ئیکۆساید، پێنجەمین تاوانی نێونەتەوەیی

دکتۆر مەدیحە سۆفی

لەدوای شەڕی جیهانی دووەمەوە و دامەزراندنی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی و نووسینەوەی جاڕی نێونەتەوەیی لە ساڵی ١٩٤٥ دا، بابەتی پاراستنی مافی مرۆڤ بووە بابەتێکی دیار و گرنگ لە پەرەگرافەکانی ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەدا، پاشتر لەگەڵ راگەیاندنی جاڕی جیهانی مافی مرۆڤدا لە ساڵی ١٩٤٨ دا، ئەوەندەیتر لەسەر ئاستی جیهاندا، جەخت لەسەر پەیڕەوکردنی چەمکی مافی مرۆڤ کرا، وەلێ هیچ ئاماژەیەك نه‌ بە پاراستنی ژینگە و نه‌ پاراستنی مافی مرۆڤ له‌ ڕێی پاراستنی ژینگه‌وه‌ نەدرا.

کۆنفڕانسی یه‌که‌می نێونه‌ته‌وه‌یی ژینگه‌ له‌ ساڵی ١٩٧٢ دا له‌ ستۆکهۆڵمدا، یه‌که‌م به‌ردی بناغه‌ی زۆر له‌ ده‌سپێکه‌ گرنگه‌کانی شۆڕشی ژینگه‌ی لە جیهاندا دانا، بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ به‌ڕووی چه‌مکه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی پاراستنی ژینگه‌دا. دوابه‌دوای ئه‌و کۆنفڕانسه‌ش زۆر له‌و ئه‌رکانه‌ی له‌و کاته‌دا بوونه‌ مه‌به‌ست، وردتر کرانه‌وه‌ و خاوه‌نداری بۆ خۆی په‌یداکرد و چوونه‌ بواری توێژینه‌وه‌ و به‌دواداچوون.

له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندی په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، گه‌شه‌کردنی ئابووری و به‌گه‌ڕخستنی ته‌کنه‌لۆژیا کاردانەوەی نه‌رێنی ئه‌و به‌رهه‌مهێنانە و ئەو ئابووری کلاسیکیە له‌سه‌ر ژینگه‌ی زینده‌وه‌ر به‌ گشتی، مرۆڤ، ڕوه‌ك و ئاژه‌ڵ زیاتر بەدەرکەوتن، دواتر چه‌مکی نوێی وه‌کو پاراستنی ژینگه‌ لە مەودایەکی بەرفراوانتر هاته‌ کایه‌وه‌، که‌ ڕاسته‌وخۆ هاوپێچی مافی مرۆڤه‌ و کاریگه‌ری له‌سه‌ر کواڵتێتی ژیان و ته‌ندروستی مرۆڤ و وشیاریەکەی هه‌یه‌.

زۆر جار چەمکی ئاشتی بە مانای نەبوونی شەڕ نیە، واتە مەرج نیە کە شەڕ نەبوو ئاشتی باڵادەست بێ، سوتانی چڕە دارستانی ئەمازۆن، کارەساتی پیسبوونی کەنداوی مەکسیك بەهۆی تەقینەوەی پلاتفۆڕمی چاڵەنەوتی نێودەریاوە، وشکبوونی دەریاچەی ئارال، ئاوارەبوونی خەڵك بەهۆی بێ ئاوی و وشکەساڵیەوە، کارەساتی وزەی ئەتۆمی فۆکۆشیما، کارکردن بە منداڵ بۆ دۆزینەوەی ئەڵماس و ئاڵتون لە ئەفریقا و چەندەها تاوانی دیکە کە دژ بە ژینگەی زیندەوەر و مافی مرۆڤ دەکرێن و ئیکۆسیستیمی ئەو شوێنە وێران و خاپور دەکەن و ژیانی ئاشتیانە و ئارامی جێنشینەکە دەشێوێنن، کۆی ئەم کردەوانە دەچنە پاڵ ئەو تاوانانەی کە بوونەوەر دەکوژێننەوە و لانە و جێگەیان تێکدەدەن، ناچار دەبن کولتوور و پێگەی کۆمەڵایەتیان جێدەهێڵن، فۆڕمۆلۆژی شوێنی نیشتەجێبوونیان دەشێوێ یا ئاوارە دەبن. واتە هەر گۆڕانێکی ناچاری، بەهۆی هەر کارەساتێکی ژینگەییەوە بێت، دەبێتە هۆکاری هەڵتەکاندنی زێدی ئەو زیندەوەرانە لەو شوێنەدا و شێواندنی ئاشتی و ئاوەدانی بوونەوەری ئەو شوێنە.

ئەو تاوانانەی تا ئێستا دژ بە مرۆڤایەتی کراون و لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەکو تاوان سەلمێنراون و هه‌وڵدراوه‌ بکەرەکانی به‌ر سزای دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی بکه‌ون، ئەو تاوانانەن کە کاریگەری لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی هەبووە و جیهانی ڕاچڵەکاندووە و ڕاستەوخۆ دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دراون، ئه‌وانیش چوار جۆر تاوانن: یه‌که‌میان کوشتنی بەکۆمەڵ یا جینۆسایدکردنی که‌مایه‌تیەکی دیاریکراو؛ دووه‌میان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی،  واته‌ دژایه‌تیکردنی چینێك یا کۆمه‌ڵێکی بێ تاوان به‌ شێوه‌یه‌کی سیستیماتیك له‌ ڕێگای ئازاردان، ڕاونان، یا کردنیان به‌ کۆیلەی سێکس؛ سێیه‌میان تاوانی جەنگ، واته‌ کوشتن و ماڵوێرانی به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕه‌وه‌؛ چواره‌میان تاوانی شەڕانگیزی و پەلاماردان و هێرشکردنەسەر وڵاتانی تر و ڕوشاندنی هه‌یبه‌ت و سیاده‌ی ده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر. جگە لەم تاوانانە، پسپۆر و شارەزا و لایەنگرانی ژینگە لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ ناساندنی (ئیکۆساید) وەکو چەمکێکی نوێ و وەکو پێنجەم تاوانی دانپێدانراو لە ڕێکخراوی نیودەوڵەتی و له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا.

سەرهەڵدانی چەمکی ئیکۆساید

لەسەردەمی شەڕی ڤێتنام و ئەمریکادا لە ساڵی ١٩٦٠ – ١٩٧٥،  پرۆفیسۆرێکی ئەمریکی پسپۆڕ لە بواری بایۆلۆژیدا گوتی :

ئەوەی ئێمە لە ڤێتنام دەیکەین، ئیکۆسایدە

بۆ یەکەم جار چەمکی ئیکۆساید لەو کاتەدا و بەهۆی ئەو تاوانەوە هاتەکایەوە کە ئەمریکا دژ بە ئیکۆسیستیمی ڤێتنام ئەنجامی دا.

پرۆفیسۆر ئارتۆر گالستن، پرۆفیسۆرێکی بایۆلۆژی ئەمریکیە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا لەنێو لابوری زانکۆدا گەلێ داهێنانی لە بواری ڕوەکزانیدا کرد، یەکێك لە داهێنانەکانی دروستکردنی ماددەیەکی ژەهراوی بوو کە ڕوەكە زیانبەخشەکان وشك دەکات و نایەڵێ سەرهەڵبداتەوە، لە سەردەمی شەڕی ئەمریکا و ڤێتنامدا، ئەمریکا ئەم ماددە ژەهراویەی لە هێرشی سەربازیدا دژ بە ڤێتنام بەکارهێنا، ئەم ماددەیە لە زمانی سەربازیدا پێی دەوترێت Agent Orange ، ئەم شۆڕشە بایۆلۆژیەی ئەمریکا دژ بە ڤێتنام، کە نزیکەی چل ملیۆن لیتری لەو ماددە ژەهراویەی ڕژاندە سەر چڕە دارستان و کێڵگە کشتوکاڵیەکان، چونکە پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە شؤڕشگێڕەکان لە نێو ئەو چڕە دارستانانەدا خۆیان مەڵاس دابێت، ئەم کردەوەیە بووە یەکەم نیشانەی شۆڕشی دژ بە ئیکۆلۆژی لە جیهاندا، هەر ئەم پرۆفیسۆرەش ڕایگەیاند، کە ئەم کردەوە دڕندانەیە کردەوەی ئیکۆسایدە و دەبێ بکەرەکەی هەروەکو بکەری جینۆساید بدرێتە دادگا[[1] ]

 ئەم ڕاگەیاندنەی پرۆفێسۆر ئارتۆر گالستن، یەکەم دەستپێکی بەکارهێنانی چەمکئ ئیکۆساید بوو لەو سەردەمەدا، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤێتنام، هێرشێکی دڕندانە بوو، جگە لە کوشتنی زیاتر لە سێ ملیۆن کەس، کە دوو ملیۆنی خەڵکی سڤیل بوون، ئیکۆسیستیمی ناوچەیەکی بەربڵاوی شێواند، هەندێ شوێنی تا ئێستاش بۆ چاندن و سەرلەنوێ ژیانەوەی ڕوەك تەندروست نیە، ئەو هێرشە سەربازیە، هێرشی سەر زیندەوەر و ژینگە بوو، لە ڕێگەی چاندنی لوغم و ڕژاندنی ماددەی کیمیاوی ژەهراویەوە، بۆ لەناوبردنی بەروبوومی کشتوکاڵی و تێکشکانی سیستەمی ئاودێری و ژەهراویکردنی هەموو سەرچاوەیەکی بژێوی، بێ بڕشتکردنی خاك و خۆڵەکەی بۆ مەودایەکی دوور، بۆ برسیکردنی دانیشتوانەکەی و ملکەچکردنیان بەرامبەر بە هێزی ئەمریکا  بوو.

بەتایبەتی ژەهرپرژێنکردنی دارستانەکانی نیمچەدورگەی(کا ماو)  بەو ژەهرە کوشندەیە؛ کاریگەری لەسەر زیندووڕاگرتنی بۆماوەکانی ئەو درەختانە بوو. ئەوەش جگە لەو هەموو قوربانیە، زیانێکی زۆریشی بۆ ئابووری ڤێتنام لێکەوتەوە، هەر بەهۆی ئەو ئاوڕشێنکردنە ژەهراویەوە بوو، زۆربەی زیندەوەرە شیردەر و باڵندە و پەلەوەرەکان لەناوچوون، کە سەرچاوی ژیاری خەڵکەکە و دابینکردنی خۆراك و بژێویان بوو. سەرلەنوێ ژیانەوەی ئەو ئیکۆسیستیمە وێرانە کارێکی ئاسان نەبوو، پێویستی بە توانای زانستی و دارایی هەبوو، لەکاتێکدا ژێرخانی ڤێتنام خاپور ببوو، بیست ساڵ پاش ئەو شەڕە، بانکی نێودەوڵەتی دەڵێ : ”ناهەموارترین لایەنی ئەم شەڕەی، کە هێشتا ئێمە لە زۆربەی زیانەکانی بێ ئاگاین، لەناوچوونی فرەزیندەوەرە، قەلاچوکردنی ئەو جۆرە زیندەوەرانە بۆ هەتاهەتا، تاوانێکی ژینگەیی زۆر گەورە و زیانبەخشە[[2] ]

لە پشکنینەکانی ساڵی ١٩٩٦ تا ساڵی ١٩٩٩ دەرکەوتووە، کە ئەو نمونانەی لە خۆڵ و خاکی ئەو شوێنانە وەرگیراون کە ژەهرپرژێن کراون، هێشتا زۆرترین ڕێژەی دیۆکسینی تێدایە، کە ماددەیەکی کیماوی ژەهراویە[[3] ]

ئەم کارەساتەی ڤێتنام، بە سەرەتای بەکارهێنانی چەمکی ئیکۆساید دادەنرێ. ئیکۆسایدی گژوگیا و دارستان و بەروبوومی کشتوکاڵ و خاك و خۆڵ و ئاو و روبار و باڵندە و شیردەر و هەموو جۆرە زیندەوەری ئەو دەڤەرە، هەموویشی پێکەوە دەبنە هۆی برسێتی و لەناوچوونی ئاوەدانی و ئاشتی و ئارامی دانیشتوانەکەی، جگە لەو قوربانیانیەکی زۆر، کاریگەری لەسەر بۆماوەی مرۆڤ هەبوو و تا ئێستا لەدایکبوونی منداڵی ناکام بەردەوامە، بۆیە لە پێناسەی ئیکۆسایدا، جەخت لەسەر پێکەوە هاوپێچ کردنی چەمکی ئاشتی و مافی مرۆڤ و ئیکۆساید دەکرێ.

پارێزەر پۆلی هیگینس، کە ژنێکی ئاکتیڤی سکوتلەندی بوو بەداخەوە لە ئەپریلی ساڵی ٢٠١٩ دا لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا، بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد، یەکێك بوو لەو کەسایەتیە وردبینانەی هەمیشە لە خەمی پاراستنی ژینگەدا بوو، ئەم پارێزە ئاکتیڤە لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٠ دا لە میانەی پێشنیارێكدا؛ داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئیکۆسایدی ژینگە وەکو پێنجەمین تاوانی نێودەوڵەتی لە جیهاندا، کە لەناوچوونی ئیکۆسیستیمی زیندەوەر دەگرێتەوە، بناسێنرێ. لە پاش ئەم پێشنیارەوە، کەسایەتی و ڕێکخراو و پارێزەرانی بواری ژینگە، لەسەر پشتگیریکردنی داواکەی پۆلی هیگینس بەردەوامن، کە بریتیە لە ناساندنی ئیکۆساید وەکو تاوانێكی نێودەوڵەتی دژ بە ژینگە و مرۆڤایەتی لە جیهاندا.

پۆلی هیگینس لە پێناسەیەکی دیاریکراوی گشتگیری ئیکۆسایددا دەڵێ :

” ئیکۆساید بریتیە لە شێواندن و تێکدانی ئیکۆسیستیمی ئەو شوێنەی، بەهۆیەوە ئاشتی و ئارامی ژیانی بوونەوەرەکەی ناهێڵێت و جێنشینی حەو شوێنە لە هەموو مەرجێکی ژیانی شیاو بێبەش دەکات”.

Polly Higgins

ئەم پێناسەیەی پۆلی هیگینس بۆ ئیکۆساید، پێناسەیەکی گشتگیر و گرنگە، لە ئێستاشدا بابەتی ئیکۆساید بووەتە بابەتێکی زۆر گرنگ؛ لە چوارچێوەی یاساییدا هەوڵی ناساندنی ئەم ئیکۆسایدە، وەکو تاوانێکی نێودەوڵەتی دەدرێ. هەر شەڕێك لەهەر شوێنێك هەڵگیرسێ، بێگومان ژینگەی ئەو شوێنەش وێران و خاپور دەبێ و خەڵکەکەی ئاوارە و پەرتەوازە دەبن و لە ژیانێکی ئاشتیانە بێ بەش دەبن. بۆیە یاساناس و ژینگەپارێز و هەموو ئەوانەی لە هەوڵی ناساندنی ئەم کارەساتە ژینگەییەن وەکو تاوانێکی نێودەوڵەتی و بە سزا گەیاندنی ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی ئەم ئیکۆسایدە ئەنجام دەدەن، لە هەوڵی بەردەوامی دروستکردنی کەمپین و کۆکردنەوەی ئیمزا و لایەنگری زیاترن، تا دژ بە ئیکۆساید ببنە پارێزەر و داکۆکیکاری گۆی زەوی و بتوانرێ ژیانێکی ئاشتیانەی سەرنشینەکەی دابین بکرێ.

دەرئەنجامەکان

یەکێك لە پرنسیبەکانی زانستی ژینگە ئەوەیە، کە ئەم زانستە زۆر ڕاستەوخۆ تێهەڵکێشی بەندەکانی مافی مرۆڤە، مرۆڤیش مافی بوونی ژینگەیەکی تەندروست و ئاوی پاك و خواردنێکی تەندروست و تەندروستیەکی باشی هەیە؛ هەر کارێك ڕەنگدانەوەی لەسەر تێکدانی کواڵیتێتی ئەم مافانەی هەبێت، ئەوە دەستدرێژیکردنە لەسەر ژینگە و مافی مرۆڤ لە هەر شوێنێك بێت.

کاریگەری ئەو ئاوپرژێنە ژەهراویەی سەر چڕه دارستانەکانی ڤێتنام بەو ژەهرە کوشندەیە، یەکێکە لەو تاوانە گەورانەی کە هەموو مەرجەکانی، ناساندنی کارە دژوارەی وەکو ئیکۆساید، تێدایە، زیاتر لە پەنجا ساڵە هێشتا زیانەکانی ئەم تاوانە بۆ سەر تەندروستی خەڵکی ئەو وڵاته بەردەوامه، زۆربەی ئەو نەخۆشیانەی تووشیان دەبن وەکو لیۆکیمی، بڕبڕەی ناکامڵ، شێرپەنجەی پرۆستات، نەخۆشیەکانی کۆئەندامی دەمار، لەدایکبوونی مناڵی ناکام، هەمووی دەرئەنجامی ئەو مادده ژهەراویەیه که تا مەودایەکی دوور  بۆماوەی مرۆڤ تێکدەشکێنێ و ناکامڵی دەکات. ئەم بەڵگانە هەمووی وەکو دۆکۆمێنت لە لایەن ڕێکخراو و ناوەندەکاندا عەمار کراون بۆ هەوڵدانی ناساندنی ئەم ئیکۆسایدە وەکو تاوانێکی نێودەوڵەتی دژ بە مرۆڤایەتی و  ژینگە.

لە ساڵی ٢٠١٧ دا، هەوڵێکی زۆر لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژینگەوە درا بۆ سزادانی کۆمپانیای مۆسانتۆ، کە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بەرهەمهێنەری ماددە کیمیاویەکانە، ساڵی ٢٠٠٢ بەهۆی کارەساتی گوازتنەوەی نەوتەوە لە کەنارەکانی ئیسپانیادا، نزیکەی شەست هەزار تەن نەوت ڕژایە نێو ئۆقیانوسی ئەتڵەسیەوە، وەلێ ژینگەپارێزەکان توانیان بکەرەکانی ئەم تاوانە بەرەو دادگا پەلکێش بکەن و سزا بدرێن، ئەو تاوانانەی تا ئێستا دژ بە ژینگە و مرۆڤایەتی کراون جگە لە ڤێتنام، بریتین لە وشکبوونی دەریاچەی ئاراڵ، لەناوچوونی مێش هەنگ، سوتانی دارستانەکانی ئەمازۆن، ڕۆچوونی نەوت لە ئوقیانوس و دەریاکاندا، قۆرخکردنی کرێکارانی هەڵکەندن بۆ دەرهەمهێنانی ئاڵتون، پرۆسەی فرانکینگ لە کەنەدا و زۆر کردەوەی نایاسایی دیکە، کە زیانی بۆ سەرجەم بوونەوەر و زیندەوەر هەبووە، دەکرێ وەکو ئیکۆساید لەداهاتوودا لەقەڵەم بدرێن و بکەرەکانیان سزا بدرێن، ئەگەر چالاکوان و ژینگەپارێزەکان لەسەر داکۆکیکردنی گۆی زەوی بەردەوام بن.

دکتۆر فرتس ڤایتسئێکەر، کوڕی ڕیچارد ڤایتسئێکەری سەرۆکی پێشووی ئەڵمانیایە، له ئێوارەی ڕۆژی نۆزدەی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ دا له میانەی پێشکەشکردنی بابەتێکی پزیشکی له هۆڵی نەخۆشخانەیەکی بەرلیندا، لەلایەن کەسێکەوه هێرشی کرایەسەر و کوژرا، چ دەستێك له پشتی کوشتنی ئەم دکتۆرەوەیه؟

ڕیچارد ڤایتسئێکەری باوکی فرتس، لە ساڵی ١٩٦٢- ١٩٦٦ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی ئەڵمانی بووە بۆ هێنانەبەرهەمی دەرمان و ماددەی کیمیاوی، ئەم کۆمپانیایە کەرەستەی دروستکردنی ئەو ماددە ژەهراویەی بۆ ئەمریکا هەناردە کردووە کە ئەمریکا لە ڤێتنامدا بەکاریهێناوە ، بکوژی فرتس ماوەیەکی زۆر لە هەوڵی کوشتنی ڕیچاردی باوکی دەبێ، بەڵام کات و ساتی گونجاوی بۆ نالوێ، پاش مردنی ڕیچارد لە تۆڵەی خەڵکی ڤێتنام، کوڕەکەی  دەکوژێ. ئەم بەدواداچوونەی بکوژی کوڕەکەی ڕیچارد، خۆی لەخۆیدا جێگەی سەرنج و کارکردنە لەسەر تۆڵەکردنەوەی ئەو خەڵکە سڤیلەی ڤێتنام کە بێ گوناه تیڕۆر کران[[4]]. ئەم کردەوەیە ئەگەرچی دژ بە بێ گوناهی کوڕەکەی ڕیچارد کراوە و خۆی هیچ دەستێکی شەڕانگێزی لەم ئیکۆسایدە نەبووە، بەڵام بوونە گلۆبالی ئەم پرۆتسێسە، خۆی بەمانای بزووتنەوەیەکی جیهانی و شۆڕشێکی ژینگەیی گلۆبال دێت، دژ بە شەڕانگێزی و زیادەڕۆیی لە بەئامانج گەیشتنی حەز و ویستی وڵاتە زلهێزەکان.

یەکێك لەو ڕێوشوێنانەی کە کاریگەری زۆری لەسەر ڕوونەدانی ئیکۆسایددا هەیە، بریتیە لە پەیڕەوکردنی تەکنەلۆژیای مۆدێرن. بۆ نمونە، پێشبینیکردنی بوونی نەوت و غاز و کان و کانزاکان لە ڕێگای پشکنینی لەیزەرەوە، یەکێکە لە میتۆدە پێشکەوتووەکان، بەڵام لە ئێستادا تێچووەکەی ئەوەندە زۆرە کە هێشتا وەکو ڕێکار بەکارنەهێنراوە.

هەتا شۆڕشی دژ بە ژینگە بەردەوام بێت، شۆڕشی داکۆکیکردن لە ژینگە باڵاتر دەبێ، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، تێکدانی کواڵتێتی ژیان، ئاوارەبوونی خەڵك بەهۆی تێکدانی ژینگەوە، شەڕ لەسەر سامانی سروشتی و تاڵانکردنی، شێواندنی ئاشتی و ئارامی بوونەوەری سەر گۆی زەوی هەمووی دەرئەنجامی ناهەمواری ئەو چالاکیانەن کە مرۆڤ لە پێناوی بەرژەوەندی کۆمپانیا و بەرهەمهێنانی زیاتر و چڵێسیدا دەیکات، کە نابێ ئیتر بەو شێوە کلاسیکەی خۆی بەردەوام بێت. بۆیە ژینگەپارێز و لایەنگرانی ئاشتی و پارتە سەوزەکان و خاوەن ویژدانەکان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ ناساندنی ئیکۆساید وەکو پێنجەمین تاوانی نێونەتەوەیی لە جیهاندا.

پەراوێزەکان

  1. Joachim Radkau, Die Ära der Ökologie: Eine Weltgeschichte, C.H. Beck, 2011, S152
  2. Weltbank 1995
  3. http://www.ag-friedensforschung.de/regionen/Vietnam/fabig-voquy.html
  4. https://www.focus.de/wissen/mensch/geschichte/fritz-von-weizsaecker-ermordet-brutale-bluttat-in-berlin-das-steckt-hinter-dem-mord-an-fritz-von-weizsaecker_id_11375233.html

سەرچاوەکان

  1. Joachim Radkau, Die Ära der Ökologie: Eine Weltgeschichte, C.H.  

Beck, 2011, S152

  • Weltbank 1995

3.     http://www.ag-friedensforschung.de/regionen/Vietnam/fabig-voquy.html

4.     https://www.focus.de/wissen/mensch/geschichte/fritz-von-weizsaecker-    

ermordet-brutale-bluttat-in-berlin-das-steckt-hinter-dem-mord-an-fritz-von-   weizsaecker_id_11375233.html   


[1] Joachim Radkau, Die Ära der Ökologie: Eine Weltgeschichte, C.H. Beck, 2011, S152

[2]   Weltbank 1995

[3]   http://www.ag-friedensforschung.de/regionen/Vietnam/fabig-voquy.html

[4] https://www.focus.de/wissen/mensch/geschichte/fritz-von-weizsaecker-ermordet-brutale-bluttat-in-berlin-das-steckt-hinter-dem-mord-an-fritz-von-weizsaecker_id_11375233.html

Check Also

تراژیدیا ئەقلێ مرۆڤێ کورد

موحسین ئوسمان تەڤ خەونێن مە هلوەراندن! هشمەندیا مەیا دیرۆکی، جڤاکی و سیاسی، نەگەهشتبوو پلە و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *