ئاوابوونی شارێکی دێرین (حەسەنکێف)

د. مەدیحە سۆفی / ئەڵمانیا

لە هەموو جیهاندا، کەلەپوور زمانی گێڕانەوەی مێژوو و ئاکاری هەمیشە زیندووی ئەو ڕابوردووە ڕەسەنەیە، کە لە توێی نەخش، نیگار، هەڵکۆڵین، پرد و ڕێگاوباندا، دەبێتە ڕەنگدانەوەی ژیانی ئەو کاتە و  خۆی لە توێی ئەو بۆماوانەدا دەنوێنێ. ناوچەی میزۆپۆتامیاش، نەك بە یەکێك لە ناوچە دێرینەکانی شارستانیەت لە جیهاندا دەژمێردرێت، بەڵکو بەهۆی بوونی ڕوباری دیجلە و فوڕات و ئاوەدانکردنەوەی، بە سەرچاوەی سەرهەڵدانی شارستانیەت دادەنرێت.

بە درێژایی کەناری ئەو دوو ڕوبارە و ئەو شار و شارۆچکانەی ئاوەدان بووبوونەوە، هەموو بریتی بوون لە مەڵبەندی بوژانەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ڕۆشنبیری و کولتووری، پەرەسەندنی کشتوکاڵ و چاندنی بەروبووم. سەرەتای دروستکردنی بەنداو و ڕیکاری ئاودان هەرلە میزۆپۆتامیاوە سەریهەڵدا. حەسەنکێفیش یەکێكە لەو شارۆچکانەی، جگە لەوەی دەکەوێتە سەر ڕوباری دیجلە، شارۆچکەیەکی دێرین و خاوەن کولتوورێکی هەزارەها ساڵەی دوابەدوای یەکی سەردەمی سۆمەری، ئاشوری، ساسانی، بێزەنتی و ئەیووبیە.

ئەو کەلەپوورە دەوڵەمەندەی لەو شارەدا هەن، بەڵگەی مێژوویەکی دێرین و کۆنن، لەوانە ئەشکەوت، پرد، مزگەوت و قەڵا، جگە لە چەندەها وێنەی هەڵکۆڵڕاو و پاشماوەی زیندەگی دەسەڵاتەکانی ئەو سەردەمەن، بە تایبەتی لە نێو ئەو ئەشکەوتانەی کە لە سەردەمەکانی سۆمەری و ئاشوری و بابلیەکاندا، خەڵك تیایاندا نیشتەجێ بوونە.

ئەوەی ئەو شارەی جوانتر کردووە، سروشتە ڕەنگینەکەیەتی، وە بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە سەر ڕوباری دیجلەوە و هەمیشە ئاوی هەبووە و ئاوەدان بووەتەوە، ببووە مەڵبەند و جێنشینی زۆر لە حوکمڕانە یەك لەدوای یەکەکان. جگە لە چەندەها ئەشکەوت، کە وەکو جێ حەوانەوە و مانەوەی ڕێبوارەکانی ئەو سەردەمە بەکارهاتوون و پاشتر وەکو شوێنێکی بۆماوە و کەلەپوورێکی دێرین، هەمیشە جێ سەرنجی گەشتیاران ئەو ناوچانە بوون. بە پێی توێژینەوەکان، ئەم کەلەپوورە دەوڵەمەندە زۆربەی مەرجەکانی یونسکۆی تێدا بووە تا ببێتە شوێنەوارێکی جیهانی و لە یۆنسکۆدا ڕێزبەند بکرێ، بەڵام هیچ کاتێك تورکیا نیازی ئەوەی نەبووە کە داواکاریەك بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش بە یۆنسکۆ بکات.

کاتێ کە لە ساڵی ٢٠٠٦ دا، بەردی بناغەی بەنداوی ئیلیسو دانرا و دەسەڵاتی تورکیا نیازەکانی ئاشکرا بوون، ئیتر مەترسی کەوتە سەر لەناوچوونی سەرجەم ئەو کەلەپوورە دێرینە لەو شوێنەدا، نەك هەر ئەوە بەڵکو جێ لەقکردن و ڕاگوێزانی تەواوی دانیشتوانی ناوچەکە و هەڵکەندنیان لە زێدی باوباپیرانیان کارەساتێکی نامرۆڤایەتی بوو دژ بە دانیشتوانەکەی، مزگەوتی ڕزق؛ کە یەکێکە لەو مزگەوتە هەرە کۆنانەی لە ساڵی ١٤٠٧ دا لە سەردەمی ئەیوبییەکاندا دروست کراوە، تەنها کەلەپوور بوو، کە بەڕێکارێکی ورد گوێزرایەوە ئەوبەری ئەو بەنداوە تا لە لەناوچوون بپارێزرێت.

لەبەر ئەوەی ژینگە دۆستان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوە دڵنیابوون کە دروستکردنی ئەم بەنداوە و تێکدانی مۆڕفۆلۆژی ناوچەکە، زیانێکی زۆر بە ژینگە و ژیانی خەڵکەکە دەگەیەنێ، بۆیە چ لە ناو تورکیا و چ لە ئەوروپادا ناڕەزاییەکی زۆر بۆ وەستاندنی پرۆژەکە لە لایەن ژینگەپارێزەکانەوە هاتە کایەوە. تێچووی ئەم پرۆژەیە زیاتر لە یەك ملیار دۆلار بوو و بانکەکانی ئەڵمانیا و سویسرا و نەمسا بڕیاری قەرزیان دابوو بە تورکیا، بەڵام لەبەر ناڕەزایی ژینگەپارێز و چالاکوانی مافی مرۆڤ، لەو بڕیارە پەشیمان بوونەوە.

بنیاتنانی بەنداوی (ئیلیسو)، کە بەهۆیەوە شاری حەسەنکیف ژێرئاو دەکەوێت و ئەو شوێنەوارە مێژوویە لەناودەچێت، کاریگەری زۆری بۆ سەر تەوژمی ڕوباری دیجلە دەبێ بەرەو عیڕاق، بڕی ئاوی زەلکاوەکان کەم دەبنەوە یا وشك دەبن و زیانێکی زۆر بە باخچەهەڵواسراوەکانی بابل، کە لە یۆنسکۆ وەکو شوێنەواری دێرین ناوزەدە کراوە، دەگەیەنێت.

ئەم پرۆژەیە، بەشێکە لە پرۆژەی بەنداوەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، کە بە پرۆژەی (گاپ) ناسراوە و لە سەردەمی ئەتاتورکەوە وەکو پلان داڕێژراوە، تورکیا سامانی ئاوی ئەو دوو ڕوبارە وەکو سامانێکی نەتەوەیی بۆ خۆی ئەژمار دەکات، کە پێچەوانەی بەندەکانی نێونەتەوەییە، کە تیایدا سامانی ئاو بە سامانێکی نێونەتەوەیی دادەنرێت، تورکیا ڕکابەری ئاوەکەی لەگەڵ سامانی نەوتی عیڕاق دەکات، لە ساڵی ١٩٩٢ داسلێمان دیمیریلی سەرۆکی ئەوکاتەی عیڕاق دەڵێ:

” ئەو ڕوبارانەی لە نێو تورکیاوە هەڵدەقوڵێن، تا ئاودیوی سنوور دەبن، موڵکی تورکن، دوای سنوورەکە بۆ دراوسێکانە، ئەوان چۆن مامەڵە بە نەوتی خۆیان دەکەن، ئێمەش هەر ئاوا مامەڵە بە سەرچاوەی ئاوی خۆمان دەکەین”[[1]]

دەمێکە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاو لە تورکیادا، بەو ستراتیژە دەناسرێت کە وەکو کارتێکی فشار بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسیەکانی خۆی لە عیڕاق و سوریا لەلایەکەوە، لەلایەکیترەوەش بۆ بەرهەمهێنانی وزە و بوژانەوەی ئابووریەکەی سودی لێ وەردەگرێت، بێ ڕەچاوکردنی یاسای نێودەوڵەتی بۆ ئاوی ئەو ڕوبارانەی بە زیاتر لە دوو وڵاتدا تێپەڕ دەبن، بەدەر لەوەی ئەو پرۆژانە زیاتر لە ناوچە کوردەواریەکان بنیات دەنرێن و بەهۆی ڕاگوێزان و جێ لەقکردنیان، زیانێکی زۆر بە بنەمای ژیانیان دەگەیەنێت.

لە ئێستادا کەمبوونەوەی ئاوی شیرین و کێشەکەی، چ بۆ ژینگە و چ بۆ ئاسایشی جیهان، بووەتە بابەتێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و جیۆپۆلیتیك، وەلێ تورکیا، هەروەکو چۆن بە سیاسەتە شەڕانگێز و فاشیستیەکەی خۆی هەمیشە لە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتانی دەوروپشتە، لە پێناوی بەرژەوەندیەکانیدا دەست بۆ هەموو کارتێکی نەشیاو دەبات، هەر بەوجۆرە سیاسەتی ئاویش کردووەتە یەکێك لە فشارە سیاسی و ژینگەییەکان، کە لە هەموو لایەکەوە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومیەکان، کەسایەتی و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، ڕەت دەکرێتەوە.

ئەو تاوانانەی دەسەڵاتی تورکیا بەرامبەر مرۆڤایەتی دەیکەن زۆرن، ئەمەش یەکێکە لەو تاوانانەی، کە مێژووی کەلەپووری زیاتر لە دەهەزار ساڵ لەناودەبات، هەزارەها خەڵك تووشی ڕاگوێزانی زۆرەملێ دەبن، پیشە و کاری سەرەکیان لەدەست دەچێت، بناغەی ژیانیان هەڵدەتەکێنرێت، ژینگەی ناوچەکە دەشێوێت. بەهۆی دروستکردنی دەریاچەیەکی دەستکردەوە، هەرچی قەڵا، پرد، مزگەوت، ئەشکەوت و کەلەپووری دێرین هەیە، قووتی دەدات. تورکیا دەیەوێت بە سیاسەتی ئاو ئاڵنگاری سیاسەتی نەوتی عیراق بکات، ئاڵنگاری هەموو ڕێسا و یاسایەك بکات کە بۆ مرۆڤایەتی و لە پێناو مرۆڤایەتیدا دانرابێت، بە کورتی تورکیا هەموو مرۆڤایەتی پێ شێل دەکات و مۆری دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری لە حوکمڕانیەکەی ئێستای دەدات، کە لە هیچ گۆشەیەکی دیموکراتیخوازدا جێی نەبێتەوە.

سەرچاوە :


[1] Wilhelm Sager, Wasser, Rotbuch Verlag, 2001, S.40

Check Also

گۆڕینی دەسەڵات یان سنوردارکردنی؟

موحەمەد ئەحمەد موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د دەمەوێ بەو قسەیەی ئەفڵاتۆن دەستپێبکەم کە لە کتێبی “کۆمار”دا دەڵێت: ”ئەوانەی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *