بۆ ئەو هەموو تراژیدیایە لە باشوور شۆڕشی هەڵنەگیرساند؟

د. مەدیحە سۆفی


قسەکردن لەسەر دۆخی ژیار و ئاستی ئازادی ئێستای ژنان لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، بە مانای بەراوردکردنی نییە لەگەڵ ئاستی ژیاری نێو کۆمەڵگەی خۆمان، بۆ گەیشتن بەو ئاستەی ئێستا لەو وڵاتانەدا مێژوو قسەی خۆی هەیە و قۆناغەکانی ئەو گۆڕانە بەپێی پێداویستی ئەو کاتە ئەو گۆڕانەی بەدوای خۆیدا هێناوە، دەبێ ئەوەش بگوترێت کە ئەو گۆڕانانە نە هەڕەمەکی بوونە و نە بەبێ کێشە و کۆسپ نەهاتوونەتە کایەوە، دۆخ و هەلومەرجی ئەو ساتە بوونەتە مندالدانێکی لەبار و زەمینە خۆشکەر بۆ هاتنەکایەوەی ئەو گۆڕانە.

لە دەرئەنجامی شەڕی جیهانی یەکەمدا و لەگەڵ ڕاپێچکردنی پیاوان بۆ بەرەکانی جەنگ، کەلێنێکی گەورەی دەستی کار و بەرهەمهێنان لە ئەوروپا و بەتایبەت لە ئەڵمانیادا دروستبوو، گرنگی بەرهەمهێنانی کاڵا و پێداویستییەکانی جەنگ لەو کاتەدا لەلایەکەوە و کەمبوونەوەی دەستی کار بە هۆی شەڕەوە لەلایەکیترەوە، پاڵنەری سەرەکی بەشداری کردنی ژن بوون لە  کارگە و فابریکەکاندا، ئەم تەنگانەیەی، کە وای کرد ژن بە شێوەیەکی واڵاتر بچێتە بواری بەرهەمێنان و کارکردنەوە، ڕۆڵێکی گەورەی لە کرانەوەی هزری ژندا بینی و زیاتر ژنی بەو توانا شارراوەیە ناساند، کە پێشتر ئاشنای نەبوو ، لەو دەمەدا ژن، تەنانەت لە بوارەکانی پیشەسازی دەرمان، وزە، چەک و میتاڵیشدا دەست بەکار بوون. پاش تەواوبوونی شەڕ و هاتنەوەی پیاوان دۆخەکە گۆڕا و دەبوو ژنان جێگای کارەکەیان بۆ پیاوان چۆڵ بکەن. هەر لە سەدەی بیستەمدا و لە زۆربەی ئەو وڵاتانەش بەبێ مۆڵەتی پیاو ژن نەیدەتوانی هیچ گرێبەستێکی کار مۆر بکات، یا ئەگەری کاری بکردایە دوای هاوسەرگیری دەبوایە کۆتایی بە کارکردنەکەی بهێنێ و گرێبەستی کارەکەی هەڵوەشێنێتەوە، ئەو شوێنانەش کە هێشتا ژنی کرێکاری تێدا مایەوە، لەبەر ئەوە بوو کە ژن کرێ دەستی کەمتر پێدەدرا لە چاو کرێ دەستی پیاو.

لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانیشدا، هیتلەر بە بەخشینی مەدالیای زیو  و  زێڕ، ڕێزی لەو دایکانە دەگرت کە منداڵی زۆریان دەبێ، بەپێی زۆری منداڵەکان بەهای مەدالیاکەش زیاتر دەبوو، هەر مەدالیاش نەبوو، کەرەستەی ماڵ و ئامێری جل شوشتن و چەندەها ڕێسای لە خزمەت دایکایەتیدا خستبووە کار. ژنی بەتەنیا لە نێو ئەرکی دایکایەتیدا قەتیس کردبوو و هەر لەو سەردەمەشدا ڕۆژی دایکی کردبووە ڕۆژی پشوو. وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەدەی بیستەمدا لە میانەی پراکتیزەکردنی ئەم بیرکردنەوانەدا گوزەری دەکرد و تێکڕا هەمووی لە چوارچێوەی قۆرخکردنی ژن بوو وەکو بەرهەمهێنەری مناڵ و ماڵداری.

دایکایەتی پیرۆزە؛ بەڵام شاردنەوەی هەموو دیوە جوانەکانی ژن لە پشت دیواری دایکایەتییەوە، دابڕانی ژنە لەو دیوە ڕەنگاوڕەنگانەی خۆی، کە ئەگەری فرەچەشنی و فرەجۆری خواست و ئارەزووی خۆی تێدا حەشار  داوە، دابڕانە لەو حەز و خولیایەی هەر مرۆڤێکی  ئاسایی هەیەتی و خوازیارێتی، دابڕانێکی زۆرەملێی خودە لە خودی خۆی و لەو شوناسە خۆڕسکەی خۆی، کە هەر بە توانەوەی ئاسنی کەلەپچەی دەست و دەمی، بە واڵاکردنەوەی دەروازەی سیستەمێکی نوێخوازی مرۆڤایەتی و داڕمانی شورای هزری کۆنەپەرستی، ئازاد دەبێت و بگرە لە توێی ژیارێکی دایکایەتیشدا سەنگینتر و بەبەهاتر دەبێت، دەبێتە درەختێکی بەردار، هەم سێبەر و هەم ڕێبەر.

سیستەمی سەرمایەداری و هزری سەرمایەداری، ئەگەر مەودای پێ بدرێت، ژن تەنها وەکو ناوەند و هاوپێچێک بۆ بەرهەمهێنان و وەکو هێزێک بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی خۆی قۆرخ دەکات، دەیکاتە بیرۆکە و سیمای کاڵایەکی هاوچەرخ بۆ بریسکانەوە و سەرنجڕاکێشان، نەک وەکو دروستکردنی کەسێتی و ئاڵوگۆڕی توانا و بەرهەم، نەک وەک بەرابەری و بەرجەستەکردنی خود و بنیاتنانی کەسێتی. لە مێژا ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ئازادی ژن، شەڕ بۆ گەڕانەوەی مۆرکی ژن دەکەن وەکو مرۆڤ، ئەم ئازادییەی ئێستاش، کە لەوڵاتانی ڕۆژئاوادا هەیە، وەکو ئازادی مرۆڤ، بێ خڵتە و خەوش نییە، وەکو ئازادی ژنیش و بەپێی پێوەرە مرۆڤایەتییەکانیش، هێشتا لەنگ و لارە، کەم نین ئەو کۆمپانیا و گروپانەی، ئەگەر ژن نەکەنە دەستپێکی خستنەئارای کاڵاکانیان، ئەگەر ژن نەکەنە هاوپێچی خستنەڕووی بەرهەمەکانیان، نە ئەو قازانجە و نە ئەو بەردەوامییەیان دەبێت.

یەکەم هەنگاوی ژنانی خەباتگێڕ و تێکۆشەری نێو ئەو ڕێکخراو و بزووتنەوە جیهانیانە، ئەوە بوو کە بتوانن مافی هەڵبژاردنیان هەبێت و لە میانەی ئەو مافەوە، بەرەو مینبەری نێو پەرلەمان هەنگاو بنێن، لەبەر ئەوەی بە فەڕمی پەرلەمان جێگا و شوێنی پەسەندکردنی یاسا و ڕێسایە، بۆیە بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمان بۆ درێژەپێدانی خەباتەکەیان مەرجێکی شیاو بوو و هەرواش بوو، ئامادەکردنی پرۆژە جیاواز و جۆراوجۆرەکان بۆ باشترکردنی ژیانی ژن و کەمکردنەوەی فشاری ژیانیان، بووە کاری داهاتوویان، شەڕ شەڕ بوو لەسەر گۆڕانکاری و گەڕانەوەی مافی زەوتکراو و پەسەندکردنی یاسای نوێی تایبەت بە بواری مافی کارکردن، خوێندن و سەلماندنی خودی ژن وەکو مرۆڤ.

قۆناغی دووەمی تێکۆشانی ژنان چوونە نێو سیاسەت بوو، ئاشکرایە لە مێژوودا مۆرکی بەشداریکردنی ژن لە سیاسەتدا سەخت و نالەبار بووە و بزووتنەوەکانی ژنان بە هەوڵێکی زۆرەوە و لە میانەی کاری ڕێکخراوەیی و داکۆکی لە هزر و توانای خۆیان، توانیان چمکێکی ئەو بەشداربوونەیان بەرکەوێت و لەسەر سەکۆی بڕیارداندا دەنگیان بەرز بکەنەوە. دەبێ ئەوەش بڵێین کە هەتا ژن بە توانای بیرکردنەوەی خۆی و بە تێپەڕبوونی بە زنجیرەیەک کاری ڕێکخراوەیی و داکۆکی ڕاستەقینە لە پەیامی ژنان نەگاتە سەر مینبەری بڕیاردان، ناتوانێت ببێتە کەسێکی کاریگەر و خاڵی وەرچەرخان لە دۆخی ژناندا بخوڵقێنێ. ئەمە کزەخاڵی سەرنەکەوتنی ژنانە لە نێو سیاسەت، نەک هەر لە نێو سیاسەتیشدا، لە تەواوی ژیاندا، گەر مرۆڤ نەزانێ خاوەنی چ پەیام و هەڵگری چ بەڵێنێکە، چۆن فۆڕمی ئەرکەکانی لە کارەکانیدا دەخەمڵێنێ، چۆن ڕۆڵی لە ڕیفۆڕمی کۆمەڵایەتی دەبێت و چۆن پلانەکانی داهاتووی دادەڕێژێت؟

 یەکەم گوتەی خاتوو ماری یواختس لە پەرلەمانی ئەڵمانیا لە ڕۆژی 19.02.1919 دا، کە پاش تێکۆشانێکی زۆر لەلایەن بزوتنەوە جۆراوجۆرەکانی ئازادیخوازی ژنانەوە، ژن توانی دەنگ بدات و ببێتە ئەندامی کارای نێو پەرلەمان، گوتی:

”بۆ ئەم ئەمادەبوونەی ئێمەی ئێستا لە نێو هۆڵی پەرلەماندا؛ ئێمە قەرزاری هیچ سوپاسکردنێکی ئەم حکومەتە نین، ئەوەی تا ئێستا مافی دەنگدان و هاتنە نێو پەرلەمانمان نەبووە، ئەوە مافێكی زەوتکراوی خۆمان بووە و بە هەوڵ و قوربانیدان و پشوو درێژی خۆمان، دووبارە بەدەستمان هێناوەتەوە”[[1]]

ئەمەی سەرەوە نزیکترین بەڵگەی مێژوویی خەباتی ژنانە، چنینەوەیەکی ڕاستەقینەی بەرهەمی تێکۆشانێکی بێ وچان و درێژخایەنی ئەو ژنانەیە، کە بە کۆڵنەدان و بڕواوە گەیشتنە ئەو دەرئەنجامانەی، کە بتوانن ناوەندی پەرلەمان بکەنە ناوەندی بڕیاردان لە پێناوی باشترکردنی دۆخی ژیانی ژنان، پێش هەمووی دابینکردنی مافی کار و خوێندن بوونە ڕۆژەڤی کارەکانیان.

لێرەدا نمونەیەکی زیندووی و کار و کاردانەوە لە ئارادایە، بۆیە دەبێ بپرسین لە باشووری کوردستان بە بوونی کۆمەڵێ دامودەزگای فەڕمی، لەوانە پەرلەمان، کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە بەردەوام لە کاردایە، چۆن و لەسەر چ بنەما و هەلومەرجێک ئەندامانی پەرلەمان دەگەنە ئەو مینبەرە و کاری تێدا دەکەن و ئایا لەگەڵ دەستپێکی ئەو کارکردنە ڕەوشی ژن و خێزان توانیویەتی کێشە و تەگەرەکانی ڕۆژانە بڕەوێنێتەوە و ئایا بە چەکی یاسا و وشیارکردنەوە و پەروەردەوە باری سەر شانی ژنان سوکتر بووە، ئەوانەی تایبەتمەندی ئەو بوارەن بە کوورەی ژانی ژن و کێشە جۆراوجۆرەکانی ئەو ژیانە تێپەڕیون، ئایا ئەو ئەندامانە هەڵقوڵاوی ڕێکخراوێکی ڕاستەقینە و تێکۆشانێکی بێ وچانی ئەو بوارەن؟

بڕوا و ئاینداری بۆ مرۆڤ، بێ ئەوەی لە چوارچێوەی پلانی سیاسی، ماکی نەرێنی و چاندنی خوڕافات لە نێو کۆمەڵگادا حەشار درابێت، ڕێز لێگیراو و پایەدارە، تا ئەو دەمەی مرۆڤ بە دونیایەکی دی، دوور لە ئەرک و ویستەکانی، دوور لە پەروەردەیەکی دروست و دوور لە پێگەیاندنێکی پلان داڕێژراو بۆ کاڵکردنەوەی سیمای نەتەوەیی و کولتووری خۆی؛ سەرقاڵ دەکات. ئەوەی لە باشووردا دەگوزەرێ مشتومڕێکە، کە زۆربەی ڕەهەندەکانی لە کایەی ژندا دەخولێتەوە، زۆری مەرجەکانی لە چۆنییەتی قۆڕخکردنی ژن و بنبەستکردنی جوڵەی ژندا خۆی دەبینێتەوە، بازنەیەکی ئەوەندە تەسکی بۆ هەناسەدانی ژن هێشتووەتەوە، کە لەهەمان کاتدا، فرەجەمسەرییەکیشی بۆ قسەکردن لەسەر فەرزەکانی ژن واڵا کردووەتەوە و هەموویان لە دەوری چێژ وەرگرتن لە جەستەی ژندا قەتیس کردووە، لێرەدا هزر و بیرکردنەوەی ژن بە تەواوی کوژێنراوەتەوە و لە بڵندگۆی فەتواکانەوە بڕیارەکان دژ بە ژن و بۆ هەڵسوکەوتی ژن، ئیمزا دەکرێن، کە پووکانەوەی شارستانییەت و سڕکردنی توانا و هزری ژنی بەدوادا دێت،  لە هەمان کاتدا لە زۆر کێبڕکێی تازەگەری ئەرێنی ئەم سەردەمەدەی دادەبڕێ و دوادەخات. بڕیاری داخستنی خوێندنی زانکۆ لە ئەفغانستاندا، نمونەیەکی زیندووی داماڵینی کۆمەڵگایە لە ڕەوشی ئاسایی خۆی و گەڕانەوەیەتی بەرەو ڕابوردوویەکی دوور و داخراو.

شۆڕشی ژینا

ئاست و  ڕادەی ئامادەبوونی کۆمەڵگە بۆ قبووڵکردنی گۆڕانەکان، هەمیشە فشاری سەر داواکارییەکان زیاتر دەکات، واتە لە کۆمەڵگەیەک کە پیاو تیایدا ئاستێکی ڕۆشنبیری، کولتووری و گەشەکردووی باشی تێدا بێت و بتوانێ شانبەشانی ژن لەسەر شەقام بێت، بنەمای شارستانیەتێکی دەوڵەمەند و کولتوورێکی هەمەڕەنگی هەبێت کە پەراوێزەکانی کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی جێهێشتبێت، بێگومان هۆشمەندییەکەی لە ئاستێکی جیاوازتردا گەشەدەکات و دەبێتە پاڵپشت بۆ شۆڕشی ژن و ئازادانەتر دەنگی خۆی بەرز دەکاتەوە، شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، شۆڕشێکی ڕەوایە، ئەو شۆڕشەش هەر لەپێناو ئازادی ژن نییە، بەڵکو ئازادی سەرجەم کۆمەڵگەی ئێستا و داهاتووە.

هاوشانی پیاو لەو شۆڕشەدا، بێ گومان سەلمێنەری ئەوەیە، کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شارستانیترە و ئامادەگیی هەرسکردنی ئەو گۆڕانەی تێدا بەدیدەکرێت. دەوڵەمەندی بواری ئەدەب، مۆسیقا، کولتوور بە گشتی و تێکەڵبوونی لەگەڵ شارستانیەتی ڕەسەنی ئێران، تەنانەت جیانەکردنەوەی کاری ژن و کاری پیاو لە ماڵداریدا و کۆمەڵێ ڕەنگدانەوەی دیکەی ئەرێنی نێو ئەو کۆمەڵگەیە، ئاستێکی دیکەی هۆشمەندی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەسەلمێنێ، بوونی پیاوان و هاوشانی ژنان لەو شۆڕشە پڕ لە بوێرییەدا، گەلێ ڕووی ئەو شارستانییەتە ئاشکرا دەکات و شۆڕشەکە جوانتر دەهۆنێتەوە دڵنیایی دەداتە بەردەوامییەکەی.

ژینا ئەمینی، بە ماڵئاواییەکەی شۆڕشی بەدوای خۆیدا هێنا، وەکو پلەی کڵپەکردن گڕی لە تەواوی کوردستان و زۆربەی شارەکانی ئێران بەردا، ئەم وەرچەرخانە بووە جێی دەستخۆشی لێکردنی زۆربەی پیاوانی جیهان بەتایبەتی لە باشوور، ئەو باشوورەی لەبەر پەیوەندییەکی سۆزداری ژنێکی تێدا دەکوژرێ، لەبەر فشاری کۆمەڵایەتی چەندەها جەستەی تێدا دەبێتە خەڵوز، لەبەر قەتیسبوونی چەندەها حەز و خولیا، چەندەها نەوجوان پەتی سێدارە بۆ خۆیان هەڵدەواسن و ئەودیوی دونیا بە دۆزەخی ئەم دونیا دەگۆڕنەوە، ئەو باشوورەی تا بتوانێ کچ و ژنی بۆ ڕازی کردنی کۆمەڵگا تێدا دەکاتە قوربانی، ئەو باشوورەی لەلایەکەوە، دەمکوتکردنی ژنی لە چوارچێوەی چوار دیواری ماڵەوە کردووە بە یاسا، لە لایەکی ترەوە ئافەرین لێکردنی شۆڕشی ژینای کردووەتە دروشمی سوشیال میدیا، ئەو باشوورەی دەبڵ مۆڕاڵ مامەڵە دەکات و بە جوانکاری ساختە و بە زمانی ستایشی شۆڕشی ژن لە ڕۆژهەڵاتدا، کە گرنگ ئەوەیە ئەو شۆڕشە تەنها لە چوارچێوەی ماڵی خۆی نەبێ، خۆی دەرباز دەکات. ئەو باشوورەی بە دەستوور و دەسەڵاتەوە دەتوانێ هەرچی نەریتی نەخوازراو هەن ئاوەژوو بکاتەوە، ئەو باشوورەی ئیرادەی ئازاد نییە و تا بیناقاقای نوقمی خورافات و خەوبینینە، ئەو باشوورەی ڕەوڕەوەکەی سی ساڵی ڕابوردوو زیاتر لە نیو سەدە بەرەو دواوەی بردەوە. لە جیاتی ئەوە گۆڕستانێکی بێ ناونیشانی دوور و تەریک بۆ ژنانی قوربانی و ژنە کوژراوەکان جودا کردەوە.

ئێستا دەزانین؛ بۆ  تیرۆرکردنی ئاگیهان ئاکارسەل و تەواوی قوربانیانی دیکە، شۆڕشی ژینای بەدوای خۆیدا نەهێنا؟

بۆ ئەو هەموو تراژیدیایە شۆڕشی هەڵنەگیرساند؟


[1] https://www.reichstagsprotokolle.de/Blatt2_wv_bsb00000010_00184.html

Image: https://pixabay.com/fr/

Gordon Johnson

Mohamed Hassan

OpenClipart-Vectors

Check Also

شۆرش، ل هه‌مبه‌ر چه‌مكێ مرنا بابا

نموونه‌/ مودێربوونا ئه‌قلێ سه‌رده‌مى جوان عزه‌ت باب، پێناسه‌كا كویرا هزرى و دیرۆكى و سیاسى یه‌. …