یه‌ك شه‌ممه‌, تشرینی دووه‌م 27, 2022
frku

تیۆری ”پەیژەی خۆشەیستی” دیۆتیما

“سەمپۆزیۆم” کرانەوەی ئەفلاتون بەڕووی (ژن)دا

“قسەکردن لەباری خۆشەویستییەوە، خۆشەویستییە”

هاوڕێ خالد


پەیژەی خۆشەویستی دیۆتیما[1] کە بە پەیژەی (خۆشەویستی ئەفلاتون) یان (ئیرۆسی ئەفلاتون) ناسراوە، فەلسەفەی جۆرە جیاوازەکانی خۆشەویستیی (دیۆتیما- سوکراتی ئەفلاتون) پێکدەهێنێت.

لە دەوروبەری (٤١٦)ی پ.ز، ئەگاسۆن Agathon[2]بە بۆنەی سەرکەوتنی لە یەکەم دەقی نووسیندا، ئێوارە خوانێکی بۆ هەموو پیاوە دیارەکانی ئەسینا ڕێکخست. لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادەبووان زنجیرەیەک (وتار)یان لە ستایشی (ئیرۆس)ی خواوەندی خۆشەویستییدا لە شێوەی پێشبڕکێ پێشکەشکەش کرد. لە کۆتایدا، سوکرات سەرجەم بیرۆکەکانی لەسەر بنەمای فێرکارییەکانی قەشە دیۆتیما پوخت کردەوە و لە شەش تێزدا پێشکەشی کردن. ئەمە بە (فەلسەفەی خۆشەویستی) سەمپۆزیۆم[3] ناسراوە. (“مناقشة سلم ديوتيما والفلسفة والخيال” ، 2018)

  پەیژە: نیشاندەری ڕێڕەوی خۆشەویستییە، وەک بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی سەرەتاییدا بە سەرنجڕاکێشی جەستەیی دەستپێدەکات تا لە کۆتاییدا بە خۆشەویستی خواوەندی بێگەرد دەگات. پەیژەی خۆشەویستی تەنیا لە  سەمپۆزیۆم دا باسکراوە، کە دەقێکی فەلسەفی ئەفلاتونە زنجیرەیەک پێشبڕکێی ئاخاوتنی پیاوە دیارەکانی یۆنانی کۆن وێنا دەکات.

دیالۆگی ئامادەبووان:

دوای ئەوەی ئامادەبووان نانیان خوارد، (ئەریکسیماخۆس) Eruxímachos پێشنیاری کرد، لەبارەی خۆشەویستییەوە بدوێن، هەمووان بە پێشنیارەکەی ڕازی بوون. سەرەتاش ڕێگەیان بە (فێدرۆس) Phaidros دا یەکەم کەس لەبارەی پرسیاری خۆشەویستی چییە ؟ قسە بکات.

ئەریکسیماخۆس ئاماژەی بەوە کرد کە: ”لەبەر زۆر هۆکار لەنێو خواوەندەکان و هەموو مرۆڤەکاندا خۆشەویستی خواوەندێکی گەورەو پایەبەرزە”. (ئیمام, 2013, p. 118)

پاشان (پۆزانیاس) Pausanias شاعیری هۆگر بە ئەگاسۆن قسەی کرد و ئەو پێی وابوو: خۆشەویستی شەقڵی جیاوازی هەیە، هەیانە ئەرستۆکراتییە و هەیە هەرچی و پەرچییانەیە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەفرۆدیت: کە دوو کەسایەتی هەیە: یەکەمیان ئەفرۆدیتی ئاسمانی کە خۆشەویستی بلند و خانەدانانە پێییەوە پەیوەستە. دووەم: خۆشەویستی ڕەشۆکی و زەمینی کە بەها نزمە… خۆ ئەگەر یەک ئەفرۆدیت هەبوا، دەشیا یەک رەگەزی خۆشەویستیش هەبێ. (امام, p. 152)

پاشان نۆرەی (ئەریکسیماخۆس) ی پزیشک هات، ئەو بۆچوونەکەی (پوزانیاس)ی پەسندکرد و خاڵێکی بۆ خستەسەر، بە وەرزەکانەوە بەستییەوە، پێی وابوو بە زاڵبوونی جۆری یەکەم، واتاکانی ژیانەوەو سروشت فەراهەم دەبێت، هەروەک بە زاڵبوونی جۆری دووەم نەهامەتی هەموو لایەک دەگرێتەوە. (ئیمام, 2013, p. 118)

پاشان ئەرستۆفانسی Aristophane شاعیر ئەفسانەیەکی خەلقی مرۆڤی گێڕایەوە و باسی لەوە کرد: (لەسەرەتادا خواوەندەکان ژن و پیاویان بەیەکەوە دروستکرد، 4 دەست و 4 قاچ و 4 گوێچکە و دوو سەری لە یەک جەستەدا هەبوو، ئەم بوونەوەرە سەیرە، لەوپەڕی هێز، بە هەموو لایەکدا دەسوڕا. بەڵام کاتێک باوباپیرانمان هەوڵیان دا بەسەر خواوەندەکاندا زاڵبن، هەوڵی سەرکەوتن بەسەر ئاسمانیاندا، ئەوا خواوەندەکان سزایاندان و کردیانن بە دوو کەرتەوە. ئیتر لەو کاتەوە، هەریەک لە ژن و پیاو بەدوای تەواوکرنی نیوەکەی تری دەگەڕێت. ئەو پێیوابوو کە ژن و پیاو خۆشەویستی و هاوسەرگیری دەکەن و منداڵیان دەبێت، نەک لەبەر ئەوەیە بەڕاستی ئەوەیان دەوێت، بەڵکو ئەمە لە ئارەزوویان بۆ تەواوکردنی خۆیانە، کاتێک کە نیوەکەی تریان لە دەست داوە). (ئیمام, 2013, pp. 118-119)

دواجار نۆرەی ئەگاسۆنی خانەخوێ هات ئەو وتی: ”خۆشەویستی لە خواوەندەکان چکۆلەترە، هەست ناسک و دڵ بزوێنە، بەرگەی توندووتیژی ناگرێت و مەیلی خراپەکاری نییە، بۆیە دەبینین لە ڕۆح و دڵی خەڵکدا دەژی و کە توندڕەوییەکی بینی لێی هەڵدێت و دووردەکەوێتەوە. چونکە ئەو سروشتە ڕق و بوغزاوییە بۆ ئەو گونجاو نییە و تەنیا لەو جێگایە نەبێت کە نەرم و ناسکی و ملکەچی تێدایە. هەروەها حەزی بە داوێنپاکی و خۆ کۆنترۆلکردنە” (امام, pp. 153-154)

گوتەکانی ئەگاسۆن دەکرێت بە شاعیرانە و ڕەوانبێژی دابنرێت، شێواز و ستایلێکی سۆفیستییانەی هەیە، ئەمەش بە نەرمی لەلایەن سوقراتەوە گاڵتەی پێکراوە… ئەگاسۆن گلەیی لەوە دەکات کە قسەکەرانی پێشوو مرۆڤایەتییان بە فەزڵ و ناز و نیعمەتی خۆشەویستی نەزانیووە لەوەدا هەڵە بوون و شکستیان هێناوە. لە ستایشکردنی خودای خۆشەویستی ئەو دەڵێت ”خۆشەویستی گەنجترین خوداوەندە و دوژمنی پیرییە. خۆشەویستی چێژە و حەزی لە ڕۆیشتن بەسەر پەڕەی گوڵەکانە و هەرگیز لە شوێنێکدا جێگیر نابێت کە هیچ گوڵدانێکی لێ نەبێت” (plato, p. b195).. هەروەها روونی دەکاتەوە کە خۆشەویستی دادپەروەری و میانڕەوی و بوێری و دانایی دروست دەکات، کە ئەمانە ڕەوشتە بنچینەییەکانی یۆنانی کۆنن. هەرچەندە گوتەکانی ئەگاسۆن لە ناوەڕۆکی فەلسەفی هەڵوەشایەوە، بەڵام گوتاری ئەفلاتون لە دەمی ئەگاسۆندا بە جوانی وێناکراوە و هەرچۆنێک بێت ئەگاسۆن بە بیرۆکەکانی سەبارەت بە خۆشەویستی و جوانیی بەشداری لە بنیاتنانی تیۆری خۆشەویستی ئەفڵاتوندا دەکات.

تیۆری پەیژەی خۆشەویستی دیۆتیما:

پاشان دیۆتیما بەمشێوەیە دەستیپێدەکات: ”ئەگەر پیاوێکی ئاسایی، بە شێوەیەکی سروشتی عاشقی جەستەیەکی جوان بێت. پاشان ڕەچاوی هاوشێوەکانی جوانی لە جەستە جیاوازەکاندا بکات، ئەگەر تێبگات کە هەموو جەستەکان جوانن، کەواتا دەبێت عاشقی هەموو جەستەکان بێت نەک بەتەنها یەک جەستە. دواتر ئەوە دەزانێت کە جوانی جەستەیی بێ واتا و ناتەواوە، کاتییە و لەناودەچێت، بە پێچەوانەی جوانی ڕۆحەوە. هەرکات تاکێک ڕوبەڕووی ئەویتر دەبێتەوە، کە لە ناخ و ڕۆحییدا جوانی هەیە و تەنانەت ئەگەر  بە تایبەتی  جەستەشی سەرنجڕاکێش نەبێت، ئەوا عاشقی بەشە ناوازە و ڕوحییەکەی دەبێت. لەمەوە فێر دەبێت کە بیر لەوە بکاتەوە و بەرز دەینرخێنێت. ئەو کەسانەی ڕۆحێکی جوانیان هەیە. لە پەیژەکانەوە سەردەکەون بەرەو سەرەوە، بۆ تێگەیشتنی زانستی بەرزدەبنەوە، کەواتا جوانی هەموو بوارێکی مەعریفە قبوڵ دەکات دواجار هەر کاتێک جوانی لە گۆشەیەکی فراوانترەوە دەبینرێت، بینینی جوانی جەستە و لەش و لار، هیچ بەهایەکی نامێنێت. دواجار نە وشەکان و نە مەعریفە و نە هیچ شتێک لە شتێکی تردا، بوونی نامێنێت جوانی پەتی دەبێتەوە بە زاتی خۆی، ئەو کاتەش خودی جوانی خۆش دەویسترێت و، تاک دەگات بە خۆشەویستی بۆ خودی جوانی.”

جۆرەکانی خۆشەویستی:

لەسەر ئەم بنەمایە خۆشەویستی دابەش دەبێت بۆ شەش جۆر:

یەکەم: خۆشەویستی بۆ لەشێکی دیاریکراو خۆشەویستی ئارەزوویەکە بۆ تایبەتمەندییە فیزیۆلۆژییەکان. تاکێک حەز بە سەرنج ڕاکێشی دەکات بۆ ئەو کەم و کوڕییەی لە جەستەی خۆی ونبووە.

دووەم: خۆشەویستی بۆ هەموو جەستەکان، کاتێک تاک ئەو تایبەتمەندییە جەستەییانە دەناسێتەوە، کە سەرنجی ڕاکێشاوە و تێیدەگات کە زۆر لەشەکان دەتوانن جوانییان هەبێت. پاشان هەستی خۆشەویستی بەرامبەر هەموو لەشێکی جوان بۆ دروست دەبێت، نەک تەنیا جەستەیەکی دیاریکراو. جوانی لە هەموو جەستەکاندا دەبینێت و فێر دەبێت جیاوازیەکانی خۆش بوێت.

سێیەم: خۆشەویستی بۆ ڕۆح، ئەو قۆناغەی کە تایبەتمەندی جەستەیی بەلاوە دەنرێ و جوانی ڕۆحی و مەعنەوی دەبێتە هۆی خۆشەویستی. مرۆڤ لەم هەنگاوەدا عاشقی مێشک و بیرکردنەوەی جوان دەبێت.

چوارەم: خۆشەویستی بۆ یاسا و دامەزراوەکان، خۆشەویستی بۆ کردار و نەریت، یان دامەزراوە کە لە کەسانێکەوە وەرگیراوە کە ڕۆحێکی جوانیان هەیە.

پێنجەم: خۆشەویستی بۆ زانین، کاتێک تاک سەرنجی خۆی دەخاتە سەر مەعریفە، خۆشەویستیی بۆ پەیداکردنی زانین لە هەر شوێنێک بۆ دروست دەبێت.

شەشەم: خۆشەویستی بۆ خۆشەویستی (ئایدیای خۆشەویستی) لێرەدا تاک جوانی وەک خۆی دەبینێت. جوانی خۆشەویستی وەک خۆی خۆش دەوێت. هەموو شتە جوانە تایبەتەکان جوانن بەهۆی پەیوەندییان بە فۆرم و ناوڕۆکیانەوە.

بەشداربوونێکی دیکەی سوکرات و سروشتی خۆشەویستی:

لە کۆتاییدا، سوکرات چوارچێوە تیۆرییەکەی دیۆتیمای بۆ هەمووان خستە ڕوو کە ”زانستی پەیوەست بە خۆشەویستی” بوو… سوکرات لە دیۆتیماوە دەگێرێتەوە کە ”خۆشەویستی سروشتیێکی تایبەتی هەیە، شێوەیەک لەو شتەی کە ئێمە پێی دەڵێین [مامناوەند- میانگیر]ەکان، نە جوانە و نە ناشیرینە و نە چاکە و نە خراپە، بەڵکو ناوەندێکە لەنێوان ئەم و ئەودا، وەک چۆن عەقل ناوەندێکە لەنێوان دانایی و جەهلدا هەیە. هەر بەمشێوەیەی کاتێک مرؤڤ باوەرێکی دروستی هەیە، بەڵام ناتوانێت ڕەوایەتی خۆی بسەلمێنێت یا بەلگەداری بکات. ئاواش خۆشەویستی نە جوان، نە چاکە، نە ناشیرین و نە خراپە و بەلکو [نێوانی نێوانە] بەمشێوەیەش دونیای خەڵک لە دونیای خواوەندەکان جیا دەکاتەوە و بەو شێوەیە گەردوون دابەش نابێت بەسەر دوو بەشی جیا”وە مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگە خۆشەویستی پەیوەندی بە دونیای خواوەندەکانەوە هەبێت.

لەدایکبوونی خۆشەویستی لە ئاهەنگی ئەفرۆدیت:

کاتێک (زیۆس) خوانێکی گەورەی ئامادەکرد، بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی ئەفرۆدیت، (پۆرۆس)ی خواوەندی دەوڵەمەندی، تیایدا ئامادەبوو… دوای خواردنەوەیەکی زۆر سەرەنجام بێئاگا دەکەوێت… (پێیینا)ی،  هەژار، کە شەو گەڕیدەی سەر پاشماوەکان بوو، مەستی ئەوی قۆستەوە، لەگەڵیدا خەوت و بە خۆشەویستی خۆی سکپڕکرد و  (ئیرۆس) لەدایک دەبێت… بەمشێوەیە ئیرۆس لە دایکێکی هەژار و باوکێکی دەوڵەمەند لەدایک بوو، خەسڵەتی نێوانەیی، لە بوونییەتی ئەو ئامادەیە (ئیمام, 2013, pp. 130-131-132)

بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئاهەنکی ئەفرۆدیت لەدایکبوو، ئەوا تاسەیەکی زۆری بۆ جوانی تێدا ڕسکا، کاتێک خۆشەویستییە بۆ دانایی ئەوا واتای ئەوەیه نە داناییە و نە نەزانی. (ئیمام, 2013, p. 130)

بۆچوونی توێژەران لە بارەی تیۆرییەکەوە

مشتومڕی بەردەوام لەنێوان توێژەراندا هەیە لەسەر چۆنیەتی لێکدانەوەی پەیژەی خۆشەویستی دیۆتیما. یەکێک لە مشتومرە باوەکان ئەوەیە، کە چی ڕوودەدات کاتێک مرۆڤ بۆ لای خوارەوەی پەیژەکە سەردەکەوێت. هەندێک لە توێژەران هەنگاوی بەرزتری پەیژەی خۆشەویستی بە گرینگتر دەزانن لە هەنگاوەکانی خوارەوە. کەسێک کە لە پەیژەکە لە بەرزبوونەوەدایە، واز لە خۆشەویستی بۆ بابەتە نزمەکان دەهێنێت. بۆ نموونە، ئەگەر مرۆڤ فێری خۆشەویستی جەستەیی ڕۆح بێت، ئیتر چێژ لە هەستە جەستەییەکانی وەرناگرێت و تەنانەت لەوانەیە وەک فریودەر سەیریان بکات… بۆچوونی بەرامبەر بە تەواوی پێچەوانە لێکی دەدەنەوە. ئەوان باوەڕیان وایە کاتێک تاکێک دەچێتە سەر پەیژەکە، ئەوا باشتر لە هەنگاوەکانی پێشتر تێدەگات. لەم حاڵەتەدا، هێشتا چێژ لە چێژە جەستەییەکان دەبینێت تەنانەت کاتێک بەرزدەبێتەوە بۆ دوا پلەی خۆشویستنی ڕۆحەکان. ئەوا باشتر چێژی لێ وەردەگرێت، چونکە باشتر لێی تێدەگات. ئەگەر کەسێک بگاتە سەرەوەی پەیژەکە، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئەو دەزانێت چۆن هەموو هەنگاوەکانی خوارەوە تەواو دەکات. زانینی بۆ خۆشەویستی و مامەلەکردن لەگەڵیدا زیاد دەکات.(افلاطون، صفحة 60)

کەسایەتیی دیۆتیما:

هەنێک ڕاو بۆچوون و ئەرگیومێنتی پیاوسالارانە و (دژە ژن)انە هەن کە دەڵێن (دیۆتیما) تەنیا کارەکتەرێکی خەیاڵییە، ئەفلاتون دایهێناوە بۆ باسکردنی بابەتی خۆشەویستی و تیۆرەکانی (جوانی و چاکە) و ئێپستمۆلۆژیا. بەلام لە بەرانبەردا بەڵگەنامەی زۆر بوونی ڕاستەقینەی کەسایەتیی دیۆتیما پشتڕاستدەکەنەوە. ئەم قسانە هیچ لە بابەتەکە کەم ناکەنەوە، بەڵکو لە ڕوانگەی بابەتیی و مێژووییەوە نووسین لەسەر ئەم ئایکۆنە فەلسەفییە گەورەیە تۆختر پێویستتر دەکەن. لە گرنگترین ئەو بەڵگەنامانە:

  1. سوکرات لە خوانی ئەگاسۆن دان بەوەدا دەنێت کە دیۆتیما مامۆستا و تیۆریزانی خۆشەویستی و بواری (ئیستاتیکا و ئەخلاق و ئێپستمۆلۆژیا)ی ئەو بووە.
  2. لە سەدەی دووەمی زاینی مێژوونووس و گاڵتەجاڕ لوکین (125-180 زاینی وتاربێژی ئاشووری یۆنانی) باسی لەوە کرد سێ ژن: دیۆتیما و تارکویلا و ئەسپازیا بەڵگەن بۆ ئەوەی کە فەیلەسوفی ژن هەن.
  3. ئەکادیمیای سپی شەش دەقی بۆ دابین کردووین کە لە نێوان سەدەی دووەم و پێنجەمی زایینیدا نووسراون و تێیاندا زانیاریەکان ئاماژە بە بوونی دیۆیتما دەکەن، بێ ئەوەی هیچ نکۆڵییەک لە بوونی مێژوویی بکرێت (سەرچاوەی پێشوو، p.106).
  4. لە کتێبەکەیدا مێژووی فەیلەسوفانی ژن کە لە سەرەتای ساڵی 1948، نووسراوە کایڵس منجی بوونی دیۆتیما وەک ڕاستییەکی مێژوویی باس دەکات.

گرنگی و بایەخەکانی تیۆرییەکە:

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا تیۆرییەکە گرنگی و بایەخێکی زۆری ئایینی و لاهوتی هەبوو، بەتایبەتی بەتوندی بەنەریتی تیۆلۆژیای مەسیحییەوە گرێدراوە. لەسەرەتادا لە ڕێگەی (فیلۆن-ئەسکەندەرییە) دەچێتە ناو ئاین و لاهوتی جولەکە پاشان لەگەڵ ئایینی مەسیحییدا تێکەڵ دەکرێ لە ڕێگەی تیۆری (فەیزی ڕەبانی) لەوێوە بۆ (سانت ئۆگۆستین) و پاشان لە جیهانی ئیسلامییدا، تێکەڵ بە تیۆلۆژیا و زانستی کەلام و تەسەوفی ئیسلامی دەکرێت. ئەمە لەسەرەتادا لەڕێگەی (ئەبو یوسف ئیسحاق کیندی و پاشان فارابی و ئین سینا) بەتەواوی خۆی بەرجەستە دەکات. هەروەک لەلای نووسەرانی تر دیارترینیان وەک دانتی لە کۆمیدیای خواوەند بەشێوەیەکی تر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. (إمريس, 2018)

سەرچاوەکان:

  1. مناقشة سلم ديوتيما والفلسفة والخيال” . (2018).
  2. plato. (n.d.). sypusium (Vol. b).
  3. افلاطون. (n.d.). المادبە (Vol. 2). (د. و. الميري, Trans.) مصر: دار العارف مصر.
  4. امام, ا. ع. (n.d.).
  5. إمريس, و. ،. (2018). أفلاطونسلم الحب أ.
  6. ويستاكوت, إ. (2018). أفلاطونسلم الحب.
  7. ئیمام, د. ئ. (2013). ژنە فەیلەسوفەکانی جیهانی کۆن. (ه. محەمەد, Trans.) هەولێر: موکریانی.

[1]  Diotima ژنە فەیلەسوفێکی یۆنانی سەردەمی سوکراتە. پێی دەچێت دیۆتیما کەسایەتییەکی مێژوویی بووبێت، کە لە ڕاستیدا سوکرات لە تەمەنی گەنجیدا وانەکانی فێر دەبوو. لەم حاڵەتەیشدا کارەکتەر ئەرکی گواستنەوەی یادەوەری زانایەکی دەبێت کە ڕەنگە یەکەم فەیلەسوفی ژن بووبێت لە مێژوودا، و فێرکردنەکەی بەردی بناغەی ڕاهێنانی فیکری ئەفلاتون بوو. سەرەڕای ئەوەش لە ژمارەیەک وەرگێڕاندا دیۆتیما وەک کارەکتەرێکی خەیاڵی دادەنێن کە سۆکرات و ئەفلاتون بەکاریان هێناوە بۆ بەرجەستەکردنی فەلسەفە و بۆ گەیاندنی هەموو ئەو شتانەی کە بیریان لێدەکردەوە دەربارەی ئیرۆس.

[2]   Agathon شاعیرێکی یۆنان بوو، لە بواری نووسینی تراژێدیا.

[3] “یەکێکە لە دیالۆگەکانی ئەفلاتۆنه لەبارەی (خۆشەویستی)، نیشانی دەدات کە گەیشتن بە هەندێک حەقیقەت تەنیا لە ڕێگەی عەقڵەوە نییە، جگە لە عەقڵ، سروشتی ئەو بابەتانە بەشێوەیەکە بە تێپەڕبوون لە عەقڵ و بە دل لێیان تیدەگەین نموونە، چەمکی جوانی هەستێک بە دڵ دەدات.

 أفلاطون”. موسوعة بريتانيكا. 2002.

Images: OpenClipart-Vectors de Pixabay

Geoffrey Hyland de Pixabay

Gordon Johnson de Pixabay

Check Also

زمان و رۆشنگه‌رى

جوان عزه‌ت فكر له‌ سێ بوارى سه‌ره‌كی‌ خۆى بەیان‌ ده‌كات، ئه‌ویش بیر، زمان و مێژوو. …