یه‌ك شه‌ممه‌, كانونی دووه‌م 26, 2020
frku
Home / كولتوور / ئیلدۆرادۆ، ئەفسانەیەکی بەردەوام

ئیلدۆرادۆ، ئەفسانەیەکی بەردەوام

بەیان سەلمان

Image: Dossier de presse

پێشانگای (رامبلە: ئەلێبریژ)  Rambla : Alebrijes لەژێر ناونیشانێکی گەورەترە کە بە فێستیڤاڵی (ئیلدۆرادۆ) ناسراوە، لە 27/4/2019  بۆ 01/12/2019 لە شاری لیل Lille بەردەوام دەبێت. شایانی ئاماژەپێکردنەوە کە شاری لیل لە 2004 وەک گرنگترین شاری کولتووری ئەوروپی دەستنیشان کرا. ساڵانە وڵاتێک بۆ ئەو شارە بانگەشە دەکرێت، ئەم ساڵ وڵاتی مەکسیک ئەو ڕێزەی لێ نرا.

ئەم فێستیڤاڵەی (ئیلدۆرادۆ) لەناو گوڕەپان و شەقامی سەرەکی شاری (لیل) لە فەرەنسا، بەشێکە لە کۆمەڵە نمایش و پێشانگا و چالاکییەکی هونەریی کە هەموو گەلەری و مۆزەخانە و گوڕەپان و خودی ناو شەقامیشی گرتۆتەوە. بۆ ئەم بەشی نمایشەی قسەی لەسەر دەکەین، لەسەر پانتایی 250 مەتر لەسەر شەقامی (فیدئێرب) Faidherbe پەیکەرەکان نمایشکراون.

Photo 1

(ئەلێبریژ) وشەیەکە کە هونەرەمەندی مەکسیکی (پێدرۆ لیناریس لۆپێز) Pedro Linares López لە ساڵی 1936 داهێناوە و ئاماژەیە بۆ ئاژەڵی ئەفسانەیەیی. سەرجەمی کارەکان لەلایەن هونەرمەندانی مەکسیکی سەر بە شاری Oaxaca و هونەرمەندانی مۆزەخانەی هونەری میللی دایانهێناوەMusée d’Art Populaire de Mexico. کارەکان لە وەرشەی دەستڕەنگینیی ئەنجام دراون و بۆ شاری لیل گوازراونەتەوە. بەشێکی پەیکەرەکان لە دارن، بەشێکیشیان کۆپالن و بەشیكیشیان لە هویری کاغەز دروست کراون. کارەکان نمایشی ئاژەڵی ڕاستی یان دڕندە و یاخود خەیاڵین. بەگەشتییش تێکەڵەن لە ڕاستی و خەیاڵی. لایەنی تەکنیکی ئەو هونەرە شایەدحاڵی بەرفراوانی خەیاڵی داهێنەرانەی هونەرمەندانی مەکسیکییە، هەروەها توانایان دەرەخات و زاڵبوونیان بەسەر بیرۆکەی باو لە هونەردا.  

لە زۆر دەمێکەوە خەونی (ئیلدۆرادۆ)  1Eldoradoمرۆڤی ڕۆژئاوای بەرەو وڵاتانی ئەمریکای لاتینی بردووە. ئیدلۆرادۆ، ئەو شوێنەی ناشوێنە، ئەو ئەفسانەییەی لە دەوری “شاری زێرین”ە کە هەمووی زەرد دەچێتەوە و خەیاڵی مرۆڤ دەوروژێنێت و لەپێناو دۆزینەوەی ئیلهام بەرەو ناوچە هەرە ئاڵۆزو زەحمەتەکانی دنیای دەبات. خودی فەیلەسوف و نووسەری فەرەنسی (ڤۆلتێر)  Voltaireلە ڕۆمانی “کاندید” 2Candide چاپتەرێکی بۆ وڵاتی (ئیلدۆرادۆ) تەرخان کردووە کە خەیاڵی کەسایەتیەکان دەوروژێنێت. ئەوەش بەلگەیە لەسەر ئەو خەونە کە لەو سەردەمانەدا باوبوو، وەک خەونی (ئەمریکی و ئەوروپی) لە ئەمڕۆدا!   

 ئیلدۆرادۆ لەم ڕوانگەیەوە ئیلهامی بە هونەرمەندەکان دەبەخشی و هانیدەدان بەرەو ئەوێ بچن، لەپێناو نادیار و بە نێوەندی ئەو جێگوڕکێیە هونەرمەند بگاتە پلەی داهێنان.

Photo 2

 خەوی هونەرمەند بە یوتۆپییای ئیلدۆرادۆ بەو شێوەیە دێتەدی کە پەیکەری لەڕادەبەدەر، لەسەرێکەوە ببێتە نمایش و پێشانگا؛ لەسەرێکی تریشەوە، ببێتە بەشێک لە داهێنانەوەی خەون، بەنێوەندی دامەزراندنی پەیکەرەکان لەسەر شوستەی شەقامەکان. تێکەڵەی رەنگی پەیکەرەکان دروستکردنی ئەو خەونە زەردە- بریقەدارەیە بە زێڕ. ڕەنگەکان و زلیی پەیکەرەکان جیهانێکی هاوتەریبی خەون دادەهێننەوە.  

هەنگاوێکی هونەریی گرنگە لەپێناو دەستگرتن بەسەر جوانی. خەونی هەموو هونەرمەندێکە بە نزیکبوونەوە لەو جوانییە، بە داهێنانی ئەوەی خودی هونەرمەند خۆیشی لەئاست بەرهەمەکەی سەرسام بێت. لەوانەیە باشترین نموونە هونەرمەند (پێگمالیۆن) Pygmalion بێت کە سەرسام بوو بەو پەیکەرەی دایهێنا و بووە ئاشقێک لەپێناو ئیشقی ئەو جوانییەی دایهێنا و وایلێکرد لە خوداوەند (ئەفرودیت) Aphrodite بپاڕێتەوە تا رۆح بخاتە وەبەر داهێنانەکەی. ئەگەر (گالاتێ) Galatée بە هێزی جوانی- کە لە خوداوەند (ئەفرۆدیت) بەرجەستەیە- ژیانی دێتەبەر، ئەوە هێزی داهێنانە؛ مەعشوقی (پیگمالیۆن) لەبەر ئەوەی جوانی هونەرە، ئەو لایەنە ڕۆحییەی کە لە پەیکەرێکدا بەدی دەکات ناکرێ وەک خەونی هونەرمەند نەیەتە دی.

ئەم پەیکەرانەش دەمانبەن بۆ ناو جەنگەڵ، بۆ ناو خەونی ئەفسانەیی بۆ ڕزگاربوون لە نادادوەریی، لە هەژاریی، لە توندوتیژیی و تەنانەت لە خودی تاریکی، کە هاودژی بیرۆکەی ئەو ڕەنگی پەیکەرانەیە. بێجگەلەوەی، دەمانبەنە ناو خەونی منداڵیی، ئەو خەونە ڕەنگاوڕەنگانەی لە نوقڵ و چکلێتی دنیای ناو فیلمی (شاڕڵی و کارگەی شۆکۆلاتە)3  بەەرجستەیە. ئایا خەونی منداڵ و خەونی هونەرمەند یەکن؟

Photo 3

پەراوێز

 .1(Eldorado) وشەیەکە لە زمانی ئیسپانییەوە هاتووە el dorado بە واتای زەردەوەچو، ئاماژەیە بۆ ڕەنگی زێڕ.

  .2ڤۆلتێر، کاندید، وەرگێڕانی لە فەرەنسییەوە، بەیان سەلمان، چاپخانەی دەزگای ئەندێشە، سلێمانی،2014.

 3. Charlie et la chocolaterie (Charlie and the Chocolate Factory), film américain de Tim Burton, Avec Brigitte Millar, Johnny Depp, Freddie Highmore…, sorti en 2005. Adaptation du roman de Roald Dahl, sorti en 1964.  

سەرچاوە

– Dossier de presse, Eldorado, (Lille : métropole Européenne de Lille et Région Hauts- de- France)- de 27 avril -01 décembre 2019).

وێنەکان

– پەروەندەی تایبەت بە فێستڤاڵی ئیلدۆرادۆ

– 1, 2 3, بە کامێرای بەیان سەلمان





بەیان سەلمان
نووسەر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *