بەسەرهاتى زیندانیم

ئاوات محەمەد ئەمین

Image: Tracy Lundgren

لە مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى 1989 ئاشنایەتیم لەگەڵ حەسەن موتڵەگ پەیدا کرد کە لە شارى کەرکوک مامۆستا بوو و جێگەى مانەوەشى لە بەشى ناوخۆیی زانکۆکان بوو کە دەکەوتە بەرامبەر ماڵمان، لە گەڕەکى ئیسکانى نوێ. پاڵنەرى سەرەکى بۆ حەزى ئاشنابوونم لەگەڵ ئەو بەمەبەستى ناسینى بوو لە نزیکەوە؛ ئەوەش لەبەر سەرسامبوونم بە نووسینە ئەدەبییەکانى، بەتایبەتى لە بوارى کورتە چیرۆکدا، هەرچەندە بەر لە ساڵێک لەو بەروارە چەند نامەیەکمان لەگەڵ یەکتردا گۆڕیبووەوە. پاشان پەیوەندیمان بەهێزتر و فراوانتر بوو تاوەکو لەڕێگەى ئەوەوە ئاشنایەتیم لەگەڵ هەریەک لە چیرۆکنووس مەحمود جندارى جومعە و ناسر مەحمودى رۆشنبیر پەیداکرد، هەردووکیشیان لە کەرکوک دەژیان. دیدارەکانمان بەردوام بوون و زۆربەى کات یان لەماڵى یەکێکمان دەبوو، یاخود لە یانەیەک. تەوەرى گفتوگۆکانمان هەمیشە لەبارەى ئەدەب و بابەتى رۆشنبیرییەوە بوو. 

رۆژێکیان لە ناوەڕاستى مانگى تشرینى دووەم، حەسەن موتڵەگ پەیوەندى پێوەکردم، پێى خۆش بوو پێکەوە لە ماڵى ناسر مەحمود دانیشین کە لە شوقەیەکدا دەژیان لە گەڕەکى موسەڵا. سەعات چوارى پاش نیوەڕۆ بوو کە پێکەوە رۆیشتین بۆ ماڵی ناسر؛ دواى نیو سەعات مامۆستا مەحمود جنداریش گەیشت. لەو دانیشتنەدا قسەکانى ئەو رۆژەى حەسەن تەواو جیاواز بوون، دەستیکرد بە باسکردنى بابەتى سیاسى و شیکردنەوەى بارودۆخى وڵات بەگشتى و دەرەنجام و دەرهاویشتە نەرێنییەکانى جەنگى عیراق-ئێران وکاریگەرییەکانى لەسەر کۆى لایەنەکانى ژیان لەگەڵ چەسپاندنى پایەکانى دکتاتۆرییەت و دەسەڵاتى رەهاى سەدام حوسێن.

بیروبۆچوونەکانمان یەکانگیربوون لەگەڵ بانگەواز بۆ ئازادى بیروڕا و دیموکراسى و بەرقەرارکردنى دەوڵەتى یاسا لەسایەى دەستوورێکى مەدەنیدا کە شایستەى مرۆڤى عیراقى بێت کە شایانى ژیانێکى سەربەرزانەیە لەپاى ئەو سەروەت و سامانە زۆر و توانا مرۆییە بنیاتنەرەدا کە عێراق هەیەتى، بەڵام لە بیرى ئەوەدا نەبووین کە لە بازنەى ئەدەب و رەخنە دەربچین و راستەوخۆ سەرقاڵى باسى سیاسى بین. لە کۆتاییدا حەسەن پێیراگەیاندین کە  رێکخراوێکى سیاسى لە سەرەتاى درووستبونیدا لەئارادایە لە ناوچەى تکریت، بەتایبەتیش لە نێو هۆزى جبوور کە حەسەن خۆى سەر بەو هۆزە بوو. هەروەها باسى لە پەیوەستبوونى خۆى کرد بە باڵى مەدەنى رێکخراوەکەوە، لەکاتێکا باڵى سەربازى بەشى زۆرى رێکخراوەکەى پێکدەهێنا و زۆربەى ئەندامەکانى لە ئەفسەرە لاوەکان بوون بە پلەى جیاجیا و لە پێگەو دەزگاى هەستیاردا وەک حەرەسی تایبەت و حەرەسی جمهوری.

کاردانەوەکانمان بەرامبەر ئەو نهێنییانەى حەسەن درکاندنى و بانگهێشتکردنى ئێمە بۆ رێکخراوەکە جیاواز بوون؛ لە کاتێکا ناسر هەرلەوێدا پشتگیرى کرد، مەحمود جندارى خۆپارێزى لە سەرجەم بابەتەکان نیشاندا و بەڵێنى بە حەسەن دا کە بەنووسین سەبارەت بە بۆچوونەکانى و بانگهێشتکردنەکەى بخاتەڕوو. سەبارەت بە خودى خۆم، بانگهێشتنەکەیم رەتکردەوە، بەڵام بەڵێنى شەرەفم پێدا کە نهێنییەکان بپارێزم و نەبمە مایەى ئازارگەیاندن پێیان و لەهەمان کاتدا لەسەر هاوڕێیەتى بەردەوام بم و ئەگەر پێم بکرێت یارمەتیان بدەم لە کاتى تەنگوچەڵەمەدا، ئەوەش لەڕووى هەستکردن بە بەرپرسیارێتى ئەخلاقى لە بەرامبەریاندا.

کاتێ گەیشتمەوە ماڵ شەو داهاتبوو. هەستکردن بە ترس و نیگەرانى دایگرتبووم. تەنیا شتێک کە لە قورسیایی ترسەکەم پێ کەم دەکردەوە زۆر بەسادەیی ئەوە بوو کە لە حاڵەتى ئاشکرابوونى ئەو بابەتە و دەستگیرکردنى ئەوانەى پەیوەندییان پێوە هەیەـ دەتوانم بێ سزا لێى دەربچم؛ بەوپێیەى نە کارم لەگەڵدا کردوون و نە پشتگیریشم کردوون. ئەو بۆچوونە بێئاگایی تەواوى خۆمى نیشان دەدا لەبارەى حوکمى یاساى سزاى عیراقی بەرامبەر بە کەیسێک کە ناودەبرێت بە “پەردەپۆشکردنى پیلان بۆ گۆڕینى سیستمى دەسەڵات”، ئەمەش دەچێە خانەى تاوانەکانى پەیوەست بە ئاسایشى دەرەکى دەوڵەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەلاى خۆمەوە بڕیارم دا ماوەیەک لێیان دووربکەومەوە و تا بتوانم نەچمە ناو ئەو جۆرە باسەوە.

زیاتر لە مانگێک تێپەڕى بەسەر ئەو دانیشتنەى ماڵى ناسر، لەو ماوەیەدا من لە پرۆژەى بەنداوى عوزێم بە گرێبەست وەک چاودێر کارم دەکرد، بێئاگا بووم لەوەى کە هەر یەک لە حەسەن موتڵەگ و ناسر مەحمود لە هەفتەى یەکەمى ساڵى نوێدا 1990 دەستگیرکراون. رۆژى 19ى کانوونى دووەم، دەمەو پاش نیوەڕۆ بوو، کاتێ لەگەڵ هاوڕێم نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، کە رۆشنبیر و نووسەرێکى سەر بە هەمان نەوەین، لە ژوورەکەى خۆم دانیشتبووین سەرگەرمى بابەتێکى تایبەت بە وەرگێڕان بووین، مەهابادى خوشکم خۆی کرد بەژووردا و پێى گوتم کە سێ پیاوى عەرەب بە سەیارەیەکى بەڕازیلى سپی لەبەر دەرگا راوستاون و هەواڵى من دەپرسن. منیش بە بێجامە و بلوزێکى تەنکەوە بەبێ ئەوەى هیچ شتێک بە خەیاڵمدا بێت بەرەو لایان رۆیشتم. دووان لەوان لە نزیک سەیارەکەوە راوەستابوون و شۆفێرەکەش لەجێى خۆى چاوەڕێی دەکرد. لەکاتێکا تەوقەم لەگەڵ یەکێکیاندا دەکرد فەرمانى پێکردم کە بچمە ناو سەیارەکەوە تا دائیرەى ئەمن بچین، گوایە رێبوارى برام لەسەر دەمەقاڵێ لەگەڵ کەسێکدا لەوێ دەستبەسەرە. ویستم لە هەواڵەکە دڵنیا بم، بەڵام بەتوندى بەرەو ناو سەیارەکە پەلکێشى کردم بەهاوکارى پیاوى دووەم کە دەمانچەکەى بەڕوومدا هەڵکێشا. منیش چىتر بەرگریم لەخۆم پێنەکرا و خۆم لەنێوان هەردووکیاندا بینییەوە. سەیارەکەش بەرەوە ناوەندى شار کەوتەڕێ. دواى چەند خولەکێک یەکێکیان قەمسەڵەیەکى چەرمى دا بەسەرمدا و ئەوی تریشیان بەتوندى سەرمى بەرەوخوار داگرت و دەمانچەکەشى لە قەبرغەم توندکردبوو.

سەیارەکە لەژێر کەپرى گەراجی بینایەکى حکومیدا وەستا کە پێشتر هیچم لەبارەوە نەزانیبوو. پاشان کردمیانە ژوورێکى بچووکەوە کە تەنیا پەنجەرەیەکى بچووکى تیابوو لە بنمیچەکەیدا، دەرگایەکى ئاسنى ئاسایی هەبوو. چاوم بە هەندێک نووسین و یادەوەرى سەر دیوارەکاندا گێڕا، بۆم دەرکەوت کە من لە دەزگاى موخابەراتم. دواى کەمتر لە سەعاتێک بردیانم بۆ ژوورێکى تر، لەبەردەم پیاوێکى بە جلوبەرگى مەدەنییەوە رایانگرتم کە لە پشتى مێزێکەوە دانیشتبوو، لەسەر مێزەکەش کۆمەڵێک کاغەز و قەمچییەکى رەش دانرابوو، ئەوان چوونە دەرەوە و من و پیاوەکەیان بەتەنیا جێهێشت، هاوکات هەردوو دەستیشم لە پشتەوە شەتەک درابوون. کابرا لە جێیەکەى هەستا و بەرەو لاى من هات. لێى پرسیم کە ئایا دەزانم هۆى ئامادەبوونم لێرە چییە؟ منیش بە نەخێر وەڵامم دایەوە. پاشان لێى پرسیم ئایا گومانم لەکەس هەیە کە خەبەرى لێدابم؟ بەهەمان شێوە بە نەخێر وەڵامم دایەوە. هەوڵم دەدا کۆنترۆڵى جەستەى خۆم بکەم کە لە ترس و سەرمادا هەڵدەلەرزیم، بۆیە لێى پرسیم بۆ هەڵدەلەرزى، منیش گوتم لە سەرمادا، بە زمانى گاڵتەپێکردنەوە پێی گوتم کە دواتر دەمنێرن بۆ جێیەکى گەرم و هێمن. لەپڕێکدا زللەیەکى توندى لێدام بە کۆمەڵێک جنێوەوە و داواى لە دوو پیاوەکەى تر کرد بمبەنەوە ژوورەکە.

دەمەو خۆرئاوا دەرگاى ژوورەکە کرایەوە، پیاوێکیان کردە ژوورەوە کە پاڵتۆیەکى رەشى لەبەردا بوو، پاشان دەرگایان لەسەر داخستین. دواى کەمێک تەماشاى یەکتریمان کرد، زانیم کە چیرۆکنووس مەحمود جندارییە. بەخێرایی پێى راگەیاندم کە حەسەن موتڵەگ و ناسر موحمود بەر لە دوو هەفتە گیراون هەروەها دەیان ئەفسەر و کەسانى مەدەنى گیراون بەتایبەتى لە ناوچەکانى تکریت و گوندەکانى (سدێرات)ى سەر بەو پارێزگایە؛ بە تۆمەتى پیلانگێڕان بۆ کۆدەتا دژ بە رژێم، هەروەک چۆن پڕوپاگەندەکان و میدیاى سەر بە ئۆپۆزیسیۆن بانگەشەیان بۆ دەکرد. مەحمود جندارى لەبارەى هەڵوێستى منەوە پرسیارى لێکردم، لەوەڵامدا پێم گوت کە هەمان هەڵوێستى رۆژى دانیشتنەکەمان بووە و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیم پێیانەوە نەماوە. لەبارەى خۆیشییەوە گوتى کە هەڵوێستى خۆى بە نووسراو داوەتە حەسەن موتڵەگ و تیایدا باسى لە هۆیەکانى رەتکردنەوەى پەیوەستبوونى بە رێکخراوەکەوە کردووە. لەدواییدا هەردووکمان رێککەوتین کە هەمان هەڵوێستمان لە کاتى لێکۆڵینەوەدا هەبێ.  بگرە وا بکەین کە ببێتە مایەى سەلماندنى بێتاوانیمان لە تۆمەتى تێوەگلان، یاخود هاوکارى ئەو رێکخراوە. مەحمود جندارییان بۆ لێکۆڵینەوە نەبرد و دوو شەومان لەو ژوورەدا بەسەربرد. سەرلەبەیانى رۆژى سێیەم دەست و چاویان بەستینەوە و سوارى سەیارەیەکیان کردین کە نازانم جۆرەکەى چى بوو لەگەڵ دوو پیاوى تر و شۆفێرەکەدا. دواى نزیکەى سێ سەعات لێخوڕین سەیارەکە راوەستا، پەڕۆکانى سەرچاوییان لابردین، بەڵام دەستممان هەر شەتەک درابوون. بینایەکى گەورەى چەند نهۆمى بوو، ئێمەیان بردە نهۆمێکەوە بۆ وەرگرتنى جلوبەرگى تایبەت بە بەندکراوان وگلدانەوەى جلوبەرگ و هەرچى شتێکى کە پێمان بوو، هەر لەوجێیەدا من (تاقە دینارێکی ئاسنم پێ بوو لەگەڵ سەعاتێکى ئەلیکترۆنى سادەدا). پاشان لەیەکتریان جیاکردینەوە و منیان کردە ژوورێکى بچووک بەڕەنگى سوورێکى جگەریى بەژمارە 35 لەناو بینایەى دەزگاى موخابەرات لە گەڕەکى حاکمییە لە بەغدادـ، وەک دواتر بۆم دەرکەوت.

دواى چەند رۆژێک بەچاوبەستراوى بەرەو ژوورى لێکۆڵینەوە بردیانم. لێکۆڵەرەکە فەرمانى کرد پەڕۆکەی سەرچاوم لادەن و لەسەر کورسییەک بەدووریى دوو مەتر لەخۆیەوە دایاننیشاندم. لە تەنیشت مێزەکەى خۆیەوە کەسێکى تر دانیشتبوو کە ئیفادە و قسەکانى تۆمار دەکرد. بەرلەوەى کابراى لێکۆڵەر پرسیارى پەیوەندیم بە حەسەن موتڵەگ و گرووپەکەیەوە لێبکات یاخود ئاگاداربوونم لە پیلان و کارەکانیان و هۆى خەبەرنەدانم لێیان، پێى گوتم کە حەسەن موتڵەگ و ناسر مەحمود دانیان بە هەموو شتێکدا ناوە، لەوانەش پەیوەندى من بە ئەوانەوە و رۆڵم لەو کەیسەدا. منیش باسى بابەتەکە و پەیوەندیم بە حەسەن موتڵەگ و گرووپەکەى بۆ کرد بەو شێوەیەى کە پێشتر لەگەڵ مەحمود جندارى لەسەرى رێککەوتبووین. سەبارەت بە هۆى خەبەرنەدانم لە گرووپەکە، پێم گوت کە من لە بنەڕەتدا باوەڕم بەو بابەتە نەبووە و تەنانەت گاڵتەشم پێهاتووە و گوتم؛ چۆن خەبەر لەسەر بایەتێک بدەم کە بە جۆرێک لە خەیاڵى ئەزانم. دواى ئەوە ئیمزام لەسەر ئیفادەکەم کرد وبەر لە چوونەدەرەوەم لە ژوورەکە مەحمود جنداریم بینى بەچاوبەستراوى بەرەو هەمان ژوور بەکێشیان کرد.

زیاتر لە مانگێک لە ژوورى بەندیدا بەتەنیا مامەوە. رۆژێکیان دەرگایان کردەوە و دوو کەسى تریان هێنایە ژوورەکە و بەوجۆرە بووین بە سێ کەس، ئەوانیش هەریەک لە (عەبد محەمەد جرو) بەڕێوەبەرى فەرمانگەى شوێنەوارى سەڵاحەدین و (محەمەد ساڵح خەڵەف) نائب زابت لە حەرەسی تایبەت بوون کە لەسەر هەمان کەیس گیرابوون. ئەو کاتەى بە دووروردێژى باسیان لە کەیسەکە و پاشخانى رووداوەکانیان بۆ کردم، راستى شتەکانم بۆ دەرکەوت کە تا ئەوسا بەنادیارى لەلام مابوونەوە. رێکخراوێکى چەکداریى لەئارادا بوو بە باڵێکى مەدەنییەوە کە لە عەرەبى سوننە پێکهاتبوون، بەتایبەتى یەکێک لە تیرەکانى هۆزى جبوور لە پارێزگاى سەڵاحەدین، لەسەرووى هەمووشیانەوە کەسێک هەبوو بەناوى (شێخ هێچەل شبیب جبوورى). ئامانجى ئەو رێکخراوە بریتیى بوو لە تیرۆرکردنى سەدام حوسێن لە کاتى نمایشى سەربازیدا بەبۆنەى جەژنى سوپاوە لە 6ى کانوونى دووەمى 1990 لەڕێگەى گوللە تۆپێکەوە کە لە لوولەى تانکێکەوە دەگیرێتە ئەو لەلایەن ئەفسەرێکى گەنجەوە بەناوى (سەتەم غەنام جبوورى) لە حەرەسی جەمهورى، ئەو ئەفسەرەى لە جەنگى عیراق-ئێراندا نازناوى خاوەنى پەنجەى ئاڵتوونى پێبەخشرابوو، بەڵام وەک دواتر لە زارى گێڕاوەکانەوە بیستم، پلانەکە بەر لە هەفتەیەک لە جێبەجێکردنى ئاشکرا کرابوو؛ لەلایەن کەسێکەوە کە پێشتر داواى لێکرابوو پەیوەندی بە رێکخراوەکەوە بکات، بەڵام رەتیکردبۆوە و خەبەریشى لێدابوون ئەو کەسەش خزمى حەسەن موتڵەگى هاوڕێم بووە.

چەند رۆژێک دواتر بووین بە پێنج بەندیکراو لە هەمان ژووردا، دواى ئەوەى هەریەک لە (حەسەن رەشید ئەحمەد بەدرانى) ئەفسەر لە حەرەسی جەمهوری و (ئەحمەد غەربى حەسەن) کارمەندى تەندرووستى لە یەکێک لە گوندەکانى سدێرات هێنران بۆ لامان، هەروەها زانیمان کە ئەو نهۆمەى ئێمە زۆربەى لەو کەسانە بوون کە لەسەر هەمان کەیسەکەى ئێمە گیرابوون و لە قۆناغى لێکۆڵینەوەدا بوون. مانگى رەمەزان هات و ئێمە هێشتا لە گرتووخانەدا بووین. لەو ماوەیەدا، حەسەن رەشید، لەبەر نەبوونى هیچ پەیوەندییەکى بە کەیسەکەوە، ئازاد کرا. بەرلەوەى ژوورەکەمان بەجێبهێڵێت داوام لێکرد هەواڵ بگەیەنێتە کەسوکارم و لە شوێن و کەیسەکەم ئاگاداریان بکات، چونکە ئەوان هیچیان لەبارەى چاەنووسى منەوە نەدەزانى. ژمارە تەلەفۆن و ناونیشانى ماڵى خاڵم پێدا، ئەویش بەڵێنى پێدام کە ئەو کارەم بۆ بکات، هەرچەندە لە مەترسى ئەو هەنگاوە بەئاگاش بوو. ئێستاش بەپێزانینەوە دەیڵێم کە حەسەن رەشید بەڵێنەکەى بەسەربرد و هەواڵى بە کەسوکارم گەیاند. دواى ئەو ئەحمەد غەربییش بۆ ژوورێکى تر گواسترایەوە.

لە رێکەوتى 18/6/1990 بەرەو دادگاى شۆڕش گواستراینەوە کە ئەوسا (عەواد ئەلبەندەر) سەرۆکایەتى دەکرد. قەد بەخەیاڵمدا نەدەهات داداگاییکردنێکى بەو شێوە سادە و بێ مانایە ببینم. ئێمە بیست و حەوت دەستبەسەرکراو بووین لە قەفەسێکدا بەپێوە وەستابووین؛ بە هەمان کەیس تۆمەتبارکرابووین بەناوى (پیلانگێڕى دژى دەوڵەت) تەنیا شێخ هێچەل نەبێت کە بەجیا لەدوورى گرووپەکەوە راگیرابوو. هیچ کەس لە ئێمە دانى بە تاوانباریى خۆیدا نەنا، هەوەک چۆن هەڵوێستى جوامێرانە و بەرگرىم لە چەند تۆمەتبارێکیانەوە بینى، بەڕادەیەک کە بەئاشکرا هەڵوێستى دژ بە رژێمی دەسەڵاتداریان نیشان دەدا تا گەیشتە ئەوەى سەرۆکى دادگا بە جنێو وەڵامیان بداتەوە و سووکایەتیشى بە هۆزى جبوور و خێزانى تۆمەتبارەکان بکات. هەڵوێستى پارێزەرى بەرگریکار وەک ئەوەى پێشتر بۆى دیاریکرابوو مایەى گاڵتەجارى بوو، لەکاتێکا داواکارى گشتى داواى توندترین سزاى دەرهەق بە تۆمەتبارەکان دەکرد. دادگاییکردنەکە بە دەرکردنى بڕیار دەرهەق بەهەموومان کۆتایی هات؛ بەپێى ماددەى (2/175 ق ع) کە سزاى لەسێدارەدان و بەندکردنى هەتاهەتایی دەگرتەوە. هەموو دادگایکردنە کەمتر لە سەعاتێکى پێچوو، حەڤدە کەس لە ئێمە بە لەسێدارەدان سزادران و دە کەسەکەى تریش بە زیندانى هەتاهەتایی، منیش لەناو زیندانییەکاندا بووم کە بریتی بووین لە:

1- ئاوات محەمەد ئەمین (مەدەنى)

2- عەبد محەمەد جرو (مەدەنى)

3- مەحمود جندارى جومعە (مەدەنى)

4- محەمەد ساڵح خەڵەف (نائب زابت/حەرەسی تایبەت)

5- عەلى عەبدوڵا ئەحمەد (نائب زابت/ حەرەسی تایبەت)

6- حومێدى محەمەد سەعید (نائب زابت/ حەرەسی تایبەت)

7- ابراهیم حەسەن جاسم (دەزگاى ئەمنى تایبەت)

8- مەحمود ئەلمەزهوور (نەقیبى زریپۆش/ حەرەسی کۆمارى)

9- جەمال مەحمود ئەلبەدرانى (مولازمى یەکەم/ حەرەسی جەمهوری)

10- غانم عەبد تەڵەب (مولازمى یەکەم/ حەرەسی جەمهوری)

ئەوانەش کە بەر سزاى لەسێدارەدان کەوتن بریتى بوون لە:

1- شێخ هێچەل محەمەد شبیب ئەلجبوورى (مەدەنى)

2- حەسەن موتڵەگ ئەلرۆزان (مەدەنى)

3- ناسر مەحمود (مەدەنى)

4- ئەحمەد غەربى حەسەن (مەدەنى)

5- فندى تەڵەب سەلامە (مەدەنى)

6- سەتەم غەنام ئەلمجزاب (نەقیب/ حەرەسی جەمهوری)

7- جەمال شەعلان ئەحمەد (نەقیب/ حەرەسی جەمهوری)

8- خوزەییر خزر ئەلجبوورى (نەقیب/ حەرەسی جەمهوری)

9- ابراهیم ئەحمەد عەبدوڵا (نەقیب/ حەرەسی جەمهوری)

10- مەحمود عەبدوڵا ئەلمەحجوب (نەقیب/ حەرەسی جەمهوری)

11- مستەفا حادی ئەلسواتى (نەقیب/ حەرەسی جەمهوری)

12- موزحی عەلى حوسەین (نەقیب/ حەرەسی جەمهوری)

13- ساڵح جاسم (نەقیب/ حەرەسی جەمهوری)

14- سەباح عەبدوڵا (نەقیب/ حەرەسی جەمهوری)

15- خەیروڵا حەمید (مولازمى یەکەم/ حەرەسی جەمهوری)

16- قەیس عەسکەر محەمەد (نائب زابت/ حەرەسی جەمهوری)

17- حەسەن نایف عەبدوڵا (نائب زابت/ حەرەسی تایبەت)

دواى دادگاییکردنەکە راستەوخۆ لە سەیارەى سەرگیراو وداخراودا بەرەو بەندیخانەى ناوەندیی لە ئەبو غرێب گواستراینەوە. لەوێ دوو رۆژ لە قاوشى پێشوازیدا ماینەوە، کە هەر چوار یان پێنج کەسێکیان کردە ژوورێکى بچووکەوە. رۆژى دووەم لەسەر بەرماوەى داوەتێک کە بەتایبەتى بۆ کۆمەڵێک ئەفسەر و فەرمانبەر ئامادە کرابوو نانى نیوەڕۆمان خوارد. دواى نانخواردن، لە ژووێکى گەورەدا کۆیانکردینەوە و داوایان لەوانە کرد کە بە لەسێدارەدان حوکم درابوون لاى هەر کەسێک لەوانەى بە زیندانى هەتاهەتایی حوکم دراون وەسێتنامەى خۆیان بکەن تا بە کەسوکاریانى بگەیەنن. لەوێ، دواى پێنج مانگ لە دابڕان لەیەکترى، چاوم بە حەسەن موتڵەگ و ناسر مەحمود و مەحمود جندارى کەوتەوە. حەسەن یەکسەر ئەملاولاى ماچکردم و بەدەنگێکى لەرزۆک و سەروسیماى ماندوو و تێکشکاوەوە داواى لێبوردنى کرد و بەداخەوە باسى ئەو وەزعەى کرد. داواى لێکردم کە لێى خۆش بم بەرامبەر بەو دۆخەی بەسەریدا هێنام و ئەو خەم و ئازارەش کە تووشى کەسوکارەکەمى کرد. هەرچى ناسر بوو باسى ئەو ئەشکەنجەدانە قورسەى کرد کە تووشى بوون، هەروەها داواى لێبوردنى کرد و گوتى کە ئەوان قەت باوەڕیان نەدەکرد کەسێک بەم سزا قورسە سزابدرێت لەکاتێکا رەتیکردووەتەوە پەیوەندییان پێوەبکات و لەبنەڕەتدا بیرۆکەکەى لا پەسەند نەبووە. ئەوە دوا دیداربوو لە نێوانماندا بەرلەوەى بەرەو ژوورەکانى سێدارە، یاخود گۆڕپانى گوللەبارانکردن بەڕێ بکرێن.

دەمەو ئێوارەى رۆژى 20/6/1990 ئێمە گواستراینەوە بۆ بەشى ئەحکامى تایبەت لە بەندیخانەى ئەبوغرێب و بەسەر قاوشەکاندا دابەشکراین. لەوێ هەرکەس ئازادبوو لەوەى لەگەڵ چ گرووپێک تێکەڵ دەبێت و جێگا و خواردنیان لەگەڵدا بەش دەکات کە پێى دەگوترا (سفرداشی). بەگشتى ئەوانەى لەسەر یەک کەیسى هاوبەش گیرابوون لە یەک گرووپدا کۆدەبوونەوە. لەناوخۆشیاندا یەکترییان بە ئیبن دەعوە (هاوکەیس) بانگ دەکرد. من و مەحمود جندارى پێکەوەبووین و پەیوەندیمان بە گرووپێکى سێ کەسییەوە کرد و پێکەوە هەر پێنجمان بووینە سفرداشى یەکتر، سیانەکەى تر بریتى بوون لە:

1- بێرج دۆنابێت کیرۆکیسیان (ئەرمەنى/ئەندامى تیپى سەمفۆنى عیراق)

2- تاریق مدحەت قەرەغولى (عەمید/ بەڕێوەبەرێتى گواستنەوە و تەموین لە سوپا)

3- عەبدول وەهاب ئەحمەد عەسکەر (کورد/کرێکار)

بەندیخانەى ئەبوغرێب سەر بە وەزارەتى کاروبارى کۆمەلایەتى بوو، پاسەوانەکانى پۆلیسى تایبەت بەو وەزارەتە بوون. سەیرو سەمەرەى چارەنووس وابوو کە باوکم بیست ساڵ زیاتر بوو لەو بەندیخانەیەدا پاسەوان بوو؛ بەڵام ئەو رۆژەى ئێمەیان گەیاندە ئەوێ ئەو لە مۆڵەتدا بوو، بۆیە هەر کە هەواڵەکەى پێگەیشت بەپەلە مۆڵەتەکەى پچڕاند و گەڕایەوە سەر کارەکەى. کاتێ چاومان بەیەکتر کەوت زۆر پرسیارى ئەوەى لێنەکردم کە چى روویداوە، بەڵام داواى لێکردم ئارام بگرم و سوپاسى خوا بکەم کە لە سزاى لەسێدارەدان رزگارم بووە، چونکە سزاى بەندکردن هەر بەسەردەچێت و کەسیش نازانێت سبەى چى روودەدات. 

ئیتر من بەندکراوێکم بەسزاى هەتاهەتایی لە بەندیخانەى بەدناوى ئەبوغرێب، لەکاتێکا دەترسام تەنانەت باسى ئەو کەیسەش بکەم کە لەسەرى گیراوم “هەوڵى شکستخواردووى کۆدەتا” بەڵام هەر لە رۆژى یەکەمەوە زانیاریمان لەبارەى حوکمەکان و ماددەکانى سزادان و تاوانەکان و تۆمەتە هەڵبەستراوەکان دەبیست. لەوێ نوسخەیەک لە کتێبى ”یاساى سزاکانى عیراق ژمارە 111ى ساڵى 1969”ى هەموارکراوم کەوتەدەست. ئەو ماددەیەم خوێندەوە کە پێى سزادرام، بەڕاستى زۆر تەمومژاوى بوو لەڕووى ناوەڕۆک و راڤەکردنەوە. دواى کەمتر لە مانگو نیوێک سەرلەبەیانى رۆژى دووەمى مانگى ئابى 1990 لەخەو هەستاین بەدەم هەواڵێکەوە کە دونیاى هەژاندبوو، ئەویش داگیرکردنى وڵاتى کوەیت بوو لەلایەن سوپاى عیراقەوە لەژێر درووشمى “گەڕاندنەوەى لق بۆ ئەسڵ”. خەڵکى عیراق گومانیان لەوە نەبوو کە جەنگێکى تر بەڕێوەیە، ئەوەش تەنیا مەسەلەى کاتە. رووداوەکان بەدواى یەکدا هاتن و ئێمەش هیشتا لە ژوورى بەندیخانەداین و بەردەوام بەشوێن هەواڵ و روودواوەکانەوەین، هەر لە بڕیارەکانى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتییەوە تا کۆکردنەوەى هێزى سەربازى هاوپەیمانان و دواتریش جەنگى راستەوخۆ لە 17ى کانوونى دووەمى 1991 بۆ ئازادکردنى کوەیت. هەر لە بەندیخانەوە هەواڵى راپەڕینى گەلمان پێدەگەیشت کە لەسەرەتاى مانگى ئازارى هەمان ساڵ لە شارەکانى باشوورەوە سەریهەڵدا و گەیشتە راپەڕینى گەلى کوردستان بە رزگارکردنى شارى کەرکوکەوە لە 21 ئازار. هیواى زۆرمان بە رزگاربوون هەبوو لە بەندیخانە، لەهەمان کاتیشدا ترسى ئەوە دایگرتبووین کە رژێم تۆڵە لە ئێمە بکاتەوە کە لەبەردەستیدا بووین.

خەم و نائومێدى دایگرتین کاتێ بیستمان کە رژێم راپەڕینەکانى سەرکوت کردووە و لە ماوەیەکى کەمدا دەسەڵاتى بەسەر شارەکاندا سەپاندووەتەوە و پاشانیش هەواڵى کۆڕەوى ملیۆنى خەڵکى کوردستان لە سەرەتاى مانگى نیساندا. رادیۆیەکى بچووکم لابوو کە باوکم بەنهێنى بۆى هێنابووم، زۆر بەنهێنى گوێم لە ئێزگە جیهانییەکان دەگرت بەڵام بێئاگابووم لەوەى سێ لە براکانم بەر شاڵاوى رەشبگیرى تاوانکار عەلى حەسەن مەجید کەوتبوون و باقى خێزانەکەشم بەرەو سنوورى ئێران بەپێ رەویان کردبوو (دواى چەند ساڵێک لە کاتێکا تەماشاى فلمێکى دۆکیومێنتاریم دەکرد لەبارەى کۆڕەو، دایکم و هەندێک لە ئەندامانى خێزانەکەم کەوتنە بەرچاو لەگەڵ خەڵکەکەدا بەکۆمەڵ بەرەو چارەنووسى نادیار رێگەیان دەبڕى، ئەو دیمەنە سەرلەنوێ ئازار و یادەوەرى ناخۆشى ساڵانێکى لەناخمدا زیندووکردەوە کە بەهەموو سەختییەکەوە تیایدا ژیام).

لەناو گەرمەى ئەو ناخۆشى و نەهامەتییانەدا، ئێوارەیەکیان بەکۆمەڵ بەدیار تەلەڤزیۆنەوە دانیشتبووین (تەماشاکردنى هەواڵەکان بۆ بەندکراوان بەزۆر و بەناچارى بوو) لەپڕ بینیمان کە سەدام حوسێن پێشوازى لە شاندێکى سەرکردایەتى پارتە کوردستانییەکان دەکات کە بەمەبەستى دانوستاندن گەیشتبوونە بەغداد؛ لە کاتێکا هێشتا سەدان هەزار مرۆڤى کورد لەودیو سنوورەکانى ئێران و تورکیادا ئاوارەبوون. رۆژگار زۆر بە قورسى لە زینداندا دەگوزەرا، ئێمەش لە بارێکى دەروونى ناجێگیردا دەژیاین لەکاتێکا بەچاوى خۆمان حاڵەتى داڕمانى بەردەوامى مەعنەوى پیاوانى رژێممان دەبینى، بۆیە هەمیشە ترسى ئەوەمان هەبوو وەک کاردانەوە تۆڵە لە ئێمە بکەنەوە؛ هەروەک چۆن کاریگەرى ئابڵووقەى نێودەوڵەتى لەسەر عیراق تا دەهات سەختتر دەبوو بەلاى بەندکراوانەوە لەسەر ئاستى بژێوى و بارى دەروونى. رۆژێکیان بەچاوى خۆم بینیم سیان لە زیندانییەکان کەوتبوونە دواى پشیلەیەک تا گرتیان و کردیان بە خواردنى ئێوارە. تیمەکانى هەڵمەتى خوێن بەخشین دەهاتنە ناو بەندیخانە و بەزۆر خوێنیان لە زیندانییەکان وەردەگرت، ئەو کاتانە ترسێکى زۆر دایدەگرتم لەبەرئەوەى خۆم بەدەست کەم خوێنییەوە گرفتاربووم و تەندرووستیم خراپ بوو. لە مانگى ئایار گۆڕانکاری لە ئیدارەى بەندیخانەدا روویدا، ئەرکى پاسەوانى و ئاسایش بە هێزەکانى ئەمن (ئاسایشى رژێم) سپێردرا لەجیاتى پۆلیس هەرەها باوکیشم خانەنشین کرا. بەوشێوەیە مرۆڤێکم لەدەست چوو کە یارمەتیدانى ئەو بۆ من مایەى جۆرێک لە دڵنەوایی بوو کە لە سەرچاوەى غەریزەى باوکایەتییەوە هەڵدەقوڵا.

قسەوباسى ئەگەرى دەرچوونى لێبوردنى گشتى بەسەر زارى هەموو زیندانییەکەوە بوو؛ تا ئەو رۆژەى بوو بە راست، کاتێ بڕیارى ژمارە 241 لە 21/7/1991 لەلایەن “ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش”ەوە دەرچوو بە لێوبوردنى گشتى زیندانیان، بەڵام جێبەجێکردنى تا پێنج مانگ دواکەوت واتە تا21/12/1991. پرۆسەى ئازادکردنى بەندکراوان بەشێوەى وەجبە بوو. ئەو بڕیارە سەرجەم بەندکراوان و تەوقیفکراوانى دەگرتەوە; جگە لە هەندێک تاوان و کەیسى دیاریکراو. بەر لە دوو رۆژ بە نووسراو لەلایەن بەڕێوەبەڕێتى ئەمنى چاکسازى کۆمەڵایەتی لە بەندیخانەدا ئاگادار کرابوومەوە کە لە ماوەى دە رۆژى دواى ئازادکردنم سەردانى بەڕێوەبەرێتى ئەمنى کەرکوک بکەم. سەعات نۆى شەوى 25/12/1991 گەیشتمە ماڵى خۆمان، ئەو ساتە بۆ من لەدایکبوونەوەیەکى نوێ بوو بۆ خێزانەکەشم شادییەکى گەورە بوو. سێ رۆژ لەناو کەسوکارەکەمدا مامەوە و ئەو رۆژەش کە بڕیاربوو سەردانى بەڕێوەبەرێتى ئەمن بکەم کیسەیەکى عەلاگەم هەڵگرت کە دەستێک جلى ناوماڵ و تاقمی تەراش و خاولییەکى تێدابوو، بەرەو هەرێمى کوردستان بەڕێکەوتم؛ بەرەو شارۆچکەى چەمچەماڵ کە ماڵى خوشکەکەم هەر لەدواى بەجێهێشتنى کەرکوکەوە لەوێ گیرسابوونەوە. حکومەتى عیراق بۆ سێ مانگ دەچوو کە دامودەزگا کارگێڕی و ئەمنییەکانى خۆى لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان کشاندبووەوە و هەرێمەکە لەژێر دەسەڵاتى بەرەى کوردستانیدا بوو. چەمچەماڵ بۆ من پەناگەیەکى ئارام بوو چونکە خزم و کەس و هاوڕێى زۆرم لەوێ هەبوو. ئەو ماوەیە هێشتا گفتوگۆى نێوان بەرەى کوردستانى و حکومەت لەئارادابوو، بەڵام ئەگەرى گەیشتن بە دەرەنجامى باش بەلاى زۆربەى خەڵکەوە چاوەڕوان نەکراوبوو.

لە کۆتاییدا لە زیندان دەرچووم، لە شارەکەم و لەنێو خێزانەکەشم دەرچووم بەرەو شوێنێک کە تەنیا نیو سەعات لەیەکترییەوە دووربووین بەڵام دواى دوانزە ساڵ توانیم بەئازادى بگەڕێمەوە لایان، دواى رووخانى رژێمى دیکتاتۆری بەعس لە 9ى نیسانى 2003. هەموو شتێک گۆڕابوو، چەندین هاوڕێم لەدەست دابوو، دابڕان و دوورى جێگەى هاودەمى و پێکەوەبوونى گرتبووەوە، سیما و دیمەنى شوێنەکان وەک ئەوساى بەر لە زیندانیم نەبوو. زۆرێک لەو شتانە بوون بە بەشێک لە رابردوویەکى رەشى قورس کە نامەوێت تەنانەت لە خەونیشدا بێنەوە یادم، بەڵام ململانێم لەگەڵ ژیان هێشتا بەردەوامە.  





ئاوات محەمەد ئەمین   
نووسه‌ر

Check Also

غادە السەمان لە نێوان -غەسان كەنەفانی و ئونسی ئەلحاج –

شوان ئەحمەد لە پەنجا و شەستەكانی سەدەی ڕابردودا, پۆلێك ئەدیب و نووسەر لە سوریاوە، سەری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *