بەستەڵەک یان کرانەوەی بیر؟

گەڕانەوە بۆ بیری ئەشکەوت نشینان!

دلێر محەمەد نوری

لە کتێبی (کیف تصبح انسانا) ی نووسەری میسری د.شەریف عەڕەفەدا هاتووە کە:

دلێر محەمەد نوری


تەها حسێن ١٨٨٩-١٩٧٣ نووسەر‌ و ڕەخنەگری گەورەی میسری لە وتەیەکیدا دەڵێت:

”تەمەڵی هۆشە… وا لە خەڵکی دەکات کە ئارەزوو بکەن بەوەی بە ئاسانی کۆن وەربگرن و خۆیان لە گەڕان بە دوای تازەگەریدا ببوارن. بەڵام خودا ئەم جۆرەی لە تەمەڵی پێ نەبەخشیوین. بەڵکو ئێمە کاریگەری هیلاکی گوومان کردن و بارگرانی پشکنین و گەڕانیش دەخەینە ئەستۆی ئەو.”.

بە واتایەکی دیکە، ئەوە لە تەمەڵی عەقڵی ئێمەدایە کە لە پێناو ئەوەی دەگەڕێین بە دوای تازەگەڕیدا ڕازین بە گوومان و گەڕانەکانی خودا و درێژە بەوانە دەدەین لە ئێستادا و هەوڵی سەپاندنی دەدەین بە سەر نەوەی‌ داهاتوودا.

نووسەر لە درێژەی ئەم باسەدا باس لەوەش دەکات کە: زۆرینەی خەڵکی دڵیان بەو بیر و باوەڕانە خۆشە کە لە سەری ڕاهاتوون، گۆڕانکاری ڕەت دەکەنەوە و بەرهەڵستی بیری نوێ دەکەن… بە دەگمەن کەسێک دەدۆزیتەوە کە دان بەوەدا بنێت کە ڕاکان و باوەڕەکانی گۆڕیوە و ڕایبگەیێنێ کە ئەم پێشتر هەڵە بووە.

من لەلای خۆمەوە دەپرسم، دەبێت بە ڕێژەی چەند لە سەددی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی  تووشی دەردی (هۆش و هزر تەمەڵی) بوون؟ بە جۆرێک ئامادەن بۆ دەیان ساڵی دیکەش لە سەر هەمان ڕێچکە و باوەڕی باو باپیران بڕۆن؛ لە  ڕوانگەی تەسکی نەریتە کۆمەڵایەتی و ئایینییە باوەکانیان. لەگەڵ ئەوەیشدا، کە لە پێشەوە، هەموو بەرئەنجامە خراپ و کوشندەکانی دەزانن. ئەگەر کورد تووشی بیر تەمەڵی نەبووە، بۆچی ڕێگەچارەی دیکە تاقی ناکاتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت و ڕووداوەکان؟

هەر بۆ نموونە؛ مرۆڤەکان لە کۆمەڵگای ئێمە لە دێر زەمانەوە حەز لە  یەکتر دەکەن، دڵداری و عیشقبازی دەکەن، هەندێک جاریش لە دەرفەتدا دەکەونە گۆڕینەوەی چێژی سۆزداری و سێکسیش. هەموو ئەمانە لە پشتی کەس و کارەوە ئەنجام دەدرێت! چونکە ئەوان لە پێشەوە دەزانن کە کەسوکار ڕازی نین بە پەیوەندییەکی ئینسانی کە دەبوو تەنها بڕیاری ئەو دوو کەسە بێت. هۆکاری ڕازی نەبوونیش لە زۆربەی حاڵەتەکان کەم دەرامەتی و ناشەرعی بوونی پەیوەندییەکەیە لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئایینییەوە. هەمیشە بەردەوامی ئەم جۆرە پەیوەندییانە بە کوشتنی هەردوولا، یان لە خراپترین بژاردەدا کە بە زۆری ئەمەیانە، کوشتنی  بێدەسەڵاتەکەی ئەم پەیوەندییەیە، کە کچەکەیە.

لەم چیرۆکەدا کە ڕەگی ڕاستەقینەی هەیە، بۆمان دەردەکەوێت کە هۆکارەکە تەمەڵی مرۆڤەکانە لە بیرکردنەوە لە ڕێگەچارەیەکی نوێ، کە لەگەڵ ئەم سەردەمەدا بگونجێت. هەروەها وابەستە بوون بە عەقڵییەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی باو. ئەنجامیش هەمان ئەنجامی خوێناوییە کە تاوانی کوشتنە. پرۆسەی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکەش کە غەریزەی نزیکبوونەوەی ئەو دوو ڕەگەزەیە لەگەڵ یەکدا هەر بەردەوامە.

لێرەشدا دەپرسم: چەندن ئەوانەی لە کۆمەڵگادا ئەم هەڵبژاردنە نابەجێیەیان پەسەند نەکردووە و بۆ هەڵبژاردنێکی گونجاو و نوێ گەڕاون، کە بگوونجێ لەگەڵ سەردەم، یان هەر نەبێ ڕێگەیەکی جیاواز‌ لە بیری باویان تاقی کردۆتەوە؟ بەدەر لەوەی ئەنجام چی دەبێت، ئەو لە پێشەوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردەی یەکەمی لە پێش چاودایە.

نووسەر لە بڕگەیەکی دیکەدا دەڵێت کە: زۆربەی خەڵک گۆڕانکاری و چوونەدەرەوە لە ناوچەی ئارام (comfort zon) ڕەت دەکەنەوە، بۆ پیادەکردنی شتێک کە پێشتر پێی ڕانەهاتوون، بگرە ئەوان دڵنیان لە ئەنجامدانی شتگەلێک کە لە پێشەوە دەزانن ئەنجامەکانی چین.. بۆیە گۆڕانکاری قورسە، بهتایبەتی گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و بەو باوەڕانەی کە پێی ڕازین.

نووسەری کتێبەکە، تەها حوسێن، ڕای وایە کە ڕەگوڕیشەی بەستەڵەکی بیر دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤی ئەشکەوتەکان. نووسەر نموونە دەهێنێتەوە بەوەی مرۆڤی نێو ئەشکەوتەکان لەنێۆ جەنگەڵ و مەترسییە سروشتییەکان ژیاوە لەپێناو مانەوەی خۆیان هەمیشە ئەو ڕێگایەیان هەڵبژاردووە کە جاری پێشوو بەبێ کێشە پێیدا ڕۆیشتوون، لەو ڕووەکەیان خواردووە کە پێشتر خواردوویانە و هیچ کێشەیەکی تەندردوستی بۆ دروست نەکردوون. ئیتر نەگەڕاون بەدوای ڕێگەی نوێ و ڕووەکی نوێ.

هەر بەو پێیەش، نووسەر دەگاتە پێناسەیەک بۆ بەستەڵەکی بیر، بەوەی کە بریتییە لە:

”جێگیرکردنی هەندێک بیروباوەڕ کە گۆشەنیگا بۆ دونیا پێکدێنن، لەو کاتەیشدا هەر ئەمە پێویست بووە بۆ مانەوە بە زیندوویی”.

لە سەر تیشکی ئەو نموونانەی خزم و هاوڕێی ئەشکەوتمان، و پێناسەی نووسەر بۆ بەستەڵەکی بیر کە بۆ بیری ئەشکەوتنشینانی پێشوو کراوە، دەبێت تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی لە چەند لاوە تووشی بەستەڵەکی بیر هاتوون کە وا دەکات هەتا ئێستاش هەر وەکو کابرای ئەشکەوتەکە دەژین!؟ دەبێت کێ بن ئەوانەی درێژە بە بەستەڵەکی بیری تاکەکانی کورد بدەن و ڕێگە بگرن لەوەی خەڵکی ڕێگەی دیکە لە چارەسەر تاقی بکەنەوە. پیاوانی ئایینین… دەمڕاستی خێڵ و عەشرەتەکانن… بەڕێوەبەرانی سیستەمی پەروەردەن… یان بەڕێوەبەرانی وڵاتن بە گشتی؟

هەر بۆیە ئێمەی تاکەکانی کۆمەڵگا دەبێت دان بەوەدا بنێین کە تووشی بەستەڵەکی بیر بووین، لە کاتێکدا، تێروانین و گۆشەنیگامان هەمان تێڕوانین و گۆشە نیگای سەددان و هەزاران ساڵەی  باوباپیرانمانە بۆ ڕووداوەکان!

بۆ نموونە:

کەسان و گرووپی وا هەن کە هەتا ئەمڕۆش بۆیان ساغ نەبۆتەوە ئازادی هەڵبژاردنی بیر و باوەڕی ئایینی چیە؟ هەتا ئەمڕۆش پێی شەرم نیە لە وتاری دوورو درێژدا، بیسەلمێنێ و پێی باش بێت کە (جزیة: واتە، دانی باج لە بری ئەوەی کە ئایینی تازە هەڵنابژێریت) لە برا مەسیحی و غەیرە موسوڵمانەکان بسێندرێت. تەنانەت پێشی شەرم نەبێت ئەمە بخزێنرێتە نێو وانەی ئایینەوە لە خوێندنگاکان. کەسێک بەڕاستی مامۆستا بێت، چۆن دەبێت ڕێگە بە خۆی بدات لە ڕووی ئینسانی و ویژدانییەوە وەها وانەیەک جوان نیشان بدات لەلای خوێندکارێکی موسوڵمان و دواتریش لێیگەڕێت بە هاوڕێ مەسیحییەکەی بڵێ، ئەگەر وڵات بوو بە ئیسلامی ئەوە تۆ دەبێ  سزای ماڵی بدەیتە من!! بۆ ئەوانەی کە داکۆکی لە وەها یاسایەک دەکەن پێیان وایە بیری داعش یان داعشیزم چییە؟ ئەوان گۆشەنیگای خۆیان لە یاسایەکی ئایینییەوە هەڵچنیوە کە تەمەنی سەددان ساڵ کۆنە و لەو کاتەوە هەمان یاسای بە بەستوویی هێناوە و دەیەوێ بیکێشێت بە سەری برا مەسیحیەکان و کەمایەتییە ئایینییەکانی دیکەدا. لە کاتێکدا کات و شوێنی دەرچوونی ئەو یاسایە و ئەمڕۆ لەم جێگەیەدا هەزاران کیلۆمەتر و هەزاران ساڵە! دەبێت کەسێک بیری وەها بەستبێتی چی جیای بکاتەوە لە هاوڕێکەی ئەشکەوتمان جگە لە حۆداپۆشین بە گەڵا و پێستی ئاژەڵ لەگەڵ چاکەت و بانتۆڵ و بۆینباخ! دەنا هۆش و بیر هەمان شتە و بەستوویەتی.

نووسەری ئەو کتێبەی سەرەوە پێشمان دەڵێت کە:

”ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە هەموو سەردەمەکاندا، کەسانی وەها تەقلیدی وەریان نەچەرخاندووە. بەڵکو خەڵکانێکی جیاواز بڕیاریان داوە خۆبخەنە بەر مەترسییەکان و بچنە ناو ناوچەیەک کە کەس پێش ئەمان ڕووی تێنەکردووە. پاشان خەڵکانی دیکە دوایان کەوتوون و لاساییان کردوونەتەوە؛ بە دڵنیاییەوە کاتێک بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو کەسە جیاوازانە سەرکەوتوو بوون.”

هەر وەها نووسەر دیسان بە نموونەی هاوڕێ ئەشکەوتنشینەکەمان بیرمان دەخاتەوە کە ئەگەر زۆرینەیان سەرەتا لە ترسا لە ئاگر هەڵهات بن، دواجار کەسێکی جیاوازیان دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا شکاوەتەوە و خستوویەتییە خزمەتی خۆی و ئەوانی دیکەش لاساییان کردۆتەوە. ئەوە جیاوازەکانیانن کە توانیویانە بۆ یەکەم جار ئاژەڵەکان ماڵی بکەن و تۆوەکان بچێنن، لە جێی ئەوە تەنها ڕاو بکەن و شەو و ڕۆژ بێ حەوانەوە لە گەڕان بن بە دوای خۆراکدا…

ئەوجا نووسەر لە بڕگەیەکی دیدا بیری‌ ئەو کەسایەتییە ئایینییە بیر بەستەڵەکانەی ئەمڕۆ دەخاتەوە کە:

”تەنانەت ئایینەکەی تۆش کە باوەڕت پێیەتی ئێستا، ڕۆژێک لە ڕۆژان ئایینێکی تازە بووە و دژ بە ئایینە باوەکانی کۆمەڵگای ئەو کاتە بووە و هەندێک بڕیاریان داوە بیناسن و باوەڕی پێ بێنن“

منیش لە سەر تیشکی ئەو وتەیە دەڵێم: برای سەلەفی و بانگخوازی هاوزمانم جا بە چ بیانوویە تۆ وا دەکوڵێی و هەڵدەچیت و هەڵدەشاخێی بە کەسانێکدا کە ئەمڕۆ بێن و جیاواز لە تۆ بیر بکەنەوە و تێزێکی تازە بخەنە ڕوو سەبارەت بە ژیان و ڕووداو و گرفتەکانی!؟

هەروەها نووسەر لە بڕگەیەکی دیکەدا دەنووسێت:

”دواجار مرۆڤ وەکو ڕەگەزێک پێشکەوت چونکە هەندێک لە تاکەکانی بڕیاریان دا بچنە ناو نادیارەکان و بیاندۆزنەوە، لەجیاتی ئەوەی لێی بترسن و خۆیانی لێ لابدەن، بڕیاریان دا بە شێوەیەکی جیاواز لە بیرکردنەوەی باو بیر بکەنەوە، لەگەڵ هەموو ئەو بەرهەڵستییە خۆرسکییەی کە دژیان ئەنجام دەدرێت.

لە سەر تیشکی هەموو ئەوەی کە وترا، دەمەوێت ئاماژە بە هەندێک نموونەی زیندوو بکەم، بۆ ئەوەی مەبەست لەم نووسینە بگاتە خوێنەر، ئەوانیش ئەوانەن:

– ڕۆژگارێک لە سەرەتای ڕاپەڕین بیرکردنەوەی باو بیرکردنەوەی کوردایەتی و نەتەوەیی و چاوپۆشیکردن بوو لە کەم و کوڕی حزبەکان و حکومەتی کوردی ساوا، بەڵام دەبینین کۆمەڵێک نووسەر بە پڕۆژەیەکی ڕەخنەگرانەی ورووژێنەری وەکو (ناوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند)، دێنە سەر شانۆی ئەدەب و سیاسەت و ڕۆشنبیری و زۆرترین دوژمن بۆ خۆیان دروست دەکەن چونکە دەست بۆ یاساغ دەبەن و دژی باو دەنووسن، بەڵام ئەمڕۆ دەردەکەوێت ئەوان چەند ڕاست و زۆرینە چەند هەڵە بوون.

– هەفتەنامەی (هاوڵاتی) وەکو پڕۆژیەکی ئەهلی بێلایەن لە ساڵی ٢٠٠٠دا خۆی ڕادەگەیێنێت و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. ئەمە ئیدی دەبێت بە یەکەم کاری ڕۆژنامەگەری ئازادی ڕەخنەگر. ئەمانە توانییان بەرگەی تەنگ و چەڵەمە و گرتن و زیندانی‌ و زۆر شتی دیکەش بگرن بەڵام دەرگایەکی فراوانی ڕۆژنامەگەری ئازادیان خستە سەر پشت.

– عبدالخلق معروف و سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و ویدات حسێن و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنی زیندانیانی بادینان و زۆری‌ دیکەش لە قوربانیانی ڕێگەی جیاواز‌ بیرکردنەوە و دەست بردنن بۆ حەرامەکان.

– عبدللە پەشێوی شاعیر و شێرکۆ بێ کەسی مەزن و زۆرێکی دیکەش لەو کەسە دەگمەنانەن کە هەم ڕەخنەگری هەمیشەیی کایەی سیاسی یان ئایینی بوون و پاڵپشتی بیری ئازاد و ئازادیش بوون هەمیشە.

ئەمانە ئەوانەن کە لە کەسە جیاوازەکانن کە توانیویانە بەرانبەر‌ بە لێشاوێک لە کەسانی تەقلیدی بوەستنەوە لە سەردەمێک لە سەردەمەکاندا. ئەوجا یان هەتا مردن بەردەوام بوون یان ماون و بەردەوامن، یاخود دواجار بوون بە قوربانی.

گرنگە لێرەدا لە دەرگای زیندوترین نموونە بدەم کە نووسەر و چیرۆکنووس شێرزاد حەسەنە. شێرزاد بەوەی بێ گوێدانە مەترسییەکان و ژیان کردن لە نێو قوڵاییاندا و سوربوونی لەسەر ڕاکانی و بۆ ماوەی پتر لە چڵ ساڵ دژ بە ئایین و پڕۆسەی خواری پەروەردە، کە تووشی دەیان تەنگ و چەڵەمە و تەنگژە و هەڕەشەی کردۆتەوە. ئەمانە پێمان دەڵێن کە شێرزاد لە کەسە جیاوازەکانە و ئەو لێشاوەش لە دژایەتیکردنی لەلایەن بانگخواز و سەلەفی و ئایینزاکانەوە کە لە کەسە تەقلیدی و بیرە بەستەڵەک و باوەکەی کۆمەڵگان. ئەمڕۆ نا سبەی‌ دەنگی شێرزادەکان دەبیسترێ و ستایش دەکرێ و خەڵکانی دیکەش جێ پێی هەڵدەگرن.

ئێستا تۆی خوێنەریش‌ لای خۆتەوە و لە دوای خوێدنەوەی ئەم وتارە لە خۆت بپرسە بزانە تۆ لە کام جۆری مڕۆڤەکانیت، تووشی بەستەڵەکی بیر بووی یان بیر کراوەی کۆن خواز و باو خوازی، یان ئارەزوو دەکەی ڕێگا و بیری نوێ تاقی بکەیتەوە!؟

دواجار‌ بۆ ئەوەی بڕیاری خۆت بە دروستی بدەی، ڕێگاکەت بۆ کورت دەکەمەوە، کە نووسەر لە هەمان کتێبدا ئاماژەی بۆ کردووە، کە ئەمانەن:

”زاناکان دەڵێن ئەوانەی کە تووشی بەستەڵەکی بیر بوون ڕەنگە ڕازی بن بەم گوزارشتانەی لای خوارەوە:

– ڕا گۆڕین نیشانەی لاوازییە.

– ئێمە دەبێت پارێزگاری له بیروباوەڕەکانمان بکەین، تەنانەت ئەگەر بەڵگەش لە دژیان هەبن.

– دەبێت هەموو ئەو بەڵگانە ڕەت بکەینەوە کە دژ بە باوەڕەکانمانن.

– دەزگایەک هەیە کە هەمیشە و بە بێ بیرکردنەوە دوای ڕاکانی دەکەوم.

بەڵام ئەوانەی خاوەن بیرو هزری کراوەن، ڕازی دەبن بەم گوزارشتانە:

– فڕێدانە پشتەوەی باوەڕی کۆن نیشانەی بەهێزی کەسێتیتە.

– دەبێت بیر لەو بەڵگانە بکەینەوە کە دژ بە باوەڕەکانمانە.

– ئەبێت هەمیشە باوەڕەکانمان ڕاست بکەینەوە بەپێی بەڵگەنامە تازەکان.

ئەوجا خوێنەری ئازیز بزانە تۆ پێت باشە لە کام جۆرەی مرۆڤ بیت، بیر بەستوو وەکو ئەشکەوت نشینان، یان کراوەی وەکو نوێ

خوازەکان؟

Image: (cave) Jakaria Islam de Pixabay

Check Also

لاوازیى فیکریى خەباتى فێمینیزم لە کوردستاندا

ناودار زیاد لە هەرێمى کوردستان و کۆمەڵگەى کوردیدا دەیان جیاکاریى و ناڕەوایەتیتى هەیە. ئەمەش هۆیەکەی …