ئەحمەدی موفتیزادە: ئیمام خومەینییەکەی كوردی ڕۆژهەڵات

بڕوا کەمال

ئەحمەدی موفتیدازادە یەکێکە لە زانا و شاعیر و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان. دۆسەتەکانی بە (ئیمام خومەینی) وەسفی دەکەن و نەیارەکانیشی بە کەسێکی نیشتیمان پەروەر. ئەو کەسێکی زۆر جیاوازبوو. تێڕوانینێکی تایبەتی هەبوو بۆ پرسە سیاسییەکان و نیشتیمانپەروەرییه‌كان.

ئەحمەدی موفتیزادە کێیە؟

ئەحمەدی موفتیزادە، کوڕی مەلامەحمودی موفتی کوڕی مەلاعبدوللەی عەلامە موفتیزادە یان ناسراوەبە کاک ئەحمەدی موفتیزادەیه‌. ساڵی 1933 لە شاری سنە، لە خێزانێکی ئاینیی هاتۆتە دنیاوە. سەرەتای خوێندنی ئاینیی لای باوکی و هەریەک لە مەلا ئەحمەدی حەواری نەسەب و مەلائەحمەدی ئەفشاری سالار خوێندوە. ساڵی 1948 چووه‌تە شاری مه‌ریوان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ فێربوونی زانستەئیسلامییەکان بەشێوەی باوی فەقێیایەتی لەو سەردەمەدا. پاشان ساڵی 1949 هاتووه‌تە باشووری کوردستان. بۆماوەی دووساڵ ماوەتەوە. لەسەروبەندی گیرسانەوەی لە باشووری کوردستان لە شاری سلێمانی، لە مزگەوتی بن تەبەق بۆماوەی مانگێک لای مامۆستا مستەفا زەڵمی، دەستی بەخوێندن کردووە. پاشتیرش ڕووی کردووه‌تە هەڵەبجە، بیارە و خانەقین. ساڵی 1951 لە تەوێلە خوێندویەتی و ماوەیەکیش لای مەلا کەریمی مودەڕیس خوێندویه‌تی. ساڵی 1956 ڕووی کردۆتە تاران و لەوێ بۆتە مامۆستای فیقهی ئیمام شافیعی لە کۆلێژی ئیلاهیاتی زانکۆی تاران.

سەره‌تای دەستپێکردنی کاری سیاسی

لە قۆناغی مانەوەی لە تاران دەستیداوەتە چالاکی سیاسی. لەگەڵ هەریەک لە محمد سدیق و موفتیزادە و عبدوڕەحمان موفتیزادە، ڕێخراوێکیان بەناوی (بزوتنەوەی خوێندکارانی کورد) دامەزراندووە. بۆیەش لەلایەن دەزگای ساواکه‌وه‌، ئەحمەدی موفتیزادە بۆماوەی 5 مانگ قۆڵبەست کراوە. ساڵی 1953 لە شاری تاران ڕۆژنامەی کوردستانی دەرکردووە. لەپاڵ ئەمەشدا، لە ڕادیۆی کوردی تاران به‌رنامەی بەزمانی كوردی پێشکەش كردووە. ساڵی 1978 یەکەم لقی مەدرەسەی قورئانی لە مەریوان كردووه‌ته‌وه‌. لە قۆناغی هەڵایسانی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا، هانی گروپەسونییەکانی دەدا تا پشتیوانی لە شۆڕشەکە بکەن کە ئیمام خومەینی ڕێبەرایەتی دەکرد.

ئەحمەدی موفتیزادە هه‌وڵی زۆری دەدا بۆئەوەی ڕێخراو درووست بکات، لەوانە مەکتەبی قورئان، ئەنجومەنی شوورای ئەهلی سونە. سەبارەت بە مەکتەبی قورئان، جموجۆڵەکانی لە هەرێمی کوردستان بەرفراوان بوو شوێنکەوتەی زۆری هه‌بوو. ڕێخراوە بە یەکەم دامەزرێنەری جوڵاندنەوەی ئەهلی سونە لە ئێران لەقەڵەم دەد‌رێت.

دروستکردنی مەکتەبی قورئان

ساڵی 1963 خەباتی ئیسلامی خۆی دەست پێدەکا. سەرەتا لە بۆنەکانی دینی، شایی و شین، مەولوویی، جێژنەکان، بزاڤی ڕۆشنبیری ئیسلامی خۆی بە بانگھێشتنی خەڵک بەرەو دینی ڕاستەقینە دەست پێ دەکا. سەرەتای ساڵی 1977 دا لە شاری مەریوان، مەدرەسەی قورئان دادەمەرزێنێ و پاشان لە شارەکانی سنە، سەقز و بۆکاندا لق دەکاتەوە. دواترساڵی 1980، ناوی مەدرەسەی قورئان دەگۆڕێ بۆ مەکتەب قورئان. سەرەکیترین دۆز و ئامانجی بزاڤی مەکتەبی قورئان بریتی بوو لە: پەروەردەکردنی تاک و کۆمەڵ لەسەر بنەماکانی ئەخلاقی دینی و ڕێخۆشکردن بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ئیسلامی.

ئەگەرچی لەگەڵ ھەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی ئێران، ئەحمەدی موفتیزادە- بۆ ھاوڕێبوون لەگەڵ شۆڕش- کاری سەرەکی بزاڤی مەکتەبی قورئان ھەڵدەسپێرێ، بەڵام دوای نووسراوەی دەستووری ئێران، کە تێیدا مافەکانی نەتەوەیی، مەزھەبی و چینایەتی ڕچاو نەکرابوو، لە نامەی (1980/04/21) ڕوو لە ھاوڕێیانی دەکاو ڕادەگەیێنێ کە: دەسبەرداری کاری سیاسی دەبێت و ھەڵدەگەڕێتەوە له‌ کاری سەرەکی خۆی لە مەکتەب قورئان.

ئەحمەدی موفتیزادەو حیزبەکوردیەکان

هەر لەو قۆناغەدا، مەکتەبی قورئان کەوتە داوی متمانەکردن بە حکومەت و گوتاری شۆرشی ئیسلامی، ئەمەش بەپێچەوانەی پارتە کوردییەکانی ترەوە بوو، كه‌ بریتی بوو لە بەشداریکردن لە ڕاپرسی ساڵی 1979 و دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی. لە ساڵی 1979 لەدوای چەند مانگ لە خۆپیشاندان لە سنە داوای لە خەڵک کرد کە خۆپیشاندان نەکەن بەهۆی دەرکەوتنی هێزە نەیارەکانی شۆڕشەوە. موفتیزادە وەک یەکەم کەس بانگێشت کرا و لەلایەن ئایەتوللە مونتەزەری سەرۆکی ئەنجومەنەکە بەژداریکرد له‌ کۆبوونەوەکە بەبی هەڵبژاردن.

کەسایەتیەکان چی دەڵێن دەربارەی ئەحمەدی موفتیزادە

دكتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملۆ ده‌ڵێت “جارێك لە تاران و جارێكیش لە سنە دیدارم لەگەڵ كاك ئەحمەدی موفتی زادە هەبوو؛ ئەوەندەی من بزانم كورد پیاوی ئاوا ئازاو دڵسۆزی زۆر كەم دیوە. جیاوازی نێوانمان تەنها ئەوە بوو، ئەو لە ڕێگەیەكەوە خزمەت بە گەلی كورد دەكات، ئێمەش لە ڕێگایەكی دیكەوە.”.

هەروەها مەسعوود بارزانی لە بارەوەیە دەڵێ “بوونی كەسایەتییەكی ئایینیی و نەتەوەیی وەك كاك ئەحمەد بەگشتیی بۆ گەلی كورد شانازییەكی گەورەیە.”.

فوئاد مستەفا سوڵتانیش بەم جۆرە باسی دەکات “كاك ئەحمەد پیاوێكی گەورەو خۆشەویست بوو، دووبارەبوونەوەی ئەستەمە.”.

ئایەتوڵا تاڵەقانی، كە بیرمەندێكی شیعەو سیاسییەكی بەناوبانگ بوو وەها باسی دەکات “ئەحمەدی موفتیزادە پیاوێكی تێكۆشەرو هەمیشە حەقوویست بوو. ئەو كەسایەتییەكی مەزن و تێگەیشتوو بوو.”.

محەمەد جەواد باهونەر، كە یەكێك بوو لە قوتابییەكانی خومەینی و لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، ده‌ڵێت “من مەلایەكی شیعە بووم، ساڵی 1963 لە بەندیخانە بە دیداری ئاغای موفتیزادە شاد بووم، وەك كەسێكی شیعە لە پشتی ئەوەوە نوێژم كردووەو شانازیشی پێوە دەكەم. ئەو نەک تەنها پیاوێكی تێكۆشەرو گەورەتر بوو لە مەزهەبگەرایی، بەڵکو موسوڵمانێكی تەواو و واقیعی بوو.”.

زیندانی و مردنی ئەحمەدی موفتیزادە

دوای ئەوەی بۆی دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی تازەی ئێران هیچ مافێک بە کورد نادات، بۆیە دژی دەسەڵات دەوەستێتەوە و لە تەمەنی 49 ساڵیدا دەستبەسەر دەکرێت و دەبرێت بۆ زیندانی (ئیوێن) لە تاران. دوای دەساڵ لە زیندانی و ئەشکەنجەدان تووشی چەندین نەخۆشی کوشندە دەبێت. وەک خۆی دەڵێت “لە زیندان تۆڵەی هەموو کوردو سونەیان لە من کردەوە.”. پاش ماوەیەک لە دەستگیرکردنی، لە ڕۆژی 1993/09/01 لە تەمەنی 60 ساڵیدا لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە

1. کاک ئەحمەد دەریایەک لە خۆشەویستی، عومەر عبدولعەزیز، چاپی یەکەم، ناوەندی سارا.

2. سونەکانی ئێران، کۆمەڵێک نووسەر، وەرگێرانی بەرزانی مەلاتەها.





بڕوا کەمال
ڕۆژنامەوان

Check Also

غادە السەمان لە نێوان -غەسان كەنەفانی و ئونسی ئەلحاج –

شوان ئەحمەد لە پەنجا و شەستەكانی سەدەی ڕابردودا, پۆلێك ئەدیب و نووسەر لە سوریاوە، سەری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *