دوو شه‌ممه‌, حوزه‌یران 27, 2022
frku

ئەو خودایەی لە ئەمریكایە، لە خوداكەی ئێوە ناچێت!

نەسرین عیسا

شوان ئەحمەد کردوویەتی بەکوردی

Image: Alex G.

جارێكیان لە گەشتێكدا بووم لەنێوخۆی وڵاتە یەكگرتووەكان. هەر هێندەی فڕۆکەكە گەیشتە ئاستێكی بەرز، سەرم نا بە پەنجەرەكەوە، تاکو سەیری خوارەوە بكەم. دیمەنەكەم بەڕوونی لەبەرچاو بوو، دەمبینی چۆن شتەكان و شوێنەكان وەك پارچەی (لیگۆ)، شان بەشانی یەك وەستاون. هەر لە خانوو ‌و ئۆتۆمۆبیلەوە، تا شەقام و دەریاچەكان. تا بەرزتریش بوینایەتەوە، هەموو شتەكان بچوكتر دەبوونەوە.

پەنجەم بە شوشەی پەنجەرەكەدا دەهێناو ئەندێشەی ئەوەم دەكرد كە هەر بەڕاستی یاری بە زەوی و بە هەموو شتەكانی ناوی دەكەم. بیرم لەو هەموو وردەكاریانەو لە حاڵی خۆم دەكردەوە، تا لەپڕێكدا دەنگێك لەناوەوەمدا ڕایچڵەكاندم و پێی وتم “تۆ لەنێو ئەم گەردونەدا، تەنها پنتێكی بچوكی.”.

ئامانج لەمن وەك (خاڵێك)، لەنێو ئەم وێنە سەراپاگیرەدا دەبێت چی بێت؟ ئەی پەیوەندیم بەخودای تەبارەك و تەعالاوە دەبێت چۆن بێت، سەروەختێك تەنها وەك پنتێكی بچوك دەمبینێ‌؟ ئایا من وەك نوقتەیەك، كاریگەری لەسەر خودا جێدەهێڵم؟ یاخود خودا بەگەورەیی خۆی، حیساب بۆ من دەكات كە هیچ نیم و كارم تێدەكات؟

ئاخۆ ئەمە وام لێدەكات هەست بەئازادی بكەم، یان ترس و گۆشەگیری بەسەرمدا زاڵ دەبن؟ ئەوە هەستی لەخۆباییبوونم دەداتێ‌، یاخود سادەیی و خاكیبوون؟ دەمترسێنێ،‌ یان دڵنیایم پێدەبەخشێت؟

بەكورتیەكەی دەبێت هەست بەچی بكەم و ئایا هەستكردن لێرەدا، دەرگیری شوێنەو پەیوەستە بە شوێنەوە؟

شانزە ساڵی سەرەتای تەمەنم، لە وڵاتێكی عەرەبیدا بردەسەرو چەمكی یەزدانیش لەوماوەیەدا، لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا خرابووە مێشكمەوە. من مرۆڤێكم لە شوێنێكدا هەم و گوێ‌بیستی ئەو ئامۆژگارییە ئایینیانە دەبم كە كارم تێدەكەن، لە مێشكمدا دەچەسپێن و پێم دەڵێن ”ئێمە تەنها بۆ بیركردنەوەو خوداپەرستی دروست كراوین.”.

پێویستە مۆراڵیانە ڕەفتار بكەم، چونكە من موسڵمانم. لە گوناه و هەڵە دوور دەكەومەوە، لەبەرئەوەی موسڵمانم. گوێڕایەڵی دایك و باوکم بم، چونكە ئایینەكەم فەرمانی ئەوەم پێدەكات. ئیدی بەم چەشنە هەرچی هەبوو نەبوو، پەیوەست بوو بە ئایینەوە. ئەویش گەورەترین هەڵەیەك بوو كە كاتێك هاتمە ئەمریكا هەستم پێكرد.

پەروەردەبوون بە پەروەردەیەكی سەرومڕ ئیسلامیانە، نە دەمانكات بە پێغەمبەرو نە بە ئەولیاو نە بە كەسانێك كە قەرەی گوناه و تاوان نەكەون. ڕەنگە پەروەردەی ئیسلامی بمكاتە ئامێرێكی چاكی وا، تا زۆر بەئاسانی خراپ بەكاربهێنرێت.

دەی كەوابێ‌ بنەمای ڕاست و دروست بۆ پەروەردە چییە؟

لێرەدا هەندێ‌ شتی ناكۆك و پێچەوانە باس دەكەم. كچێكی هاوڕێم مەسیحیەو جل و بەرگی كورت لەبەر ناكات، لەبەرئەوەی شەرم دەكات. ئەمە لەكاتێكدا كچە موسڵمانەكەی هاوڕێم دوای جیابونەوەی دایك و باوكی، بەرەو بێ‌باوەڕی ملی ناو دەڵێت ”ئێستا ئازادبووم”. هەرچەندە لە قوتابخانەی ئیسلامیش خوێندویەتی. هاوڕێیەكی كوڕیشم هەیە ئاتایستە (لەبەر خۆشەویستییان) بێگوێی دایك و باوكی ناكات، هەرچەندە ئایەتی (وبالوالدین أحسانا‌)شی نەبیستووە.

ژنە بەڕێوەبەرێكی عەرەب، دەرفەتی ئەوە دەقۆزێتەوە ژنە فەرمانبەرێكی عەرەبی بەردەستی باری لارەو پێویستی بە ئیشەكەیەتی، دەچێت چەكەكەی بە نوقسانی بۆ دەنێرێ‌ت، كەچی بەڕێوەبەرێكی ژنی ئەمریكی چەكەكەی وەك خۆی و وەك چۆن لەسەری ڕێكەوتوون، بۆ دەنێرێت و هەردووكیشیان لەهەمان شوێندا كاردەكەن.

گەنجێكی ئەمریكای دێت و بەفەرمی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا دەكات، ئەگەرچی كچەكەش دوچاری شێرپەنجە بووە. كەچی لەولاوە گەنجێكی عەرەب دێت و بۆخاتری وەرگرتنی ڕەگەزنامە، هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێكی ئەمریكیدا دەكات و پاشان لێی جیادەبێەوە. بێ‌ ئەوەی گوێ‌ بەوەبدات كە ئەو خانمە مرۆڤەو هەستی هەیە.

ئەوانە هۆكارەكانی چین و بۆ وایە؟ تۆبڵێی هی ئەوەبێت كە خودای ئەمریكا، جیاواز بێت لەو خودایەی لە وڵاتانی عەرەبیدایە؟ هەربۆیە كاتێكیش دێن بۆ ئەمریكا، خواكەی خۆیان دێنن و بەو نامۆراڵیە ئایینیەی خۆشیان، هەڵسوكەوت دەكەن.

من لێرە زۆر هەڵسوكەوتم لەگەڵ عەرەب و لەگەڵ خەڵكی دیكەدا كردووەو جیاوازیەكی زۆرم بینیووە لە نێوانیاندا. ئەویان لە هەمووشتێكدا چاو برسیانەو بەهەڵپەوە ڕەفتار دەكات و ئەوانی دیش (نامەوێت بەشان و باڵیاندا هەڵبدەم)، هەرئەوەندە دەڵێم كە خودا لەناخ و دڵیاندایە.

ئێوە خۆتان دەخەنە ناڕەحەتی و باری سەرشانی خۆتان قورس دەكەن و وادەزانن خوا لەخۆتان ڕازی دەكەن، لەكاتێكدا ڕەزامەندی و بەزەیی هاتنەوەی خودا بە نەتەوەیەكەدا، لەبەر ڕەفتار جوانیانە، نەك لەبەر ئەوەبێت بەچاكی خواپەرستی دەكەن.

سەر بەهەر وڵاتێكی عەرەبیدا دەكەم، دزیم لێدەكرێت و گێچەڵم پێدەكەن و لە فەرمانگە حكومیەكاندا بێ‌ڕێزیم بەرامبەر دەكەن و دوای ئەوانەش دەپرسین، خودایە ئەم هەموو سەختگیریە لەپای چی؟!

لە وڵاتێكی عەرەبیدا بۆ كارێكی حكومی (هەر زۆر ئاسان و ئاسایی)، ئەمسەرەو سەری دنیام كردو چەندین ڕۆژ و هەفتەی خایاندو وڵاتەكەم بەجێهێشت و كارەكەم هەر تەواو نەبوو؛ كەچی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەماوەی دوو ڕۆژدا پاسپۆرتی ئەمریكیم دەركرد. بەپۆستدا داواكەم ناردو دوای دوو ڕۆژ هەر بەپۆستدا، پاسپۆرتەكەم وەرگرتەوە.

دوای ئەو هەموو ماجەرایە، كابرا دێت چەپڵە بۆ حكومەتی وڵاتەكەی دەكوتێت (كە خستویەتیە سەرساجی عەلی و گۆشتی خواردووەو خوێنی مژیووە) و دەست بۆ ئاسمان بەرز دەكاتەوەو نزا دەكات و دەڵێت ”خوایە بۆ خاتری گەورەیی خۆت، ئەمریكا تەفر و توناكەیت.”. بەردەوام دەست بەدەس نوێژو تابەرەبەیان خەریكی شەونوێژ بیت و دوعای شەڕ لە وڵاتێك بكەیت پڕ خێرو بێرو شتی باشە بێت، لێت وەرناگیرێت و دەستی لێ بخەرە ژور سەرت.

سەرم لەفەرمانڕەوایانی ستەمكار سووڕ نامێنێ‌ و زوڵم و ناهەقییان بەسەیر نازانم، مادامەكی هاوڵاتیانیان سەرشۆڕ و دەرهەق بەیەك شەڕانگێز و داخ لەدڵ بن. پێشبینی ماڵوێرانی گەورەتر دەكەم، مادامەكی خەڵك و خوا سەرقاڵی ئەوەن، ڕقیان لەیەکتری بێت و یەكدی ببوغزێنن.

لەبەرامبەر ئەوانەدا هیوا خوازم، خەڵك ئەو خودایە بپەرستن كەمن لە ئەمریكا بینیم. خودای سۆزو بەزەیی، نەك خودای دڵڕەق و خۆسەپێنەر. خودای خۆشەویستی، نەك خودای شەڕ. خودای دڵان، نەك خودای گوناهەكان.

وەك چۆن لەناو مزگەوتەكاندا دەیپەرستن، لە دەرەوەشدا هەروا بكەن. چۆنتان پێ‌خۆشە وەها ڕوی تێبكەن و بیپەرستن، بەچ جۆرێك ڕووتان تێكرد، هەر بەوجۆرەش دەیدۆزنەوە.

نەسرین عیسا: چالاکوانێکی ژنە، خوێندکارێکە لە زانکۆ لە نەتەوەیەکگرتوەکانی ئەمریکا، بە رچەڵەک فەلستینیە و بە ناسنامە ئەمریکییە. نووسینەکانی تێڕامانن لەسەر دۆخی ژن لەناو ئاینی ئیسلام و دۆخی مرۆڤی عەرەبیی لە ناو کۆمەڵگا موسڵمانەکان و وڵاتە ڕۆژئاوییەکان.





شوان ئه‌حمه‌د
نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر

Check Also

گفتوگۆ لە نێوان بەهرە حەمەڕەش و جوان عیزەت

گفتوگۆ لە نێوان بەهرە حەمەڕەش و جوان عیزەت بەهرە حەمەڕەش: ئایا بزووتنه‌وه‌ فیمنیزمى له‌ كوردستان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .