مرۆڤی عەلمانی و بێ دین و غەیرە موسوڵمان و کاری وات تێنەکات کە نەتوانی بە یەک مەودا لە هەموویانەوە بوەستیت، ئەوا ئەو ئاییندارییە کارێکی باشە و هەبوونی باشترە بۆ تێرکردنی ڕوح؛ جا هەرچ ئایین و باوەڕێک بێت و بە پێچەوانەشەوە، پێچەوانەکەشی ڕاستە.

Check Also

لاوازیى فیکریى خەباتى فێمینیزم لە کوردستاندا

ناودار زیاد لە هەرێمى کوردستان و کۆمەڵگەى کوردیدا دەیان جیاکاریى و ناڕەوایەتیتى هەیە. ئەمەش هۆیەکەی …