بەکرێگرتنی رەحمی ژن

بەیان سەلمان

مرۆڤ مەحکومە بە نەمان. هۆشی بەوەیە کە چیتر لە کاتدا بوونی نامێنێت و بەم نەمانەش چیتر شوێنێک ناگرێت. ئەم ناوکێشەیە ئاڵۆزیی سنووردارکردنی مرۆڤ دەخاتەڕوو کاتێ لە ئاست نەبوونی وەچە بەرەوڕووی لەناوچوونی خۆی دەبێتەوە. لە پشت ئەو بیرۆکەیەش فیکری مرۆڤ ئاشکرا دەبێت سەبارەت بە جێگرتنەوەی یەزدان، واتە ئەلتەرناتیڤی ئەو هێزە نەمرەی هەمیشە لە کات و شوێندا بەردەوامە و نەگۆڕە.

پێشکەوتنی دۆزینەوەی دەرمانی گرنگ بۆ کۆمەڵە دەرد و نەخۆشییەک و چارەسەرکردنی کۆمەڵەکێشەیەکی وەبەرچاوی مرۆڤ لە لایەک، لەلایەکی تریش  بەیاساکردنی هاوسەرگیریی نێوان هاوڕەگەزەکان و گەشەی تەکنەلۆژیا بواریان رەخساند مرۆڤ خەونە سەیرەکانی بهێنێتەدی. ئەو خەونانەی بە گوتەی نووسەر (ژان کۆرنیل) Jean Cornil: “لە تاقیگەکانی سیلیکۆن ڤالێ  ئەنجام دراون(…) بەو شێوەیە هەتا مرۆڤ پێشدەکەون و خۆیان دەهاوێژنە ناو داهاتوو بۆچوونیان و خولیایان بەرەو بەبازرگانیکردنی جیهان دەڕوات.”[1] دەرئەنجامی ئەو دۆخەش دیاردەی ئاڵۆز دەرەکەون، وەک “ژنانی هەڵگر”ی بەچکە. لێرەوە، چ بە پێی یاسا، هەندێکجار بێ هاوکاری یاسایش، مرۆڤ دەچێتە ناو پرۆسەی بەکرێگرتنی رەحمێک بەناوی (دایکانی هەڵگر یان دایکانی جێگیر) ناو دەبرێ mères porteuses.

بەدڵنیاییەوە هەتا ئەمڕۆکە جەستەی ژن بابەتێکی بەپیتە بۆ گەشەی بازرگانی و لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەبارەی خواست و ویستەکانی بەشێکی گرنگە بۆ دەستکەوتی قازانج، نەک بە مەبەستی بایەخدان و گرنگیپێدان بێت بە دۆخی ژن و نە هیچ بیرۆکەیەکی یەکسانییشی لە پشت نیە. لێرەوە نموونەی کچانی تۆپ مۆدێل، لە ریکلامی بازرگانی بۆ کاڵا و بۆ ئامرازی جوانکاری و پەنابردنە بەر نەشتەرگەری جوانکاری، هەروەها زیادبوونی ژنان و پیاوانی سۆزانی… هەموو ئەمانە خزمەت بە زیادکردنی سەرمایەی کۆمپانیا گەورەکان دەگەیەنن و دۆزینەوەی بازاریان بۆ مسۆگەر دەکات. لەو ڕووەوە، سیستەمی سەرمایەداری، کۆن و هاوچەرخ، هەمیشە بە دوای خۆنوێکردنەوەیە بۆ بەفابریککردنی خەونی نوێ شایەن بەو مرۆڤگەلەی پاییەی وەستانی ئەو سیستەمە پێکدەهێنن؛ هاوکات ئەو سیستەمەش بۆ پاداشتکردنیان، خۆشگوزەرانییان بۆ دابین دەکات و دەرفەت دەرەخسێنێ بۆ بەکاڵاکردنی جەستەی ژن لە پرۆسەیەکی تەواو هاوچەرخ، ئەوەش خودی بەکرێگرتنی رەحمیانە. بەو جۆرەش ڕۆڵیان کورتدەکرێتەوە بۆ تەنها وەچەنانەوە.

بەکرێگرتنی رەحمی ژن بۆ دابینکردنی منداڵ لەم دوا بیست ساڵەدا، لە ئەوروپا و  ئەمریکا و کەندا و وڵاتانی تردا بووەتە دیاردەیەک. رەحمی ژن دەگۆڕدرێ بۆ وێنەی توورەکەیەک تێیدا بۆ نۆ مانگ، ماوەی سکپڕی ژن، بەچکەیەک هەڵدەگرێت بەرامبەر بە بڕە پارەیەک. بێگومان ئەم کردەوەیە بە پێی گرێبەستێکە لەلایەن دوو لای ناپارسەنگ؛ لەلایەکەوە کڕیارەکان، کە کەسانێکی دەوڵەمەندن، لایەکەی تریشیان فڕۆشیارەکان، ئەمانە کەسانێکی هەژارن. ئەو هاوسەر و جووتانەی لەبەر هۆیەک منداڵیان نابێ، یان نیانە پەنا بۆ کڕینی منداڵێک دەبەن. هەندێک لە وڵاتانی جیهان وەکو پورتوگال، لەو بۆچوونەیان بۆ پاراستنی ئازادی تاکەکان، ئەو بابەتەیان بەو شێوەیە چارەسەر کردوە کە کەسەکان ئازاد بن لە بەکارهێنانی رەحمیان بۆ بەخشینی منداڵێک بە مەرجێک بەبێ بەرامبەر بێت. بەو جۆرە بابەتی نرخدانان لەسەر ئەو کاڵایە لە ئارادا نامێنێت و بەو شێوەیە لایەنی ئیتیک لەو مەسەلەیەدا ڕەچاو کراوە، چونکو بەبێ بەرامبەرە.

کێشەیەکی تریش دێتەئارا، کاتێ وڵاتێک یاسای قەدەغەکردنی کرداری بەکرێگرتنی رەحم پەێرەو دەکات؛ کەسەکان ڕووەوەئاراستەی چوونیان بەرەو ئەو وڵاتانەیە کە قەدەغەی ناکەن، وەکو هندستان. بە پێی توێژینەویەکی چالاکوان و رۆژنامەوان (ژولی بیندل) Julie Bindel لە ڕۆژنامەی (گاردیان)The Guardian : “(…) ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠٠٢وە بۆتە یەکەمین شوێنی توریزمی بەکرێگرتنی رەحمی ژنان و گەورەترین سوپەرمارکێتی بەچکە لە جیهانەدا کە تەنانەت عیادەی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە کراوەتەوە و ساڵانە نزیکەی دوانزە هەزار هاوسەر و جووت ڕووی لێ دەکەن(…)”[2] لێرەدا بە تەواویی بابەتی ئیتیک لەو کردارە ئاشکرا دەبێت، چونکو ژنانێکی زۆر هەژار لەبەر بڕە پارەیەک کە بتوانێ بژێوی خێزانەکەی دابین بکات، ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کورتخایەنیش بێت، رازی دەبێت لە رەحمیدا منداڵێک بۆ جووتێک هەڵبگرێ و لەو ماوەیەدا بە تەواویی لە ژێر چاودێری ئەو کەسانە دەبێت کە کرێکەی دەدەن، بە خودی دەرمان و تاقیگە و خەرجیی هاتوچۆی لای پزیشک و تەنانەت دابینکردنی جۆری ئەو خواردنانەی تەندروستی منداڵەکە دەپارێزن. پێش دەسپێکی گرێبەستەکەش، کڕیارە خوازیارەکان بە پێی کەتەلۆگێکی ئامادەکراو لە وێنەی هەموو ئەو دایک و خێزانانەی پێشنیاری کڕیارەکان دەکرێن، دەخرێتە بەرچاویان و ئازادن لە هەڵبژاردنی فڕۆشیارەکان. واتە تەنانەت لێرەشدا دووجار ئەو ژن و خێزانە هەژارانە بەرەڕووی ئەگەر و نەگەری پەسەندکردنیان دەبنەوە لەلایەن ئەوانەی لەسەر حوکمی شێوە و تەندروستی رەحمەکە بەکرێ دەگرن.  

Image: Gerd Altmann

بەدەر لەو دوا خاڵەی پێشوو، لایەنی بەکارهێنانی جەستەی ژن کردارێکی لێسەندنەوەی هاوگریی جەستەیەکە کە تەنها ژن خاوەنە شەرعیەتەکەیەتی؛ چونکو جەستەی ژن دەخرێتە مامەڵەکردن، دەگۆڕدرێ بۆ ماشێنێک و منداڵەکەش دەبێتە بەرهەمێک کە قابیلی ئاڵۆگۆڕکردنە بەرابەر بە بڕە پارەیەک. کێشەی گەورەش لێرەدا بریتیە لەوەی، خودی ئەو بڕە پارەیە ناکاتە قازانج وەک زۆرێک لەوانەی کڕیارن بانگهێشەی بۆ دەکەن، چونکو لە ئاکامدا کردارێکی ناچارییە، نەداریی و هەژاری پاڵ بەو ژنەوە دەنێن بیر لەوە نەکاتەوە کە ژیانی منداڵێک، واتە مرۆڤێکی پێگەیشتوو لە داهاتوودا، دەبێتە بابەتێکی مامەڵەکردن. بێگومان خاڵێکی گرنگی تریش پەیوەستە بە باری دەروونی و کۆمەڵایەتی ئەو ژنانە؛ لە سەرێکەوە، سۆز و خۆشەویستی و بارگرانی نۆ مانگ سکپڕی و ئازاری لەدایکبوونی منداڵێک کە دڵناییە لە بەرۆکی دەسێنن، تووشی تراومایەکی بێ وێنەی دەکەن و هەتا ماوە ئازاری دەروونی دەچێژێت بە هۆی لێکجوداکردنەوەی دایکێک لە بەچکەکەی. لە سەرێکی تریشەوە، خودی کردارەکە دەبێتە هۆی شکاندنەوەی کەسایەتی ژنەکە؛ چونکو کۆمەڵی دەوروبەری تەنگی پێ هەڵەچنن و رەحمی پێ ناکەن کە پەنای بۆ کردەوەیەکی وەها بردووە، بێ ئەوەی لە بنەڕەتدا کەس بیر لە هاریکاریی ئەو ژنانە بکاتەوە. بەو جۆرە ژنانی هەژار و نەدار وەها کەسایەتییان دەسڕدرێتەوە کە لە بزنسێک و بابەتێکی گرێبەستی کورتخایەن تێ ناپەڕن؛ ئەوەش بەرەو جۆرێکی نوێی کوێلەی مۆدێڕن دەمانبات کە تەواو دەمامککراوە.

بۆ گۆڕینی هەموو ئەو دۆخە و هەرچی پابەندە بە هەلومەرجی ژنان، دەبێ تەواویی نایەکسانی نێوان ژن و پیاو ریشەکێش بکرێت. هاوکات، گرنگە و زۆریش پێویستە رەوتی تێکۆشانێکی سیاسیش بگرینەبەر، بۆ گۆڕینی فیکر و ئەو سیستەمانەی گشت هەوڵێک دەدەن تاکو ئەو نایەکسانییە بەردەوام بێت و بەربەست دەخەنە رێی ئازادی هەموو مرۆڤێک.

سەرچاوە و پەراوێز:

– MUSCA Hélèn, Le business effrayant des mères porteuses en Inde : https://www.terrafemina.com/article/le-business-effrayant-des-meres-porteuses-en-inde_a308122/1

https://juriblogue.ca/louer-un-uterus-mais-quel-prix/

Silicon Valley : دەربڕینێکە بۆ سەرجەمی ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری تەکنەلۆژیا کار دەکەن و لە یەک ناوچەیەکدا کۆبوونەتەوە، وەک سان فرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.


[1] Magazine, Agir par la culture N°46, été 2016.

[2] Juli Bindel, option cité par Hélène Musca: Le business effrayant des mères porteuses en Inde

Check Also

پاداشت و سزا سایکۆلۆژییەکانی جەماوەر بۆ پاڵەوانەکانی (نموونەی کۆمەڵگەی کوردی)

  پێشڕەو عەبدوڵڵا بەناوبانگبوون یەکێکە لەو حەزانەی بێ ئەوەی مرۆڤ بیری لێبکاتەوە خێرا وەک شتێکی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .